سێ وڵاتی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند بەهۆی ئەو پێشلکاریانەی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی و یاسای 2231ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیکات، ئێران لە هەمو کاتێک زیاتر پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستداوە. ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا داوایان کردوە ئێران هاوکاریی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا نەکات و چەک رادەستی گروپە چەکدارە شیعەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەکات. ئەو سێ وڵاتە کە هاوکات بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان و ئێران و وڵاتانی 5+1ن جەختیان لەوە کردوەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە ئێستادا مایەی نیگەرانییە لە جیهان بە تایبەت کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرز کردوەتەوە. بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە کۆتایی بەیاننامەکدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی بێت و هاوکات ئەو سێ وڵاتەش رێگە نادەن تاران بە هێچ شێوەیەک بۆمب و چەکی ئەتۆمیی دروست بکات. بەیاننامەکەی ئەو سێ وڵاتە لە کاتێکدایە دوێنێ دوشەممە کەمال خەرڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێیەم لوتکەی تاران رایگەیاند وڵاتەکە توانای ئەتۆمیی بەهێزی هەیە بەڵام ئامانجی دروستکردنی بۆمبی نییە.  

هاوڵاتی لە ئەمریکا، لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس، پێشنیازی تاوانبار کردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ وەزارەتی داد کردووە. لیژنەکە، ئەمڕۆ لە دوایین دانیشتی ئاشکرایدا تاوتوێی ئەو راپۆرتەی کرد کە ٢١ی کانوونی یەکەم لە دەنگدانی کۆتاییدا بۆ رای گشتی بڵاوی دەکاتەوە. ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جامی راسکین لە گوتارێکیدا لە دانیشتنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڵگانەی لیژنەکە بەدەستی هێناوە لەگەڵ لایەنە یاساییەکان بەشدارییان پێکردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری هەیە ترەمپ تاوانی وەکو "درووست کردنی کاریگەری لەسەر یاخی بوونەکە، هاوکاری کردنی یاخی بوون و ئامادە کردنی کەش بۆی"، "هەوڵدان بۆ رێگری کردن لە پرۆسەیەکی فەرمی"، "پیلان گێڕی بۆ تێکدانی سستەمی ئەمریکا"ی ئەنجامدابێت. لەو دەنگدانەی کە لە لیژنەکە ئەنجامدرا، بە دەنگی تەواوی هەر نۆ ئەندامەکە ئەوە پەسەند کرا کە دەبێت پێشنیازی وەزارەتی داد بکرێت کە ترەمپ بەم تاوانە تاوانبار بکات. بە ئەگەرێکی زۆر چاوەروانی ئەوە دەکرێت کە ئەو پێشنیازەی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی داد-ی کردووە هەر بە رەمزی بمێنێتەوە. وەزارەتی داد، ناچار نییە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەو پێشنیازانە بکات کە لە لیژنەکانەوە پێشکەشی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر رووداوەکانی ٦ی کانوونی دووەم بەڕێوەدەبات. لەلایەکی دیکەوە، لیژنەکە پێشنیازی گرتنەبەری رێوشوێنی رێکاری لە دژی سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کێڤن ماک کارتی و ئەندامەکانی دیکەی کۆمارییەکان پێشکەش کردبوو.

هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا وەزیری بەرگری پۆڵەندا، ماریۆز بلاسچاک ئاشكرایكرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەڵمانی لە خۆرهەڵاتی وڵاته‌كه‌یان جێگیر دەکرێت. لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رادیۆیەکی وڵاته‌كه‌ی، ماریۆز بلاسچاک ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دوای ئەوەی مانگی رابردوو مووشەکێک له‌ خۆرهەڵاتی پۆڵەندا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، حکوومەتی ئەڵمانیا پێشنیازی پێشكه‌شكردنی سیستمی پاتریۆتی بۆ وارشۆ کردووە. بلاسچاک ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هیوادارن دۆخێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و رایگه‌یاند: "سیستمه‌كان لە ناوچەی لوبلین خۆرهەڵاتی پۆڵەندا، لەسەر سنووری ئۆکراینا جێگیر دەکرێن". سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا ئەو مووشەکەی له‌ خاکی پۆڵەندا کەوتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، چەند چرکەیەک لە ئاسمانی وڵاته‌كه‌دا ماوەتەوە و رایگه‌یاند: "هه‌ربۆیە رێگریکردن لە رووداوێکی لەوشێوەیە ئێجگار قورسە. ئەم جۆرە سیستمانە ئەگەر لە رۆژئاوای ئۆکرانیا جێگیر بکرێن، کاریگەرتر دەبن". رۆژی ١٥ی تشرینی دووه‌م، مووشەکێک كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی نه‌زانرابوو، له‌ گوندی پرزێودۆوی پۆڵەندا له‌سه‌ر سنووری ئۆکرانیا کەوته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

ئەمریکا رایگەیاند پشتگیریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن و داواکاران وڵاتانی دیکەی جیهان پشتیوانیی ئەو ناڕەزایەتییانە بکەن. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی و جەختی لە مافە رەواکانی خەڵکی ئەو وڵاتە کردەوە و وتیشی کار دەکەن بۆ دابینکردنی ئازاد بۆ دانیشتوانی ئێران بە هاوکاریی ئەوروپا . پرایس ئاماژەی بەوەکردوە دەسەڵاتی ئێران بە ئامانجی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دنیشتوانی وڵاتەکە لە ئینتەرنێت بێبەش دەکات بۆ ئەوەی لە جیهان دایانبڕێت بۆیە واشنتۆن لەو بوارەدا چی لەدەست بێتم، دەیکات. ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تەواوەتی روبەڕوی فیلتەر و سنوردارکردنەوە بوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش رایانگەیاندوە بەمزوانە پڕۆژەی تۆڕی ئینتەرنێتی ناوخۆی دەخەنە بوار جێبەجێکردنەوە و ئەوەش وا دەکات دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لە جیهانی دەرەوە داببڕێن.  

هاوڵاتی گۆڤاری دێر شپیگل "Der Spiegel" بڵاوی کردەوە کە لەوانەیە کێشەکانی سوپای ئەڵمانیا لە بوارەی کەرەستەی سەربازیی و لۆجستییەوە، ببێتە مایەی جێبەجێ نەکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ کە ئەوەیش ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە داھاتوودا، پەک دەخات. راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زرێپوشەکانی "Puma" سەربە سوپای ئەڵمانیا لە میانی مەشقە سەربازییەکاندا، بەرەوڕووی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و تا ئێستا، ١٨یان لەکارکەوتوون. بڕیاربوو مانگی داھاتوو، ئەو زرێپۆشانەی فیرقەی ١٠ی تانکەکان سەربە ھێزی ئەرکە ھاوبەشەکانی باڵای ناتۆ (VJTF) جێگیر بکرێن. سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیبرھاد زۆرن لە تویتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە کێشە لە کەرەسەتە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەیدا ھەیە و رایگەیاندووە کە سوپای ئەڵمانیا زنجیرەیەک رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ دەگرێتەبەر. ئیبرھاد زۆرن نووسیوویەتی: "ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی دووبارە زرێپوشەکانی Puma بۆ کارکردن ئامادە بکەینەوە". ئاماژەی بەوەیشداوە کە سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ شارەزایانی پشەسازیی بەرگریی لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە ناتۆ جێبەجێ دەکات. میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای ئەڵمانیا پلانی داناوە کە لە ساڵی داھاتوودا، ئۆتۆمبێلە کۆنە سەربازییەکانی "Marder" لە ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە ناتۆ جێگیر بکات.

هاوڵاتی ئه‌نجامی ده‌نگدان بۆ مانه‌وه‌ی ئیلۆن ماسک وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری تویته‌ر راگه‌یه‌ندرا و 57%ی به‌كارهێنه‌ران داوا ده‌كه‌ن ئیلۆن ماسک ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت و 42% به‌كارهێنه‌رانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌. ئیلۆن ماسک لەو رۆژەوەی تویتەری کڕیوەتەوە تا ئێستا، لەگەڵ زۆرێک لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەتایبەتی کارمەندانی کۆمپانیاکە و ئەوانەی ریکلامی تیادا دەکەن کێشەی هەیە، تویتێکی کرد و تیایدا پرسیاری ئەوەی کرد، ''پێویستە وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر دەستلەکار بکێشمەوە؟ پابەندی دەرەنجامەکانی ئەم راپرسییە دەبم." لە ڕاپرسییەکدا کە درەنگانی رۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕەکەدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس دەنگیان بە دەستلەکارکێشانەوەی ئیلۆن ماسکدا لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەرداوه‌ كه‌ ده‌كات رێژه‌ی 57%ی به‌شداربوان، هاوكات  43% دەنگیان بە نەخێر ده‌نگیانداوه‌. لە کاتژمێرەکانی پێشتردا رێژەی ئەوانەی لەگەڵ جیابوونەوەی ئیلۆن ماسک بوون گەیشتە سەرو ٪٥٨. لە دوایین پۆستی ئەو بازرگانە کە نزیکەی سێ کاتژمێر لەمەوبەر بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ''ئەوانەی دەسەڵات دەخوازن، ئەوانەن کەمترین شایستەی دەسەڵاتن". زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگ لە ده‌نگدانه‌كه‌دا به‌شداریان كردوه‌، بەڵام ئەو ملیاردێرە کە تەنها 50 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمپانیاکەی کڕیوە و خۆی وەک سەرۆکی ناساندوه‌، دوپاتیکردوەتەوە، كه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت.  

هاوڵاتی دادگەی باڵای بەریتانیا لەسەر پرسی ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بڕیاری دا و رایگەیاند ئەو پرۆسەیە "کارێکی یاساییە." رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2022، دادوەرانی دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیاندا لەبارەی بەرنامەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و رایگەیاند: "ئەوە کارێکی یاساییە."  دادوەری دادگای باڵای بەریتانیا، کڵایف لویس، وتی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا کە وڵاتێکی ئەفریقاییە یاساییە وئاساییە کە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا ئەو ڕێکەوتنە بکرێت. کلایف لویس لەبارەی پڕۆسەی ناردنی پەنابەرانەوە ڕایگەیاندووە بەپێی ڕێکەوتنی مافەکانی مرۆڤ کە لەساڵی ١٩٨٨ دەرکراوە وهەروەها لەگەڵ پەیڕەوی حوکمەت ویاساکانیش یەکدەگرێتەوە. لەکاتی خوێندنەوەی بڕیارەکە، کڵایف لویس، دادوەری دادگەی باڵای بەریتانیا رایگەیاند، ئەوە پرۆسەیەکی یاساییە کە حکومەتی بەریتانی لەگەڵ حکومەتی رواندا رێکبکەوێت، بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و لەوێ هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی کۆچبەرەکان بکرێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سه‌ناک ڕایگەیاند، كه‌ رێگریکردن لە خەڵک لە داوای مافی پەنابەری لە بریتانیا لە پێشینەی کارەکانیدا. هاوکات ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت، کە پرسی ناردنی کۆچبەران ڕووبەڕووی سکاڵایەکی زۆر بۆوە کە وا بڕیاربوو لەمانگی حوزەیران پەنابەران بنێردێنە ڕواندا، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەهۆی سکاڵاکانەوە ڕاگیرابوو. هەروەها ئینڤەر سێلمان سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران بێئومێدی لەبڕیارەکەی دادگای باڵا دەردەبڕێت و دەڵێت ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوبانگی بەریتانیا وەک وڵاتێک کە بەها بە مافەکانی مرۆڤ دەدات سێلمان ئەوەشی زیاد کرد کە ئەم پلانە لە پرەنسیپدا هەڵەیە و لە بواری پراکتیکدا کاری پێناکرێت و دەبێتە هۆی "تەنگەژیەکی گەورە" بۆ پەنابەران" لەوانەش  گەنجەکان کە زۆر نیگەران دەبن و لە هەندێک حاڵەتدا زیان بە خۆیان دەگەیەنن"

 هاوڵاتی بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا پەروردەی شەنگەهای فەرمانی کرد دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن ودووبارە خوێندن بکرێتەوە بە ئۆنلاین، ئەم بڕیارە سەرجەم دایەنگا و قوتابخانەکان دەگرێتەوە. لە بڕیارەکەدا هاتووە تەنها ئەو منداڵانەی کە توانایان نیە بە ئۆنلاین بخوێنن یان ئەو منداڵانەی کە ناچارن لەدایەنگەکان چاودێری بکرێن مۆڵەتیان پێدەدرێ لە قوتابخانەکان ودایەنگاکان بمێننەوە. هاوکات لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان کە داوایان ئەکرد ڕێوشوێنەکانی کەرەنتینە سوک بکرێن، حوکمەتی چین بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی وئاساییکردنەوەی کاروبارەکان لە چین؛ بەڵام ئەمە بووە هۆی دووبارە بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا. بەپێی ئامارەکان بەهۆی کەمکردنەوەی ڕێکارە خۆپارێزیەکان لەچین، رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا، زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ مانگی نیسان. بەپێی داواکاریەکەی بەرپرسانی پەروەردەی شەنگەهای کە گەورەترین شاری چینە، بڕیاری داخستنی دایەنگاکان و خوێندنگەکان تاوەکوو ١٧ی کانونی دووەم بەردەوام دەبێت.

بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ توانایەکی زۆریان لە بواری ئەتۆمیدا بەدەستهێناوە بەڵام ئامانجیان نییە بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکەن. کەمال خەرڕازی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوتکەی تاران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی خاوەنی 19 هەزار کورەی ئەتۆمییەوە و ئەوەش وای کرد وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بدەن. ئەو بەرپرسە وتی: دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی بە باوەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران حەرامە و تاران پێی وا نییە ئاسایش و سەقامگیریی بە چەکی ئەتۆمیی دابین دەکرێت. خەرڕازی جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە. لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە، ئێران لە بەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی ئەمریکا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ زیاتر لە 60٪ بەرز کردوەتەوە کە دەبێت بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان وڵاتانی 5+1 و ئەو وڵاتە، دەبێت رێژەی پیتاندن لە 5٪ زیاتر بەرز نەکرێتەوە.  

هاوڵاتی شەوی رابردوو رووداوێکی تەقەکردن لە شارێکی نزیک لە باکووری تۆرێنتۆ روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران. پۆلیسی کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی رابردوو کاتژمێر 7:20 خولەک، لە رووداوێكی تەقەکەردن لە باڵەخانەیەکی شاری ڤۆگان ئاگادارکراونەتەوە، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، زۆرینەی قوربانییەکانی تاوانەکە گیانیان لەدەستداوە و تەنیا یەکێکیان زیندوو بووە، ئەویش زوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکدایە. جەیمس ماکسوین لە پۆلیسی هەرێمی یۆرک گوتی یەکێک لە ئەفسەرەکانی تەقەی لە گومانلێکراوەکە کردووەو کوشتوێتی. وتیشی "دیمەنێکی کارەساتاوی بوو شەش کەس مردبوون کە پێنجیان قوربانی بوون و یەکێکیان تاوانبارەکە بوو هەروەها یەکیکی کەش لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەیە". لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بەردەوامە و تەواوی ئەو باڵەخانەیەی رووداوەکەی تێدا روویداوە، لەلایەن پۆلسیەوە چۆڵکراوە.

هاوڵاتی ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ رایگەیاند، هێزەکانیان نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەویی بکەن. بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ دوشەممە ئۆکرانیا رایگەیاند، کە هێزەکانی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە، هاوکات راپۆرتەکانی ڕوسیا باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی روسیا توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كان لەکاتی فڕینیاندا بوه‌ لە ئاسمانی کیێڤی پایتەختدا، ئه‌وه‌ش لە دوایین هه‌وڵی روسیا بۆ هێرشكردنه‌ سەر شارەکە. لە لایەکی دیکەوە،وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەو یەکانەی کە لەسەر میحوەری دۆنێتسک کاردەکەن، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرەکانیان و گوندی یاکۆڤلێڤکایان کۆنتڕۆڵکردوە، کە دەکەوێتە سەر خاکی دۆنێتسک. بەرگری ڕوسیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا باسی له‌وه‌كردوه‌، کە لە ئێستادا، "هێزەکانی ڕوسیا كارده‌كه‌ن بۆ پاککردنەوەی گوندەکە لە پاشماوەی سوپای ئۆکرانیا"، ده‌ڵێت، "ژمارەی کوژراوانی دوژمن له‌ دۆنێتسک لە 40 سەربازی تێپەڕاندوە له‌ماوه‌ی رۆژێكدا".

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو. رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە. لە راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامەدا ئاماژە بە ناوی چەند کچ و ژن کراوە کە دوای دەستگیرکردنیان بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و برینداربونی ئەندامانی زێیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەو رۆژنامەیە بە پێی بەڵگەکانی کەمپینی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکایە بڵاوی کردوەتەوە؛ کچێکی تەمەن 20 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە ژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیدا لە شاری کەرەج رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کراوە و پزیشک و پەرەستارانی ئەو نەخۆشخانەیە کە بە سەری تاشراو و جەستەی لەرزۆک  ئەو کچەیان بینیویە توشی شۆک بون و دوای چارەسەر و نەشتەرگریی کچەکە دوبارە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنیی ئێران. هادی قائیمی، بەڕێوبەری کەمپنی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندوە؛ کچێک بە ناوی مەعسومە تەمەن 14 ساڵان لە ناوچەیەکی هەژانشینی تاران کە خوێندکار بوە تەنها لەبەر ئەوەی وەک ناڕەزایەتی سەرپۆشەکەی لابردوە، دەستگیرکراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکراوە کە بەهۆی لەدەستدانی کچێنی و خوێنبەربونی زۆری جەستەی گیانی لەدەستداوە. قائیمی دەڵێت دایکی مەعسومە کە ویستویەتی مەرگ و دەستدرێژیی سەر کچەکەی ئاشکرا بکات تا ئێستا بێسەروشوێنە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەرچی بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرابونی زۆربەی دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت زیندانەکانی ئیڕان کارێکی ئاسان نییە بەڵام ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر بەهۆی تۆمارکردن و هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ لێیان ناچاربون بێدەنگیی هەڵبژێرن. پێشتریش سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردبو کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی گەنجان دەستدرێژییان کردوەتە سەر کوڕان و کچانی گەنجی دەستگیر لە ناڕەزایەتییەکاندا.

هاوڵاتی کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە بەریتانیا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٠ جار زیاتر ڕووبارەکانیان پیسکردووە، ئەمەش بوەتە هۆی زیاتر لە بیست رووداوی مەترسیداری ژینگەیی. حوکمەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢١ تەنها شەش کێڵگە دادگایی کراون ، لەگەڵ ئەوەشدا لەبری لێپێچینەوە دەزگای ژینگەی بەریتانیا هۆشیاری وڕێنمایی لەوبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە. یەکێک لەو کارەساتە ژینگەییانەی کە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای کرۆس کیس فارمز لیندەدە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا زیاتر لە بیست وپێنج هەزار پاوەند غەرامەکرا، پیسکردنی ڕووباری فرۆم بوو لە سۆمەرسێت بە هۆی پاشەڕۆی ئاژەڵەوە لە ساڵی٢٠٢٠ گروپی پاراستنی ماسی ئاوی شیرین، سکاڵایان تۆمارکردووە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنی کۆماپانیاکانی ئاو و ئاوەڕۆش. یەکێتی نیشتیمانی جوتیارانیش لەوبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، کە جوتیاران بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی ژینگە جێبەجێکردووە و هەروەها بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ جوتیاران بەڕێژەی ٧٥% کەمتر دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە. لەم بارەیەوە دەزگای ژینگە ئاماژەی بەوە کردووە ڕێکارەکانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی پاشماوەی ئاژەڵەکان ودەرمانەکانی پیتاندنی خاک لەسەر ژینگە زیاتر کردووە و سەرەتای ئەمساڵ سێ هەزار پشکنین بۆ کێڵگەکان ئەنجامدراون. دەزگای ژینگە بڕی ١٣ ملیۆن پاوەندی تەرخانکرد بۆ جوتیاران بۆ ئەوەی بەڕێکارێکی زانستیانە مامەڵە لەگەڵ پیسایی ئاژەڵەکانیان بکەن و ڕێگرن بن لەوەی تێكەڵ بە سەرچاوە ئاویەکان ببێت. هاوکات یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان و بە دوژمنێکی گەورەی ژینگە دائەنرێت پاشەڕۆی ئاژەڵەکانە و ئەمەش بەتایبەت پیشەسازی شیرەمەنی کاریگەری گەورەی هەیە، بەوەی پاشەڕۆی ئاژەڵەکان و دەرمانی پیتاندن دەڕژێنە ناو ئاوی رووبارەکان و بەڕێگای زانستی لەناو نابرێن وهەڵناگیرێن. قەبارەی هەریەک لە مانگا شیردەرەکانی بەریتانیا ٢.٦ ملیۆنە، کە ساڵانە بڕی ٥٣ لیتر ماددەی پیتاندنی خاک لە پاشماوەکەیانەوە بەرهەمدێت، کە دەکاتە ٥٠ ملیار لیتر بۆ هەر ساڵێک و ئەم بڕەش دەتوانێ زیاتر لە ١٢ جار یارگایەکی وەک وێمبڵی پڕبکاتەوە، کە زیانێکی زۆر بە سەرچاوە ئاویەکان وپیسبونی ژینگە دەگەێنێت.

هاوڵاتی وەرزشکارێکی ئێرانی پاڵەوانێتی لەشجوانی جیهانی بردەوە وخەڵاتەکەی بەخشیە ژنانی ئێران  هادی چۆپان، وەرزشکاری بەناوبانگی ئێرانیە، توانی پلەی یەکەم لە بەناوبانگترین کێبڕکێی جیهانی (ماستەر ئۆڵۆمپیاد) بەدەست بهێنێت و مەدالیاکەشی پێشکەشی ژنانی ئێران کرد. هادی چۆپان لە ساڵانی ڕابردوودا دووەم وسێەمی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەمساڵ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنیت و بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار بەدەستبهێنێت، خەڵاتەکەی پێشکەشی ژنانی ئێران کرد و وتی، هیوادارم ئەمە کەمێک لە خەمەکانی گەلی ئێران سوک بکات. پێشبڕکێی ماستەر ئۆڵۆمپیاد، بەناوبناگترین پاڵەوانی جیهانیە و لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا بەڕێوە چوو، لەم ئۆڵۆمپیاتەدا باشترین یاریزانەکانی لەشجوانی پێشبڕكێ دەکەن. براوەکانی ئەمساڵی پێشبڕکێکە بەمجۆرە بوون : هادی چۆپان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا وبڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاری بردەوە، دێریک لونسفۆرد کە پاڵەوانی ساڵی ڕابردوو بوو بڕی ١١٥ هەزار دۆلاری بردەوە،هەروەها نیک واکەریش پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا و بڕی ١٠٠ هەزار دۆلاری بردەوە. هادی چۆپان تەمەنی ٣٥ ساڵە و لە شاری سێپیدانی ئێران لەدایک بووە، لە تەمەنی سێزدە ساڵیەوە دەستیکردووە بە یاری لەشجوانی وئەمساڵ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و خەڵاتەکەشی پێشکەش بە ژنانی ئێران کرد؛ هادی چۆپان لەدوای بەیتوڵڵە عەباس پور تاکە ئێرانیە کە توانیبێتی ئەو پلەیە بەدەستبهنێت لە پێشبڕكێی ماستەر ئۆڵۆمپیاد. هادی چۆپان وتیشی" من توانیومە نوێنەرێکی باش بم بۆ خەڵکی ئێران و ئێمە دەبێ لەهەرشوینێکی دنیا بین شانازی پێکەوە بکەین.

هاوڵاتی  لەنزیك هەردوو شاری دەنكرك و كەڵێی- سنورە ئاوییەكانی فەرەنسا لە دووكەمپی كۆچبەراندا هەزار و 500 كۆچبەر دەژین . رۆژنامەی The Mirrorی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا باس لە دۆخی كۆچبەرەكان دەكات لەو دوو كەمپە كە تەنها ٢٦میل لەیەكەوە دورن و ژن و منداڵیشی تێدایەو دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.  رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە: لە رێگەی تیمێكەوە كۆچبەرانی ئەو دوو كەمپە بەسەركرانەوە، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر چەندین كەسیان بە چەقۆوە بینیوە كە شەڕیان دەكرد لەنزیك كەمپەكە و پاوێك كە لەو نزیكانە كۆشكێكی فرۆشتنی خۆراكی هەیە بە تیمەكەی راگەیاند:"ئەم كەمپە لەلایەن قاچاغچییەكەوە بەڕێوە دەبرێت و ئەنجامدانی ئەم ڕاپۆرتەش بۆ بەسەر كردنەوەی كۆچبەران كارێكی باش نابێت". كۆچبەرێك، كە داوایكرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە ناوی نەهێنرێت، بەو ڕۆژنامەیەی وتووە، لێرە زۆر مەترسیدارە قاچاغچیەكی كورد هەردوو كەمپەكە بەڕێوەدەبات و كاری قاچاخچێتی دەكات . وتوشێتی كە ئەوان زۆر لێیان دەترسن و بەهیوان تا ماوەیەكی زۆر ناچار نەبن لەوێ بمێننەوە. ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەشكردووە بەهۆی بارانەوە قوڕولیتەیەكی زۆر لەو كەمپە هەیەو لە ئێستادا دابەزینی پلەكانی گەرما گەورەترین مەترسییە لەسەر ژیانی ئەو كۆچبەرانە. هاوكات باسی لەوەشكرد لە مانگی ئایاردا دوو كۆچبەر كە بڕوا دەكرێت عێراقی بوبن بەهۆی دەمەقاڵێیان لەگەڵ قاچاخچییەكان و ئەو باندەی كەمپەكە بەڕێوە ئەبەن تەقەیان لێكراوەو بە سەختی بریندار بوون.