دوای 24 ساڵ ڤلادیمیر پوتین گەڕایەوە کۆریای باکوور
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڕیارە ڤلادیمیر پوتین ئیمزا لەسەر رێککەوتنی ستراتیژی گشتگیر لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە پیۆنگ یانگ و لەگەڵ کیم جۆن ئون رێبەری کۆریای باکوور کۆبووەوە.
ئامانج لە سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور بەو پێیەی لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیادا هاتووە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگە.
کۆشکی سپی لەی خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە، کە نیگەرانن لەسەردانی سەرۆکی رووسیا بۆ کۆریای باکوور و داوای لە رژێمی پیۆنگ یانگ کرد خۆی بەدووربگرێت لە هاوکاریکردنی سەربازی رووسیا.
دوێنێ سێشەممە 18ی حوزەیران، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا کرملن بڵاوی کردەوە، کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە کۆریای باکوور و دواتریش بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە ڤییەتنام.
کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لەسەر بانگهێشتی کیم جۆن ئون ڕێبەری باڵای کۆریای باکوورە و بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.