هاوڵاتی ساڵێک دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 56 هەزار کەس، یەک لە سێ منداڵ کە بەهۆی کارەساتەکەوە بێ ماڵ بوون، هێشتا لە پەناگەی کاتیدا دەژین. ئاژانسی هەواڵی میدڵ ئێست ئای لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دوای بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا لە پەناگەکاندا دەژین بڵاویکردۆتەوەو دەڵێت، نزیکەی 660 هەزار منداڵ لەو ناوچانەی بە بومەلەرزەکە زیانیان بەرکەوتبوو ئاوارە بوون و ناچاربوون لەناو کەمپەکان و ژێر چادرگەکان ژیان بکەن. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو روداوە کاریگەری لەسەر نزیکەی 2.6 ملیۆن منداڵ هەبووە. ئەسلی تەمەن نۆ ساڵ خەڵکی ئادیامان لە تورکیا بە ڕێکخراوی STCی تایبەت بە منداڵانی ڕاگەیاندوە کە دوای ساڵێک لە ڕوداوەکە تا ئێستاش لەگەڵ دایک و باوکیدا لە چادردا دەژین . هاوکات بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەشێکی زۆری منداڵانی کاریگەری ڕوداوەکە لە تورکیا و سوریا ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی و دەروونی بونەتەوە ، لەوانە دڵەڕاوکێی پەیوەندیدار بە کارەساتەکەوە. نزیکەی لە سەدا 70 ی منداڵانیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت لە سوریا توشی "خەمۆکی " بوون و، لە سەدا 30 یشیان توشی دڵەڕاوکێ بوون و توانای خەوتنیان نەماوە. سەبارەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش ڕیکخراوی STCی تایبەت بە منداڵان ڕایگەیاند، لە سەدا 85 ی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان و هاوڕێ و مامۆستاکانیان بەهۆی ئەزموونی بوومەلەرزەکەوە و زەبری دەرونی لێیداون. لە 6ی شوباتی 2023 دوو بومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەڕەش روویاندا و زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.
هاوڵاتی ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز، لە دوایین ژمارەی خۆیدا راپۆرتێکی دەبارەی گەمارۆکانی ئێران بڵاوکردووەتەوە و تیادا هاتووە، کۆماری ئیسلامی دوو بانکی "لۆیدز" و "سەنتەندێر"ی بەریتانی بەکارهێناوە بۆ خۆدزینەوە لەگەمارۆ ئابوورییەکان و گواستنەوەی پارە. ئەم بڵاوکراوەیە ئاماژەی بەوەداوە، کۆمەڵێک بەڵگەیان دەست کەوتووە کە هەندک لە ئەژمارە بانکییەکانی ئەم دوو بانکە گەورەیە، سەر بە پیشەسازی پێترۆکیمای ئێرانە کە گەمارۆی لەسەرە. فایننشاڵ تایمز نووسیویەتی، خاوەنی ئەم ئەژمارە بانکییانە لە ژێر ناوی کۆمپانیایەکی بەریتانیدا کە نووسینگەکەی لە لەندەنە و لە ڕاستیدا سەر بە کۆمپانیای بازرگان پێترۆکیمیای ئێرانە، کە لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر، پارەیان بۆ ئێران گواستووەتەوە و خەریکی سپیکردنەوەی پارەبوون.
هاوڵاتی درەنگانی شەوی شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣، ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن. ئەم هێرشانە بە پشتیوانی هەریەک لە وڵاتانی ئۆسترالیا، بەحرەین، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و نیوزیلەند ئەنجام دراون. بەپێی ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەم هەشت وڵاتە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن لە یەمەن کراوەتە ئامانج. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەربارەی ئەم هێرشە وتی "لەم ئۆپەراسیۆنەدا دامەزراوەکان و کۆگای چەک و چۆڵ و شوێنەکانی هاویشتنی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی حوسییەکان کراوەتە ئامانج". میدیاکانی سەر بە حوسییەکان لەم بارەوە ڕایانگەیاند "لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی نەهزەتین و عەتان لە باشووری سەنعای پایتەخت، هەروەها چەند ناوچەیەک لە زوممار و ئەلبەیزا و ئەلحەجە". ناوەندی هەوڵی فەرمی فەرەنسا لە زاری چەند کەسێکی نزیکی رووداوەکانەوە وتویەتی، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە سەنعا بیستراوە. هێرشەکانی شەوی شەممە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێشتر ئەمەریکا بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا و عێراق کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە. ئەمریکا لەم هێرشانەدا بۆ یەکەمجار کەڵکی لە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی B1 وەرگرت کە لە تەکساسەوە هەستابوونەوە. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربارەی هێرش بۆ سەر حووسیەکان رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی ئۆسترالیا، بەحرەیین و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا و نیوزیلەند هێرش کراوەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە یەمەن. لەم راگەیاندنەی سێنتکۆمدا هاتووە، هێرشەکانی کاتژمێر ١١:٣٠ شەو بە کاتی یەمەن ئەنجام دراون و ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن کراونەتە ئامانج. وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەمبارەوە رایاگەیاند "هێرش بۆ سەر حووسییەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەو مەبەستە بووەکە تواناکانیان کەم بکەینەوە لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکان و نەتوانن ببن بە هۆی نائارامی ناوچەکە". وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتیشی، ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕوونە بۆ حوسییەکان، ئەگەر بەردەوامبوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، زیانی زیاتریان پێ ئەگەیەنین و سزای قورستر ئەدرێن. ئێمە بۆ بەرگری کەسەکان و هەروەها بازرگانی ئازاد لە یەکێک لە سەرەکیترین رێگاکانی دەریایی دونیا هیچ دوو دڵ نین و هەموو هێزی خۆمان ئەخەینە گەڕ. لە بەرامبەردا، محەمەد ئەلبخەتی، ئەندامی مەکتەب سیاسی حووسییەکان لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام ئەبن لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان لەمبارەوە رایگەیاند، ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و بێگومان هێرشکەرەکان سزا دەدرێن و ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی لە حووسییەکان و هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا ئێمە پاشگەز ناکاتەوە لە پشتیوانیمان لە خەڵکی غەزە.
هاوڵاتی دوای هێرشەكانی بهرهبهیانی شهممهی ئهمریكا بۆسهر عێراق و سوریا، سكرتێری گشتیی نهتهوه یهكگرتوهكان داوا له ههموو لایهنهكان دهكات سنورێك بۆ گرژییهكان دابنێن. ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی خۆی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەکە لە دوای هێرشەكانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا و عێراق نەشاردە و داوای کرد كە رێوشوێنە جددی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی، بە پێگەی سپۆتنیکی راگەیاندوە: دوای هێرشكردنە سەر عێراق و سوریا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان. بهرهبەیانی ئەمڕۆ شەممە، له كاردانهوهی كوشتنی سێ سهربازهكهی ئهمریكا له بنكهی "تی-22"ی سنوری ئوردن، ئهمریكا هێرشهكانی بۆ سهر بنكه و بارهگاكانی گروپ و میلیشیاكان له عێراق و سوریا دهستیپێكرد. ئهمریكا به 125 موشهك، 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و موشەکیشی لەو دوو وڵاته خاپور كرد و گورزهكان له عێراق بووههۆی كوژرانی 16 كهس و برینداربوونی 25ی دیكه.
هاوڵاتی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور ڕایگەیاند ، سوپای وولاتەکەیان لە کەناراوەکانی خۆرهەڵاتی کۆریای باکوور، بەمەبەستی بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان چەند مووشەکیکی کرۆز و زەوی بە هەوایان تاقیکردووەتەوە. ئەمرۆ شەمە کۆریای باکوور ڕایگەیاند "رۆژی هەینی ڕابردوو، چەند مووشەکێکی کرۆزی بە کڵاوەی جەنگی نوێ تاقیکردۆتەوە و هەروەها جگە لە هاویشتن و تاقیکردنەوەی مووشەکەکان، چەند موشەکیکی دیکەی دژە فرۆکەی تازەشی بۆ یەکەمینجار بەکارهێناوە و لە بە ئامانجگرتنی خاڵە دیاریکراوەکانی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتووبوون". هەروەها ئاژانسەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەم تاقیکردنەوانە بەشێکن لە چالاکییە ئاساییەکانی ئاژانسی بەرەپێشبردنی بەرگری سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی وولات ، بە مەبەستی پێشخستنی تەکنەلۆژیای سیستمی چەکی تازە و زانینی ئەدای کار کردن و وردی لە بەئامانجگرتنی ئەو خاڵە دیاریکراوانەی کە لەکاتی پێویستدا دیاری دەکرێن و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نییە . جێی ئاماژەیە ئەم تاقیکردنەوەیە، تەنها لەدوای سێ رۆژ لە تاقیکرنەوەکەی موشەکی کرۆزی "بولهواسال ی ٣-٣١ " لەلایەن سوپای کۆریای باکوورەوە دێت و ئەمەش وای لە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور کردووە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە بکەن و سوپاکەیان بۆ هەرئەگەرێکی چاوەروان نەکراو خستۆتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
هاوڵاتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە كهمێك لهمهوبهر ئهمریكا به فڕۆكهى بێ فڕۆكهوان هێرشى كردهسهر11 بارهگاى گروپه چهكدارییهكانی سەر بە ئێران له ناوچهكانى مهیادین و ئهلبوكهمال سەر بە پارێزگای درێرهزوور له سووریا و بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆنیش دەڵێت، "ئێمە لە پشت هێرشەکانەوە نین". لەگەڵ گەیشتنەوەی تەرمی سێ سەربازە کوژراوەکەی سوپای ئەمریکا بە ویلایەتی دێلاوەر و پێشوازیکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لێیان، میدیاكانی سوریا بڵاویانكردهوه، ئهمشهو ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگەی دێرەزور بۆردومان كراون کە ئهو ناوچانه بهوه ناسراوه گروپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان. رامی عەبدولرەحمان بەرێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، وا دەردەکەوێت بۆردومانەکان لەلایەن فڕۆکەی جەنگی ئەمریکییەوە ئەنجامدرابێت، بۆردومانەکانیش ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادینی رۆژهەڵاتی سوریای گرتوەتەوە. میدیا جیهانییهكانیش دهڵێن كه بۆردومانهكان لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراوەو ئامانج لێی گروپه چهكدارەکانی نزیكن له ئێرانە، هاوکات بهپێی ئهو زانیارییانهی دهست روانگهی سوری كهوتوه، بۆردومانهكه لهلایهن ئهمریكاوه دهكرێت و 11 پێگهی گروپه چهكدارهكانی سهربه ئێران له خۆرههڵاتی سوریا كراونهته ئامانج و خاپوور كراون، لهگهڵ ئهوهش كه هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو بۆردومانەی بە فەرمی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش وتویەتی ، "ئێمە لە پشت ئهو گورزانهوه نین". بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش، لەئەنجامی هێرش و بۆردومانەکان، تائێستا 6 کەس کوژراون و ژماپەیەکی دیکەش برینداربون. لە ماوەی رابردو بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە باکوری رۆژهەڵاتی ئوردن بۆردومانکرا و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 سەربازی دیکەش برینداربون. لە دوای ئەو روداوە ئیدارەی ئەمریکا بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا، لەو بەرەیشەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەمریکا بە چەند ئاستێک و بە چەند جارێک دەبێت.
هاوڵاتی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران، بەرژوەندییەکانی ، لە لایەن ئێرانەوە بە توندی وەڵام ئەدرێتەوە. ئەمیر سەعید ئیرەوانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێ شەممە ٣٠ی کانوونی دووهەم ئەوەی ڕەتکردەوە لە لایەن واشنتۆنەوە لە دوو رۆژی رابردوودا هیچ جۆرە پەیامێکیان پێ گەیشتبێت وتی :" ئاڵووگۆڕی پەیام نەبووە لە نێوانماندا و ئەگەر هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران هاوڵاتیەکانمان لە دەرەوە سنوورەکان، بە توندی وەڵامی ئەدرێتەوە". قسەکانی ئەمیر سەعید دوای ئەوە هات کە کەناڵی ئەلجەزیرە پێشتر لە زاری یەکێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە رایگەیاندبوو، دوا بە دوای هێرشەکەی سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ئۆردۆن کە کوژرانی ٣ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە، واشنتۆن لە رێگای وڵاتێکی سێهەمەوە کۆمەڵێک پەیامی بۆ تاران ناردووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئێران لە وەڵامی ئەمریکادا وتوویەتی، هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر ئێران وەڵامی توندی ئەبێت. ئەمەشلە کاتێکدایە، کە سێ شەممە ٣٠ کانوونی دووهەم، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بڕیاری داوە چۆن وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوەتە سەر بنکەیەکیان لە ئۆردۆن. سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا رایگەیاند ، کۆماری ئیسلامی بەرپرسە لەم هێرشانە لەبەر ئەوەی چەک و چۆڵیان بۆ دابین ئەکات و پشتیوانیان ئەکات. رۆژی ٢٨ی کانوونی دووهەم ، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکاییەکان لە رۆژهەڵاتی ئۆردۆن و ٣ سەربازی سوپای ئەمریکا کوژران و لانیکەم ٤٠ کەس بریندار بوون. دوا بە دوای ئەم هێرشە ژمارەیەک لە کۆماریخوازەکان لە کۆنگرە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئیدارەی بایدن پێویستی بە توندی وەڵامی ئێران بداتەوە. جۆن کۆرنین، سێناتۆری تەکساس، دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ٣ سەربازی ئەمریکا کە لە لایەن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیەوە هێرشیان کرابووە سەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X نووسی :"تاران بکەن بە ئامانج". لێندسی گراهام، سێناتۆرێکی ناسراوی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەی رەخنەی لە دەوڵەتی ئەمریکا گرت لە سەر جۆری هەڵسووکەوتی لەگەل کۆماری ئیسلامی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X :" بدەن لە ئێران، بە توندی لێی بدەن".
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند بڕیارمان داوه چۆن وهڵامی هێرشی گرووپه چهكدارهكان بدهینەوە بۆ سەر بنکەکانمان لە ئوردن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا ئاشكرایكرد،وەڵامدانەوەکە بەچەند قۆناغێك دەبێت. چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە چ شێوەیەک وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانیان بدەنەوە. وتیشی، "نامانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکەین". هەر لەم بارەیەشەوە جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا رایگەیاند: دەكرێت وەڵامدانەی هێرشەكەی سەر سەربازەكانمان لە ئوردن بەچەند قۆناغێك بێت. لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە دوای ئەوەهات 28ی ئهم مانگه لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی کە کرایە سەر بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئوردن سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربون دوای هێرشهکەش، گروپێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بنکەکەی ئەمریکای لە ئەستۆ گرت. هاوکات لە ئێستادا ژمارەیەک سیناتۆری کۆمارییەکان له ئهنجومهنی پیرانی ئهمریكا داوای "هێرشی راستهوخۆی وڵاتهكهیان بۆسهر ئێران" له جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمریكا كردوه و فشارێکی زۆر بۆسەر ئیدارەکەی بایدن دروست بووە بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمریکا.
هاوڵاتی دادگای پاكستان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر عیمران خان، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری وڵاتەكەیدا سەپاندو تۆمەتباری كرد بەدزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی دەوڵەت. ئەمڕۆ سێ شەمە 30ی كانوونی دووەمی 2024، دادگای پاكستان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەریەك لە عیمران خان، سەرۆك وەزیرانی پێشووترو شا مەحمود قوڕەشی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی پاكستاندا سەپاند. ئەو دوو بەرپرسە لەسەر دزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی دەوڵەت سزادران، بەتۆمەتی ئەوەی عیمران خان نامەیەكی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە واشنتۆن ئاشكراكردووە كە تیایدا باس لەوەكراوە واشنتۆن تێوەگلاوە لە دورخستنەوەی لە پۆستەكەی لەساڵی 2022دا. دوورخستنەوەی عیمران خان لە ژیانی سیاسی لە كاتێكدایە مانگی شوباتی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە پاكستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەمە 30ی كانوونی دووەمی 2024، ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا رایانگەیاند هێزەكانی بەرگری ئاسمانی روسیا، توانیویانە 21 درونی ئۆكرانی لە ناوچە جیاجیاكانی روسیا بخەنە خوارەوە. هەرلەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند "سیستمی بەرگری ئاسمانی سەر بەسوپای روسیا، 21 درۆنی هێرشبەری كە لە ئۆكرانیاوە بەرەو ناوچەكانی روسیا هاویژرا بوون لەنیمچە دورگەی قرم و ناوچەكانی بلیغۆردو بریانسك و كالوغا و تۆلا بخەنە خوارەوە". لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا هاتووە "شەوی رابردوو هێزی بەرگری ئاسمانی روسیا توانی شكست بەهێرشێكی تیرۆریستی رژیمەكەی كێف لە دژی خاكی روسیا بهێنن" . لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا وردەكاری زیاتری هێرشەكە خراوەتەڕوو تێیدا هاتووە "سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیوێتی 11 درۆنی بۆمبرێژكراو لەسەر نیمچەدورگەی قرم و 4 درۆنی دیكە لەناوچەی بلیغۆردو 3 درۆن لە ناوچەی بریانسك و لە ناوچەكانی كالوغا و تۆلا، یەكی یەك درۆن بخەنە خوارەوە. جێی ئاماژەیە چەند مانگێكە ئۆكرانیا، بەمەبەستی بە ئامانج گرتنی ژێرخانی سەربازی روسیا هێرشەكانی بۆ سەر خاكی ئەو وڵاتە چڕكردۆتەوە تا بەو جۆرە فشاری هێرشەكانی روسیا بۆ سەر خۆی كەمتر بكاتەوە.
هاوڵاتی چارلز برادفۆرد كۆپەری فەرماندەی كەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریكا رایگەیاند مووشەك و درۆنە بۆمبڕێژكراوەكانی حوسییەكان لە ماوەی 75 چركەدا ئامانجەكانیان دەپێكن و هێزەكانی تەنها 9 بۆ 15 چركەیان لەبەردەمدایە بۆ خستنە خوارەوەیان. ئەم قسانەی كۆپەر لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێسی" ئەمریكیدا هات و ناوبراو جەختیشی لەوەكردەوە كە بەئامانج گرتنی پاپۆڕە بازرگانی و ئەمریكییەكان بەمووشەكی بالیستی لە ناوچەكەدا كارێكە كە لەمەوپێش ئەنجام نەدراوە . هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا كۆپەر ، ئێرانییەكانی بەیارمەتیدانی لۆجیستی و هەواڵگری حوسییەكانی یەمەن بەمەبەستی بەئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا تۆمەتبار كردو وتی "بێگومان ئێران یارمەتیدەرو پاڵپشتیكەرێكی سەرەكی حوسییەكانی یەمەنە". جێی ئاماژەیە لە ماوەكانی پێشوودا هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بەمەبەستی رێگریكردن لە هێرش و پەلاماری چەكدارە حوسییەكان، لەناوچە جیا جیاكانی یەمەن چەند گورزێكی هەوایی و مووشەكییەكان لەو چەكدارانە وەشاند. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسیییەكانی یەمەن رایانگەیاند"ئەم هێرشانە هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بۆ سەر توانا سەربازییەكانیان نییە و لە هێرشەكانیان بۆ سەر پاپۆڕو هێزەكانی ئەمریكا لە دەریای سوور بەردەوام دەبن".
هاوڵاتی دوای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند ، هێرشەکەی سەر بنکەی بورجی 22 لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەردەن لەلایەن ملێشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراوە ، دەنگی نارەزایەتی کۆمارییەکانی ناو ئەمریکا تا دێت زیاتر دەبێت و داوای گۆرزێکی سەربازی راستەخۆ بۆ سەر ئێران دەکەن. لە وەلامی ئەو داواکارییانەش ، "ئادەم ئێرلی" وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی :" ئەمە پرسیاری ملیۆن دۆلارییە". ناوبراو لە لێدوانیکیدا بۆ کەناڵی "ئەلعەرەبییە" ، وتی : ئەم داوایە داوایەکی رەوایە ، چونکە لە لایەکەوە گروپی حزبوڵای عیراقی بنکە و بارەگانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج و لەلایەکی دیکەوە حوسییەکان چەند جارێک هەوڵییان داوە پاپۆرە ئەمریکییەکان بە ئامانج بگرن و سەرەرای وەڵامەکانی ئەمریکا بەڵام ئەو هێرش و پەلامارانە هێشتا بەردەوامن. هەروەها ناوبراو ئەو پرسیارەشی خستە روو کە ئاخۆ ستراتیژی ئەمریکا لە لێدانی وەکیلەکانی ئێران لە ناوچەکە سەرکەوتوو بووە ؟ "ئیتر کاتی ئەوە هاتووە زەرەروزیانەکانی دوژمن گورچکبر بن و هیڕش بکرێتە سەر ئێران" ئادەم ئیرلی وا دەڵێت. بە بروای ناوبراو تاران کووشتنی وەکیلەکانی لە ناوچەکە بەلاوە گرنگ نییە و رەنگە گەر راستەوخۆ ئێرانییەکان بکرێنە ئامانج بارودۆخەکە بگۆرێت . لەلایەن خۆیەوە لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لەسەر واڵی تایبەتی خۆی لە پیگەی ئەلەکترۆنی "ئێکس" نووسی : هەر ئێستا لە ئێران بدەن، بە بەهێزی هێرشی بکەنەسەر. لەلایەن خۆیەوە ئێران لە رێی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ، بێ بەری بوونی خۆی لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر بنکەی بورجی 22 راگەیاند و ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی : " ئەم تۆمەتانە ، تۆمەتی سیاسین و مەبەستی سەرەکی لێیان سەروژێر کردنی راستییەکانی ناوچەکەیە". جێی ئاماژەیە هێرشەکەی سەر بنکەی بورجی 22 ، بە مەترسیدارترین هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە ئاکامدا 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و34 سەربازی دیکەش بریندار بوون و چاودێران ترسی فراوان بوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسییان هەیە کە لە جەنگێکی ناوچەیی بۆ جەنگێکی هەرێمی بەرفراوان کە ئێرانیش بگرێتەوە پەرە بسێنێت.
هاوڵاتی دوابەدوای هێرشەکەی سەر بورجی 22 ی سەر سنووری سوریا و ئەردەن و کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی 34 سەربازی دیکە، دۆنالد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی نۆڤەمبەری 2024 ، هێرشێکی تووندی کردە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بە کەسێکی فشەڵ وەسفی کرد. هەروەک چۆن جۆ بایدن ی تۆمەتبار کرد کە جیهانی بەرەو لێواری جەنگی جیهانی سێهەم بردووە . ترەمپ لە درێژەی قسەکانی ئەوەشی ووت : " بە هۆی بێ هێزی و کەم توانایی جۆ بایدن ئەم هێرشە کراوەتە سەر ئەمریکا و گەر سەیری رابردوو بکەین ئەوا تێدەگەین کە ئێران لە سەردەمی ئیدارەکەی مندا ، ووڵاتێکی بێهێز و کۆنترۆڵکراو بوو و نەیدەتوانی وەک ئێستا پەل بهاویژێت ". هەروەها ترەمپ ، ئیدارەکەی جۆ بایدنی بە بەخشینی ملیارها دۆلار بە تاران تۆمەتبار کرد ، کە لە ئەنجامدا ئێران ئەو پارانەی خستە خزمەت ئەجیندا و بەرنامەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆمی خوێنی لە ناوچەکەدا هەستاند. " گەر من سەرۆک بوومایە هەرگیز ئەم هێرشە رووینەدەدا و هەر وەک چۆن نە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و نە هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا روویدەدا، ئاشتی باڵی بە سەر جیهاندا دەکێشا ". ترەمپ وا دەڵێت. جێی ئاماژەیە لە ئەنجامی هێرشێکی ملیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەی 22 ی سەرسنووری سوریا و ئەردەن ، 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و 34 سەربازی دیکەش بریندار بوون ، دوابەدوای هێرشەکەش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و لووید ئۆستۆن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایانگەیاند ، بە تووندی وەڵامی هێرشەکە دەدرێتەوە.
هاوڵاتی ئەمرۆ یەکشەمە ،سەرەرای گرژییەکانی ئەم دواییەی لە گەڵ کۆریای باشوور، کۆریای باکور ژمارەیەک مووشەکی کروزی هەڵدا، کە ئەمەش وای لە سوپای کۆریای باشوور کرد بکەونە حاڵەتی ئامادە باشییەوە. لەمبارەیەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی کۆریای باشوور رایگەیاند :" سەرلە بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە ، کۆریای باکوور چەند موشەکێکی جۆری کرۆزی لە نزیک ئاوەکانی شاری سیبنۆی کۆریای باکوور هاویشتووە و دەزگاکانی هەواڵگری کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ئێستادا خەریکی شیکاری و لێکۆڵینەوەن لەو کارە ". لە لای خۆیەوە دەزگای هەوالی فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاند، کە هاویشتنی موشەکەکان بەشێکە لە نوێکردنەوەی سیستمی موشەکی ووڵات و هیچ پەیوەندییەکی بە گرژییەکانی نێوان کۆریای باکوور و باشوورەوە نییە. جێی ئاماژەیە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆریای باکوور و باشوور لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا گەیشتۆتە لووتکە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی هەردوو ووڵات رێکەوتنەکەی ساڵی 2018 ی نێوانیان بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان وەلاوە نا. ماوەیەک لەمەوبەریش "کیم جۆنگ ئۆن"ی سەرۆکی کۆریای باکوور لە میانەی سەردانێکیدا بۆ کارگەیەکی درووست کردنی چەک لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند ، کۆریای باشوور دوژمنی سەرەکی وڵآتەکەیانە و گەر جەنگ هەڵبگیرسێت لە سەر نەخشەی جیهان دەیسرێتەوە .
هاوڵاتی دوو ناوەندی میدیایی ئەسۆشەیتدپریش و رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی ئەمریکا، قەتەر،میسر و ئیسرائیل لە پاریسن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن دەربارەی رەشنووسی ئامادەکراوی رێککەوتنامەی راگرتنی ٢ مانگەی جەنگی غەزە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ١٠٠ بارمتەی ئیسرائیلییەکان لای حەماس. دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندووە ، لایەنە وتووێژکارە ئەمریکاییەکان لەم پەیوەندەدا پێشکەوتنی باش لە وتووێژەکاندا دەبینرێت و لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە. ئەسۆشەیتدپرێش لەمبارەیەوە نووسیویەتی، لە دانیشتنی پاریسدا کە رۆژی یەکشەممە ٢٨ی کانوونی دووهەم بەڕێوە ئەچێت، ڤیلیام برێنز بەرپرسی CIA ، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، عەباس کەمیل، بەرپرسی بەشی هەواڵگری میسر، داڤید بارنەعا، بەرپرسی مۆساد، ئامادە ئەبن. نیۆیۆرک تایمز نووسیویەتی، وڵاتە نێوانگیرەکان، کە بریتین لە ئەمریکا و میسر و قەتەر، بە تێکەڵکردنی پێشنیارەکانی ئیسرائیل و حەماس لە ١٠ رۆژی رابردوودا، رەشنووسی رێککەوتنێکی قایلکەریان داڕشتووە. ئەو بەرپرسە ئەمەریکییانە کە داوایان لە نیۆیۆرک تایمز کردووە ناویان نەبرێ ئەوەیان ئاشکراکردووە کە هێشتا کۆمەڵێک خاڵی گرنگ هەیە کە لایەنەکان لە سەری ناکۆن، بەڵام ئەوان گەشبینن بەوەی بە رێککەوتننامەی کۆتایی بگەین. ئەم راپۆرتە رۆژێک دوای پەیوەندی تەلەفۆنی جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەگەڵ رێبەرانی میسر و قەتەر بلاو کرایەوە. لە مانگی تشرینی دووهەمدا و لە کاتی راگرتنی ٧ رۆژەی جەنگدا، حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتەی ئازد کرد. ئیسرائیل لە بەرمبەردا ٢٤٠ زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد. میدیا ئیسرائیلییەکا باس لەوە ئەکەن ١٣٦ بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس و هاوپەیمانەکانی ماون و باس لەوە ئەکەن لانیکەم ٢٢ کەسیان کوژراون.