مانگی هەنگوینی سەرۆك وەزیران و جەنگ لە شەقامەكانی بەریتانیا

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ بەریتانیا

کاوە ڕەش

تادێت هێرش و ئاژاوەی گروپە ڕاستڕەوو توندڕەوەكانی بەریتانیا، تەشەنە دەستێنێت و لەم هەفتەیدا دەیان ئاژەوەو توندوتیژیان بەرامبەر خەڵكانی بێگانەو پەناخوازان، ئەنجام داوە.

شڵەژانی شەقامەکانی بەریتانیا ، لەدوای هێرشی هەرزەكارێكی بەڕەگەز بێگانە هات، كەژمارەیەك  منداڵی لەسەنتەرێكی سەماكردن،  برینداركردو كوشت، هاوكاتیشە لەگەڵ دەستبەكاربونی سەرۆكوەزیرانی نوێی بەریتانیا و دەسەڵاتداریەتی پارتی كاری بەریتانیا.

ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی پڕ زەحمەتە بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، كەڕووبەڕووی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاژاوەگێڕەكان هەڕەشەی دەرچوون لەکۆنتڕۆڵ دەكەن، دەسەڵاتداران خۆپێشاندەران، بە ئاژاوەگێڕو، جەردەو چەقكێش ناو دەبەن.

  ئەم ئێوارەیە سەرۆك وەزیران، پەیامێكی توندی ئاڕاستەی ئاژاوەگێڕان كردو ڕایگەیاندوە، كەدەسەڵاتی تەواو دراوە بەهێزە ئەمنییەكان، بۆ دەستگیركردنی ئەوانەی كاری شەڕەنگێزی و پەلاماردەری ئەنجام دەدەن، تا ببرێنە بەردەم  دادگا.

هاوكات سەرۆك وەزیران وتی، ئەركی ئێمەیە كەسەلامەتی گیانی هەموو خەڵكی بەریتانیا بپارێزین، بێ جیاوازی ڕەگەزیی و ئاینی ونەتەوەی، ب تتایبەتیش ڕەوەندی موسڵمانەكان، كەئێستا ڕاستەوخۆ هێرشیان دەكرێتەسەر.

هێرشی نەژاد پەرست وتوندڕەوەكان، تەشەنەی سەندوە بۆسەر مزگەوت و شوێنەئاینیەكانی بێگانەكان،  لەنێویاندا هۆستێل و هۆتێل وشوێنی داڵدەدانی پەناخوازان.

ڕۆژی یەكشەممە، هێرشەكان توندتربونەوەو  سەدان ئاژەوەچی ویستویانە هێرش بكەنە سەر چەندین مزگەوت لەبەریتانیا،

هەر لەو ڕۆژەشدا هێرشكراوەتە سەر هۆتێلێكی مانەوەی پەناخوازان لەشارۆچكەی ڕۆزەراهام و زیانی زۆر بەرهۆتێلەكە كەوتووە،  بەڵام پۆلیس دەڵێ، جگە لەزامداربوونی چەند كاڕمەندێكیان هیچ كۆچبەرێك وستافی هۆتێلەكەزامدار نەبوون بەهۆی هێرشەكەوە.

 لەلایەكی دیكەوە، گروپی بچوك بچوكیش، هێرش دەكەنە سەر دووكانی بیگانەكان و وەك لەچەند گرتە ڤیدۆی نێو سۆشیال مێدیادا بڵاوبونەتەوە دەركەوێ،  ژمارەیەك سەرتاشخانەی كوردەكان دەشكێندرێن و ئاگر دەخرێتە نێو دوكانەكانیان.

لەچەند ناوچەیەكیش بەشێك لەبێگانەكان گردبوونەوە بۆ پاراستنی مزگەوت و دوكانەكانیان، تا هێرشی نەكرێتەسەر،

بەڵام پۆلیس داوا دەكات، هەموولایەك خۆیان بەدوور بگرن لە ڕووبەڕووبونەوەو پێك هەڵپژان، لێگەڕێن پۆلیس ئەركەكانی خۆی ڕاپەڕێنێت

ئەمڕۆ دووشەمە كابینەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، كۆبوونەوەی فریاگوزاری  لەناكاو دەبەستێت، كەناسراوەبە (كۆبرا) بۆ خۆئامادەكردن و ڕووبەڕووبونەوەی  ئەو شەڕوئاڵۆزی و پشێیویەی بەشێكی بەریتانیای گرتووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار