عێراق داوا ده‌كات په‌كه‌كه‌ وه‌ك ڕێکخراوێکی قه‌ده‌غه‌كراو ناوبهێنرێت

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوسراوێك كه‌ له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا له‌ ئەمینداریێتیی‌ گشتیی ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق ده‌رچووه‌، داوا لە فەرمانگەکان دەکات لە نوسراوەکانیاندا پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان (پەکەکە) وەک رێکخراوی قەدەغەکراو ناوبهێنن.

له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش نوسراوێكی دیكه‌ له‌ 14ی تەمموزی‌ 2024 به‌ واژووی فەلاح عەبودی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ کارگێڕی‌ لە ئەمینداریێتیی‌ گشتیی‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌رچووه‌ و تیایدا ناوه‌رۆكی بریاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراقی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی سه‌ربه‌ په‌رله‌مان و نوسینگه‌ی راوێژكاره‌ن كردوه‌ و له‌سه‌ر نوسراوه‌ "گرنگیی پێ بدرێت".

ناوه‌رۆكی نوسراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: لە سەر بنەمای‌ نوسراوێکی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و لیژنەکان لە ئەمینداریێتی‌ گشتیی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، کە لە 28ی ئایاری‌ 2024 دەرچووە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی‌ گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە کاتێک لە نوسراوەکاندا ناوی پەکەکە دەهێنرێت بنوسن "پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستانی‌ قەدەغەکراو.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب‌ تەیب‌ ئەردۆغان سەرککۆماری تورکیا هاتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوویەوە، هەردوولا نزیکە 25 یاداشتنامەی لەیەکتێگەیشتیان واژۆکرد، هەروەها تورکیا داوای لە عێراق‌ کرد، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار