سوپای ئێران: هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر بوونی دەستێکی تاوانکار لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سەرۆککۆمار نەدۆزییەوە
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر هەبوونی دەستێکی تاوانکار لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆکی وڵاتەکە و حەوت کەسی دیکە نەدۆزیوەتەوە.
درەنگانێکی رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، میدیای فەرمی ئێران راپۆرتێکی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بە ئەنقەست خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەدۆزیوەتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێت، هەلیکۆپتەرەکە دوای ئەوەی لەسەر زەوییەکی لێژ بە زەویدا کێشاوە، ئاگری گرتووە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە هیچ کونێکی فیشەکیان لەسەر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە نەدۆزیوەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەلیکۆپتەرەکە لەسەر ئەو رێچکەیە رۆشتووە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و بە هیچ جۆرێک رێچکەی خۆی جێنەهێشتووە.
راپۆرتەکە دەڵێت، دوایین جار پەیوەندی لە نێوان هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران و دوو هەلیکۆپتەرەکەی یاوەری کراوە، نزیکەی یەک خولەک و نیو پێش رووداوەکە بووە.
رۆژی یەکشەممە 19ی ئاداری ئەمساڵ، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەریان گیانیان لەدەستدا.
تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی خراپی کەشوهەواوە رۆژێک دواتر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە و سەرنشینەکانیان دۆزییەوە کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدابوو. سوپای ئێران دەڵێت، هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر ماوە لە رووداوەکە بکرێت.