دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئیسماعیل هەنیە و ناتانیاهو دەردەکات و فەرەنسا و بەلجیکا پاڵپشتیی دەکەن

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

داواکاری دادگەی تاوانی نێودوڵەتی داوا لە دادوەرانی دەکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سێ سەرکردەی حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەربکرێت. فەرەنسا و بەلجیکا پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری دادگەکە دەربڕی.

رۆژی دووشەممە 20-5-2024، کەریم خان، داواکار لە دادگەی نێودوڵەتی تاوان رایگەیاند، دوای حەوت مانگ لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەڵگەی بڕواپێکەری لەبەردەستە کە پێنج کەسایەتی حەماس و ئیسرائیل تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردووە.

ئەو کەسایەتییانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دادگەی تاوانی لاهایەوە بۆ دەرکراوە بریتین لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یەحیا سینوار، سەرۆکی حەماس، محەممەد مەسری، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی حەماس و ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی فەرمانگەی سیاسیی حەماس. بڕیارە لە دانیشتنێکی دادگەکەدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لەو کەسانە دەربکرێت، بەڵام دادگەکە ناتوانێت ئەو فەرمانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو وڵاتان دەبێت بڕیاربدەن کە ئایا کار بە فەرمانەکە دەکەن یان نا.

دادگەی نێودەوڵەتی تاوان بارەگای سەرەکیی لە شاری لاهای هۆڵەندایە و 124 وڵاتی جیهان تێیدا ئەندامن. دادگەکە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل و مرۆڤایەتی دەکات و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرەکانیان دەردەکات.

لە رابردوودا دادگەکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردە و سەرۆکی جیهان دەرکردووە، لەوانە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو لە 17ی ئاداری 2023دا فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەکەوە بۆ دەرکرا. ئەمڕۆ دووشەممە، هەریەک لە فەرەنسا و بەلجیکا پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دەربڕی، ئەمەش بە واتای ئەو دێت، هەریەک لەو سەرۆک و سەرکردانەی حەماس یان ئیسرائیل سەردانی فەرەنسا بکەن دەستگیردەکرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار