رووسیا لە هەنگاوەکانی رۆژئاوا نیگەرانە؛ پووتین هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئەگەری هەبوونی مەترسی بۆ سەر سەروەری خاکی رووسیا دەکات
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا مووشەکی ئەمریکی بۆ کوشتنی ژن و منداڵانی رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکارهێناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئایار ئەمریکا دەرگای بەکارهێنانی چەکەکانی بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بۆ ئۆکراینا کردەوە.
رۆژی هەینی 7-6-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسی ئابووری سەینت پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، ئۆکراینا بە چەکی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی بێلگۆرۆد و بەهۆیەوە ژن و منداڵی رووسیایی کوژراون.
بە گوێرەی زاخارۆڤا، لە هێرشەکەدا مووشەکی هایمارسی ئەمریکی بەکارهاتووە و بەڵگەی روونیشیان ئەوەیە، پاشماوەی مووشەکەکەیان دۆزیوەتەوە.
ناوچەی بێلگۆرۆد دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای رووسیاوە و هاوسنووری هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینایە.
رووسیا نزیکەی مانگێکە دەستی بە هێرشی چڕ بۆ سەر خارکیڤ کردووە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی ئارامە لە نێوان خۆی و ئۆکراینادا.
دوای دەستپێکردنەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر خارکیڤ، گوشارێکی زۆر لە کیێڤەوە بۆ سەر هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەبوو کە رێگەیان بدەن چەکەکان بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن.
ئەمریکا و بەریتانیا هەنگاوەکەیان هەڵهێنا و رێگەیان بە ئۆکراینادا، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا بنکە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا بکرێنە ئامانج.
هەرچی رووسیایە لەم هەنگاوەی ئەمریکا نیگەرانە. ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ئامادەیە مووشەکی دوورهاوێژ بداتە وڵاتانی دژ بە رۆژئاوا تاوەکو هێرش بکەنە سەریان.
هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر هەست بە مەترسی بۆ سەر سەروەری خاکەکەیان بکەن، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.