ئیسماعیل هەنییە لە پایتەختی ئێراندا کوژرا

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بزووتنەوەى حەماس بڵاویکردووەتەوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەکە لە تارانى پایتەختى ئێران بەئامانج گیراوە و کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، بزووتنەوەى حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، هەنییە لە هێرشێکى ئیسرائیلدا لە شوێنى مانەوەى لە تاران کوژراوە، ئەوەش دوایی بەشداریکردنى لە ڕێوڕەسمى دەستبەکاربوونى مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارى نوێى ئێران.

هەر ئەمڕۆش، سوپاى پاسدارانى ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "ئیسماعیل هەنییە لەگەڵ پاسەوانێکیدا لە ئەنجامى بۆردوومانکردنى شوێنى مانەوەى لە تاران تیرۆر کراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوى تیرۆرکردنەکە دەستیپێکردووە، دواتر ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان ئاشکرادەکەین.

هاوکات لەم بارەیەوە، ئاژانسى تەسنیم ئاماژەى بەوەکردووە، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوى کوشتنى هەنییە دەستیپێکردووە و بەمنزیکانە ئەنجامەکەى ئاشکرا دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ سێشەممە 30ی تەمووزی 2024، لە ڕێوڕەسمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان، وەکو سەرۆک کۆمارى ئێران لە تارانى پایەتەختى ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تێیدا نوێنەرانى نزیکەى 80 وڵات بەشداربوون، یەکێک لەوانەش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس بوو.

هاوکات پێشتریش، سێ کوڕ و سێ نەوەى ئیسماعیل هەنییە لە بۆردوومانێکى ئیسرائیلدا لە کەرتى غەززە کوژران، ماوەیەک دواى ئەوەش خوشکێکى ناوبراو و ئەندامانى خێزانەکەى بەهەمان شێوە بەهۆى بەئامانجگرتنى خانووەکەیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە کوژران.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار