راپۆرتێکی تایبەتی رۆیتەرز: پووتین چەندێک بیەوێت دەتوانێت شەڕ بکات، بەڵام خواستی کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینای هەیە

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی بنکۆڵکاری بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە جەنگی ئۆکراینا رابگرێت و ئاگربەست رابگەیێنێت، بەو مەرجەی ئۆکراینا و رۆژئاوا ئامادەبن لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن.

رۆژی هەینی 24-5-2024، ئاژانسی رۆیتەرس راپۆرتێکی تایبەت بە شەڕی ئۆکراینا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، گفتووگۆی لەگەڵ 5 بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشووی نزیک لە پووتین کردووە سەبارەت بە ئاگربەست لە ئۆکراینا.

رۆیتەرز دەڵێت، سێ لە بەرپرسەکان گوتوویانە، پووتین تەنانەت نیگەرانە لە بیروڕای دژ بە ئاگربەستی بەشێک لە راوێژکارەکانی و لای وایە کاریگەریی رۆژئاوایان لەسەرە بۆ ئەوەی رێگە لە وەستانی شەڕەکە بگرن.

یەکێک لەو بەرپرسانە گوتوویەتی، "پووتین دەتوانێت شەڕ بکات هەرچەندێک بیەوێت، بەڵام ئامادەیە ئاگربەستیش بکات بۆ وەستانی جەنگەکە". ئەو بەرپرسە لە رابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ پووتین کاری کردووە و ئاگای لە گفتووگۆ زۆر نهێنییەکانی کرێملن و وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەیە.

هیچ کام لەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت.

دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لەبارەی دۆسیەکەوە رایگەیاندووە، ئەوان لەمێژە خواستی خۆیان بۆ گفتووگۆ دەربڕیوە، دەشڵێت، وڵاتەکەیان "جەنگێکی هەتا هەتایی ناوێت".

دووان لە سەرچاوەکانیش باسیان لەوە کردووە، پووتین بڕوای وایە ئەوەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە لە جەنگەکەدا بەسە بۆ ئەوەی سەرکەوتن و بردنەوە بە گەلی رووسیا رابگەیێنیت و جەنگەکە رابگرێت.

هەروەها دوای ئەوەی وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم و بۆ شەش ساڵی داهاتوو هەڵبژێردراوەتەوە، پووتین لای وایە پێویستە لەم ماوەیەی وەک سەرۆکی رووسیا ماویەتی، سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینا نەبێت و کۆتایی پێبێنێت.

لەلایەکی دیکەوە سێ لە سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، پووتین تێگەیشتووە لەوەی ئەگەر بیەوێت پێشڕەوییەکی دیکەی بەرچاو لە جەنگی ئۆکراینا بکات، پێویستە دووبارە سەرباز لە تەواوی وڵاتەکەوە ئامادەبکات بۆ جەنگ، ئەوەش خواستی سەرکردە دێرینەکەی رووسیا نییە.

ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بە رژدی باسی لەوە کردووە، بە هیچ جۆرێک ناچێتە گفتووگۆوە و کۆتایی جەنگی ئۆکراینا ئەو کاتە دەبێت کە تەواوی ئەو زەوییانەی رووسیا کۆنترۆڵی کردووە بە کریمیاشەوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینا.

لە 2022شدا رەشنووسێکی واژۆکرد کە هەموو گفتووگۆیەک لەگەڵ پووتیندا بە "ئەستەم" دادەنێت.

ئۆکراینا لە شووباتی 2022ـەوە لەلایەن رووسیاوە هێرشی کراوەتە سەر و بە رووبەری کریمیاوە کە لە 2014دا کۆنترۆڵی کردووە تا ئێستا 18٪ی خاکەکەی لە ژێر دەستی رووسیادایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار