دادگایەکی بەریتانیا تۆڕێکی گەورەی قاچاخچی سزادا
4 مانگ لەمەوپێش
مەهران رەمەزان
هاوڵاتی، سلێمانی
شەش تۆمەتبار كە كوردیشی تێدایە، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوون و بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە لە لایەن دادگایەکی بەریتانیا سزا دران.
دادگایەكی شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا سزا دا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە.
لەم بارەیەوە، ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند، شەش تۆمەتبارەکە كە كوردیشی تێدایە بە ناوەكانی محەممەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحموود، بێستون ساڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوو، پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندین كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، تاوانباران بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە.
پێشتریش ئاژانسی نیشتیمانی تاوان، لەساڵی 2018 بڵاوی كردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراو کە بە رەگەز کوردن و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا دەستگیر كراون.