سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا.  لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات.  بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢  وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون. ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین  کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا. لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە.  رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن. بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت.  لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی  ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری  منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان. لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە. ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە  ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو  ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟    نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران.  پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف  UNICEF، لەهەرێمی کوردستان  و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە  ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها  ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)،  لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران  (١٢-١٧ ساڵان) تەنها  ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو  کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات.         لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟ بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن. هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن  بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە  پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن.   ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر  ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن.    کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان  بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ: رەنگە  بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.   کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی  ٤-١٧ ساڵ: دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان.   ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟  ئەو پێکووتەیەی  کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات. سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC  ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی  ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە .   ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟ وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە،  کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی  کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤) هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟  پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟  بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت.   سەرچاوەکان: 1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data 2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9. 3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC 4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)  

خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ی فیزیا، پزیشکی، کیمیا، وێژە و ئابوری لە مەراسیمێکدا کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو، بەخشرایە خاوەنەکانیان. خەڵاتی نۆبڵ کە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەهۆی پەتای کۆڤید١٩ نەتوانرا بەڕێوە بچێت، ئەمساڵ پێشکەشی خاوەنەکانیانکرا. لە رێورەسمەکەدا کە لە ماڵی کۆنسێرتەکانی ستۆکهۆڵم (کۆنسێرت هاوس) بەڕێوەچوو، بنەماڵەی شاهانەی سوید، ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، وەزیرەکان، نوێنەرانی پارتەکان، نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و براوەی خەڵاتەکان و هەروەها چەندین میوان بەشداربوو. خەڵاتی فیزیا بەخشرایە ئالان ئەسپێکت، جۆن ئێف کلۆزەر، ئەنتۆن زایلینگەر، خەڵاتی کیمیاش بەخشرایە کارۆلین بێرتۆزی، مۆرتن مێلدال و باری شارپلیس. هەروەها سڤانتێ پابۆ خەڵاتی فیزیۆلۆژی/پزیشکی وەرگرت، و بێن ئێس بێرنانکە، دۆگلاس دبلیو دایمۆند و فیلیپ ئێچ دیبڤیگ خەڵاتی ئابووریان وەرگرت. خەڵاتی وێژەییش بەخشرایە ئەنیێ ئێرنۆکس. براوەی خەڵاتی نۆبڵ بڕوانامە، مەدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی پارەی ٩٠٠ هەزار یۆرۆییان پێبەخشرا. ئەمساڵ بەرپرسانی روسیا و بیلاڕوس بانگهێشتی رێورەسمەکە نەکرابوون. لە لایەکی دیکەوە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢، ئەلیس بیالیاتسکی، بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە بیلاروس و ڕێکخراوەکانی میمۆریال و سەنتەری ئازادییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ لە روسیا و ئۆکرانیا، لە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکانیان وەرگرت .

هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند ، وەرگرتنی پەنابەری زیاتر و کارئاسانی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازان،دەتوانێت  وڵاتەکەی لە قەیرانی کەمیی دەستی کار دەرباز بکات. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندیی سیتیزن لە شاری پۆستدام رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە کرێکار و دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە وڵاتەکە "تاوەکو بتوانن ئابووریی وڵاتەکە بە سەقامگیری بهێڵنەوە." حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زیاتری کۆچبەران، ئەوەش بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی وڵاتەکە و راکێشانی زیاتری کرێکاری بیانی بەتواناتر؛ هەروەها لابردنی هەندێک لەو گوشارانەی کە لەسەر سیستمی خانەنشینانی ئەڵمانیا هەیە کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵگەیەکی بەتەمەن ناسراوە. هاوکات مانگی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا هەمواری لە یاسای وەرگرتنی پەناخوازان کرد، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی ئەڵمانیا و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ نێو ئەو وڵاتە.

  هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکراینا ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکراینا درێژەی هەیە وسوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە. کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هەمو ژێرخانی کارەبا لە شاری ئۆدێسا لە باشوری ئۆکرانیا كراوه‌ته‌ ئامانج، دوای ئەوەی روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ بۆردومانکردنی دو وێستگەی کارەبای ئۆکرانیا هەڵدا و بەوهۆیەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بێکارەبا بون. ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی رایگه‌یاند، "دۆخی ناوچەی ئۆدێسا زۆر سەختە، بەداخەوە هێرشه‌كان بەهێز بون، بۆیە چاكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان كاتی زۆر ده‌خایه‌نێت". وتیشی لە  کۆی ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، ١٠یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتەخوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی حكومه‌تی کیێڤ، ڕوسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئۆکرانیا کردوە و هێرشەکانی بە تاوانی جەنگ وەسف کردوە، بەهۆی کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی، مۆسکۆش دەڵێت هێرشەکان لە ڕوی سەربازییەوە "رێگه‌پێدراون". هاوکات تاران ڕەتیدەکاتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بۆ مۆسکۆ دابین کردبێت، کیێڤ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی دەڵێن ئێران "درۆ" دەکات

هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری درێسدن لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لانی کەم کەسێک کوژرا و هێشتا تەقەکەرەکە دەستگیرنەکراوە. پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، كه‌سێك به‌چه‌كه‌وه‌ هێرشی كردوه‌ته‌ سه‌ر مۆڵێكی گه‌وره‌ی شاری درێزدن و چه‌ندین هاوڵاتی ئه‌و شاره‌ی به‌دیلگرتوه‌، تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر ره‌وانه‌ی مۆڵه‌كه‌ كراون و توانیویانه‌ 20 هاوڵاتی رزگاربكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون به‌رده‌وامییان هه‌یه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و پۆلیسی وڵاته‌كه‌ ره‌وانه‌ی مۆڵه‌كه‌ كراون و له‌ ئێستاشدا داوایان له‌ هاوڵاتیان كردوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نزیكی ئه‌و مۆڵه‌ نه‌كه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ رون نییه‌ و تیمه‌كانیان سه‌رقاڵی رزگاركردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌دیل ده‌ستبه‌سه‌ریكردون. هەروەها لەگەڵئەوەی رۆژنامه‌ی بێڵدی وڵاته‌كه‌ باس له‌ كوژرانی كه‌سێك ده‌كات، به‌ڵام پۆلیس ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان پشتڕاستبکاتەوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپێکی 25 کەسی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە ئەڵمانیا دەستگیرکران.

هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا نزیکەی ١٩ ملیار یۆرۆی سەرمایەدارانی روسیا بلۆک دەکات بە پێی داتاکانی یەکێتی ئەوروپا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاو لەسەروو ھەموویانەوە بەلژیکا و لۆکسمبۆرگ،١٨.٩ ملیار یۆرۆی ھەزار و ٢٤١ کەسایەتی و ١١٨ قەوارەی روسیایان بلۆککردووەو چوونیان بۆ ناو وڵاتانی ئەوروپا قەدەغەکراوە، بەو پێیەی رۆڵیان ھەبووە لە جەنگی ئۆکراین. ھاوکات یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی پێشنیازێکە بۆ بەکارھێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسەکان بەمەبەستی دابینکردنی خەرجییەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین.    

خوشکەزای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی رەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. فەریدە مورادخانی، چالاکی مەدەنی دوای ئەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە خوێنڕێژ و بکوژ ناوبرد دەستبەسەر کرا لە لایەن دادگاوە 15 ساڵ زیندایی بەسەردا سەپێنرا. پارێزەری مورادخانی رایگەیاندوە دوای پێداچونەوە بە دۆسیەکەی بڕیاری زیندانییەکەی لە 15 ساڵەوە بوە بە سێ ساڵ. فەریدە مورادخانی کە خوشکەزای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان داوای لە وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتوەکان کرد لە ئاست کوشتاری خەڵک و توندوتیژیی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن. پێشتر بەدریە خامنەیی، خوشکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران بە رێبەرایەتیی وڵاتەکەی بێبەریبونی لە عەلی خامنەیی راگەیاند.  

هاوڵاتی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەنوس کوژراون. رۆژی هەینی 9ـی کانوونی یەکەمی 2022،فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنوسان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەوانان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ 67 رۆژنامەنوس کوژراون،بەوەش ، کوژرانی رۆژنامەنوسان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40٪ زیادیکردووە.  بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئۆکراینا "مەترسیدارترین" وڵات بووە بۆ رۆژنامەنوسان، بەجۆرێک 12 رۆژنامەوان تێیدا کوژراون. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد.  بنکەی سەرەکی فێدراسیۆنەکە، لە برۆکسلی بەلجیکایە و نوێنەرایەتیی 600 هەزار رۆژنامەوان لە سەندیکا و دامەزراوەکانی 140 وڵات دەکات ڕاشیگەیاند، ئێستا 375 رۆژنامەنوس لە جیهاندا بەهۆی کارەکەیانەوە لە زینداندان و بەرزترین ژمارە لە تورکیا، چین و میانمارن. ئەوە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو 365 رۆژنامەنوس لە زینداندا بوون. 

هاوڵاتی لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ریازی پایتەختی سعودییە کۆبونەوە و رایانگەیاند، دەیانەوێت هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات بۆ ئاستی هاریکاری ستراتیژی بەرزبکرێتەوە و لەبواری ئابوری و بوارەکانی دیکەش پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان بەیجین و بەغدا دەدەن. له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 9ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شی جی پینگ سه‌رۆكی چین، كۆبوونه‌وه‌ و تاووتوێی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و سوودوه‌رگرتنی عێراق له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی چین و به‌هێزكردنی شه‌راكه‌تی هاوبه‌ش كرا. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە سەرۆک وەزیران لەکۆبونەوەکەدا جەختیکردەوە لەوەی عێراق دەیەوێت سود لە ئەزمونی چین لە چەندین بواری جیاوازدا وەربگرێت، ئومێدیشی وایە هاوبەشی لەگەڵ چین لە چوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتێن و ڕێگا" برەوی زیاتری پێبدرێت بەتایبەت لەبوارەکانی ئاوەدانی و پتەوکردنی ژێرخان لەبوارە جۆر بەجۆرەکاندا. لای خۆیەوە شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئاماژەی بەوەداوە، چاوەڕێ لە عێراق دەکرێت بەهۆی پێگە جوگرافی و شارستانیەتییەکەیەوە رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە پڕۆژەکانی گەشەسەندنی بەردەوام، بەجۆرێک بەغدا دەتوانێت ببێت بە پردێک بۆ بەیەکگەیاندنی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بۆیە ئومێد دەخوازن کە هاوکاری نێوان هەردو وڵات لەسەرجەم بوارەکان بەردەوام بێت، چینیش پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق دوپاتدەکاتەوە.

هاوڵاتی بڕیاره‌ پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، سه‌رۆكی هه‌نگاریا، كاتالین نۆڤاك له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق، بگاته‌ هه‌ولێری پایته‌خت. نووسینگەی سەرۆکایەتیی هەنگاریا لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، خانمە سەرۆکەکە تاوەکو شەممە لە عێراق دەمێنێتەوە؛ بڕیارە لەو ماوەیەدا سەردانی هێزەکانی هەنگاریا بکات کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون.  به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، نۆڤاك له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکات. کاتالین نۆڤاک کە یەکەمین خانمە پۆستی سەرۆکایەتیی هەنگاریای وەرگرتبێت، دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە لە مێژوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.    

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایده‌گه‌یه‌نێت،  لە داهاتووێكی نزیکدا سوید و فینلەند بە فەرمی دەبنە ئەندامی هاوپه‌یمانی ناتۆ. ئەنتۆنی بلینکن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، لەبارەی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتەوە رایگەیاند، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون بۆئەوەی واژۆ لەسەر پرۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید و فینلاند له‌ ناتۆ بکەن. هه‌روه‌ها گوتی: "هەرگیز پڕۆسەی ئەندامێتی وڵاتێک لە ناتۆ لەوە خێراتر نەبووە، 28 وڵات پرۆتۆکۆڵی لکاندنی ئه‌م دوو وڵاته‌یان پەسەندکردووە و کار لەسەر سەر هەنگاریا و تورکیاش دەکەین". ده‌شڵێت: "پشتڕاستم لە داهاتووێكی نزیکدا دەتوانین هەر دوو وڵات وەک هاوپەیمانی فەرمی ناتۆ ناوزەد بکەین".  ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆک کۆماری تورکیا دژایەتی خۆی بۆ بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ رایگه‌یاند، بە پاساوی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە چەند رێکخراوێكی چەکداری دەکەن.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئەوروپا دژی لەسێدارەدانی گەنجێکی خۆپیشاندەر لە تاران ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. بەریتانیا،فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا و نەمسا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی لەسێدارەدانی مۆحسین شکاری تەمەن 23 ساڵ بە تۆمەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە وڵاتەکەی. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئیدانەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لە ئێران کرد و رایانگەیاند لەسێدارەدانی شکاری لە تاران ئەو راستییەی ئاشکرا کردوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگای دادی ئەو وڵاتە بە دور لە رەوشت و مافەکانی مرۆڤە. وەزارەتی دەرەوەی نەمسا دوای لەسێدارەدانی شکاری رایگەیاند؛ ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەگونجاو و نامرۆڤانەیە و بە توندی ئیدانەی دەکات. نەمسا لەگەل دەربڕینی دژایەتیی وڵاتەکەی بۆ سزای سێدارە داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە کە سەرجەم ئەو سزاکانی سێدارەی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە رابگرێت. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا توڕەیی وڵاتەکەی بۆ لەسێدارنی کەسێکی ناڕازیی لە تاران دەربڕیی و وتی ئەو خەمبارە بەو روداوە و جیهان ناتوانێت چاوپۆشیی لەو توندوتیژیانە بکات کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خۆپیشاندەران و خەڵک بەکاری دەهێنێت. کلێڤێرلی رایگەیاند؛ بەریتانیا دژی هەمو جۆرە سزایەکی سێدارەیە.   ئانالینا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە پەیامێک لە تویتەر رایگەیاند؛ لە سێدارەدانی ئەو گەنجەی لە تاران بە نامرۆڤانە لەقەڵ دا و دەسەڵاتی ئێران ناتوانێت بەو سزایە دەنگی ئازادیخوازیی لە وڵاتەکە بێدەنگ و کپ بکات. بەیربۆک نوسیویەتی: رفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نامرۆڤانەیە و هیچ سنورێکی نییە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە پەیامێکدا رایگەیاند؛ مۆحسین شکاری لە ماوەی سێ هەفتەدا بە شێویەکی نادادپەروەرانە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دەستبەجێش ئەو سزایەی جێبەجێ کراوە کە ئەوەش ئەوپەڕی نادادپەروەریی و مەترسیداربونی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەخات. رێکخراوەکە داوای لە وڵاتانی جیهان کردوە بە زوترین کات و بەپەلە رێگریی لە دەسەڵاتی ئێران بکەن بۆ ئەوەی چیتر سزای سێدارە لەو وڵاتە جێبەجێ نەکرێت و سەرجەم سزاکانی سێدارە بە تەواوەتی راگیرێت. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا دژایەتیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران راگەیاند و ئیدانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی و سزای سێدارە لە دژی خەڵکی ناڕازیی. خۆپیشاندەرێکی لە ئێران لەسێدارە درا    

