کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ بۆ بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین لە رێکخراوەکە دەدات

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە گوایە "ماف و بەرژەوەندی" زیاتر دەداتە فەڵەستین و رێگە بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی بە ئەندامبوونی دەسەڵاتی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشدەکات.

رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین کۆدەبێتەوە و دەنگدەدات. ئەمریکا کە مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، بە تەواوەتی لە دژی ئەو هەنگاوەیە، هەربۆیە بە ئەندامبوونی فەڵەستینی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 18ی نیسانی ئەمساڵ ڤیتۆ کرد.

رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات.

دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن".

لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت.

بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار