بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل ڕاگرت
یەک مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ هەینی، 2ی ئابی 2024، بەهۆی گرژیەکان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت.
لەم بارەیەوە لە ڕاگەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس هێڵی ئاسمانی هیندستان بڕیاریدا گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب ڕابگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، لای خۆیەوە “لوفتانزای ئەڵمانی” گەورەترین گروپی هێڵی ئاسمانی ئەوروپی، ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب ڕاگەیاند، ئەم ڕێوشوێنانەش دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دێت.
لوفتانزا ئەڵمانی ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە تا ڕۆژی 8ی ئاب گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تەلئەبیب ڕاگیرا، هەروەها ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت تا 12ی ئاب درێژکرایەوە.
هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانیشی بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.
سەرەڕای ئەمەش هێڵی ئاسمانی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب تا 6ی ئاب ڕادەگرێت.
جێگەی ئاماژەیە، کۆمپانیای ئەڵمانی “لوفتانزا” خاوەنی هێڵی ئاسمانی سویسری و هێڵی ئاسمانی نەمساشە.