لە 28ی ئەم مانگە ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
سێ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە ئێرلەندا، نەرویج و ئیسپانیان بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
رۆژی چوارشەممە 22-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، "ئەمڕۆ حکومەت بڕیاری خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەرکرد لە 28ی ئایار". سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا رایگەیاندووە، چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین و خەڵکەکەیان.
هەر ئەمڕۆ، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. باسی لەوەشکرد، ئەوان "خوێنڕشتن لە غەززە و شوێنەکانی دیکەی فەڵەستین رەتدەکەنەوە" و جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئاگربەست بکرێت و چارەسەری دوو دەوڵەت لە فەڵەستین جێبەجێبکرێت.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، داوای لە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئێرلەندا و نەرویج کردووە بە زووترین کات بگەنەوە ئیسرائیل تاوەکو گفتووگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن. باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل بێدەنگ نابێت لە ئاست بە کەم سەیرکردنی سەروەریی خاکەکەی. دەبێت پەیامێک بە جیهان بدەین، کە دەبێت تیرۆر باج بدات.