هاوڵاتی ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوت لە سەرەتای بازرگانی ئاسیادا زیاتر لە چوار دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بهرزبوهوه، یەک بەرمیل نەوتی برینت گەیشتە 87 دۆلار و 30سەنت. بهیانی ئهمڕۆ نرخی نەوتی خاوی برێنت 2.92 دۆلار کە دەکاتە 3.53% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە 87.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 2.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوەتەوه و یهك بهرمیل به 85.71 دۆلار مامهڵهی پێوهدهكرێت. بەرزبونەوەی نرخی نەوت دوای ئهوه دێت كه هەفتەی بهرههمی نهوت پاشەکشەی کردوە و گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای مانگی ئادارەوە بەخۆوە بینی، بەهۆی ئەوەی برێنت بە ڕێژەی 11% و نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساس زیاتر لە 8% دابەزیوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە بەرزبونەوەی ڕێژەی سود زیاتربون. هاوكات ئەمڕۆ دووشەممە تا سەعات 8:45 بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان نرخی زێڕ لەبازاڕو بۆرسەی جیهان بەڕێژەی 1% بەرزبوەوەو ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 1.851دۆلار. 7ی ئهم مانگه، بزوتنەوەی حەماس فەڵەستین، گەورەترین هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا دەستپێکرد و بە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر غەززە ئەنجامدا.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن. جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل. لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل. ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە. تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.
هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی. کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە. بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا جەختی کردەوە لە پشتیگیری تەواوەتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات." جۆو بایدن لە کۆشکی سپی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وتارێکیدا و رایگەیاند، پشتگیری ئەمریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل "نەگۆڕ و پتەوە، هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین." سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئیدارەکەی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گفتوگۆدان تا دڵنیا ببنەوە لەوەی "ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل نەکرد بۆ سەر کەرتی غەززە. بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەکایشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر.
هاوڵاتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی کۆبۆوە و لەم دانیشتنەدا جارێکیتر باسی لە نەمانی ئیسرائیل کرد و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئیسرائیل بە "قومارێک" ناوبرد کە دۆڕانی لە دواوە دێت. ئەم وتانەی رابەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو وەزیری ئیسرائیلی سەردانی سعودیەیان کردوەو ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل ئاسایی بێتەوە. رێبەری کۆماری ئیسلامی لە دیدار لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی بەشی زۆری قسەکانی خۆی بۆ قسەکردن لەسەر ئیسرائیل تەرخانکرد و وتی، "کۆماری ئیسلامی بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەو وڵاتانەی کە قوماری ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ئەکەن، دەدۆڕێن و لە هەڵەدان. بە وتەی ئەورووپییەکان لەسەر ئەسپی دۆڕاو گرەو دەکەن." عەلی خامنەیی لە قسەکانیدا باسی لە بزووتنەوەی دژە ئیسرائیل لە فەلەستین کرد و وتی، " بزوتنەوەی فەلەستین لە هەموو کات زیندووترە. دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ئایەتوڵڵا خومەینی ئیسرائیلی بە شێرپەنجەیەک ناوبردووە کە بە دەستی هێزە فەلەستینییەکان و بەرەی بەرگری لە ناوچەکە لەناو دەبرێت." کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییەوە دروشمی نەمان بۆ ئیسرائیلی هەڵگرتووەو بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی حیزبە دژە ئیسرائیلییەکانی لوبنان و فەلەستین ئەکات. ئیسرائیل بەردەوام کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی ئەبینێت و بە تایبەت لە پرسی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران، ئێرانی خاوەنی چەکی ئەتۆمی بە مەترسییەکی گەورە بۆ خۆی دەبینێت و سوورە لەسەر ئەوەی نابێ کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکی و ئەتۆمی بگات.
هاوڵاتی میدیای حکومەتی سوریا رایگەیاند، فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی سوپای سوریا لە نزیک دێرەزوور و دوو سەرباز برینداربوون. میدیای فەرمی حکومەتی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکەیەوە دەڵێت، "لە کاتژمێر 11:53 خولەکی شەوی 2ی تشرینی یەکەم ئیسرائیل هێرشی کردەسەر چەند پێگە و بنکەیەکەی هێزەکانمان لە نزیک دێرەزوور و لە ئەنجامدا دوو سەربازمان برینداربوون و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە." ئیسرائیل ماوەی چەندین ساڵە هێرشی ئاسمانی دەکات بۆ سەر سوریا بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی نزیک لە ئێرانی لێیە.
هاوڵاتی لە یەکەم ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی زاهیدان ناسراو بە (هەینی خوێناوی زاهیدان) بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە زیاتر لە ٢٣ کەس برینداربوون کە چوار لە بریندارەکان منداڵن . ئەمڕۆ هەینی یەکەم ساڵیادی هەینی خوێناوی بوو لە زاهیدان بەهۆیەوە گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان درووست بووژمارەیەک هاوڵاتی بریندار بوون هاوکات ،بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی مزگەوتی " مەکی"یان داوەو تەقە لە خەڵک دەکەن. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەش کە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئێران بڵاویانکردۆتەوە لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا خەڵکی سنە لە سێ شاری زاهیدان، خاش و تەفتان رژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی حکوومەت و رێبەری کۆماری ئیسلامی دروشمیان وتۆتەوە. هاتنە سەرشەقامی خەڵک و خۆپیشاندانی خەڵک لە کاتێکدایە بە پێی راپۆرتەکان، هێزێکی زۆری سەربازی نێردراوەتە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و زاهیدان و شارەکانیتری ئەم پارێزگایە گەمارۆ دراون هەوڵیان داوە خەڵک بترسێنن. بە پێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە چەکی جەنگی سووک و نیوەقورس تەقەیان لە خەڵک کردووە، لە زاهیدان مزگەوتی مەکی بە چەکی قورس تەقەی لێکراوە. رۆژی ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢، خەڵکی بەلووچ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەرپرسێکی باڵای حکومەتی وڵآتەکە بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی بەلووچ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە لایەن بەرپرسە سەربازییەکانەوە فەرمانی تەقەی راستەوخۆ درا و بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "حال وش" ١٢١ کەس گیانیان لە دەستدا. ئەو هەینییە بە "هەینی خوێناوی"نناوی دەرکرد و خەڵکی زاهیدان لە ٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢٢ ەوە بە رێبەری مەولەوی عەبدولحەمید، پێش نوێژی مزگەوتی مەکی، هەموو هەینییەک دوای نوێژی هەینی دژی دەسەڵات خۆپیشاندان ئەکەن و لە ساڵی رابردوودا لە بزووتنەوەی ژینادا دەوری بەرچاویان بووە.
هاوڵاتی رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند ئێران یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ روسیا کەمدەکاتەوە لە جەنگی ئۆکرانیا و ئەو فرۆکە بێ فرۆکەوانانەی ئێران دروست دەکات بەشێک لە پارجەکانی لەو ئەوروپا دەکڕێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی دەربارەی پڕچەککردنی رووسیا لە لایەن ئێرانەوە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بە دوور بگرێت لە پڕچەککردنی رووسیا لە جەنگی ئۆکراین. گاردیەن بەڵگەیەکی ٤٧ لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە کە ئۆکرنیا مانگی رابردوو خستییە بەردەم ئەندامانی گرووپی ٧ ئێران و تێیدا هاتووە چیتر ئێران " توانای دابینکردنی پێویستییەکانی رووسیا و زیاتر دابینکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی" لە جەنگی ئۆکرانیادا نییە. بە پێی ئامارەکانی ئۆکرانیا کە لەم راپۆرتەدا هاتووە، تەنها لە سێ مانگی رابردوودا، 600 هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین ئەنجامدراوە. لە سەرەتای جەنگی رووسیا- ئۆکراین ەوە، ئێران بە یەکێک لە دابینکارانی چەکی بەتایبەت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ناوی هاتووە و فشارە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بۆ سەر تاران زیاتر بووە بەوەی دەست لە یارمەتیدانی رووسیا هەڵبگرێت. سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگانەی لە بەردەستتدان و ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاوایی دەیخەنەڕوو، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ جەنگی ئۆکراین نەگەیاندۆتە دەست رووسیا. حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی ئابی رابردوو لە تۆکیۆ پێتەختی یابان وتی :" ئێمە هەرگیز فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان بە رووسیا نەفرۆشتووە یان نەمانداوە پێیان بەوەی لە جەنگی ئۆکراین بەکار بهێن". هەروەها وتی :" تاران هەوڵی ئەوەیە لە رێگای وتووێژەوە و بە رێکاری سیاسی کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت". لەم راپۆرتەکەی ئۆکرانیادا هاتووە کە ئێران هێڵی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی سەربازی گواستۆتەوە بۆ "کارگەیەکی سووری" ، بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت لە ناوچەی ئالابۆگا، لە تەتەرستان دەست بکات بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. رێکەوتی ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ رادیۆ فەردا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر هاوکاری سەربازی ئێران و رووسیا و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد کە ئیران و رووسیا دەیانەوێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهد لە ناوچەی ئالابۆگای تەتەرستان دروست بکەن. ئالابۆگا کەتۆتەوە کۆماری خۆبەڕێوەبەری تەتەرستان لە ١٣٠٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ و زیاتر لە ٣ هەزار کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورەوە لە ٢٠ ساڵ لەوە پێشەوە وەک ناوچەیەکی تایبەتی ئابووری راگەیەندراوە. لە راپۆرتەکەی گاردیەن باس لەوە کراوە، ٥٢ پارچەی کارەبایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و ٥٧ پارچەی شاهدی ١٣٦ بەرهەمی کۆمپانیا ئەورپییەکانە کە کۆماری ئیسلامی بەکاری دەهێنێت. لەم راپۆرتەدا ناوی پێنج کۆمپانیای ئەورووپایی لەوانە کۆمپانیایەکی بەریتانی هاتووە کە لقێکی کۆمپانیاکە لە پۆڵەندایە و ئەو پارچانە بەرهەم دەهێنن و دەگاتە دەست کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و شاهدی ١٣٦ کە لە جەنگی ئۆکراین لە لایەن رووسیاوە بەکار هێنراون.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئاوارەبوونی دانیشتوانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەرەو ئەرمینیا بەردەوامە و دواترین ئامار ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمەکە، ناوچەکەیان چۆڵکردووە. بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز کە لە زاری سەرکوەزیرانی ئەرمینیا وەریگرتووە، زیاتر لە 65 هەزار کەس لە هەرێمەکەوە روویان لە ئەرمینیا کردووە، ئەمەش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمەکە کە ژمارەیان 120 هەزار کەسە. ئاوارەبوونی نەژادە ئەرمەنییەکان دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو ئازربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانی تەواوی هەرێمەکە کۆنتڕۆڵ بکات و دانیشتوانی ناوجەکە ترسی ئەوەیان هەیە کە رووبەرووی پاکتاوی نەژادی ببنەوە هەرچەندە کە بەرپرسانی ئازربایجان هۆشداریانداوە کە وەک هاوڵاتیی "یەکسان" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ماوەی سێ دەیە بوو هەرێمەکە لە ژێر دەسەڵاتی نەژادە ئەرمەنییەکاندا بوو هەرچەندە هەرێمەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەشێک لە ئازربایجان ناسراوە.
هاوڵاتی ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە ٢٥ی ئەیلوول بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، داواکاری وەزیری دەرەوەی ئیرانیان بۆ سەردانکردنی واشنتۆن، پایتەختی ولایەتە یەکگرتووەکان رەت کردۆتەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت " بەلەبەرچاوگرتنی دەستبەسەرکردنی بەردەوامی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە لایەن ئێرانەوەو پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە کاری تیرۆرستی، ئەمریکا بە پێویستی نەزانی مۆڵەت بە وەزیری دەرەوەی ئیران، ئەمیر عەبدوڵاهیان بدات سەردانی واشنتۆن بکات". حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ، یەکێک بوو لە ئەندامانی وەفدی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، داوایکردبوو کە سەردانی واشنگتۆن بکات بەڵام لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە رەت کرایەوە.
هاوڵاتی تەقینەوەیەکی گەورە لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ رویدا و بەهۆیەوە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 300 کەسیش بریندارن. روداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 26ی ئەیلولی 2023 لە کۆگایەکی سوتەمەنی لە ستیپاناکرێتی پایتەختی هەرێمەکە رویداوە، بەڵام تا ئیستا نازانرێت هۆکاری روداوەکە چییە. بەرپرسانی هەرێمەکە دەڵێن کە 290 کەس لە روداوەکەدا برینداربوون کە زۆربەیان لە دۆخێکی ناجێگیردان. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ دۆخێکی ناهەمواری تیدا دەگوزەرێت لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی کە ئازربایجان ماوەی هەفتەیەکە دوای سێ دەیە هەرێمەکەی کۆنترۆڵ کردەوە کە بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 13 هەزار ئەرمەنی هەرێمەکە ئاوارە بوون بەرەو ئەرمینیا.
هاوڵاتی دوای ئەوەی بەتەواوی ئازربایجان دەستی بەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغدا گرت، هەزارەها ئاوارەی هەرێمەکە روو لە ئەرمینیا دەکەن. ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئەیلولی 2023، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە کە تا ئێستا چوار هەزار و هەزار و 850 کەس لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەرەو ئەرمینیا ئاوارە بوون دوای ئەوەی کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە هەرێمەکە لەلایەن ئازربایجانەوە کۆنترۆڵکرا. حکومەتی ئەرمینیا دەڵێت، توانای هەیە 40 هەزار ئاوارە لەخۆبگرێت و هۆشداری ئەوەیداوە ئەوانەی لە هەرێمەکە نارۆنە دەرەوە رووبەرووی پاکتاوی رەگەزی دەبنەوە، بەڵام ئازربایجان دەڵێت وەک هاوڵاتییەکی یەکسانی ئازربایجان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ناگۆرنۆ قەرەباغ شوێنی دانشتوانی 120 هەزار ئەرمەنییە. لە یەکشەممەی رابردوو ئازربایجان ئۆپەراسیۆنێکی خێرای ئەنجامدا و توانی لەماوەی 24 کاتژمیردا هەرێمەکە کۆنترۆڵ بکات رۆژی چوارشەممە بەرپرسانی هەرێمەکە چەکیان دانا. ئازربایجان دەیەوێت هەرێمەکە بکاتە بەشێک لە ئازربایجان. ناگۆرنۆ قەرەباغ لەرووی نیودەوڵەتییەوە بە فەرمی وەک بەشێك لە ئازربایجان دانیپێدانراوە بەڵام ماوەی سێ دەدەیەیە هەرێمێکی سەربەخۆیە و لەلایەن نەژادی ئەرمەنییەوە حوکم دەکرێت و وڵاتی ئەرمینیاش هاوکاریان دەکات.
شەنای فاتیح پاش ئەوەی لەساڵی ٢٠١٩وە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا داخرا، ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیا و پرتوگال کراوەتەوە، بەمەبەستی برەودان بەپەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا. بەشێوەیەکی گشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیسپانیا لەئاستێکی مامناوەندا بووە، بەڵام پاش ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ تاڕادەیەک پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاستێکی خراپی بەخۆیەوە بینی، چونکە ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیاو هەرێمی کوردستان پشتگیری ریفراندۆمەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بوو. لەساڵی ٢٠١٩وە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لەئیسپانیا نییە، بەڵام لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال کرایەوە بەئامانجی گەشەدان بەپەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، وەك نوێنەرایەتیەكە دەڵێت لەڕوانگەی پێشخستنی ئابووری و سێکتەری کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و هاندانی کۆمپانیاکان لەڕێی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە. لەیەکەم هەنگاویشدا بانگهێشتی سێ وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەگەڵ دەستە خوشکی نێوان شاری هەڵەبجە و شاری گێرنیکای ئیسپانیادا. دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەئیسپانیا تازە هەڵبژاردن تەواو بووەو چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێن، تا لەگەڵیدا پەیوەندی دروستبکەین لەنێوان وەزارەتەکان بەتایبەت وەزارەتی دەرەوە کەسیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیا دادەڕیژێت. وتیشی: ئامانجمان گرنگیدانە بەسێکتەری گەشتوگوزارو کشتوکاڵ و هاندانی کۆمپانیاکانی ئیسپانیا بۆ وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستاندا بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، هەروەها پلان هەیە هەندێ فێرگەی وەرزشی ئەکادیمی بهێندرێنە کوردستان بەتایبەت ئێستا کار لەسەر ئەتلەتیکۆ مەدرید کراوە کەیاریزانی تۆپی پێ بەشێوەیەکی پیشەیی پێبگەیەنن کەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کارئاسانی دەکات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی یاریزانەکانی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەمەبەستی سودوەرگرتن لەئەزموونی وڵاتی ئیسپانیا بەفەرمی بانگهێشتی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی حکومەتی هەرێممان کردووە بۆ ئیسپانیا، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم سەردانی ئیسپانیا بکەن، هەروەها بانگهێشتنامەی فەرمی نێردراوە بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش مانگی تشرینی دووەم دێنە ئیسپانیا بۆ سودوەرگرتن لەکەرتی تەندروستی وڵاتی ئیسپانیا. «پلانێکی دیکەی درێژخایەنمان گەشەدانە بەپەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، یەکێک لەئامانجەکانمانیشمان لەنزیکترین کاتدا بریتییە لەئامادەکاری بکەین بۆ دیداری ئاستی باڵا کەسەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا.» دارەوان حاجی حامید وای وت. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال وتیشی: لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەئیسپانیاو پرتوگالدا هەفتانە حەوت رۆژ دەوام دەکرێت بەبێ بوونی هیچ پشوویەک بۆ ئەوەی ئەو پلانەکانانەی دامانناون بەباشی جێبەجێیان بکەین، یەکێک لەئامانجە سەرەکییەکانیشمان کردنەوەی کونسوڵخانەی ئیسپانیایە لەڕێی دەستەخوشکی شارەکانەوە. دەشڵێت: یەکێکی دیکە لەهەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئیسپانیاو پرتوگال پارێزگای هەڵەبجە بکرێتە دەستەخوشکی شاری گێرنیکای ئیسپانیا. شاری هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعسەوە کیمیابارانکرا، شاری گێرنیکاش ساڵی ١٩٣٧ بەڕابەرایەتی سەرۆکی دیکتاتۆری ئیسپانی فرانکلین بەهاوکاری هیتلەر کەئەوکات شاری گێرنیکا داوای ئازادیان دەکرد بەو هۆیەوە خاپورکرا. نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئیسپانیا باسی لەوەکرد کە لەیەکەم هەنگاویاندا شاری دهۆک و هەڵەبجەیان هەڵبژاردووە چونکە پێشتر شارەکانی هەولێرو سلێمانی چەندین کرانەوەیان هەبووەو دەستەخوشکی دیکەیان هەبووە بۆیە نابێت ئەو دوو پارێزگایەش لەبیربکرێن، پێشنیاری شاری بلباومان کردووە کەببێتە دەستەخوشکی شاری دهۆک، بەڵام هێشتا دڵنیا نین، وردتر دەگەڕێین تاشارێک بکەیەنە دەستەخوشکی دهۆک، بۆیە شاری بلباومان پێشنیارکردووە چونکە لەڕووی کەشوهەواو هەبوونی چیاوە لەدهۆکەوە نزیکە بەڵام هێشتا رێکارەکانی ماوە، لەئێستادا تەنها هەنگاوەکانی دەستەخوشکی هەڵەبجەو گێرنیکامان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. دارەوان حاجی حامید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کەسەردانی شاری گێرنیکایان کردو لەلایەن پارێزگاری گێرنیکاوە پێشوازیان لێکراوە، باسی بیرۆکەی دەستەخوشکییەکەو شاری هەڵەبجەو کیمیابارانکردنی شارەکەیان کردووە، ئەوانیش رایگەیاندووە کە لەگەڵ سێ شاردا دەستەخوشکیان هەیەو دەستەخوشکی زۆر ناکەن کەتەنها بڕیارێک و نووسراوێک بێت و بەکرداری کاری لەسەر نەکرێت، دەبێت هەردوولا سودمەند بن، بۆ ئەوەش پێشنیاری کرد کەپارێزگاری هەڵەبجە بانگهێشت دەکات لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەم و دواتر وەفدێکی ئەوان دێنە پارێزگای هەڵەبجە، پێشنیارکراوە ئەگەر هەموو رێکارەکان باش بەڕێوەبچن لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٤ دەستە خوشکییەکە ئیمزا بکرێت. ئەگەر دەستەخوشکی نێوان دوو شار بکرێت کۆمپانیاکان، زانکۆکان، کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ئەو دوو شارە پەیوەندیدار دەبن بەیەکەوە، هەروەها پەیوەندییەکان پێشدەخات و خەڵکی گێرنیکا سەیردەکەن بزانن شارەکەیان دەستەخوشکی چ شارێکی سەردانی ئەو شارە دەکەن بەمەش خەڵکی ئەو شارە هەڵەبجە دەناسن و کاریگەری لەسەر پێشکەوتنی شارەکە هەیە. دەستەخوشکی شارەکان، ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٥ پاش جەنگی دووەمی جیهانی کاتێک ئەوروپا داڕووخا، کاتێک کلتورو وەرزشی شارەکان زیندوو بکرێتەوە بۆیە دەستەخوشکی لەوکاتەوە لەنێوان شارەکانی فەڕەنساو ئەڵمانیادا هەنگاوی نا، پاشان بۆ هەموو جیهان سەریهەڵدا. رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی بەبرپرسانی پارێزگای هەڵیبجەوە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بەو پرسە، بەڵام هیچکامێکیان ئامادە نەبوون لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.
هاوڵاتی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جینیشینی سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت ئەوا "ئێمەش دەبێت بەدەستیبهێنین." لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی کاتێک محەممەد بن سەلمان پرسیاری چۆنیەتی دانوستانەکانی لێکرا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەنددییەکانی سعودیە و ئیسرائیل، رایگەیاند، "هەر رۆژێک تێپەڕێت زیاتر نزیک دەبینەوە" لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. وتەکانی بن سەلمان لەکاتێکدایە کە ئیدارەی بایدن لە هەوڵی جدیدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کە هەردووکیان هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە رێی پەیماننی ئەبراهام یان رێککەتننامەی ئاشتی ئەمریکا تا ئیستا چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە کە بریتین لە بەحرەین، ئیمارات، سودان و مەغریب. لە دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سعودیە داوای گەرەنتی ئاسایش لە ئەمریکا و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی مەدەنی دەکات لەگەڵ سازانی ئیسرائیل لەسەر بابەتی فەلەستین. "بۆ ئێمە پرسی فەلەستینییەکان زۆر گرنگە، پیویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین و تا ئیستا ستراتیجیەتێکی باشمان هەیە لەسەر ئەو بابەتە، هیوامان وایە ژیانی فەلەستینییەکان ئاسان بکەین"، بن سەلمان وای وت. محەممەد بن سەلمان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی رایگەیاند، "ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن ئێمەش دەبێت هەمان بێت بۆ هۆکاری ئەمنی و هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات."
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو شەش ملیار دۆلارەی گەڕاندویانەتەوە بۆ ئێران لەبەرامبەر ئازدکردنی پێنج هاوڵاتی ئەمریکی پارەی ئێران خۆی بووە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی بەرگری لە رێککەوتنی نێوان وانشنتن و تاران سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیەکانیان و ئازادکردنی شەش ملیار دۆلار بۆ ئێران کرد. لە چاوپێکەوتنەکەدا بلینکن وتی، "ئەو شەش میلیار دۆلارەی ئێران لە کۆریای باشوور، سەرچاوەی سامانی خودی ئێران بووە لە فرۆشی نەوت و بۆیان گەڕاوەتەوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی، "یەکەم ئەرکی من یارمەتی دانی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکیانەیە کە لە وڵاتە بیانییەکان تووشی کێشە بوون، بەتایبەت ئەوانەی بێ هۆ و نادادپەروەرانە دەستبەسەر دەکرێن." لە وەڵامی پریسیاری ئەوەی ئاخۆ ئازاد کردنی ئەو شەش میلیار دۆلارە لە بەرامبەر ئازادکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی، مەترسییەک نییە بۆ ئەوەی ئێران و وڵاتانی تری هاوڵاتی ئەمریکی دەستگیربکەن و داوای پارە بکەن، وتی، "لەم نموونە تایبەتەدا، گرینگە لەوە تێ بگەین ئەو پارەیەی ئازاد کراوە، پارەی خودی ئێرانییەکانە لە فرۆشی نەوت بە دەستیان هێناوە ئێمە ئەم بڕە پارەیەمان لە ئەژمارێکی بانکییەوە لە کۆریای باشوور گواستۆتەوە بۆ ئەژماری بانکی لە وڵاتێکیتر (قەتەر) و بەو پەڕی چاودێرییەوە ئەم پارەیە گوازراوەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین تەنها بە ئامانجی مرۆڤدۆستانە بەکار دەهێنرێت." ئەو پێنج هاوڵاتییە ئەمریکییە- ئێرانییەی کە لە ئێران دەستبەسەر بوون رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوول لە قەتەرەوە بەرەو ئەمریکا کەوتنەرێ و گەیشتنەوە ئەمریکا و پێنج زیندانی ئێرانیش کە لە ئەمریکا دەستبەسەر بوون ئازادکران و هەروەها بڕی شەش میلیار دۆلار پارەی ئێران کە لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیرابوو، ئازاد کرا. رێککەوتنەکەی تاران و واشنتن لە ناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوەو کۆمارییەکان ئەمە بە هەڵەیەکی مێژوویی ئیدارەی بایدن ناو ئەبەن.