رووسیا لە خارکیڤ هێرشی کردووە و ئۆکراینا دەڵێت بە سەختی رووبەڕوویان بووینەتەوە
7 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
رووسیا هێرشی زەمینی بۆ سەر ئۆکراینا لە نزیک شاری خارکیڤ دەستپێکردەوە و ئۆکراینا دەڵێت ژمارەیەک هێڵی بەرگریان تێپەڕاندووین. ئۆکراینا هێزی پشتیوانیی بۆ ئەو ناوچەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان ناردووە.
ئەمڕۆ هەینی 10-5-2024، سوپای رووسیا لە نزیک شاری خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هێرشی زەمینی بە بەکارهێنانی تۆپ و دەبابە کردە سەر هێڵەکانی بەرگریی ئۆکراینا.
ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رووسیا هێرشی پێچەوانەی لەو ئاڕاستەیەوە دەستپێکردووە و ئێستا شەڕێکی زۆر سەخت لەو ناوچەیە دەگوزەرێت.
ئۆکراینا لە پێشتردا هۆشداری دابوو کە رووسیا لەو ناوچەیە دەستی بە کۆکردنەوەی هێزی زیاتر کردووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن دڵنیا نەبوون کە ئایا رووسیا هێرشەکە دەکات یاخود نا.
زیلنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن رووسیا ئەم بەهارە یان هاوین هێرشێکی فراوان بکات؛ دەشڵێت، بۆ هێرشەکەی ئەمجارە سوپاکەیان ئامادەبووە، بەڵام لەوانەیە رووسیا سەربازی زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە بنێرێت و کێشەیان بۆ دروستبکات.
زیلنسکی دەڵێت، بە نزیکەیی کاژێر 5:00ی سەرلەبەیانی رووسیا هەوڵێکی بۆ تێکشکاندنی یەکێک لە هێڵەکانی بەرگریمان دا، بەڵام وەڵامی درایەوە. تاوەکو ئێستاش بە گوتەی زیلنسکی شەڕ بە چڕی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیە.
رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی بۆ ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا بە کریمیاوە 18٪ی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردووە و دەشڵێت ئامانجم هەرێمی دۆنباسە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
هێرشەکانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر خارکیڤی ئۆکراینا لە سەرووبەندی ناردنی هاریکاریی سەربازی زیاتر لە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا بوو.