هاوڵاتی تاڵیبان لە شارەکانی زابول و هێلمەند بە قامچی لە بیست و حەوت ژن وپیاو دەدات و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا ئەسەپەێنێت، لەناو ئەو کەسانەدا کە لێیان دراوە دوانیان ژن بوون و بیست وپێنجی دیکەشیان پیاو بوون. بەپێی ڕاگەێندراوی دادگای باڵای تاڵیبان، پێنج کەس لەوانەی بە قامچی لێان دراوە لە پارێزگای زابولن و دوانیان ژنن، بیست ودوو کەسی دیکەشیان سەرجەمیان پیاون ولەپارێزگای هێلمەندن. یەکێک لەو ژنانەی کە سزاکەی بەسەردا جێێبەجێکراوە بەتۆمەتی پەیوەندی سێکسی ناشەرعی ٣٩ قامپچی لێدراوە و سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها لەنێویاندا پیاوێک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا ٣٠ قامچی لێدراوە و دوو ساڵ سزای زیندانی بۆدەرچووە. بەشێکی زۆری ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕیان کراوەتەوە تۆمەتی دزی، سێکسی ناشەرعی (زینا)،بوونی پەیوەندی سێکسی لەنێوان پیاو و پیاون؛ لە دوای بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی تاڵیبان، هێباتوڵلە ئاخوندزادە، پاڵپشت بە شەریعەتی ئیسلامی ، تاڵیبان دەستی بەم جۆرە سزایانە کردۆتەوە و ئەمەش کاردانەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەلگەی مەدەنی ئیدانەی ئەم سزایانەیان کردووە و بەکارێکی دڕندانە و نامرۆڤانەیان وەسفکردووە، هەروەها داواشیان لە تاڵیبان کردووە ئەم جۆرە سزایانە ڕابگرێت. لەبارەی سزاکانی تاڵیبانەوە بە تۆمەتی لادان لە شەریعەتی ئیسلامی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا سەرۆکی تاڵیبانی بە گەڕانەوە بۆ شێوازی حوکم کردنی سەرەتای تاڵیبان تۆمەتبارکرد. جێبەجێکردنی ئەم سزایە بەسەر ٢٧ هاوڵاتی ئەفغانستان تەنها ڕوداوێک نیە، بەڵکوو لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی حکومی تاڵیبان و داگیرکردنەوەی لوتکەی دەسەڵات لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ وە بەو شێوازە لێکدانەوەیەی تاڵیبان بۆ شەریعەتی ئیسلامی چەندین کەسی بەرقامچی داوە وشەلاقە کردووە کە ژنیشیان لە نێودا بووە لە پارێزگاکانی لۆگار، قەندەهار، کابول، لەغمان، تەخار و بامیان. بەدەر لە سزاکانی قامچی و زیندانیکردن وشەلاقەکردن بە ئاشکرا لە بەردەم خەڵکدا، تاڵیبان بۆ یەکەم جار لەدوای گرتنەدەسەڵات لە ئەفغانستان هەفتەی ڕابردوو لەبەردەم بەرپرسەکانی تاڵیبان و خەڵکی ئەو وڵاتە کەسێکی لە ناو یاریگایەکدا لە سێدارە دا.
ئۆکرانیا رایگەیاند؛ 13 فڕۆکەی بێفڕکەوانی دیکەی ئێرانی تێکشاندوە کە روسیا لە جەنگی دژی وڵاتەکەی بەکاری هێناوە. وەزارەتی بەرگریی یۆکرانیا بڵاوی کردەوە؛ 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆرەکانی (شاهد 131) و (شاهد 136)ی دروستکراوی ئێرانی تێکشاندوە. وەزارەتی بەرگریی رونی کردوەتەوە؛ روسیا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێرانی لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە ئاڕاستە کردوە بەڵام سوپای ئۆکرانیا توانیویەتی چاودێرییان بکات و لە رێگەی سیستمی دژە ئاسمانییەوە تێکیان بشکێنێت. بڵاوبونەوەی تێکشاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا سزایان بەسەر دەسەڵاتی تاراندا سەپاندوە بەهۆی فڕۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە روسیا. تا ئێستا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە ئۆکرانیا تێکشکێنراوە و فڕۆشتنی ئەو فڕۆکانەش بە روسیا ناڕەزایەتیی زۆری ئۆکرانیای لێکەوتوەتەوە.
هاوڵاتی بەرپرسانی باڵای کۆسۆڤۆ، داواکاری به ئهندامبوونی وڵاتهكهیان لە یەکێتیی ئەورووپا واژووکرد. لە رێوڕەسمێکدا کە لە سەرۆکایەتی کۆمار لە پرشتینای پایتەخت سازکرا، داواکارییەکە لەلایەن سەرکۆماری وڵاتەکە، ڤیۆسا عوسمانی و سەرۆکی پەرلەمان، گلاوک کۆنجوفکا و سەرۆکوەزیران، ئالبین کورتی واژووکرا. ههر لە رێوڕەسمەکەدا ڤیۆسا عوسمانی گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد لەمەودوا ١٤ی کانونی یەکەم وەک رۆژێکی مێژوویی دەناسرێت کە تیایدا هێزی ئاسایشی کۆسۆڤۆ (FSK) لە ٢٠١٨دا بووە سوپا و ههر لهو ڕێكهوتهدا كۆسۆڤۆ داوای بوونە ئەندامی پێشکەش بە یەکێتیی ئەورووپا کردووە. عوسمانی ئاماژەی بەوە کرد کۆسۆڤۆ جگە لە یەکێتیی ئەورووپا هیچ جێگرهوهیهكی دیکەی نییە، ئەم ساتەش تایبەتە بەو هاووڵاتیانەی کۆسۆڤۆ و ئەو کەسانەی رووبەڕووی لەشکرکێشی و جینۆسایدی ناڕەوا بوونەوە و لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی و دیموکراسیی وڵاتەکەیاندا گیانیان بەختکرد. گوتیشی: "کۆسۆڤۆ وەک بەشێک لە ئابووریی بازاڕی ئازاد و پشتیوانێكی بەردەوامی ئاشتیی و ئاسایش، شایەنی ئەوەیە بەشێک بێت لە خێزانی یەکێتیی ئەورووپا. رێگای بەردەممان روونە، رێگای بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پرۆسەیەکی یەکلایەنە نییە. لەوانەیە ئەم پرۆسەیە درێژخایەن بێت، بەڵام ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی سەرکەوتوو بین".
ئێران بە کۆی دەنگ لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دەردەکرێت و ئەمریکا و ئەوروپا بە پێشەنگی ئەو هەنگاوە ئەژمار دەکرێن. دوای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد نوێنەرایەتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان دور بخرێتەوە شەوی چوارشەممە ئەو کۆمیسیۆنە لە کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبونی نوێنەری 45 وڵات دەرکردنی نوێنەری ئێرانی خستە دەنگدانەوە و 29 وڵاتیش دەنگیان بە دەرکردنی دا. لە کۆی 45 دەنگ، نوێنەری 29 وڵات بە دەنگی بەڵی بڕیاری دەرکردنی ئێرانیان لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان پەسند کرد و نوێنەری هەشت وڵاتیش دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و نوێنەری 16 وڵاتیش بێلایەنیی خۆیان لە بڕیارەکە دەربڕی. هەر یەکە لە نوێنەرانی سوریا و روسیا و ڤەنزوێلا و بیلاڕوس دژی بڕیارەکە لێدوانیان دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ مانەوەی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕبڕی بەڵام بە پێی یاساکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیاری دەرکردنی ئێران پەسند کرا. دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی ئێران دژی ژن دەیکات نابێت لە کۆمیسیۆنی تایبەت بە ژنانی جیهان لە نەتەوەیەکگرتوەکان بمێنێتەوە و داوای کرد کار بکرێت بۆ دورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە کۆمیسیۆنەکە. لیندا تۆماس گرینفێڵد، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و خەڵکی ناڕازیی لەو وڵاتە بونی نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوەیەکگرتوەکان پەڵەیەکی ڕەشە.
هاوڵاتی دوابەدوای هێرشەکەی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر هۆتێلێک لە ناوەڕاستی کابوڵدا کە خاوەندارێتی هۆتێلەکە چینییە، چین داوای لە هاوڵاتیانی کرد لە ئەفغانستان " بە زووترین کات " ئەو وڵاتە جێبهێڵن. وانگ وێنبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی سێشەممە داوای لەو هاوڵاتییەکانی کرد بەزوترین کات ئەفغانستان بەجێبهێڵن، هەروەها داوای " لێکۆڵینەوەیەکی چڕی کردوو " و داوای لە حکومەتەکەی تاڵیبان کرد " ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بەهێز بگرنەبەر بۆ دڵنیا بوونەوە لە پارێزراوی هاوڵاتیان و دامەزراوە و پڕۆژەکانی چین لە ئەفغانستاندا." وانگ وتیشی باڵیۆزخانەی چین لە کابوڵ تیمێکی خۆی ڕەوانەی شوێنەکە کردووە تاوەکو یارمەتیدەر بن لە دابینکردنی پێداویستی و ڕزگارکردن و چارەسەرکردنی قوربانییانی هێرشەکە. هاوکات ڕێکخراوی داعش، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر هۆتێلی لۆنگانی کابوڵی ڕاگەیاند، کە تیایدا سێ هێرشبەر کوژران و لانیکەم دوو میوانی هۆتێلەکە بریندار بوون لە کاتێکدا کە هەوڵیاندەوە لە پەنجەرەکەوە خۆیان هەڵبدەن تاوەکو هەڵبێن. جێگەیباسە،ئاگادارییەکەی چین وادەردەکەوێت شکستێک بێت بۆ تاڵیبانی ئەفغانستان کە هەوڵی وەبەرهێنانی بیانی دەدەن لە وڵاتەکەدا بە هیوای ئەوەی ئابووری ئەفغانستان لە لەناوچوون ڕزگار بکەن.
هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی دونگنێسی بەریتانیا ژێر ئاو کەوت و جگە لە رزگارکردنی 43 کۆچبەر، تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەشیان بێسەروشوێنن. گوتیشی، هێشتا ناسنامەی کۆچبەرەکان نەزانراوە. بەگوتەی ئاری جەلال، بەلەمەکە، بەلەمێکی ماسیگرتن بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە و، لە ئاوەکانی بەریتانیا نقوومبووە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 43 سەرنشینی بەلەمەکە رزگارکراون و تەرمی سێ کۆچبەریش دۆزراونەتەوە، هەروەها ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێنن. ئاری جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەڵمەتی گەورەی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانەی دیکە لە ئاوەکانی نێوان کێنت و فەرەنسا دەستیپێکردووە. هاوکات، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چوار کۆچبەر دوای نوقمبوونی بەلەمێکی بچووک لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە گیانیان لەدەستدا. هەروەها، بە گوێرهی راپۆرتەکان، بەلەمەکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری کێنت ژێرئاو کەوتووە. حکومەتی بەریتانیا ڕاشیگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، هێزەکانی دەریایی و پۆلیس و پاسەوانانی سنووری بەریتانیا و فەرەنسا، توانیان 43 کۆچبەر رزگاربکەن. جێگەیباسە، بۆ رێگری لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە، بڕیارە ساڵی داهاتوو ریشی سوناك سەرۆکوەزیرانی بهریتانیا، یاسایەک دهردبكات، به گوێرهی یاساكه هەر كۆچبهرێك بەشێوەیەکی نایاسایی بچێته بەریتانیا، یان دەستبەجێ رهوانهی وڵاتەکەی دهكرێتهوه، یاخود دهگوێزرێتهوه وڵاتێکی دیکە
هاوڵاتی لە سۆماڵ بەهۆی کێشەی خۆراکەوە کە بەردەوامە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس تووشی بەدخۆراکی بوون. لەو راپۆرتەی کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی کەمیی باران بارینەوە لە ساڵی ٢٠٢٠وە کێشەی خۆراکی پەیوەست بە وشکەساڵییەوە بەردەوامە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس تووشی بەدخۆراکی بوونەتەوە و ئەوە خراوەتەڕوو کە وشکەساڵی بەردەوام دەبێت و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە خراپتر دەبێت. پێشبینی ئەوە دەکرێت کە کاریگەریی کێشەی خۆراکی پەیوەست بە وشکەساڵی لە باشووری خۆرئاوای وڵاتەکە و مۆگادیشۆ-ی پایتەخت و چەندین ناوچەی دیکەی وڵاتەکە بەردەوام بێت. خەڵکی سۆماڵ کە بەشێوەیەکی گشتی ژیانیان بە ئاژەڵدارییەوە بەڕێدەبەن، زۆرینەیان بەهۆی وشکەساڵی و پێکدادانەکانەوە ناچار کراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
هەوڵێکی ئێران بۆ تیرۆری راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا ئاشکرا دەبێت و ئێف بی ئای کارمەندێکی خۆی دەستگیر دەکات. گروپێکی هاککەر زانیارییەکانی تایبەت بە هەوڵی کوشتنی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی پێشوی ئەمریکا لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاو دەکەنەوە. گروپی بلەک دور، ئاشکرای کردوە کە ساڵی رابردو ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە پێشتر لە سوریا بوە داوای لە سیخوڕێکی دەزگای پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای کردوە) وێنەی جۆن بۆڵتن تۆمار بکات و هاوکات لە بەرامبەر 300 هەزار دۆلاریشدا ئەو بەرپرسەی ئەمریکا تیرۆر بکات. ئەندامەکەی سوپای پاسداران ناوی شەهەرام پورسەفەری بوە و لە ئێستا ناوی خۆی لە ئێران بۆ مەهدی رەزایی گۆڕیوە. بە پێی زانیارییەکان هەر وێنەیەکی جۆن بۆڵتن بە سێ بۆ پێنج هەزار دۆلار تۆمار کراوە و دواتر ئێف بی ئای بە هەوڵی تیرۆری ئەو بەرپرسەی زانیوە و کارمەندە سیخوڕەکەی دەزگاکەی دەستگیر کردوە. ئێران دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2020 لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە لایەن ئەمریکاوە، ئێران رایگەیاندتۆڵەی سولەیمانی بە کوشتنی ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی ئەمریکا دەکاتەوە کە دەستیان لە کوشتنیدا هەبوە. پێشتر ئەمریکا ئاشکرای کردبو بەهۆی ئەو هەڕەشەکانی ئێرانەوە لەسەر دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی پێشو و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشو ساڵانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی ئاسایشی ژیانی ئەو دو بەرپرسە تەرخان دەکرێت.
هاوڵاتی چیتر ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان نیە بەپێی هەردوو ماڵپەڕی فۆربێس وبلومبێرگ بەهای سامانەکەی ئیلۆن مەسک دابەزیوە کە بڕەکەی ١٧٨ملیار دۆلارە بەمەش چییتر لە لیستی یەکەمین دەوڵەمەندی جیهاندا نیە، لەبەرامبەردا ئێستا بیرنارد ئارنۆڵت " بەڕێوبەری جێبەجێکاری کاڵای لوکس " ئێڵ ڤی ئێم ئێچ" یەکەم پیاوی دەوڵەمەندی جیهانە کە سامانەکەی بە ١٨٨ ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت. پسپۆڕان ئەم دابەزینەی سامانەکەی ئیلۆن مەسک بۆ کڕینی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەگەڕێننەوە کە بەبەهاکەی ٤٤ ملیار دۆلار بوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکانی پەیوەست بە ڕێکارە یاساییەکانی کڕینەوەی تویتەر ئەوەش دوای ئەوەی کە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەژماری ساختە ئیلۆن مەسک پاشگەزبۆوە لەگرێبەستی کڕینی تویتەر وبەهۆیەوە کارێگەڕەکانی تویتەر سکاڵای یاساییان دژی ئیلۆن مەسک گرتبەر. ئیلۆن مەسک پشکەکانی تێسلای بەبەهای ملیارەها دۆلار فرۆشت بۆ کڕینی تویتەر، ئەمەش وایکرد کە بەهای پشکەکان بێتە خوارەوە. وەبەرهێنەرانیش ئاماژە بەوەدەکەن خواست لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا کەمبێتەوە وبەمەش کۆمپانیاکانی دیکەش زیاتر پێشدەکەون لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا، چونکە قەرزی زۆر کۆمپانیاکە لاوازدەکات و خواستی کڕیاران کەمدەکاتەوە وبێهیوایان دەکات. ئیلۆن مەسک بەڕێبوبەری جێبەجێکاری جێبەجێکار گەورەترین خاوەنی پشکی کۆمپانیای تێسلایە، کە دەکاتە %١٤ لەسەدی پشکەکانی تێسلا.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ڕۆژی پێنج شەممە پەرلەمانی نیوزلەندا پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی جگەرەی بۆ نەوەکانی داهاتوو ئاشکراکرد، ئەمڕۆ پڕۆژە یاساکە لە پەرلەمانی نیوزلەندا پەسەندکرا، بەپێی پڕۆژە یاساکە ئەو کەسانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ وە لەدایک بوون هەرگیز ناتوانن جگەربکێشن. ئایشە قیراڵ " وەزیری تەندرووستی نیوزلەندا" کە پڕۆژە یاساکەی پێشکەش کردووە ئاماژەی بەوەدا پڕۆژە یاساکە لەپێناو گەشتنە بەرەو" داهاتویەک بەبێ جگەرە"؛ هەروەها دەشڵێت بەمجۆرە خەرجیەکانی چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی جگەرەوە درووست دەبن بەڕێژەیەکی بەرچاو دائەبەزێت بەجۆرێک نزیکەی (٣.٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەگەڕێتەوە بۆ داهاتی نیوزلەندا. ئایشە قیراڵ، لەبارەی گرنگی پڕۆژە یاساکەوە دەڵێت ڕێژەی فرۆشیارەکانی توتن و جگەرە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ نزیکەی کەمتر لە ٦٠٠ فرۆشگا کەم سنورداردەکرێت لەکاتێکدا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار فرۆشگایە، لەگەڵ ئەوەشدا تەمەنی گشتی هاوڵاتیانی نیوزلەندی زیاتر دەبێت بەم جۆرەش لەڕووی تەندرووستیەوە کەمترین کەس پێویستیان بەچارەسەری ئەونەخۆشیانە دەبێت کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە درووست دەبن. وەزارەتی تەندرووستی نیوزلەندا دەڵێت لە هەر ٤ نەخۆشیەکی شێرپەنجە یەکێکیان بەهۆی جگەرەکێشانە وتائیستاش هۆکاری سەرەکی مردنە و تائێستاش بەرپرسیاری مردنی ٥ ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە، دەشڵێت زیاتر لە ١٠ ساڵە ئەم پڕۆژەیە بوەتە بابەتی گرنگی یاسا دانەران. هاوکات پڕۆژە یاساکە کاردنەوەی لێکەوتەوە بەشێک لەڕەخنەگرانی یاساکە کە لە نێویاندا پارتی " ئەی سی تی" هەیە کە خاوەنی ١٠ کورسی پەرلەمانە دەڵین، یاساکە دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازاڕی ڕەش و زیان گەیاندن بە فرۆشگا بچوکەکان، لەبەرامبەریشدا حوکمەت ناچاردەبێت بۆ ڕێوشوینی توند وکۆنتڕۆڵی گومرگەکان بودجەیەکی زیاتر دابین بکات. سەنی کاوشال، سەرۆکی گروپی خاوەن شیرەمەنی وخاوەن کارەکان کە گروپێکی لۆبیە بۆ فرۆشگا ئاسانکاریە ناوخۆییەکان، یەکێکی ترە لە ڕەخنەگرانی پڕۆژەیاساکە ودەڵێت ئەم پڕۆژە یاسایە بۆشاییەک درووستەکات کە باند وتاوانباران پڕی دەکەنەوە وتاوانیش زۆردەبێت؛ بەم جۆرە پڕۆژە یاساکە %١٠٠ تیۆریە ولەڕووی مادیەوە سودەکەی %٠. بەپێی ئامارەکانی حەوکمەتی نیوزلەندا کە بڵاوی کردوونەتەوە تەنها %٨ لەسەدی گەنجان جگەرە دەکێشن بەوپێەی لە ساڵی ڕابردوودا %٩.٤ بووە ئەمەش بەپێی ئامارەکانی حوکمەتی نیوزلەندا کە لەمانگی ڕێبەندان بڵاوی کردوونەتەوە، هەر بەپێی ئەو ئامارە زۆرترین ڕێژەی جگەر کێشان لەناو نەتەوەی ڕەسەنی ماوریدا بووە لە نیوزلەندا، ئایشە قیراڵ هیواخوازە ڕێژەکە تاساڵی ٢٠٢٥ کەمببێتەوە بۆ %٥. هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە کێشانی ڤەیپ لەناو گەنجاندا ڕووی لەزیادبوون کردووە، سەرباری ئەوەش وەزارەتی تەندرووستی بایەخی ئەوتۆی نەداوە بەم پرسە لەگەڵ ئەوەی توێژەران هۆشداری دەدەن لە ماددە کیماییەکانی ناو ڤەیپ.
هاوڵاتی ئەمڕۆ مانگی دەستکردی میتیۆسات ١٢ بە موشەکی ئاریان هەڵدەدرێت بۆ پێشبینیکردنی کەشووهەوا، ئەم مانگە دەستکردە توانایەکی باشترو کوالێتیەکای بەرزتری هەیە لە پێشبینیکردنی زریان، لافاو و ڕەشەبا؛ (میتۆسات -١٢) توانای هەیە هەر ١٠ خولەک جارێک وینەیەکی تەواوی کەشووهەوا بنێرێتەوە ئەمەش بەبەراورد بە بەو موشەکەی کە ٢٠ ساڵە بەکاردێت ٥ خولەک خێراترە و چاودێری کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا دەکات. مانگی دەستکردی میتیۆسات کە لەلایەن کۆمپانیای یومێتسات درووستکراوە، دەتوانێت نیشانەی زۆر بچوکتریش لەبەرگەواهەوادا کە بەدرێژای ٥٠٠ مەتر دادەبەزێت و لە درێژە شەپۆلێکی زیاتری ڕوناکیدایە بەدی بکات، وڵاتانی ئەندامانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا " ئیسا" بەبڕی ١.٤ ملیار یۆرۆ بودجەیان بۆ پڕۆژەکە دابینکردووە و پێدەچێت بۆ خەرجیە بەردەوامەکانی خەرجیەکەی بگاتە ٢.٩ ملیار یۆرۆ؛ ئەمەش دەبێتە یەکەم کەشتی ئاسمانی لە سیستەمێکی نوێی چاودێریکردندا کە خەرجیەکەی چەندین ملیار یۆرۆ بوبێت. فیل ئیڤانس، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای یومێتسات کە ڕێکخراوی نێوان حوکمەتە و مانگە دەستکردەکانی ئەوروپا بەڕیوەدەبات لەبارەی گرنگی ئەم مانگە دەستکردەوە دەڵێت، گەر سەیری ڕووداوە کارەساتبارەکانی ساڵی ڕابردوو بکەین کە ڕووی لە بەلجیکا وئەڵمانیا و هۆڵەندا کرد وبەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا ئەوا دەبینین چاودێریکردنی وردتر وبەردەوامی کەشوهەوا لە بۆشایی ئاسمانەوە پێویستە بۆ پێشبینی باشتر وهۆشداری زیاتر بۆ کەمکردنەوەی زیان وقوربانیەکانی ڕووداوە سەختەکانی پەیوەست بەکەشوو هەوا. مانگی دەستکردی میتیۆسات یەکێک لە گرنگیەکانی دانانی کامێرایەکە تێدا بۆ پێشبینی کردنی ڕەشەبا، ئاژانسەکان ئەمە بە پێشکەوتنێکی ناوازە دەزانن لە پێشبینی کردی پێشوەختەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی کەشووهەوا؛ بەمەش یارمەتیەکی زیاتری خەڵک دەدات لەژیانی ڕۆژانەیان، لە بواری فڕۆکەوانی و کەشتتیوانی و کەمکردنەوەی زیانەکان. پۆل بلایس، یەکێکە لە بەڕێوبەرانی پەرەپێذەری میتیۆسات و لەبارەی مانگە دەستکردەکەوە دەڵێت، ئەمە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە وکاتێکی زۆری ویستووە، بەشێک لە پێکهاتە سەرەکیەکانی مانگە دەستکردەکە نزیکەی شەش بۆ هەشت ساڵی خایاندووە لەپەرەپێدانی وگەیاندنی بەم ئەنجامەی ئێستا. مانگی دەستکردی میتیۆسات ١٢ بڕیارە لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ خولەک بەکاتی جیهانی و ١٧:٣٠ خولەک بەکاتی ناوخۆ لە بەندەری بۆشایی ئاسمانی گیانای فەڕەنسا کە دورگەیەکی فەڕەنسایە ، بە موشەکی ئاریان هەڵبدرێت.
