ئێران بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە تەرمی خۆپیشاندەران دەداتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا ڕایگەیاند دەوڵەتی ئێران لە بەرانبەر پێدانەوەی تەرمی خۆپیشاندەران کە لە ٢٢ ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، بەڵێننامە بە کەسوکارەکانیان پڕدەکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر گەلانی ئێران و گەلی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بە خواستی 'نان و ئازادیی' لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد ڕایگەیاند، "لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران تا ئێستا ٢٤ هەزار و ٦٦٩ کەس دەستبەسەر کراون، سێ هەزار و ٩١٩ کەس کوژراون، دوو هەزار و ١٠٩ کەسیش بریندار بوون."
لە کۆی ٣ هەزار و ٩١٩ کوژرا و ٢٥یان منداڵن
لە درێژی ئامارەکەدا هاتووە: "لەو ژمارەیە ٢٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کوژراون، هەروەها لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ خۆپیشاندەران گەیشتووەتە ١٤٥ خۆپیشاندەر، تا خۆپیشاندانەکان بە ئاژاوەگێری پێناسە بکەن."
بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە تەرمەکان وەردەگیرێتەوە
ڕێکخراوەکە جەختی کردووەتەوە وەک چۆن لە پێشتر بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە تەرمی خۆپیشاندەران ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرایەوە، لە ئێستاشدا گوشارەکانی دەسەڵاتی ئێران بەردوامەو و دەڵێت: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان لە پزیشکەکانی داد دەبیندرێت، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە دەوڵەت فشار لەسەر خێزانەکان هەیە بۆ بێدەنگ بوون و ناشتنیان بە شەوانە ئەنجام بدرێت. تەنانەت بە مەرجی واژۆکردنی دەتوانن تەرمی کەسوکارەکانیان وەربگرن."