هاوڵاتی ٣٤ گرێبەستی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان لەنێوان کۆمپانیاکانی سعوودیە و چیندا، واژوو کران. ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، ئەو گرێبەستانەی کە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکی چین، شی جین پینگ بۆ سعوودیە رێککەوتنیان لەسەر کرا، بە ئامادەبوونی وەزیری وەبەرهێنانی سعوودیە، خالد بن عەبدولعەزیز ئەل فالح، سکرتێرەکان و نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا واژوویان لەسەر کراوە. ئاماژە بەوە دراوە کە گرێبەستەکان بوارە جیاوازەکانی وەک وزەی سەوز، هایدرۆجینی سەوز، وزەی خۆر، زانیاری تەکنەلۆجیا، خزمەتگوزارییەکانی گەور، گواستنەوە و گەیاندن، لۆجیستیک، پیشەسازی تەندروستی، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و ئاوەدانکردنەوە لەخۆ دەگرن. خالد بن عەبدولعەزیز ئەل فالح ئاماژەی بەوە دا کە واژووکردنی ئەو گرێبەستانە دەرخەری ویستی هەردوو وڵاتە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارێکدا و گوتی: "سەردانی سەرۆکی چین بۆ سعوودیە دەرخەری بەرەوپێشترچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە هەموو بوارێکدا".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا رایگەیاند ئازایەتی و بوێریی ژنانی ئێران هاندەرەێکی گەورەیە و واشنتۆن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەسەڵاتی ئیران ناچار دەکەن بە وەڵامدانەوە لە ئاستی سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان. کامالا هاریس، لە پەیامێکیدا لە تویتەر رایگەیاند؛ بوێری و ئازایەتیی ژنان و کچانی ئێران هاندەرێکی سەرەکیی بون بۆ ئەو و دەبێت دەسەڵاتی ئێران ناچار بکرێت بە راگرتنی توندوتیژیی دڕندانە لە دژی خەڵک و خۆپیشانداەران وڵاتەکە. ئەو بەرپرسەی ئەمریکا بە دانانی وێنەی بەرگی یەکەمی گۆڤاری تایم کە ژنانی ئێرانی تێدا بڵاو کراوەتەوە ئەوانی بە پاڵەوانی جیهان ناوهێناوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردوەتەوە وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی ژنان و خۆپیشاندەرانی ئێران بۆ راگرتنی توندوتیژییەکان لە ئاست ناڕەزایەتییەکاندا.  

دەزگای دادی ئێران سزای سێدارەی گەنجێکی بە بیانوی داخستنی شەقامێکی تاران لە ناڕەزایەتییەکان جێبەجێ کرد. لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە موحسین شکاری کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی وەک ناڕەزایەتیی شەقامی سەتتارخان لە  تارانی پایتەختی داخستوە و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیشی بریندار کردوە. دەزگای داد ئاشکرای کردوە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ئەو گەنجە بە پێی یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کراوە. لە سێدارەدانی ئەو گەنجە لە تاران لەکاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە 50 خۆپیشاندەر بە بیانوی تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری لەسێدارەدانیان هەیە. رۆژی چوارشەممەی رابردوش نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران ئاماژەیەکی رونی لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.