عێراق داوا دەکات لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا دەست بە کشانەوە بکەن لە خاکی عێراق
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
شاندی دانووستانکاری هێزەکانی ئەمەریکا داواکارییەکانی شاندی عێراق دەباتەوە واشنتن بۆ ئەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تاوتووێ بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی تەمووزی 2024، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، چوار سەرچاوەی عێراقی ئاشکرایان کردووە، عێراق دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا دەست بە کشانەوە هێزەکانیان بکەن و تا مانگی ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانان بهێنن.
جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی سەربازی عێراق، کە نوێنەری پێشمەرگەشی تێدا بووە بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە دابوو لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەدواداچوونیان بۆ جموجووڵ و تواناکانی داعش کردووە، لەگەڵ توانای هێزەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو، کۆبوونەوەی ئەمنیی ئەمەریکا و عێراق ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هەردوو وڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی ئەمنی لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا و وەک ڕێزلێنانێکە بۆ یادی 10 ساڵەی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق.
بە گوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان و کاربەدەستانی ئەمەریکا، گوایە هەڵوێستی عێراق لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە واشنتن گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان دانانی خشتەیەکی پەیوەندیدار بە کشانەوەی هێزەکان نەکراوە.