دادگەی لاهای فەرمان بە ئیسرائیل دەکات لە رەفەح بکشێتەوە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
دادگەی لاهای فەرمانی بە ئیسرائیل کرد "بە زووترین کات" لە رەفەحی باشووری غەززە بکشێتەوە.
ئەوەش بە هۆکاری ئەوپەڕی خراپیی دۆخی مرۆیی خەڵک کە بە "کارەساتبار" ناوی برد.
رۆژی هەینی 24-5-2024، نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری رایگەیاند، "ئیسرائیل پێویستە بە زووترین کات پەلامارە سەربازییەکەی و تەواوی جموجووڵەکانی لە پارێزگای رەفەح راگرێت".
بڕیاری دادگە باڵاکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای داواکاری ئەفریقای باشوور بوو بۆ گرتنەبەری رێکاری توند لە دژی ئەو کارەی ئێستا ئیسرائیل لە فەڵەستین دەیکات.
دادگەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە و هەروەها خاڵی سنووری نێوان غەززە و فەڵەستین کە دەکەوێت شاری رەفەحەوە بکاتەوە.
نەبیل ئەبو رودەینە، گوتەبێژی دەسەڵاتی فەڵەستین رایگەیاندووە، "سەرۆکایەتییەکەمان پێشوازی لەو بڕیارە دەکات لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری داویەتی، کە نوێنەرایەتی خواستێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی جەنگە گشتگیرەکەی سەر غەززە".
بەسام نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی لاهای دەکەن و "داوا لە هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیست دەکەن واز لە لەشکرکێشییە سەربازییەکەی بۆ سەر رەفەح بهێنێت".
بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، "دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەرکات و هەر شوێنێک پێویست بێت، پابەندە بە بەردەوامبوون بە شەڕەوە بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، هەروەها تاوەکو بەڵێنی ئاسایش بە هاووڵاتییەکانی بدات".
شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە 7ی هەمان مانگ پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1139 هاووڵاتی ئیسرائیلی و بیانی، منداڵ و پۆلیس و ئاسایشیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.