هاوڵاتی کێڤن ماککارسی دوای چەندین ڕۆژ دانوستان و 15خول لە دەنگداندا، بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا کێڤن مەککارسی، بەربژێری سەرەکیی پارتی کۆمارییەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دوای چەندین ڕۆژ دانوستان و 15خول لە دەنگداندا، بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا سێ رۆژە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک کۆدەبێتەوە و هەڵبژاردن دەکات، دوای پانزە خولی دەنگدان کێڤین مەککارسی بەربژێری کۆمارییەکان توانی بە 216دەنگ بەرامبەر 211 دەنگ لە ڕكابەرەكەی حەکیم جێفریی بەربژێری دیموکراتەکان بباتەوە. کێڤن ماکارثی لە یەکەم وتاردا وەک سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە هاوپیشەکانی گوت: "ئێستا ئیشە قورسەکان دەست پێ دەکات." جێگەیباسە ئەمە درێژترین پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بوو لە 164ساڵی مێژویدا.
هاوڵاتی بەکارهێنانی کۆکاین، پەیوەندیی "ئابڕووبەرانە" و کوشتنی خەڵکی لە ئەفغانستان و چەندین پرسی مشتومڕهێنی دیکە بابەتی سەرەکیی کتێبێکی بیرەوەریی شازادەی بەریتانیان کە دەگوترێت "بە هەڵە" بڵاوکراوەتەوە. لە کتێبێکدا بەناوی سپێر کە بریارە رۆژی سێشەممە بەفەرمی بڵاوبێتەوە وەشانە ئیسپانییەکەی "بە هەڵە" فرۆشراوە و چەندین نهێنی تایبەت بە شازادە بەریتانییەکە لەخۆدەگرێت، چەند کۆپییەکی دەست میدیاکان کەوتن و ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیا جیهانییەکان بڵاوکراوەتەوە لە کتێبەکەدا باس لە کوشتنی 25 کەس دەکات لەماوەی ئەرکەکەی لە ئەفغانستان وچەند بابەتێکی دیکەی مشتومڕهێنەر باسکراون؛ وەکو بەکارهێنانی کۆکاین لە تەمەنی هەرزەکاریدا، یەکەم پەیوەندیی "ئابڕووبەرانەی" سێکسی لەگەڵ کەسێکی لەخۆی گەورەتر لە حەوشەیەکی پشتەوەی مەیخانەیەک. لە کتێبەکەیدا شازادە هاری باس لەوە دەکات، ئەو کاتەی لە ساڵی 2012-2013 لە ئەفغانستان بووە، فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەری ئەپاچی بووە و دان بەوەدا دەنێت کە 25 "چەکداری" کوشتووە و دەڵێت وەک ئەوەی یاری شەترەنج بکات ئەفغانیەکانی لەسەر بۆردی یارییە سڕیونەتەوە. ئەم قسانەی شازادە بەریتانیەکە تاڵیبانی تووڕەکردووە وئهنهس حهقانی یاریدهدهری باڵای وهزیری ناوخۆی ئهفغانستان له تویتێكدا نوسیویهتی، "بهڕێز هاری، ئهو 25 سهربازهی تایڵیبان كه تۆ له ماوهی خزمهتی سهربازیتدا كوشتوتن ئاژهڵی مهترسیدار و كوشنده نهبون، بهڵكو ئهوانه مرۆڤ بون". ههروهها، بیلال كهریمی جێگری وتهبێژی میرنشینی ئیسلامی ئهفغانستان رایگهیاند، ئهوهی شازاده هاری لهبارهیهوه وتویهتی سهلمێنهری ئهو راستیهیە كه گشت داگیركارێك رابردویهكی تاوانكاری ههیه و دهستی به كوشتنی كهسانی ئهو شوێنه سوره كه دهستی داگیركارهیان پێگهیاندوه". لە کتێبەکەدا ئەو شازادەیە باس لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکات و دەڵێت، کە چەند جارێک کۆکاینی بەکارهێناوە ئەو کاتەی هەرزەکار بووە و دەڵێت، ویستوویەتی "هەر شتێک بکات بۆ ئەوەی یاساکان بگۆڕێت". بابەتە بڵاوکراوەکان ئەوە لەخۆدەگرێت کە چۆن لە ساڵی 2019دا لە شەڕێکی تووند دا سەبارەت بە مێگن مارکڵی هاوسەرەکەی، هاری لەلایەن شازادە ویلیامی برا گەورەیەوە هێرشی جەستەیی کراوەتە سەری دەڵێت کە بریندار بووە، ئەوەش ڕوندەکاتەوە شەڕەکەی لەگەڵ شازادە ولیام دوای ئەوە هات کە جنێوی بە مێگن داوە و پێیگوتووە "رەزا قوڕس" و "بێ ئەدەب". بڵاوبونەوەی ئەم کتێبە و باسی کردنی چەندین بابەتی دیکەی پڕ مشتومڕو نهێنی لە کتێبەکەدا دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە هەر خۆی دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 دا لەگەڵ مێگن بەریتانیای جێهێشت و چووە ئەمریکا، ئەو پارێزبەندییەی لەلایەن شانشینی بەریتانیاوە بۆی دابینکرابوو، لێی سەندرایەوە. شازادە هاری، ئەندامێکی خێزانی شاهانەی بەریتانیا 10 ساڵ خزمەتی سەربازی هەیە و پلەی کاپتنە لە سوپای وڵاتەکەی و دووجار بە ئەرکی سەربازی چووەتە ئەفغانستان ولە ئێستادا لەگەڵ خێزانەکەی ئەکتەری پێشوو مێگان مارکڵ و مناڵەکانی لە ئەمریکا دەژین.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕایگەیاند دواکردنی ئاگربەستێکی 36 کاتژمێری دوای 10 مانگ لە جەنگ و هەزاران گیان لەدەستدان دەریدەخات کە سەرۆکی ڕووسیا هەوڵدەدات هەناسیەک بدات و بۆ ئۆکسجین دەگەڕێت. جۆ بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرەکانی وت: "من ناڕازیم لە وەڵامدانەوەی هەر شتێک کە پوتین دەیڵێت. ئەوەم پێسەیرە کە پوتین بەلایەوە ئاسای بوو لە ڕۆژی کریسمس و سەری ساڵدا نەخۆشخانە و دایەنگا و کڵێساکان بۆمباران بکات بەڵام ئێستە داوای ئاگربەست دەکات ، وابزانم ئەو هەوڵ دەدات هەندێک ئۆکسجین بدۆزێتەوە." سەبارەت بەم وتارەی بایدن باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنتن ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ ئیدارەی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە هیچ ئارەزوویەکیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی نییەو ئەوەشی خستەڕوو کە "تەنانەت" ئاگربەستێک کە بە یەکلایەنە ڕایگەیاندبوو وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی هەندێک ئۆکسجین ناوبراوە. پوتین ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانی ئاگربەستی ٣٦ کاتژمێری لە شەڕی ١٠ مانگەدا دەرکرد و ڕایگەیاندبوو کە بە بۆنەی جەژنی کریسمسی مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکانی ڕووسیاوەیە. بەڵام ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەم هەڵوێستەیان بە فێڵێک ناو برد کە ئامانج لێی پێدانی کاتە بە مۆسکۆ بۆ بەهێزکردنی سەرباز و کەرەستەکانی بەدرێژایی بەرەی ڕۆژهەڵات. هاوکات ئاژانسی هەواڵی (تاس)ی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوای ماوەیەکی کەم لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە، بەرپرسانی پاڵپشتیکراوی ڕووسیا ئۆکرانیایان تۆمەتبار کرد بەوەی بە تۆپخانە شاری دۆنێتسکی تۆپباران کردووە. سەرەڕای ئەوەی هۆشداریی هێرشە ئاسمانییەکان لە چەند ناوچەیەکدا دەنگی دایەوە، بەڵام دوای کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، هیچ هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن بەرپرسانی ئۆکراینەوە ڕاپۆرت نەکرا.
