هاوڵاتی پاپا فرانسیس، لە پەیامی ساڵانەی جەژنی کریسمسدا ڕایگەیاند، جیهان لە ئێستادا بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت، هەروەها وتی خۆراک وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنرێت. پاپا فرانسیس، لە پەیامەکەیدا کە ١٠ خولەکی بۆ باسکردن لە جەنگی ئۆکرانیا تەرخانکرد، باسی لەوە کرد کە خۆراک وەک چەکی شەڕ بەکاردێت وئیدانەی جەنگی ئۆکرانیای کرد، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوەکرد قەیرانی ئاشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی دوونیا هەیە. پاپا لە میانەی پەیامەکەیدا، باسی لە دۆخی  وڵاتی ئێران و سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران کرد و نزای ئاشتەوایی بۆ گەلی ئێران کرد، کە بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئیستا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ماوەی سێ مانگە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە لە ئێران. هاوکات، پاپا فرانسیس بەتایبەتی نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی ململانێ وگرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میانمار، هایتی وناوچەی ساحێلی ئەفریقا دەربڕی. هەر لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەریەکانی لەسەر قەیرانی خۆراک، باسی لەوەکرد کە جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریەکی زۆری هەبووە بەتایبەت لە ئەفغانستان و ئەفریقا کەسانێکی زۆر ڕووبەڕوووی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەتەنها ئۆکرانیا زیاتر لە %٣٠ دانەوێڵەی جیهان بەرهەمدەهێنێت ودوای جەنگەکەش نرخەکانی خۆراک بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەوەتەوە. پاپا فرانسیس وتیشی، داوادەکەین لەکاتی جەنگدا ئەو کەسانە لەبیرنەکەین کە برسی دەبن لە کاتێکدا ڕۆژانە برێکی زۆر لە خۆراک بەفیڕۆ ئەچێت، هەروەها بڕێکی زۆری  داهات بۆ جەنگ خەرج دەکرێت. لەکۆتایدا پاپا فرانسیس وتی، ئێمە دەزانین هەموو جەنگێک دەبێتە هۆی برسێتی و خەڵکانێکی زۆر بەدەست برسێتیەوە دەناڵینن، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ڕێگری لەوە بکرێت کە خۆراک وەک چەکێکی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ داواشی لە سیاسیەکان کرد کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە کار بۆ ئەوە بکەن کە خۆراک تەنها وەک ئامڕازێکی ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. جێگای باسە، ئەمە دەیەمین وتاری ساڵانی جەژنی کریسمی پاپا فرانسیسە لەوەتەی بووەتە پاپا، پاپا فرانسیس کە تەمەنی لە ئێستادا ٨٦ ساڵە وتارەکەی لە بالکۆنیکی بازیلیکادا لە شەقامی سانت پیتەر پێشکەشکرد. پاپا فرانسس: جیهان بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت پاپا فرانسیس، لە پەیامی ساڵانەی جەژنی کریسمسدا ڕایگەیاند، جیهان لە ئێستادا بەدەست " قەیرانی ئاشتی" دەناڵێنێت، هەروەها وتی خۆراک وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنرێت. پاپا فرانسیس، لە پەیامەکەیدا کە ١٠ خولەکی بۆ باسکردن لە جەنگی ئۆکرانیا تەرخانکرد، باسی لەوە کرد کە خۆراک وەک چەکی شەڕ بەکاردێت وئیدانەی جەنگی ئۆکرانیای کرد، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوەکرد قەیرانی ئاشتی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی دوونیا هەیە.   پاپا لە میانەی پەیامەکەیدا، باسی لە دۆخی  وڵاتی ئێران و سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران کرد و نزای ئاشتەوایی بۆ گەلی ئێران کرد، کە بەپێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئیستا زیاتر لە ٥٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ماوەی سێ مانگە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامە لە ئێران. هاوکات، پاپا فرانسیس بەتایبەتی نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی ململانێ وگرژیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میانمار، هایتی وناوچەی ساحێلی ئەفریقا دەربڕی. هەر لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەریەکانی لەسەر قەیرانی خۆراک، باسی لەوەکرد کە جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریەکی زۆری هەبووە بەتایبەت لە ئەفغانستان و ئەفریقا کەسانێکی زۆر ڕووبەڕوووی برسێتی بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەتەنها ئۆکرانیا زیاتر لە %٣٠ دانەوێڵەی جیهان بەرهەمدەهێنێت ودوای جەنگەکەش نرخەکانی خۆراک بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەوەتەوە. پاپا فرانسیس وتیشی، داوادەکەین لەکاتی جەنگدا ئەو کەسانە لەبیرنەکەین کە برسی دەبن لە کاتێکدا ڕۆژانە برێکی زۆر لە خۆراک بەفیڕۆ ئەچێت، هەروەها بڕێکی زۆری  داهات بۆ جەنگ خەرج دەکرێت. لەکۆتایدا پاپا فرانسیس وتی، ئێمە دەزانین هەموو جەنگێک دەبێتە هۆی برسێتی و خەڵکانێکی زۆر بەدەست برسێتیەوە دەناڵینن، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ڕێگری لەوە بکرێت کە خۆراک وەک چەکێکی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ داواشی لە سیاسیەکان کرد کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە کار بۆ ئەوە بکەن کە خۆراک تەنها وەک ئامڕازێکی ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. جێگای باسە، ئەمە دەیەمین وتاری ساڵانی جەژنی کریسمی پاپا فرانسیسە لەوەتەی بووەتە پاپا، پاپا فرانسیس کە تەمەنی لە ئێستادا ٨٦ ساڵە وتارەکەی لە بالکۆنیکی بازیلیکادا لە شەقامی سانت پیتەر پێشکەشکرد.  

بەهای دۆلار لە ئێران بەردەوامە لەبەرزبونەوە و پەلەمانتارێکش ئاشکرای دەکات لە ماوەی ساڵێکدا تمەن نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە و هەشت هێندە لە لیرەی سوری لاوازتر بوە.   ئەمڕۆ یەکشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 40 هەزار و 500 تمەن و شارەزایانی ئابورییش هۆشداریی دەدەن لە دابەزینی زیاتری بەهای ئەو دراوە. روحەڵڵا ئیزەدخوا، پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاند؛ لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، بەهای هەر دۆلارێک 26 هەزار تمەن بوە و لە ئێستادا بەهای هەر دۆلارێک بۆ زیاتر لە 40 هەزار و 500 تمەن بەرز بوەتەوە. ئیزەدخوا ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی تەمەنی کابینەی رەئیسیدا دراوی تمەن نزیکەی 50٪ی بەهاکەی لەدەستداوە و دراوی لیرە سوری هەشت هێندەی دراوی تمەن بەهێزترە کە 11 ساڵە روبەڕوی جەنگی ناوخۆیی بوەتەوە. لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە دەێت کە شارەزایانی ئابوریی ئێران پێشبینیان کردوە بەهای هەر دۆلارێک لەو وڵاتە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 50هەزار تمەن.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ، سەرۆکی روسیا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، هەڕەشەی ئەوەیکرد لە ئۆکرانیا، کە ئەگەر لە ئەمریکاوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بهێننە وڵاتەکەیان، سوپای روسیا بە دڵنیاییەوە 100٪ سیستمەوە وێران دەکات. ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە نوێترین کاردانەوەیدا هەڵوێستی خۆی راگەیاند لەبارەی سەردانەکەی ڤلادیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەمریکا و هەوڵەکانی بۆ هێنانی هاوکاریی سەربازیی زیاتری ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ وڵاتەکەیان، بە تایبەتیی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت. پوتین، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی روسیای 1، کە بەشێکی لێ بڵاوکراوەتەوە، گوتی: "وڵاتەکەمان ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، هەروەها ئامانجی روسیا لەم جەنگەدا، یەکخستنەوەی گەلی روسیایە". سەرۆکی روسیا ئەوەشی خستەڕوو: وڵاتەکەی لەسەر رێگە راستەکە هەنگاو دەنێت، بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمانەکەمان دەکەین، هیچ بژارەدەیەکی دیکەمان جگە لە بەرگرییکردن نییە. هەروەها دەڵێت: "ئەوە ئێمە نین کە گفتوگۆ رەتبکەینەوە، ئەوانن کە ئامادە نین"، چونکە روسیا لە 2014ەوە خوازیاری ئەوەیە قەیرانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. دوێنی، ڤلادمێر پۆتین، رەزامەندی نیشاندا، کە خزمەتگوزاریی چەکی پێشکەوتووی سارمات (شەیتانی دوووەم) بەردەستبخرێت بۆ سوپا لە جەنگی ئۆکرانیا، ئەوەش پێشهاتێکی دیکەی مەترسیدارە لە پەرەسەندنی مەترسی بەکارهێنانی چەکی ستراتیژی و ئەتۆمیی لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا. هەفتەی رابردوو، ڤلادیمێر زێلنسکی لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا بەفەرمیی داوایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و هاوکاری زیاتری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا بکرێت، ئەوەش لەلان کریملنەوە بە "سوتەمەنی کردن بەسەر ئاگر"دا وەسفکرا.

هاوڵاتی ڕێکخراوە بیانیەکان لە ئەفغانستان دوای بڕیارەکەی تاڵیبان کە داوای لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان کرد کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن کارەکانیان ڕاگرت.  لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕێکخراوە فریاگوزاریە بیانیەکان کە لەنێویاندا ڕێکخراوی کەیر ئینتەرناشناڵ وئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج وساڤی منداڵان ڕایانگەیاند، ناتوانن بەبێ کارکردنی کارمەندە ژنەکانیان بەردەوام بن لەکارەکانیان، هەربۆیە سەرجەم کارەکانیان ڕاگرت. بەڕێوبەرانی ڕێکخراوەکانی چاودێری، ئێن ئاڕ سی و پاراستنی منداڵان ڕایانگەیاند ئێمە نەمانئەتوانی لە  مانگی ئابی 2021 دەستمان بگات بە ملیۆنان ئەفعانی کە پێویستیان بە یارمەتی بوو گەر ستافە ژنەکانمان نەبونایە . لە راگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش هاتووە: "لە کاتێکدا ئێمە یاساکەمان لا ڕونە باڵام هەموو بەرنامەو کارەکانمان دەوەستێنین و داوا دەکەین کە ژنانیش بتوانن بە یەکسانی کاربکەن لەگەڵماندا." لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوەکان ڕداوایان کردووە کە تاڵیبان ڕێگە بە کارکردنی ژنانن بدات و بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە. هاوکات عەبدولرەحمان حەبیب، وتەبێژی وەزارەتی ئابووری تاڵیبان ڕایگەیاند، کە کرێکارانی ژن لە گروپە هاوکارییە دەرەکییەکان لەچکیان نەکردووە پابەند نەبوون بەو جلوبەرگەی بۆیان دانراوە. هەروەها تاڵیبان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هەر ڕێکخراوێکی کرد کە بە خێرایی پابەند نەبێت بەو یاسا نوێیەو ڕێگە لە کارکردنی ژنان نەگرێت. لە هەمان کاتدا ڕامیز ئەلاکبارۆڤ، ڕێکخەری باڵای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە قەدەغەکردنەکە پێچەوانە بکاتەوە وئەم بڕیارە  "هێڵی سوورە بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆیی". ئەو بەرپرسە بە بی بی سی ڕاگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان بوەستێنێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ڕێگری لە قەدەغەکردنی کرێکارانی ژنان هەڵنەوەشێننەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحوکمیە بیانی وناوخۆییەکان تەنها چەند ڕۆژێک لەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی خویندنی ژنان وکچانی پاکستان لە زانکۆکان دێت.

هاوڵاتی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو کەسەی کە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی  پاریس پایتەختی فەرەنسای ئەنجامدا و سێ كوردی تیرۆركرد، لەژێر رێنمایی پزیشکدا هەڵگیرا و بكوژه‌كه‌ گواسترایەوە بۆ کلینیکی دەروونی. بە پێی هەواڵێکی بی بی سی ئەو پیاوە تەمەن ٦٩ ساڵەی بەرپرسیار بوو لە هێرشەکەی پاریس بۆ سەرناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کە لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون، دوای ئەوەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا نا کە کەسێکی ڕاگەزپەرستە گواسترایەوە بۆ کلینیکێکی دەرونی. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن داواکاری گشتی پاریسه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئەو پزیشکەی پشکنینی بۆ بكوژه‌ فەڕەنسییە تەمەن ٦٩ ساڵانه‌کە کردووە، به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ کە دۆخی تەندروستی و دەرونی بكوژه‌كه‌ لەگەڵ مەرجەکانی راگرتنیدا، ناگونجێت.ھەر کاتێک رەوشی تەندروستی گونجابوو، دەبرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە.  لە ئێستادا بكوژه‌كه‌ بۆ کلینیکی دەروونی لەناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش گوازراوه‌ته‌وه‌ و ئەگەر بارودۆخی تەندروستی رێگە بدات، ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادوەری لێکۆڵینەوە. داواکاری گشتی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوەکە لە رووداوەکە بەردەوامە و تۆمەتبارەکەش کە ناوی ویلیەمە و تەمەنی ٦٩ ساڵە دانی بە تاوانەکە ناوە ".    

هاوڵاتی لە بەریتانیا تۆمه‌تبارێك به‌ چه‌كه‌وه‌ هێرش دەکاتەسه‌ر خانه‌یه‌كی كات به‌سه‌ر بردنی هاوڵاتیان و به‌هۆیه‌وه‌ ژنێك كوژرا و سێ پیاوی دیكه‌ش برینداربون، لێكۆڵینه‌وه‌كانیش له‌ روداوه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌. به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی سکای نیوز یەکشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2022،  رووداوێکی تەقەکردن  خانه‌یه‌كی كات به‌سه‌ر بردنی هاوڵاتیان لە شاری لیڤەرپوولی نێوەڕاستی بەریتانیا روویداوە و "سێ پیاو و ژنێک بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانە کراون. دوای ئەوە ژنەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".  دەیڤ مەککۆفریەن، ئەفسەری پۆلیس لە لیڤەرپوول ڕایگەیاندووە : ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌قه‌ی به‌ڕوی ئه‌و كه‌سانه‌كردوه‌ كه‌ له‌ نێو خانه‌كه‌دا بون هه‌ڵهاتوه‌، پاش ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی پۆلیس له‌و هێرشه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیمێكی فریاكه‌وتنی خێرا چونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌ و "ژنێك و سێ پیاویان بۆ نه‌خۆشخانه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ ژنه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانیله‌ده‌ستداوه‌". وتیشی؛" تیمه‌كانمان به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری مێرسیدس-بێنز  پاش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ له‌ خانه‌كه‌ هه‌ڵهاتوه‌." باسی لەوەشکرد: "لێکۆڵینەوەیە لە قۆناخە زۆر سەرەتاییەکاندایە و تێدەگەین کە ئەمە بەڕاستی رووداوێکی شۆککەر و وێرانکەرە کە پێش رۆژی کریسمس روویداوە".

هاوڵاتی کەشوهەوایەکی سارد رووی لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات کارەبای سەروو ملیۆن و نیوێک ماڵ بەهۆی بای بەهێزەوە بڕاوە و چەندین گەشتی تایبەت بە کریسمس هەڵوەشێندراونەتەوە.  کەشوهەواکە کاریگەریی گەورەی هەبووە. بەگوێرەی ئامارەکانی پێگەی فلایتوێری فڕۆکەوانیی ئەمریکا، کەشوهەوا ساردەکە کە بایەکی بەهێز لەگەڵدایە، رۆژی شەممە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەروو سێ هەزار و 300 گەشتی ئاسمانی و دواخستنی حەوت هەزار و 500 گەشتی دیکە. رۆژی پێشتریش شەش هەزار گەشتی هاوشێوە هەڵوەشێندرابوونەوە.  هەروەها هەزاران گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکان گیریانخواردووە و فڕۆکەخانەکانی کردووەتە شێڵتەری مرۆیی. خزمەتگوزاری کەشوهەوای نەتەوەیی لە سیۆکس فۆڵس (داکۆتای باشوور) دەڵێت پلەی گەرمی لەوێ (بە هۆی ساردبوونەوەی با) نزم بۆتەوە بۆ  -53F (کە -47.2C). کاثی هۆچول پارێزگاری نیویۆرک گوتی ئەم گەردەلولی سەرمایە  یەکێکە لە خراپترینەکانی مێژوو، ئەوەشی وت کە چەندین بارهەڵگری ئاگرکوژێنەوە و ئامبولانس لە بەفردا گیریان خواردووە.  بەرپرسانی کەنەداش هۆشداری تووندی کەشوهەوایان داوە. سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک بێ کارەبا ماونەتەوە؛ هاوکات "ژمارەیەکی زۆری" گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەکانی ڤانکۆڤەر، تۆرۆنتۆ و مۆنتریال هەڵوەشێنراونەتەوە. بەرپرسانی کەشناسی پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هەفتە، دۆخی ساردی مەترسیدار لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت پێش ئەوەی پلەی گەرما بگەڕێتەوە بۆ کەشی ئاسایی لە هەفتەی داهاتوودا.         

ئێران ئیدانەی تیرۆکردنی چالاکوانانی کورد لە پاریس دەکات و داوای دانبەخۆداگرتنی پۆلیسی فەڕەنسا بەرامبەر خۆپیشاندەران دەکات. لە 100 رۆژ ناڕەزایەتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش داوا لە فەڕەنسا دەکات توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیدانەکردنی تیرۆری ژمارەیەک چاڵاکوانی کورد لە پاریس، رایگەیاند؛ تاران نیگەرانە لە کوشتنی موسوڵمانان و کۆچبەران لە فەڕەنسا. کەنعانی داوای لە پۆلیسی فەڕەنسا کردوە توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و رێگەی بە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازنە لەو وڵاتە بدرێت. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 506 کەس کوژراون و دو کەس لەسێدراەدراون و 60 کەسیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

100رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و 99 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ئەو بەردەوامە ئەمڕۆش لە زانکۆکانی تاران تا شەقامەکانی سنە بە شێوازی جیاواز یادی ژینا و کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرایە و رێکخراوێکیش هۆشداریی دەدات کە 60 دەستگیرکراو مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە. ئەمشەو لە چەند شوێنێکی شاری سنە گەنجان بە کردنەوەی ئاگر وەک شەوانی دیکەی دروشمیان دژی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وتەوە شاری سنە مێژوی 100 رۆژ بەردەوامبون لە ناڕەزایەتیی دوای مەرگی ژینا ئەمینیی تۆمار کردوە و بە ناوەندێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت و تەنها لەو شارە 18 کەس تا ئێستا کوژراون. هاوکات لەگەڵ سنە خۆپیشاندان لە شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران دەستی پێکردەوە و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەشی گرتەوە. شەوی شەممە لە چەند شەقامێکی تارانی پایتەخت و لە شارە گەورەکانی وەک ئەسفان و کەرەج و قەزوێن دەستی پێکردەوە و گردبونەوەی ناڕەزایەتی و رێپێوانی جەماوەریی لەو شارانە بەڕێوەچو. لە شاری کەرەج سەرەڕای بەفربارین و کەشی سارد رێپێوانی بەرفراوان بەڕێوچو کە بە رێپێوانی بێدەنگی ناودەهێنرێت و سەدان کەس پێکەوە رێپێوان دەکەن  وەک ئاماژەیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی. رۆژی شەممە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، دانیمارک و تورکیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. یەکێتی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران رۆژی شەممە ئاشکرای کرد لانیکەم 300 خوێندکاری زانکۆ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام دادگاکانی وڵاتەکە ئەو سزایانە ئاشکرا ناکات بە پێی ئامارەکان زیاتر لە دو هەزار خوێندکاری زانکۆ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون. دادگای باڵای ئێران رایگەیاند پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی سامان سەیدی (یاسین) دەکات و هاوکات پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی محەمەد قوبادلو دەکات. یاسین کە هونەرمەندێکی شاری کرماشانە پێشتر وەک ناڕەزایەتییەک بە ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی لە زیندان بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی لە زیندان دا و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکرا. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە تا ئێستا 60 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و جێبەجێکردنی سزای 11 کەسیشیان لە ئان و ساتدایە. لە لایەکی دیکەوە سزای چوار سال زیندانیی بەسەر پارێزەرێکی دۆسیەی هەینی خوێناوی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سەپێنرا. مستەفا نیلی، پارێزەری دۆسیەی کوژراوانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان پێش گەیشتنی بەو پارێزگایە لە فڕۆکەخانەیەکی شاری تاران دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە دەستبەسەربون لە لایەن دادگایەکی ئێران چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش لە کاتێکدایە دادگاکانی ئێران خۆیان دەستنیشانی دەکەن چ کەسێک پارێزەری دۆسیە یان دەستگیراوانی ئەم دواییانە بێت و رێگریی لە پارێزەرانی تایبەت دەکرێت کە ئامادەیی خۆیان بۆ پارێزگاری لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە. لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا 44 پارێزەر لە ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی نایاسایی لە ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکراوان ، دەستبەسەر کراون. تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێی موژگان کاوسی، خانمە نوسەر و تێکۆشەری کورد بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوازێکی پڕ لە هەست تەنبور دەژەنێت. ئەو خانمە کوردە کە هاوکات یەکێک لە تێکۆشەرانی خوێندن بە زمانی دایک، تا ئێستا چەند جارێک بۆ نزیکەی سێ ساڵ زیندانیی کراوە و دوای ئازادکردنیشی لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا دەستگیرکرا و بە پێی ئەو تۆمەتەی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە دراوەتە پاڵی، سزای سێدارە دەیگرێتەوە. ڤیدیۆیەکی نوێی چۆپیشکێشان و هەڵپەرکێی داریوش عەلیزادە کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە کوژرا و ئاریان موریدی کە سەلاسی باوجانی کوژرا، جارێکی دیکە ئازاری مەرگی ژینا و ئازایەتیی ئەو گەنجانە دەردەخات کە بە هیواوە لە پێناو مافەکانیان تێکۆشاون و گیانیان بەخت کردوە ئەوان بەرەوپیری ئازادی چون و تارای سوری شۆڕش بو بە ئاڵا و رەمزیان.

هاوڵاتی لە نامەیەکدا حوکمەتی تاڵیبان داوا لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان دەکات  کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن. لەو نامەیەدا کە ڕۆژی شەممە لە لایەن عەبودلڕەحمان حەبیب، وتەبێژی ئابوری تاڵیبانەوە پشتڕاستکرایەوە باس لەوە کراوە کە داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکان کراوە کە ڕێگەنەدەن ژنان بچنەوە سەر کارەکانیان تاوەکوو ڕێنمایی نوێ دەردەچێت. هاوکات حوکمەتی تاڵیبان ڕێکخراوەکانیشی ئاگادارکردۆتەوە، هەر ڕێکخراوێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی ئابوری تاڵیبان ئەم بڕیارەی بۆ پابەندنەبوونی ژنان بە شێوازی جل و بەرگی ئیسلامیەوە گەڕاندۆتەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان، تەنها دوای  چەند ڕۆژێک  لە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی ژنانی ئەفغانستان بۆ زانکۆکان دێت، کە بەهۆیەوە چەندین کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و بڕیارەکەیان سەرکۆنە کرد.

بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داهاتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئێران بۆ نیوە دادەبەزێت و بازاڕی VPN  گەرم دەبێت. پێگەی (لایف وێب) ئاشکرای کردوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵاتی ئێران بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی خۆپیشاندانەکان، خێرایی ئینتەرنێتی خاو کردوەتەوە و هاوکات فیلتەر و چاودێریی لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیی و بە تایبەت ئینتەرنێتی مۆبایل زیاد کردوە. پێگەکە ئاشکرای کردوە؛ کۆمپانیای (هەمرای ئەوەل ) و (ئیرانسێل) کە خاوەنی زۆربەی هێڵەکانی مۆبایلن، لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دەسەڵاتی ئێران گرتوەیەتیەبەر داهاتایان بە رێژەی 40% کەمی کردوە. کۆمپانیای ئیرانسێل دانی بەوەدا ناوە؛ تەنها لە ماوەی 40 رۆژی خۆپیشاندانەکاندا 800 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. هاوکات (هەمرای ئەوەل )کە کۆنترین کۆمپانیای بواری گواستنەوە و هێڵی مۆبایلە رایگەیاندوە؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت 936 ملیارد تمەن کە دەکاتە زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. بە گشتی زیانەکانی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بە 70 تریلیۆن تمەن خەمڵێنراوە کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیارد و 728 ملیۆن دۆلار. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای رایتێل تایبەت بە هێڵەکانی ئینتەرنێتی مای فای  و LTE لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ ترافیکی رۆژانەی لە هەزار و 500 تێرابایت بۆ 700 تێرابایت کەمی کردوە و رۆژانە زیانی 14 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 35 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت و 86%ی داهاتەکەی لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە دۆخی ئینتەرنێت بەهۆی رێوشوێنەکانی دەسەڵاتەوە تا ئێستا زیان بە 415 هەزار کاری ئینتەرنێتی و فرۆشگای ئۆنلاین گەیەشتوە . دانیشتوان و گەنجانی ئێران ناچارن بۆ ئەوەی سود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت یارییە ئۆنلاینەکان ببین، VPN بەکار بهێنن و ئەوەش وای کردوە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی  VPN لەو وڵاتە لە دو ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە هەشت ملیۆن زیاد بکات و هەندێکیش ئەو ئەپلیکەیشنە دەکڕن کە لە ئێستادا خواستی زۆر لەسەرە. دەسەڵاتی ئێران رایگەیاندوە؛ هەوڵی دروستکردنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەدەن بۆ ئەوەی ناچارنەبن چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت بکەن و داهاتی وڵاتەکەش بڕواتە دەرەوە ، ئەوەش بوەتە مایەی سەرسوڕمانی وڵاتانی جیهان کە چون دەبێت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی وڵاتێک بیر لە نەهێشتنی ئینتەرنێت بکاتەوە.

هاوڵاتی لە هەرێمی سیبریای رووسیا ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا کەوتەووە و لە ئاکامدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی TASSی رووسی لە هەواڵێکدا بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری لەناکاو، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆکارێکی نەزاندراو ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچووانی دوو نهۆمی لە شاری کەمەرۆڤ کەوتووەتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداووە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان بەتەواوەتی ئاگرەکە بکوژێننەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن. ئەوەش زانراوە کە نهۆمی دووەمی خانەکە کە بەهۆی ئاگرەکەوە بەتەواوی داڕووخاوە، بەشێوەیەکی نایاسایی دروست کراوە.

هاوڵاتی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاویكرده‌وه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا كه‌ 9 مانگی خایاندووه‌، ئاشكرایان كردووه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق درووستیكردبوو بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ده‌ستدرێژی سێكسی و كاره‌با لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌ی به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانپێدانانی به‌رپرسان و بازرگانان وه‌ربگرێن. كازمی له‌ مانگی ئابی 2020 لیژنه‌یه‌كی باڵای بۆ به‌دواداچوونی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی پێكهێنا. بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ كاروباری هه‌واڵگری، فه‌ریقی یه‌كه‌م، ئه‌حمه‌د ئه‌بو ره‌غیف سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ بوو، ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی پێدرابوو. ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌ستیكرد به‌ ده‌ستگیركردنی كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ باڵا و ناسراوه‌كان، كه‌ تێوه‌گلابوون له‌ گه‌نده‌ڵی. لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ 20 كه‌سدا كردووه‌، 5یان له‌وانه‌ بوونه‌ كه‌ خۆیان ده‌ستگیركراون، 9یان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ كه‌سوكاریان ده‌ستگیركراوه‌، 11شیان به‌رپرسی عێراق و خۆرئاوایی بوون و چاودێری كاری لیژنه‌كه‌یان كردووه‌. له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ هه‌موو رێگه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ی بۆ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ده‌ستگیركراوه‌كان به‌كارهێناوه‌. یه‌كێك له‌ ده‌ستگیركراوه‌كان وتویه‌تی: كاره‌بایان لێداوم، كیسی پلاستیكیان كردووه‌ته‌ سه‌رم، به‌ بنمیچه‌وه‌ هه‌ڵیانواسیوم، ده‌ستیان له‌ پشته‌وه‌ به‌ توندی به‌ستووم و رووتیان كردوومه‌ته‌وه‌. یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستگیركرابوو له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا مردووه‌، كه‌ قاسم حموود مه‌نسوور، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كۆمپانیای خۆراك بووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی. كه‌سوكاری مه‌نسوور، وێنه‌یان هه‌یه‌، كه‌ به‌ هۆی زه‌بری لێدانه‌وه‌ زۆربه‌ی ددانه‌كانی كه‌وتوون. رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بوون و ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته‌ بوون، به‌ڵام گوێیان پێ نه‌داوه‌. ده‌ستگیركراوه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، له‌ ناوچه‌ی سه‌وز له‌ ژێر زه‌مینێكدا زیندانی كراون. بازرگانێك باسی له‌وه‌ كردووه‌، بۆ ماوه‌ی 13 رۆژ ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه‌ و ئینجا دواتر پرسیویانه‌ به‌رتیلت به‌ كێ داوه‌ و چه‌ندت پێداوه‌. لیژنه‌كه‌ی ئه‌بو ره‌غیف، 156 دۆسیه‌ی كردبوویه‌وه‌، به‌ڵام دواتر دادگای باڵای ئیتیحادی هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئه‌و لیژنه‌یه‌ ناده‌ستوورییه‌.

هاوڵاتی کۆلێژی پزیشكیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو رێنوێنییە پزیشکییانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە پیاوان دەدرێن، جیاوازە لەوەی بە خانمان دەدرێن.   توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی پێشکەوتنی زانستی ئەمریکی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێشکێشکرا و توێژەران رێنوێنی خانمان دەکەن کە شێوازی ژیانیان باشتر بکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان واباشترە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی ستاتینەکان بخۆن.   لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020ـی نەخۆشانی راپرسیی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک NHANES بەکارهات بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار خانم و پیاو، دەرکەوت 80%ـی خانمان کاریگەرییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کەمتر دەبووەوە، بەڵام 60%ـی پیاوان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر سوودیان لە دەرمانی ستاتینەکان وەردەگرت.    دکتۆر پرێما وۆلانداری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد دەڵێت: ''کێشڕێکی، وەرزش و خۆراکی تەندروست مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا کەمدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازدەکرێت پیاوان پەنا ببەنە بەر دەرمانەکانی دابەزاندنی چەوری، لەکاتێکدا ئەو دەرمانانە بۆ خانمانیش کاریگەرییان هەیە''.   سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو رەگەزدا وەکویەکە و سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردن رێکخستنی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە.    کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چەند ئامۆژگارییەکی گشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەمشێوەیە دەخاتەڕوو:   1- کەسانی پێگەیشتوو هەفاتانە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 بۆ 150 خولەک وەرزشی تووند بکەن.   2- وازهێنان لە جگەرەکێشان   3- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە 'دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە، گوێز و ماسی' پەیڕەوبکرێت و رێژەی خواردنی خوێ بۆ پێنج مللیگرام لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە.    4- ئەوانەی کێشیان زیادە و قەڵەون پێویستە کێشیان داببەزێنن، یاخود لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی ستاتینیان بۆ بنوسرێت. 

هاوڵاتی تۆماس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی پێنج شەممە لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، لە لێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆکانیان بەرەوپێش چووە  وکۆوبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامداوە. لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە، مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی سوید هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانمان، بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە، هاوکات هەر لەوبارەیەوە تۆماس بیلسترۆم ئاماژەی بەوەدا کە هاوڕایە لەگەڵ داواکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وهێشتا کاری زۆرتریان لەپێشە کە سوید ئەنجامی بدات بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ. تۆماس بیلسترۆم لە ئەنجامی کۆوبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەکرد کە سوید گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرتووە، هەروەها وتیشی هیوادارە بەر لە مانگی حەوت کە تێیدا کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەچێت، تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ.   ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی هەریەک لە سوید وفینلاند دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ کرد، تورکیا لەکۆی ٣٠ وڵاتی ئەندام دژی داواکەی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوە و تۆمەتباری کردن بە لەخۆگرتن وداڵدەدانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی پەکەکە وئەندامەکانیان و کۆمەڵێک مەرجی بۆ هەریەک لە سوید وفینلاند دانا لە بەرامبەر پەسەندکردنی داواکەیان لەبارەی بوون بە ئەندامی ناتۆ. جگە لە وڵاتی تورکیا، هاوکات هەنگاریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تاوەکوو ئێستاش داواکەی سوید وفینلاندی پەسەند نەکردبوو بەڵام پەرلەمانی هەنگاریا ڕایگەیاند کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ داواکەیان بۆ بونە ئەندامی ناتۆ پەسەند دەکات. هاوکات، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم سوید پەیوەست بە جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا ( مەحمود تات) ئەندامێکی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا کردەوە، مەحمود تات سزای ٦ ساڵ وسێ مانگ زیدانی هەبوو لە تورکیا بە تۆمەتی بوون بە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان وساڵی ٢٠١٥ داوای مافی پەنابەری کردبوو لە وڵاتی سوید.