هاوڵاتی ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ رایگەیاند، هێزەکانیان نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەویی بکەن. بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ دوشەممە ئۆکرانیا رایگەیاند، کە هێزەکانی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە، هاوکات راپۆرتەکانی ڕوسیا باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی روسیا توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كان لەکاتی فڕینیاندا بوه‌ لە ئاسمانی کیێڤی پایتەختدا، ئه‌وه‌ش لە دوایین هه‌وڵی روسیا بۆ هێرشكردنه‌ سەر شارەکە. لە لایەکی دیکەوە،وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەو یەکانەی کە لەسەر میحوەری دۆنێتسک کاردەکەن، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرەکانیان و گوندی یاکۆڤلێڤکایان کۆنتڕۆڵکردوە، کە دەکەوێتە سەر خاکی دۆنێتسک. بەرگری ڕوسیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا باسی له‌وه‌كردوه‌، کە لە ئێستادا، "هێزەکانی ڕوسیا كارده‌كه‌ن بۆ پاککردنەوەی گوندەکە لە پاشماوەی سوپای ئۆکرانیا"، ده‌ڵێت، "ژمارەی کوژراوانی دوژمن له‌ دۆنێتسک لە 40 سەربازی تێپەڕاندوە له‌ماوه‌ی رۆژێكدا".

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو. رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە. لە راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامەدا ئاماژە بە ناوی چەند کچ و ژن کراوە کە دوای دەستگیرکردنیان بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و برینداربونی ئەندامانی زێیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ئەو رۆژنامەیە بە پێی بەڵگەکانی کەمپینی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکایە بڵاوی کردوەتەوە؛ کچێکی تەمەن 20 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە ژێر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیدا لە شاری کەرەج رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کراوە و پزیشک و پەرەستارانی ئەو نەخۆشخانەیە کە بە سەری تاشراو و جەستەی لەرزۆک  ئەو کچەیان بینیویە توشی شۆک بون و دوای چارەسەر و نەشتەرگریی کچەکە دوبارە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی ئەمنیی ئێران. هادی قائیمی، بەڕێوبەری کەمپنی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاندوە؛ کچێک بە ناوی مەعسومە تەمەن 14 ساڵان لە ناوچەیەکی هەژانشینی تاران کە خوێندکار بوە تەنها لەبەر ئەوەی وەک ناڕەزایەتی سەرپۆشەکەی لابردوە، دەستگیرکراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەکراوە کە بەهۆی لەدەستدانی کچێنی و خوێنبەربونی زۆری جەستەی گیانی لەدەستداوە. قائیمی دەڵێت دایکی مەعسومە کە ویستویەتی مەرگ و دەستدرێژیی سەر کچەکەی ئاشکرا بکات تا ئێستا بێسەروشوێنە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردوە ئەگەرچی بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرابونی زۆربەی دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسی لە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و تەنانەت زیندانەکانی ئیڕان کارێکی ئاسان نییە بەڵام ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر بەهۆی تۆمارکردن و هەڵگرتنەوەی ڤیدیۆ لێیان ناچاربون بێدەنگیی هەڵبژێرن. پێشتریش سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردبو کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ بێدەنگ کردنی گەنجان دەستدرێژییان کردوەتە سەر کوڕان و کچانی گەنجی دەستگیر لە ناڕەزایەتییەکاندا.

هاوڵاتی کێڵگەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە بەریتانیا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٠ جار زیاتر ڕووبارەکانیان پیسکردووە، ئەمەش بوەتە هۆی زیاتر لە بیست رووداوی مەترسیداری ژینگەیی. حوکمەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ساڵی ٢٠٢١ تەنها شەش کێڵگە دادگایی کراون ، لەگەڵ ئەوەشدا لەبری لێپێچینەوە دەزگای ژینگەی بەریتانیا هۆشیاری وڕێنمایی لەوبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە. یەکێک لەو کارەساتە ژینگەییانەی کە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای کرۆس کیس فارمز لیندەدە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا زیاتر لە بیست وپێنج هەزار پاوەند غەرامەکرا، پیسکردنی ڕووباری فرۆم بوو لە سۆمەرسێت بە هۆی پاشەڕۆی ئاژەڵەوە لە ساڵی٢٠٢٠ گروپی پاراستنی ماسی ئاوی شیرین، سکاڵایان تۆمارکردووە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنی کۆماپانیاکانی ئاو و ئاوەڕۆش. یەکێتی نیشتیمانی جوتیارانیش لەوبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، کە جوتیاران بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی ژینگە جێبەجێکردووە و هەروەها بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٠ جوتیاران بەڕێژەی ٧٥% کەمتر دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە. لەم بارەیەوە دەزگای ژینگە ئاماژەی بەوە کردووە ڕێکارەکانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی پاشماوەی ئاژەڵەکان ودەرمانەکانی پیتاندنی خاک لەسەر ژینگە زیاتر کردووە و سەرەتای ئەمساڵ سێ هەزار پشکنین بۆ کێڵگەکان ئەنجامدراون. دەزگای ژینگە بڕی ١٣ ملیۆن پاوەندی تەرخانکرد بۆ جوتیاران بۆ ئەوەی بەڕێکارێکی زانستیانە مامەڵە لەگەڵ پیسایی ئاژەڵەکانیان بکەن و ڕێگرن بن لەوەی تێكەڵ بە سەرچاوە ئاویەکان ببێت. هاوکات یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان و بە دوژمنێکی گەورەی ژینگە دائەنرێت پاشەڕۆی ئاژەڵەکانە و ئەمەش بەتایبەت پیشەسازی شیرەمەنی کاریگەری گەورەی هەیە، بەوەی پاشەڕۆی ئاژەڵەکان و دەرمانی پیتاندن دەڕژێنە ناو ئاوی رووبارەکان و بەڕێگای زانستی لەناو نابرێن وهەڵناگیرێن. قەبارەی هەریەک لە مانگا شیردەرەکانی بەریتانیا ٢.٦ ملیۆنە، کە ساڵانە بڕی ٥٣ لیتر ماددەی پیتاندنی خاک لە پاشماوەکەیانەوە بەرهەمدێت، کە دەکاتە ٥٠ ملیار لیتر بۆ هەر ساڵێک و ئەم بڕەش دەتوانێ زیاتر لە ١٢ جار یارگایەکی وەک وێمبڵی پڕبکاتەوە، کە زیانێکی زۆر بە سەرچاوە ئاویەکان وپیسبونی ژینگە دەگەێنێت.

هاوڵاتی وەرزشکارێکی ئێرانی پاڵەوانێتی لەشجوانی جیهانی بردەوە وخەڵاتەکەی بەخشیە ژنانی ئێران  هادی چۆپان، وەرزشکاری بەناوبانگی ئێرانیە، توانی پلەی یەکەم لە بەناوبانگترین کێبڕکێی جیهانی (ماستەر ئۆڵۆمپیاد) بەدەست بهێنێت و مەدالیاکەشی پێشکەشی ژنانی ئێران کرد. هادی چۆپان لە ساڵانی ڕابردوودا دووەم وسێەمی بەدەستهێنابوو، بەڵام ئەمساڵ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنیت و بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار بەدەستبهێنێت، خەڵاتەکەی پێشکەشی ژنانی ئێران کرد و وتی، هیوادارم ئەمە کەمێک لە خەمەکانی گەلی ئێران سوک بکات. پێشبڕکێی ماستەر ئۆڵۆمپیاد، بەناوبناگترین پاڵەوانی جیهانیە و لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا بەڕێوە چوو، لەم ئۆڵۆمپیاتەدا باشترین یاریزانەکانی لەشجوانی پێشبڕكێ دەکەن. براوەکانی ئەمساڵی پێشبڕکێکە بەمجۆرە بوون : هادی چۆپان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا وبڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاری بردەوە، دێریک لونسفۆرد کە پاڵەوانی ساڵی ڕابردوو بوو بڕی ١١٥ هەزار دۆلاری بردەوە،هەروەها نیک واکەریش پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەکەی بەدەستهێنا و بڕی ١٠٠ هەزار دۆلاری بردەوە. هادی چۆپان تەمەنی ٣٥ ساڵە و لە شاری سێپیدانی ئێران لەدایک بووە، لە تەمەنی سێزدە ساڵیەوە دەستیکردووە بە یاری لەشجوانی وئەمساڵ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و خەڵاتەکەشی پێشکەش بە ژنانی ئێران کرد؛ هادی چۆپان لەدوای بەیتوڵڵە عەباس پور تاکە ئێرانیە کە توانیبێتی ئەو پلەیە بەدەستبهنێت لە پێشبڕكێی ماستەر ئۆڵۆمپیاد. هادی چۆپان وتیشی" من توانیومە نوێنەرێکی باش بم بۆ خەڵکی ئێران و ئێمە دەبێ لەهەرشوینێکی دنیا بین شانازی پێکەوە بکەین.

هاوڵاتی  لەنزیك هەردوو شاری دەنكرك و كەڵێی- سنورە ئاوییەكانی فەرەنسا لە دووكەمپی كۆچبەراندا هەزار و 500 كۆچبەر دەژین . رۆژنامەی The Mirrorی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا باس لە دۆخی كۆچبەرەكان دەكات لەو دوو كەمپە كە تەنها ٢٦میل لەیەكەوە دورن و ژن و منداڵیشی تێدایەو دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.  رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە: لە رێگەی تیمێكەوە كۆچبەرانی ئەو دوو كەمپە بەسەركرانەوە، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر چەندین كەسیان بە چەقۆوە بینیوە كە شەڕیان دەكرد لەنزیك كەمپەكە و پاوێك كە لەو نزیكانە كۆشكێكی فرۆشتنی خۆراكی هەیە بە تیمەكەی راگەیاند:"ئەم كەمپە لەلایەن قاچاغچییەكەوە بەڕێوە دەبرێت و ئەنجامدانی ئەم ڕاپۆرتەش بۆ بەسەر كردنەوەی كۆچبەران كارێكی باش نابێت". كۆچبەرێك، كە داوایكرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە ناوی نەهێنرێت، بەو ڕۆژنامەیەی وتووە، لێرە زۆر مەترسیدارە قاچاغچیەكی كورد هەردوو كەمپەكە بەڕێوەدەبات و كاری قاچاخچێتی دەكات . وتوشێتی كە ئەوان زۆر لێیان دەترسن و بەهیوان تا ماوەیەكی زۆر ناچار نەبن لەوێ بمێننەوە. ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوەشكردووە بەهۆی بارانەوە قوڕولیتەیەكی زۆر لەو كەمپە هەیەو لە ئێستادا دابەزینی پلەكانی گەرما گەورەترین مەترسییە لەسەر ژیانی ئەو كۆچبەرانە. هاوكات باسی لەوەشكرد لە مانگی ئایاردا دوو كۆچبەر كە بڕوا دەكرێت عێراقی بوبن بەهۆی دەمەقاڵێیان لەگەڵ قاچاخچییەكان و ئەو باندەی كەمپەكە بەڕێوە ئەبەن تەقەیان لێكراوەو بە سەختی بریندار بوون.

هاوڵاتی دوای چەند رۆژێکی کەم لە خنکانی چوار کۆچبەر و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە، بەرپرسانی فەرەنسا رایانگەیاند، شەوی هەینی 166 کۆچبەری دیکەیان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگار کردووە، کە لەنێو بەلەمی خراپبوودا لەنێو ئاوی ساردی نۆکەندەکە گیریان خواردبوو. پۆلیسی کەناراوەکانی فەڕەنسا باسی لەوەشکرد، ئەو کۆچبەرانە لە بەندەری کالێی فەڕەنساوە بەرەوە بەریتانیا لەڕێگادابوون، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەلەمەکەیان تێکشکاوە و دواتر پۆلیسی فەڕەنسا ڕزگاریانکردوون بەرپرسانی شاری کالاسی باکووری فەرەنسا دەڵێن، بەلەمێکی هێزی دەریایی نزیکەی 50 کەسیان لە بەلەمێکی "لێقەوماودا" لە ئاوەکانی باکووری شارەکە رزگار کردووە. بەلەمێکی دیکەی سەربازی 31 کۆچبەری دیکەی لە هەمان شوێن رزگارکرد، کە بەلەمەکەیان نقووم ببوو. هەروەها پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا 45 کەسی دیکەیان گەیاندبووە کەنارەکانی شاری کالاس دوای ئەوەی پەیوەندییان پێوە کردبوون و داوای بەهاناوەچوونیان کردبوو. هاوکات بەلەمێکی دیکەی فریاگوزاری 40 کەسی دیکەی لەو دەوروبەرانە گەیاندە کەناری ئارامی. بەتەنها لەمساڵدا زیاتر لە 40 هەزار کۆچبەری نایاسایی هەوڵیانداوە دەریای مانش ببڕن و لە فەڕەنساوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا، گۆڕانەکانی کەشوهەوا شەپۆلەکانی ئەو دەریایەش بووە بە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کۆچبەرانە.

نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران بۆ زیاتر لە 39 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەش دەڵێت: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردو کاریگەریی گەورەیان لەسەر دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی هەبوە. بەهای دۆلار لە ئێران بەردەوامە لە بەرزبونەوە و تەنها لە مانگێکدا بەهای دراوی دۆلار نزیکەی 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و دراوی تمەن تا ئێستا زیاتر لە  95٪ی بەهاکەی لە بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە. رۆژی یەکشەممە نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر 39هەزار و 400 تمەن و بەوەش دراوی دۆلار ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەرزبونەوەی نرخ لە وڵاتەکە تۆمار کرد. لە لایەکی دیکەوە عەلی ساڵح ئابادی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ریگەیاند؛ خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتییان بە تەنیشت گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکاوە، کاریگەری نەرێنی گەورەیان هەبوە لەسەر دۆخی ئابوری وڵاتاکە و بەهای تمەنیان بە شێوەیەکی پێوانەیی دابەزاندوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە بۆ رێگریکردن لە زیاتر دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی کار بۆ خستنە بازاڕی زیاتری دۆلار دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە جەند رۆژی رابردودا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی مێژویی تۆمارکرد و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 395 هەزار و 600 تمەنی ئێرانی.

ئەمڕۆ 92رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتی و گردبونەوە و مانگرتنەکان لە ناوخۆ و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوە بەردەوامن و ئەمریکا و بەریتانیا هۆشداریی دەدەنە دەسەڵاتی ئێران و جەخت لە سەپاندنی سزای نوێ دەکەنەوە. رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ کچە خوێندکارێکی لوڕ-ی خەڵکی شاری ماڵێ میر(ئیزە) بەڕێوچو کە تەرمەکەی پاش هەشت رۆژ لە بێسەروشوێنبون لە روباری کارون لە شاری ئەهواز دۆزرایەوە. تەرمی دونیا فەرهادی خوێندکاری بەشی تەلارسازی زانکۆی ئەهواز بە ڕێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک سپێردرا و لە زانکۆی ئەهوازیش ناڕەزایەتیی بۆ مەرگی دونیا بەڕێوچو. لە زانکۆکانی ئەهواز و شیراز و  کرماشان ناڕەزایەتی و گردبونەوەی خوێندکاران بەردەوام بو و لە میترۆکانی تارانی پایتەختیش دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە. پێنج رۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتیی پاڵاوگەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە ئێران بەردەوامە و سەدان کرێکار دوای مافەکانیان دەکەن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری شنۆ گەنجێک بە ناوی بەهمەن مەعروفی دوای دەستبەسەرکردنی لە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی شارەکە تەنها چوار کاتژمێر دوای ئازادکردنی گیانی لەدەستدا کەسوکاریشی رایانگەیاندوە دەزگای هەواڵگریی ئێران بەپرسیار و هۆکاری مەرگی بەهمەنە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە محەمەد حاجی روسوڵپور، کە یەکێک بوە لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان، بەهۆی ئەشکەنجەوە و بێهۆش بوە و ژیانی لە مەترسیدایە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رێکخراوانە تا ئێستا زیاتر لە 11 گەنجی کورد بە هۆی ئەشکەنجە لە زیندان و ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران کوژراون. ئەمڕۆ تەرانەی عەلی دوستی، خانمە ئەکتەری ئێران دوای ئەوەی هەفتەی رابردو رایگەیاندبو؛ بێدەنگیی بەرامبەر دەسەڵات پشتیوانیکردنە لە ستەم و ستەمکار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا. عەلی دوستی وەک ناڕەزایەتییە بەرامبەر لەسێدارەدانی گەنجان ، رایگەیاندوە نابێت بە بێدەنگیی رێگە بدرێت سزای سێدارە لە ئێران جێبەجێ بکرێت. ئەمریکا رایگەیاند بە قوڵی نیگەرانی سەرکوت و سێدارەیە لە ئێران و سەرۆکی سی ئای ئەی دەڵێت: دەسەڵاتی تاران وەڵامی داواکاریی خەڵکی وڵاتەکەی پێنادرێتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوام دەبێت. ڤەدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند؛ واشنتۆن سەرەڕای ئەوەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندان و خەڵک ئیدانە دەکات هەوڵی سزادانی زیاتری تاران دەدات . لە لایەکی دیکەوە ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) رایگەیاند؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییی گەنجانی وڵاتەکە بێت و ناڕەزایەتییەکانیش دژی دەسەڵات بەردەوام دەبێت. سەرۆکی سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (پی بی ئێس) وتی: بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان لە سێ مانگدا ئاماژەی بوێری و ئازایەتیی خەڵکی گەنج و ناڕزاییە لە ئێران و وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکان گەلان و چین و توێژە جیاوازەکانی سەرتاسەری جوگرافیای ئێرانی گرتوەتەوە کە ئاماژەی بەرفراوانبون و بەهێزبونی ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر دەسەڵات کە پێناچێت ئەو دەسەڵاتە بتوانێت وەڵامی خواستی ئەو خەڵک و چین و توێژە جیاوازانەی پێبدرێتەوە. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕینی سێ مانگ بەسەرمەرگی ژینا ئەمینی، رایگەیاند بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خەڵک و خۆپیشاندەران ئەنجامی داوە لە لایەن لەندەنەوە 40 بەرپرسی باڵای سزا دراون. بەریتانیا یەکەم وڵات بو کە وەک ناڕەزایەتیی بە مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی، سزای بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیدا سەپاند و بە گشتی لە ماوەی 90 رۆژدا لانیکەم 300 سزای دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە. لێدوانی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا و بەریتانیا دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە رایانگەیاندوە؛ بە سەرکەوتویی کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکان هێناوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە تا ئێستا 39 کەس لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوەیە بە لە 92 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 469 کەس کوژراون و کە 63 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە و هەر لەو ماوەیەدا 32 ژن لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی(Amnesty International) رایگەیاند؛ تا ئێستا سزای سێدارەی 26 خۆپیشاندەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یەکلایی بوەتەوە و ئەگەری لەسێدارەدانی 11 کەس زۆر نزیکە. لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەشی ئاشکرا کردوە دادگاکانی ئێران ئامادەکارییان کردوە بۆ لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەر کە یەکێکیان سامان یاسین، هونەرمەدنی شاری کرماشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.    

ئەمریکا رایگەیاند بە قوڵی نیگەرانی سەرکوت و سێدارەیە لە ئێران و سەرۆکی سی ئای ئەی دەڵێت: دەسەڵاتی تاران وەڵامی داواکاریی خەڵکی وڵاتەکەی پێنادرێتەوە و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوام دەبێت. ڤەدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند؛ واشنتۆن سەرەڕای ئەوەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندان و خەڵک ئیدانە دەکات هەوڵی سزادانی زیاتری تاران دەدات . ئەو وتی وڵاتەکەی بە قوڵی نیگەرانە لە سزای سێدارە و سەرکوتی ژنان و گەنجانی ناڕازیی ئێران بۆیە واشنتۆن هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە نەتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی روداوەکانی سێ مانگی رابردو دەرباز بەکات و دەبێت ناچار بکرێت بە وەڵامدانەوە و بەرپرسیارێتی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان. لە لایەکی دیکەوە ویلیام بێرنز، سەرۆکی دەزگای ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) رایگەیاند؛ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییی گەنجانی وڵاتەکە بێت و ناڕەزایەتییەکانیش دژی دەسەڵات بەردەوام دەبێت. سەرۆکی سی ئای ئەی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (پی بی ئێس) وتی: بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان لە سێ مانگدا ئاماژەی بوێری و ئازایەتیی خەڵکی گەنج و ناڕزاییە لە ئێران. ئەو وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکان گەلان و چین و توێژە جیاوازەکانی سەرتاسەری جوگرافیای ئێرانی گرتوەتەوە کە ئاماژەی بەرفراوانبون و بەهێزبونی ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر دەسەڵات کە پێناچێت ئەو دەسەڵاتە بتوانێت وەڵامی خواستی ئەو خەڵک و چین و توێژە جیاوازانەی پێبدرێتەوە. لێدوانی ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێکە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندوە؛ بە سەرکەوتویی کۆتاییان بە ناڕەزایەتییەکان هێناوە.

هاوڵاتی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەبڕی ٨٥٨ ملیار دۆلار بودجەی پەسەند کرد بۆ بەرگری ئەمریکا، پرۆژە یاساکە ڕەوانەی کۆشکی سپی کراوە و و پێشبینی ئەکرێت جۆو بایدن بەزوویی پەسەندی بکات. ئەو بودجەیە کە ئەنجومەنی پیران پەسەندی کردووە بەبڕی ٤٥ ملیار دۆلار زیاترە لەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری کردبوو، پڕۆژە یاساکە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە پەسەندکرا، هاوکات لەلایەن بەشێک لە لیبڕڵاکانەوە دەنگی پێنەدرا کە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون خەرجی سەربازی زیاتر ببێت. بەپێی پڕۆژە یاساکە ٨٥٨ ملیار دۆلار خەرج ئەکرێت بۆ بەرگری ئەمریکا ولە بڕەش %٤.٦ ی بۆ زیادکردنی موچەی سەربازەکان وپشتیوانی کڕینی چەک وکەشتی و فڕۆکە دەبێت. هاوکات بەشێكی بۆ پشتیوانکردنی ئۆکرانیا لە جەنگی لەگەڵ ڕووسیادا دەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی بودجەکە بۆ پشتیوانی تایوان لە ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکانی چین تەرخانکراوە.

هاوڵاتی بەندەری ئەنتۆرب لە سەر ڕووباری شێڵتی بەلجیکا، بوەتە یەکێک لە گەورەترین دەروازەکانی قاچاخی کۆکاین بۆ ناو ئەوروپا، بەکارهێنەران و بازرگانانی کۆکاین دەڵین دەروازەی ئەنتۆرب ئاسانترین ڕێگایە بۆ گواستنەوەی کۆکاین و لە گەشتنی خواردنێکی دیلیڤەری ئاسانترە وخێراترە. بەندەری ئەنتۆرب لە بەلجیکا بە پانتایی ١٦٠ کیلۆمەتر دەتوانێت کەشتی وبارهەڵگرەکان تێیدا لەنگەر بگرن، ساڵانە ملیۆنان بارهەڵگرلەهەموو جیهانەوە دەگەنە ئەم بەندەرە و بەڵام تەنها %٢ یان پشکنیان بۆ دەکرێت، بەشێکیی زۆریان خورادنن و پێویستە لەماوەیەکی کورتدا پشکنییان بۆ بکرێت و کاتی تەواویان نیە بۆ پشکنینی هەموو شتەکان؛ ئەمەش هۆکارێکە کە بە ئاسانی کۆکاین لەم دەروازەیەوە بگوازرێتەوە. بەشێک لە بەکارهێنەرانی کۆکاین باس لەوە دەکەن کە بازرگانانی کۆکاین لەم بەندەرەوە کۆکاین هەناردەی هۆڵەندا دەکەن و دواتریش لەوێوە بۆ سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەناردە ئەکرێت، پاول مەیەر یەکێکە لە قاچاخچیەکانی کۆکاین کە بۆماوەی دوازدە ساڵ زیندانی کراوە باس لەوە دەکات کە بەندەری ئەنتۆرب لەهەموو دەروازەکانی دیکە بۆ ئەوروپا ئاسانترە کە کۆکاینی لێوە هەناردە بکرێت؛ هەروەها حوکمەت ودەسەڵاتدارانی بەلجیکا لەسەر سنورەکان کاری پێویستیان نەکردووە بۆ کۆنڕۆڵکردنی کۆکاین. جێگیری سەرۆکی گومرگی ئەنتۆرب دەڵێت، بازرگانیەکە ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و ئێمە بەردەوام کۆنتڕۆڵی زیاتر ئەکەین. باس لەوە دەکات بەهۆی ئەو لێشاوە زۆرەی بازرگانی کۆکاینەوە پەیامنێرێکی تاوان توندوتیژی زیادی کردووە، بازرگانانی کۆکاین بە چەک و و نارنجۆک هەڵدەکەوتنە سەر یەکتری، دەشڵێت هەموو کەسێک لەوە دەترسێت کە کەسانی بێیتاوان وئاسایی بەر ئەو هێرشانە بکەون و بەهەڵە بکوژرێن. مەترسی بازرگانی کۆکاین و بوونی چەتەکان لەسنوری بەلجیکا بەجۆرێکە، لەمانگی ئەیلولدا وەزیری دادی بەلجیکا ناچاربوو خۆی بشارێتەوە بەهۆی بوونی مەترسی فڕاندنی لەلایەن چەتەکانەوە.

هاوڵاتی ستافێک کە لەبینای چیڤنینگ کار دەکەن کە لیز ترەس تێیدا نیشتەجێ بووە ئەوکاتەی وەزیری دەرەوە بووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پاودەرێکی سپیان دۆزیەوەتەوە لەناو کۆشکەکەدا و دەڵێن بەوجۆرەی پشکنینمان بۆ کردوو دەرکەووتوە ککۆکاینە. بینای چیڤنینگ کە لەسەر ڕووبەڕی سێ هەزار دۆنم درووستکراوە وپێکهاتووە لە ١١٥ ژوری جیا، بە شێوەیەکی نەریتی بە وەزیری دەرەوە دەدرێت ئەوەش بە یاسایەک لە پەرلەمان پەسەندکراوە. ئەو ستافە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاوینی ڕابردوو ئەو پاودەرەیان لە چیڤنینگ دۆزیوەتەوە لە ژوری یاریەکاندا، ئەوەش لەشەوە ئاهەنگێکی کە لیز ترەس میوانداری وەزیرانی دەرەوەی کردبوو، لەکاتێکدا تەنها چەند ڕۆژێکی مابوو بۆ ئەوەی لیز ترەس بەسەرکردایەتی پارتی تۆری لە بەریتانیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت وببێتە سەرۆک وەزیران. لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیاندا هاتووە، کە جگە لەو سەرچاوەیە چەندین سەرچاوەی جیاجیای دیکە باسیان لە دۆزینەوەی کۆکاین کردووە لە ماڵەکەی لیز ترەسدا. سەرچاوەکان ودەنگۆکە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو بەڵگەی بەکارهێنانی کۆکاین لە توالێتەکانی نزیک لە ئۆفیسی پەرلەمانی بۆریس جۆنس و بینای پەرلەماندا دۆزرایەوە. دۆزینەوەی ماددە هۆشبەری کۆکاین لە لە چیڤنینگ و لەلایەن لیز ترەسەوە لەکاتێکدایە کە لیز ترەس لەو ماوە کورتەی کە وەک سەرۆک وەزیران دەسبەکاربوو، وتەبێژەکەی ڕاگەیاندبوو کە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر لە پێشینەی کارەکانیانە. هاوکات لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە لیز ترەس ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بۆ ڕۆژانەمەوانان بدات، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژەکەی بەتەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و وتی دوورە لە ڕاستیەوە وڕۆژنامەی گاردیان هیچ بەڵگەیەکی پشتڕاتسکەرەوەی نەخستۆتە ڕوو بۆ ئەو بانگەشانە.

هاوڵاتی ئەستێرەی دیاری هۆڵیود، ئەنجلینا جولی لە پۆستێکی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایەگەیاند، دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ کارکردن وەک باڵوێزی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو ڕێکخراوە دەست لەکاردەکێشێتەوە. ئەنجلینا جولی لەبارەی کارەکانی لە نەتەوە یەکگرتوەکان باسی لەوەکرد، نەتەوە یەگرتوەکان ئەو کارانە ئەنجام دەدات کەمن زۆر بڕوام پێیەتی، هەروەها وتیشی پەنابەران ئەوکەسانەن کە زۆر سەرسامم بە کارکردن لەگەڵیان و تاکۆتایی ژیانیشم ئەوکارە دەکەم. لەبارەی کاری نوێی، ئەنجلینا جولی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی لەوە کردووە ئێستا لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە کار دەکات کەوا گرنگیەکی زۆر بەو کەسانە ئەدەن کە زۆرترین کاریگەری جەنگ وململانێکانیان لەسەربووە، بەڵام لەبارەی ئەو ڕێکخراوانەوە هیچ زانیاریەکی ئاشکرا نەکردووە. لە بەیاننامەیەکدا نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاندووە،ئەنجلینا جولی یەکێکە لە کاریگەرترین داکۆیکارانی مافی پەنابەران، هەروەها ئەو بەشداری لە کۆمەڵێک کاری فراوانتری مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ دەکات. لەبارەی کارکردنی ئەنجلینا جولیەوە وەک لە بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتووە، ئەنجلینا جولی لە ماوەی کارکردنیدا وەک نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لە ٦٠ کاری مەیدانی ئەنجامداوە تا لەنزیکەوە ئاگاداری کێشە و خۆڕاگری پەنابەران بێت. ئەنجلینا جولی لە ساڵی ٢٠٠١ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان کاردەکات و لە ساڵی ٢٠١٢ وە بووەتە نێردەی تایبەتی ئاژانسەکە.جگە لەوە ئەنجلینا جولی ئەکتەری دیاری ئەمریکی خاوەنی خەڵاتی ئۆسکارە و ڕۆڵی سەرەکی لە چەندین فیلمی بەناوبانگی وەک بەڕێز و خاتوو سمیس و لارا کرۆفت، تۆمب ڕەیدەر. هاوکات ئەنجلینا جولی لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا، چاوی بە ئاوارەکانی ئۆکرانیا، یەمەن و بورکینۆ فۆسۆی ڕۆژئاوای ئەفریقا کەوتووە.

بەریتانیا رایگەیاند لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی  و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان 300 سزای بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا سەپاندوە و ئەگەر توندتویژی و پێشێلکارییەکان بەردەوام بێت سزای زیاتر بەرسەر تاراندا دەسەپێنێت. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕینی سێ مانگ بەسەرمەرگی ژینا ئەمینی، ئاشکرای کرد بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خەڵک و خۆپیشاندەران ئەنجامی داوە لە لایەن لەندەنەوە 40 بەرپرسی باڵای سزا دراون. بەریتانیا یەکەم وڵات بو کە وەک ناڕەزایەتیی بە مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی، سزای بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیدا سەپاند و بە گشتی لە ماوەی 90 رۆژدا لانیکەم 300 سزای دژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە ئەگەر دەسەڵاتی ئێران بەردەوامبێت لە بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی خەڵک و خۆپیشاندەران، ئەوا سزای زایاتر ئەو دسەڵاتی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

هاوڵاتی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بینایەکی نیشتەجێبوون لە نزیک شاری لیۆن لە فەرەنسا 10 کەس گیانیان لە دەستداوە ولە ناویاندا پێنج منداڵ هەبوون کە تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 15 ساڵدا بووە و ١٤ کەسی دیکە بریندار بوون کە برینی چوارییان سەختە. وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بینایەکی نیشتەجێبوونی حەوت نهۆمی لە ڤو ئۆن ڤلان لە نزیک شاری لیۆن 10 کەس گیانیان لە دەستداوە و پێنج منداڵییان تێدا بووە کە تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 15 ساڵدا بووە. وتیشی ،نزیکەی 180 کەس لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکەن،و ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە، بەڵام هێشتا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزاندراوە. ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا لە پەیوەندیدایە سەبارەت بە ڕووداوەکە. هاوکات محەممەد، دانیشتوویەکی نزیک لە ڕوداوەکە بە میدیا ناوخۆییەکانی وت: "گوێم لە دەنگی هاواری ژنان و منداڵان بوو، هەوڵماندا یارمەتییان بدەین بەڵام دوکەڵەکە زۆر بەهێز بوو. هەروەها کەسێکی دیکە گوتی: "بینینی ئەو ڕوداوە  شتێکی سامناک بوو من بەڕاستی شۆک بووم، من شاهیدی ژنێک بووم کە منداڵەکەی فڕێدا بۆ ناو خەڵکەکە خۆشبەختانە توانییان بیگرنەوە، بەڵام دواتر خۆی بازیدا و بەداخەوە گیانی لەدەستدا". میدیاکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند ئەمە کوشندەترین ئاگرە لە فەڕەنسا لە ساڵی 2019ەوە کاتێک هێرشێک کرایە سەر مارکێتێک و سوتێنرا لە ناوچەی پاریس 10 کەسی کوشت و 32 کەسی دیکەشی بریندار کرد.