هاوڵاتی وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کە پەیوەندی بە پەرەسەندنی حاڵەتەکان لە نەخۆشخانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکاوە هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، بەرلین لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات. کارل لاوتێرباخ، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا لە تویتەر نووسیویەتی، "هیوادارین زستان تێپەڕێنین پێش ئەوەی جۆرێکی لەو جۆرە لەنێوانماندا بڵاوبێتەوە"، وتیشی "ئێمە چاودێری دەکەین تا بزانین کە ئایا ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە (XBB.1.5) تا چەند و تا چ ڕادەیەک لە ئەڵمانیایە." هاوکات، بەشێکی زۆری جیهان چاویان لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆڤید لە چینە، بەڵام شارەزایانی نەخۆشییە درمیەکان زیاتر نیگەرانن سەبارەت بە حاڵەتەکانی توشبوون بە ئۆمیکرۆن ئێکس بی بی 1.5( Omicron XBB.1.5) کە زۆر درمیە و بەپێی زانیارییە فەرمییەکان هەفتەی ڕابردوو ، زیاتر لە 40%ی حاڵەتەکانی ئیستای ئەمەریکای پێکهێناوە. جێگەیباسە ،دکتۆر مایکل ئۆستەرهۆڵم، پسپۆڕی نەخۆشییە درمیەکان لە زانکۆی مینیسوتا لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، حەوت لە کۆی دە ویلایەتی ئەمەریکا کە بەرزبوونەوەی تووشبوون بە کۆڤیدیان لە نەخۆشخانەکانیان بینیوە، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتن، نەخۆشەکان حاڵەتەکانی XBB یان پێوە دەرکەوتوە.
هاوڵاتی ڕۆژی پێنجشەممە ئەفغانستان بە سەرۆکایەتی تاڵیبان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆ کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە حەوزی ئامو داریا و پەرەپێدانی یەدەگی نەوت لە پارێزگای سار پول لە باکووری ئەفغانستان. گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی شێخ شەهابودین دێلاوەر وەزیری نەوتی و وزەی وەکالەت و بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوت و غازی ئاسیای ناوەڕاستی شینجیانگ لە مەراسیمێکدا کە لە کابولی پایتەخت بەڕێوەچوو واژۆکرا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانستی بەختار، لە زاری شێص شەهابودین دیلاوەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە وانگ یوی باڵیۆزی چین لە ئەفغانستان و مەلا عەبدولغەنی جێگیری سەرۆک وەزیرانی تاڵیبان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە حوکمەتی تاڵیبان لەم دواییانەدا کۆمەڵێك بڕیاری گرنگی لەبارەی ئابوریەوە داوە کە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخ وگوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان دەبێت. وەزیری نەوت و وزەی ئەفغانستان لەبارەی گرێبەستەکەوە وتی، کۆمپانیەکە بەپێی گرێبەستەکە بۆی هەیە لە ڕووبەڕی ٤٥٠٠ کیلۆمەتر جوارگۆشەدا نەوت وکانزاکانی ژێر زەوی دەربهێنێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمپانیاکە بەپێی ستاندارە جیهانیەکان کارەکانی دەکات. هاوکات ئەمەش یەکەم گرێبەستی ئابوری ئەفغانستانە لەدوای حوکمی تاڵیبانەوە لەساڵی ٢٠٢١ دا.
هاوڵاتی وەزارەتی کشتووکاڵی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ڤاکسینێکی پەسەند کرد بۆ هەنگەکان ڕێگری لەنەخۆشیەکی بەکتریای دەکات کە تووشی کرۆمەکەی هەنگەکان دەبێت و لەناویان دەبات. ڤاکسینەکەی لەژێر سەرپەرشتی کۆپانیایەکی بایۆتەکنۆلۆژی کە ڤاکسینەکەی بەرهەمهێناوە پەسەندی کردووە، ڤاکسینەکە دەکرێتە ناو دەردراوێکی تایبەتەوە کە شاژنەکە دەری ئەدات وکرۆمەکەکان دەیخۆن، بەمەش ڕێگری دەکات لەوەی کە هەنگەکان توشی نەخۆشی ناسراو بە " فۆڵبرۆدی ئەمریکی" ببن، کە نەخۆسیەکی بەکتریاییە و دەبێتە هۆی لەناوجوونی تەواوی شانەکە وبۆ لەناوبردنی پێویستی بە سوتاندنی تەواوی شانە هەنگوینەکەیە. ئانێت کڵایزەر، بەڕێوبەری جێبەجێکاری تەندرووستی ئاژەڵانە، لەبارەی ڤاکسینەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، ڤاکسینەکە دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ پاراستنی هەنگەکان. ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا باس لەوە دەکات، نەخۆشی " فۆڵبۆردی ئەمریکی"، نەخۆشیەکانی دیکەی پەیوەست بە وردە زیندەوەرەکانی وەک مشەخۆرەکان و بەکتریاکان هۆکاری زۆرێک لەلەناوچونەکانی هەنگەکانن، هەروەها هەندێک جار ئەو هەنگانەی بە هەنگە کارکەرەکان ناسراون شاژنەکە و شانەکە جێدەهێڵن بەمەش شانەکە لەناو دەچێت، بۆیە ئەم ڤاکسینە لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نەخۆشیەیە لەناو هەنگەکاندا. هەنگەکان ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی تۆووەکانی رووەکدا، هاوکات لەگەڵ باڵندە و شەمشەمەکوێرەشدا گرنگیەکی زۆریان هەیە لەبواری کشتوکاڵیدا، بەگوێرەی ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا دەڵێت بەرپرسیارن لە یەک لەسەر سێی بەروبومی دانەوێڵەی جیهان. هاوکات ڕێکخراوی خۆراک وکشتوکاڵی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی ٢٠٠٦ بەدواوە بەنزیکەیی ڕێژەی هەنگەکان کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا مانگانە ٣٠ هەزار کۆچبەر بە ڕێگای یاسایی بێنە ئەمریکا و وەربگیرێن، ئەم بڕیارەی جۆ بایدن لە چوارچیوەی پلانەکانیدایە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی لێشاوی کۆچبەران. بڕیارەکە کۆچبەرەکانی سنوری مەکسیک، ڤەنزوێلا،کوبا، نیکاراگوا، هایتی دەگرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ بەبەراورد بەساڵی ٢٠٢١ ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەو سنورانە دەستبەسەرکراون کە نزیکەی ٢ ملیۆن ونیو کۆچبەر بوون، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێژەی ٪٢٤ لەسەد زیاتربووە. ئەم قەیرانانەی سنورەکان بەربەست وگرفتی گەورەی سیاسیان بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارەی جۆ بایدن، تەنها دوای ڕۆژێک لەوە دێت کە رایگەیاندبوو هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکای باکور سەردانی سنورەکانی مەکسیک دەکات. بەپێی بڕیارەکە، ئەو کۆچبەرانەی وەردەگیرێن ڕێگەیان پێدەدرێت کە بۆماوەی دوو ساڵ لە ئەمریکا بژین و کاربکەن، ئەو کۆچبەرانە دەبێ بەڵگەنامەی پشکنینی ئەمنی ئەمریکا وسپۆنسەری داراییان هەبێت لە ئەمریکاوە. لەبەرامبەردا ئەو کۆچبەرانەشی کە بەڕێگەی نایاسایی دەچنە ناو ئەمریکا بەپێی ماددەی ٤٢ دەگەڕێندرێنەوە. لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەوە، بەرپرسێکی ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەو شێوازە لە وەرگرتنی کۆچبەران کۆچی بەلێشاو وبێ پلانی زۆری پەنابەران و ناسەلامەت کەم دەکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ بەپێی ماددەی ٤٣ لە یاسایی ئەمریکا، دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆری کۆچبەریان دەستبەسەر دەکرد وڕێگەیان پێنەدەدرا بۆ چوونە ناو ئەمریکا، بەپێی ئامارەکان تەنها لە مانگی کانوونی دووەم دا ڕۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار کۆچبەر دەستبەسەرکراون و گەڕێندراونەتەوە، کە زۆربەیان لە سنورەکانی ڤەنزوێلا، کوبا و نیکاراگوا ویستویانە بەنایاسایی بچنە ئەمریکا.
هاوڵاتی سەرۆکی گروپی واگنەری ڕوسی لەڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە یەکەم دەستە لەو زیندانیە ڕووسیانەی کە بڕیاری لیبوردنیان بۆ دەرچوو بەهۆی شەرکردنیان بۆ ڕوسیا لەبەرامبەر ئۆکرانیا ئازاد کران. لە ڤیدیۆیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی ریا نۆڤستی ڕووسیا بڵاوی کردووەتەوە، یڤگنی پریگۆژین دەبینرێت کە بە کۆمەڵێک پیاو دەڵێت: "تۆ لە ڕێگەی گرێبەستەکەتەوە کارت کردووە. تۆ بە شکۆدارییەوە کارت کرد." پریگۆژین دەڵێت "دەبێت بە ڕێزەوە لە لایەن کۆمەڵگاوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت" پاش تەواوکردنی گرێبەستە شەش مانگییەکەیان لە ئۆکرانیا. لە ڤیدیۆکەدا بە پیاوەکان دەشڵێت،"زۆر مەخۆنەوە، دەرمان بەکار مەهێنن، دەستدرێژی مەکەنە سەر ژنان". گروپی واگنەر کە بۆهێزە چەکدارەکانی ڕوسیاوە کار دەکەن، لە لیبیا و سوریا و ئەفریقای ناوەڕاست و مالی و هەروەها لە ئۆکرانیا شەڕیان کردووە. ئەم ڤیدیۆیە دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە ڕوسیا ڕەخنەی لێگیرا لەلایەن زامبیا دوای ئەوەی خوێندکارێکی زامبیا کە لە ڕوسیا زیندانیکرابوو لە بەرەی پێشەوەی جەنگدا لەگەڵ ئۆکرانیا کوژرا ،بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەی ئەو گرێبەستەوە ئازاد بکرێت
هاوڵاتی کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێکارەکانی رووبەرووبوونەوەی ناجێگری ئابووری کۆمپانیاکە 18 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخەنەوە. ئاندی جاسی، بەڕێوبەری جێبەجێکار لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، "ئەم ڕێکارە تەنها لە سەدا ٦ ی کارمەندانی کۆمپانیاکە دەگرێتە چونکە نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ کەس لەو کۆمپانیایەدا کار دەکەن" . وتیشی"هەست بەوەدەکەن دوورخستنەوەی ئەو کارمەندانە قورسە و کاریگەری زۆری لەسەریان دەبێت، بەڵام ئەو بڕیارەیان لەناچاریدا دەرکردووە و هەوڵدەدەن ئەو کارمەندانەی دوور دەخرێنەوە بەپێدانی چەند موچەیەک قەرەبوویان بکەنەوە." باسی لەوەشکرد، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کارەکانیان لادەبرێن لە ئەوروپاوە دەبێت هەروەها لە ١٨ ئەم مانگەوە ڕێکارەکان دەستپێدەکەین". جێگەیباسە، ئەمازۆن لەگەڵ دەستپێکردنی کەرەنتینە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستی کاری خۆی بۆ دوو ئەوەندە زیاد کرد بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرانەی گەیاندن بەتایبەت لە سەرەتای ٢٠٢٠وە. گروپەکە نزیکەی ١.٥ ملیۆن فەرمانبەری لەسەرتاساری جیهاندا هەبوو جگە لەو کەسانەی بە گرێبەستی کاتی لە کاتی زۆربونی داواکارییەکاندا وەردەگیران.
ئەمریکا رایگەیاند؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە ئاڵۆزترین ئاستەنگەکانی واشنتۆن و بەرنامە ئەتۆمییەکەشی کێشەیە بۆ ناوچەکە و جیهان. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بەرنامەی ئەتۆمیی جموجۆڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە بەردەوامی ئاستەنگ و کێشە بوە بۆ واشنتۆن. پرایس ئاماژەی بەوە کردوە؛ کێشە و ئاستەنگەکانی روبەڕوبونەوە لەگەڵ ئێران لە ساڵانی رابردوشدا بۆ ئەمریکا کێشە بوە بەڵام واشنتۆن لە ئێستادا هەوڵەکانی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران راگرتوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە لە ئێستادا هەمو سەرنجی وڵاتەکەی لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و پشتیوانیی لێدەکات. لێدوانەکەی نێد پرایس دوای ئەوە دێت کە تێد کروز و جەیمس ریش دو سیناتۆری کۆماری لە ئەنجومەنی پیران لە ئەمریکا رایانگەیاند؛ ئێران گەورەترین ئاستەنگ و کێشەیە بۆ ئاسایشی ئەمریکا.
ئێران لە بەرامبەر کاریکەتێرەکانی بڵاوکراوەیەکی فەڕەنسا رایگەیاند؛ بێرێزیی بە رێبەر و مەرجەعی کۆماری ئیسلام قبوڵ ناکەن و وەڵامی توند و گونجاویان بۆ پاریس دەبێت. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لێوەگەڕ(مەرجەعیەتی) شیعەی وڵاتەکە لە گۆڤاری چارلی ئێبدۆ بێرێزییەکی ئاشکرایە و تاران وەڵامی بۆ ئەو کارە دەبێت. ئەمیرعەبوڵڵاهیان وتویەتی: شێوازی ئەو کاریکاتێرانە دورە لە رەوشت و رێگە نادەن فەڕەنسا پێی لە بەڕەکەی خۆی زیاتر راکێشێت چونکە ئەوان رێگایەکی هەڵەیان هەڵبژاردوە و پێشتریش ئەو گۆڤارە لە لایەن ئێرانەوە سزا دراوە. بڵاوکراوەی چارلی ئێبدۆ بە ناونیشانی (ئاخوندەکان دورکەونەوە) ژمارەیەک کاریکاتێری خامنەیی و دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێرانی بڵاو کردوەتەوە و ئەوەش کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتوەتەوە. هەڕەشەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە فەڕەنسا لە کاتێکدایە بڵاوکراوەی چاری ئێبدۆ سەر بە حکومەتی فەڕەنسا نییە بە بڵاوکراوەیەکی رەخنەگر لە حکومەتی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی رووسیا کوژرانی 89 سەربازی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ سەر ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەخاتە ئەستۆی بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن سەربازەکانییەوە. جەنەراڵ سێرگی سێڤریۆکۆڤ لە لێدوانێکی درەنگانی ڕۆژی سێشەممەدا ڕایگەیاند،رونە کە هۆکاری سەرەکی ئەوەی ڕویدا بهكارهێنانی مۆبایل بوه لەلایەن سهربازانهكانهوه لە ناوچەیەک کە لە مەودای تەقەی چەکی دوژمندایە، ئهوهش رێگهی به هێزهكانی ئۆكرانیادا كه شوێنی سەربازەکان دهستنیشان بكات و بیانكاته ئامانج. سیڤریۆکۆڤ وتیشی، سوپای ڕووسیا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر بۆ "ڕێگریکردن لە رووداوی تراژیدیی هاوشێوە لە داهاتوودا" و بەڵێنی دا کە کەسانی بەرپرس لە هێرشەکە سزا بدەن هەروەها ، رووسیا لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لە کوژرانی 89 سەربازەکەی دەستپێکردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێت، سەرەداوەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆکاری ئەوەی لایەنی بەرامبەر توانیویەتی ئەو شوێنە بکاتە ئامانج، بەکارهێنانی مۆبایل بووە. وەزارەتی بەرگی ڕوسیا ڕاشیگەیاند، لە بەرامبەردا هێرشی ئاسمانییان کردوەتە سەر ناوەندێکی ماتێرێل لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری دروژکیڤکا لە دۆنێتسک و تا 200 سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و چوار ئامێری هەڵگری موشهكی هیمارسی ئهمریكی و زیاتر لە 800 موشەکی دیكه لەناوبراون. هاوکات هێرشهكهی ئۆكرانیا دوای نیوەشەوی سەری ساڵ ئهنجامدرا لە قوتابخانەیەک لە شاری ماکیڤکا كه كراوهته سەربازگە، ئهوهش ناسیۆنالیستەکانی ڕوسیا و بەشێک لە یاسادانەرانی توڕە کرد. لە هێرشەکەدا هێزەکانی ئۆکرانیا شەش مووشەکیان لە سیستەمی هەمەجۆری هەڵدانی هیمەرس کە ئەمەریکییە نا بە " ناوچەی ماکیڤکا" کە سەربازەکانی ڕوسیای تێدا جێگیر بوون ولە ئەنجامدا هێزەکانی ڕوسیا توانییان دوو مووشەکیان بخەنە خوارەوە بەڵام چواریان لە بیناکەیان داو بووە هۆی داڕمانی پێکهاتەکە.
هاوڵاتی لەناو پەرلەمانی سەنیگال، دوو پەرلەمانتاری پیاوی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجە، هێرشیان کردە سەر ژنە پەرلەمانتاریکی دووگیان و بەهۆیەوە ٦ مانگ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. سەرەڕای زیندانیکردن، دادوەر بڕیاریدا مامادۆ نیانگ و ماساتا سامب پێنج ملیۆن فرانکی سی ئێف ئەی (٨١٠٠ دۆلار؛ ٦٧٥٠ پاوەند) وەک قەرەبوو بدەنەوە بەو ژنە پەرلەمانتارە. ڕووداوەکە لەڕێگای گرتە ڤیدیۆیەکەوە بڵاوکرایەوە ودەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوادا هات، تێیدا ئیمی ندیای ئەو ژنە پەرلەمانتاررەی کە لەلایەن دوو پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنەوە لێی دەدرێت، سەرەتا دوای ئەوەی یەکەم جار هێرش دەکەنە سەری کورسیەک هەڵدەدات وپارێزگاری لەخۆی دەکات، دواتر وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پەرلەمانتارەکەی دیکە بەشەق لەناو سکی دەدات و ئیمی ندیای بێهۆش دەبێت ودەگەێندرێتە نەخۆشخانە. بەپێی زانیاریەکان، ئەو دوو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆن بەهۆی وتەکانی ژنە پەرلەمانتارەکەوە کە وەک دەڵێن هێرش بووە بۆسەر کەسایەتیەکی ئاینی ئۆپۆزسیۆن، ئەو هێرشەیان کردۆتە سەری؛ ئیمی ندیای ئەندامی هاوپەیمانی دەسەڵاتداری بێنۆ بۆک یاکارە، دوابەدوای ڕووداوەکەش مەترسی لەدەستدانی کۆرپەکەی هەبووە وئەوەش کاردانەوە ومشتومڕی توندی ڕێکخراوەکانی مافی ژنانی لێکەوتۆتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەدوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢ حکومەتی سەنیگال زۆرینەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی یاسادانان لەدەستدا، گرژیەکان بەردەوامن لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە..
هاوڵاتی دەزگای خواردن ودەرمانی ئەمریکا، دەرمانێکی نوێ پەسەند کرد کە تایبەتە بەونەخۆشانەی دەرمانەکانی دیکەی ئایدز کاریگەری لەسەر جەستەیان نەماوە. سەنلێنکا ئەو دەرمانەیە کە لەلایەن کۆمپانیایایەکی ئەمریکی بەرهەمهێنراوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەرگرەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر لەشی مرۆڤ لەگەڵ پڕۆتینی ڤایرۆسەکە یەک نەگرن، ئەم دەرمانە سەربەگروپی دەرمانی دژە ڤایرۆسەکانە. بەپێی ڕاگەێندراوی دەزگای خواردن و دەرمانی ئەمریکا، دەرمانەکە نابێت وەک چارەسەری سەرەتای یان بۆ ڕێگری کردن لەتووشبوون بە ئایدز بدرێت بەنەخۆش، هەروەها پێویستە بە وریای لەگەڵ دەرمانەکانی دیکەی دژە ڤایرۆس وئایدز بەکاربهینرێت. هاوکات لەبارەی شێوازی دەرمانەکەوە، پزیشکان ودەزگای خواردن ودەرمانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، دەرمانەکە لەشێوەی حەب و دەرزی ژێر پێست بەردەست ئەبێت. پسۆڕێکی نەخۆشیە گوازراوەکان لەبارەی کاریگەری دەرمانەکەوە ئاشکرایکرد، ئەو دەرمانە تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردێنین کە جەستەیان بەرگری دژی دەرمانەکانی دیکەی دژی ئایدز پەیداکردووە، هەروەها وتی پێویستە بەتەواوی لەوە دڵنیابین کە دەرمانەکانی دیکە کاریگەریان لەسەر نەخۆشەکە نەماوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە یەکەم کەشتی هەڵگری گازی سروشتی لە ئەمریکاوە گەیشتە ئەڵمانیا، وەک جێگرەوەی بەشێکی ئەو گازەی لە ڕوسیاوە دەگەشتە ئەو وڵاتە. کەشتی ماریا ئینێرجی ئەمڕۆ گەیشتە بەندەری دەریای باکوور لە ویلهێلمشاڤن، لەو تێرمیناڵەی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف سکۆلزەوە کرایەوە. ئەڵمانیا لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکە بۆئەو گازەی ڕووسیا بۆی دابین دەکرد پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا هاوکات ئەو تێرمیناڵەی ویلهێلمشاڤن یەکێکە لە چەند تێرمینالێکی لەو جۆرە کە دانراوە بۆ یارمەتیدانی کەمبوونی وزە. لە هەمانکاتدا بۆ سەرکەوتن بەسەر قەیرانی کەمی وزە لەو وڵاتە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی کاتی وێستگەکانی خەڵوز و ژیانی سێ وێستگەی هێزی ناوەکی درێژکردەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسان. ئەمەشلەکاتێکدایە ڕێکخراوەکانی ژینگەی ئەو وڵاتە وتیان کە پلانیان داناوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە گەیشتنی ماریا ئینێرجی، گفتووگۆی ئەوە دەکەن کە نابێت ئەڵمانیا سووتەمەنی هاوردە بکات وپێویستە وێستگەکانی خەڵوز دابخرێن.