لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان 2 هاووڵاتی سڤیل و چەکدارێکی حیزبوڵا دەکوژرێن

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

بەهۆی مووشەکبارانەکانی حیزبوڵا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر یەکدی، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی غەززەوە تا ئێستا 458 چەکدار و هاووڵاتی سڤیل لە لوبنان و 26 سەرباز و هاووڵاتی سڤیل لە ئیسرائیل کوژراون.

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ ناوچەیەکی سنووریی لوبنان، دوو هاووڵاتی سڤیلی لوبنانی دەکوژرێن و حیزبوڵاش دەڵێت چەکدارێکیان لە هێرشەکاندا کوژراوە. هەر بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە ناوچەیەکی باشووری لوبنان کەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 8-6-2024، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، درۆنێکی ئیسرائیل و دوو مووشەک کافتریایەکیان لە شارۆچکەی عیترۆنی باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئەمانج و بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاووڵاتی سڤیل بە ناوەکانی عەلی خەلیل حەمەد و مستەفا عیسا کوژراون.

لە راگەیێنراوێکی جیادا، حیزبوڵای لوبان کوژرانی چەکداریکی خۆی لە هێرشێکی دیکەدا راگەیاند. ئەوەش باسکراوە، هەر دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، حیزبوڵا بە کاتیۆشا چەند ناوچەیەکی سەر سنووری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەی سەر ناوچەی عیترۆن بۆ سەر ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵا کراوە و چەند هێرشێکیشیان بۆ سەر ناوچەی خیام کردووە.

بە گوێرەی میدیای فەرەنسی، لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، بەهۆی مووشەکبارانکردنی یەکدییەوە لەلایەن ئیسرائیل و حیزبوڵاوە 458 کەس لە لوبنان کوژراون؛ لەو ژمارەیە تەنیا 90 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

لە بەری ئیسرائیلیشەوە بە گوێرەی سوپای ئەو وڵاتە، 15 سەرباز و 11 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

هەر لە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حیزبوڵا و ئیسرائیل چەندین جار مووشەکبارانی یەکدییان کردووە. لەم چەند رۆژەی دواییشدا مووشەکبارانەکان زیادیکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار