داوایی دەرکردنی تورکیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکرێت
4 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کاتز دیپلۆماتکارانی ڕاسپاردوە کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ بکەن بۆ ئەوەی تورکیا ئیدانە بکەن و دەریبکەن لە هاوپەیمانتیەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی تەمووزی 2024، ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوایی لەهاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی "ناتۆ" کرد تورکیا لەئەندامێتیی هاوپەیمانێیەکە دەربکات، ئەمەش لەوەڵامی لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بەئەگەری دەستوەردانی تورکیا لەئیسرائیل وەک ئەوەی لەلیبیاو قەرەباخ کردبووی.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل کاتز، بەلای چاودێرانەوە ئیسرائیل لە باریدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب ئاڵۆزتر بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە بەلێدوان بەتوندیی دژایەتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە دەکات، لەوتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر پێویست بکات تورکیا دەستوەردان لەئیسرائیل دەدات و ئاماژەی بەدەستێوەردانەکانی پێشوی لەناگۆرنۆ قەرەباخو لیبیا کرد.
جێگەی ئاماژەیە، لەساڵی 2020 تورکیا هێزی نارد بۆ پاڵپشتی لەحکومەتی ویفاقی نیشتمانی لەلیبیا، هاوکات پاڵپشتی حکومەتی ڕێککەوتنی نیشتمانی لەتەرابلوس بەسەرۆکایەتی عەبدولحەمید دەبەیبە دەکات، تورکیا ڕەتیکردەوە کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئازەربایجان لەقەرەباخدا هەبێت، بەڵام لەڕوی سەربازییەوە پاڵپشتی دەکات.