هاوڵاتی وڵاتانی G7 کە لە هەر یەک لە ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دڵنیایییان دا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی سەرکردەی وڵاتانی G7دا پەسەند کرا کە ئەڵمانیا سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی دەکات، هاتووە؛ ''جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لە پشتیوانی نەبڕاوەمان بۆ ئۆکراینا و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کیێڤ لە بەرامبەر شەڕی بەردەوامی رووسیا دەردەبڕین''. لە بەیاننامەکەدا سەرکۆنەی هێرشە 'نامرۆڤانە و بێ بەزەییەکانی' رووسیا کراوە بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکراینا و باس لەوە کراوە کە کردەی دژبە مەدەنی تاوانی جەنگە. لە بەیاننامەکەدا، هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی ئامانجیان ئەوەیە لە کۆتاییدا تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانە گرنگانە بدەن کە بەهۆی هێرشی بێ بەزەیی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون و هاتووە؛ ''نابێت تاوانەکانی جەنگ و ستەمەکانی دیکە بێ سزا بمێننەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان (سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر) پوتین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە بە بەرپرسیار دەزانین. لێدوانە نابەرپرسیارەکانی رووسیا لەبارەی ئەتۆم جێگەی قبوڵ نییە و جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی، بایۆلۆجی یان ئەتۆمی دەرەنجامی جیددی دەبێت''. هاوکات وڵاتانی G7 داوایان لە رووسیا کرد، دەستبەجێ جەنگی سەر ئۆکراینا رابگرێت و بەتەواوی و بەبێ مەرج لە خاکی ئەو وڵاتە بکشێتەوە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وڵاتەکان خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە لەبارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێلە لە دەریای رەش. وڵاتانی G7 ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە یانەیەکی ئاووهەوایان پێکهێناوە و ئامانجی سەرەکی لەو کارەش سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتەیەکی پیشەسازییە کە دۆستی ژینگە بێت. لە بەیاننامەکەدا داوا لە رێکخراوی هاریکاری ئابووریی و گەشەپێدان (OECD) کراوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) میوانداری سکرتاریەتی کاتی یانەی ئاووهەوا بکات.
هاوڵاتی دوای دەستگیركردنی چوار کەس لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە بەتۆمەتی پارە سپیکردنەوە کە لەنێویاندا ئیڤا کایلی" جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا" هەبوو، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورپا هۆشداریدا کە دیموکراسی ئەوروپا لەژێر هەڕەشەدایە، هاوکات داوای دروستکردنی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکانداڵە کرد، هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ئەندامێتی ئەو پەرلەمانتارەی هەڵوەشاندەوەو لەپەرلەمان دەریکرد. پۆلیسی بەلجیکا لە برۆکسل ڕۆژی هەینی دەستی بەسەر ٦۰۰،۰۰۰ هەزار یۆرۆی کاش گرت لەئەنجامی ١٦ بەدواداچوونی جیاوازدا، هەروەها بەوهۆیەوە چوار کەسیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی تێوەگلان کە لەنێویاندا ئیڤا کایلیش هەبوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارەکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگیری و کاریگەری نوێنەری ئەو وڵاتە دراوە بەئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا. ئیڤا کایلی بۆماوەی ٨ ساڵە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، بەهۆی تۆمەتی تێوەگلانی لە سکانداڵاکە لە ئەرکەکانی وەک یەکێک لە ۱٦ جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دورخرایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە گروپی سۆسیالیست و لەپارتی پاسۆکیچەپی ناوەڕاستی یۆنان و دیموکراتەکانی پەرلەمان دورخرایەوە، هەرەها سەرجەم سەروەت و سامانەکەیان سڕکرد. بەپێی زانیاریەکانی داواکاری گشتی سەرەڕای سڕکردنی سەروەت و سامانی ئیڤا کایلی، لەڕۆژی هەینیەوە بۆ ڕێگریکردن لە ونبوونی هەر بەڵگەیەکی پەیوەست بە گەندەڵیەکە سەرجەم ئایتی و ئەکاونتەکانی ۱۰ ئەندامی فەرمانبەری ئەورپایان سڕکردووە. لە کاردانەوەی ئاشکرابوونی سکانداڵەکە، چاودێران و پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە بەرتیلدان بە پەرلەمانی ئەوروپا دەبێتە یەکێک لەگەورەترین سکانداڵەکانی مێژووی پەرلەمان؛ بەشێکیش لەپەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن کە توشی شۆک بوون لەو بەرتیل و سکانداڵە ئاشکرایە. هەر پەیوەست بە کاردانەوەکانی سکانداڵەکە، ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گاڵتەی بە یەکێتی ئەوروپا کرد هەرچەندە وڵاتی هەنگاریاش ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە؛ بەڵام چەندین جار توشی ناکۆکی بووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی لەشی مرڤ تەنها لەخانەکانی پێکنەهاتووە، بەڵکوو لە مایکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەشی پێکهاتووە بەجۆرێک نزیکەی ٢کگم کێشی لەش پێکدەهێنن لەشی مرڤ لە بلیۆنان خانە پێکهاتووە، لەگەل ئەوەشدا تاکە پێکهێنەری لەشی مرۆڤ نین بەڵکوو چەندان وردە زیندەوەری جیاواز کە لەناو و لەسەر ڕووی لەش دەژین کە بەشێکی زۆریان لەڕیخۆڵەکاندا دەژین نزیکەی ٢کگم لە کێشی لەش پێک دەهێنن وبەشدارن لە تەندرووستی مرۆڤدا. بەپێی توێژینەوەکان وبەڵگە زانستیەکان لەسەر کاریگەری ئەو وردە زیندەوارانە دەرکەوتووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بە هەوکردنەکانی پەیوەست بە ڕیخۆڵە، سیستەمی بەرگری، توانای هەرسکردن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە نوێترین تویژینەوەکاندا باس لە کاریگەری ئەو وردە زیندەوەرانەی ناو ڕیخۆڵەکان دەکرێت لەسەر توانای مەعریفی و مێشک، زانین و توانای مێشک بۆ مامەمەڵەکردن لەگەڵ سترێس و خەمۆکی. جۆن کرایان پڕۆفیسۆر لە زانستی ئەناتۆمی ودەمار لە زانکۆی کۆلێژی کۆرک کە پسپۆڕە لە پەیوەندی نێوان مێشک و ڕیخۆڵە، لەیەکێک لە تاقیکردنەوەکانیدا دەریخست کە لەسەر مشک ئەنجامی دابوو ئەو مشکانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەمۆکی و سترێسدان ڕێژەی وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لەمەشەوە هانی دا کەبەدواداچوونی زیاتر بۆ پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە ومێشک بکات. کرایان لەبارەی گرنگی وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەوە باس لەوە دەکات کە ئەگەر خۆراکێکی تەندرووست بخۆیت ئەوا ڕێژەیەکی تەواو وتەندرووست لە وردەزیندەوەرەکانی ناو ڕیخۆڵەت دەبێت وبەتەندرووستی دەمێننەوە، هەربەوهۆیەوەش کە وردە زیندەوەرە سودبەخشەکان کاریگەریان لەسەر تەندرووستی مێشک هەیە ئەوا یارمەتی گەشەی ئاسایی مێشک دەدات وبەپێچەوانەوە کێشە لە وردە زیندەوەرەکانتدا دەبێتە هۆی کێشە لە ڕەفتار و زانین وسیستەمی بەرگریشدا. هەر لەمبارەیەوە لە توێژینەوەیەکی ژاپۆنیدا کە لەسەر کاریگەری وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە لەسەر توانای زیرەکی مرۆڤ و مێشک ئەنجام درا، ئەوەی پشت ڕاست دەکردەوە کە ئەو مشکانەی بەبێ بوونی وردە زیندەوەرەکان گەورەدەبن وەڵامدانەوەیان زیدەڕەوی تێدابووە بۆ فشار و سترێس بەبەراورد بەومشکانەی کە ڕێژەی تەواو لە وردە زیندەوەرەکانیان هەبووە. توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکە تەندرووستەکانیش ئەنجام دا وبەکتریای ناسراو بە " لاکتۆبەسیڵەس" بۆ ڕیخۆڵەی مشکە تەندرووستەکان دانا، بەمەش دەرکەوت کە ڕادەی سترێس و دڵيراوکێ تێیاندا کەمتر بووەتەوە. توێژەر وپسپۆڕانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن ڕەنگە بکرێت لەڕێگەی باشترکردنی خۆراکەکانمەوە وردەزیندەوەرەکان تەندرووست بهێڵینەوە وایان لێبکەین تواناکانی مێشکمان باشتر بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کەهیشتا زووە بۆباسکردن لەوەی کە هەوڵ بدرێت لەڕێگەی گۆڕانکاریکردن وزیادکردنی وردەزنیدەوەرەکانی ڕێخۆڵە توانای زیرەکی مرۆڤ بەرزبکرێتەوە، بەڵام تاقیکردنەکان بەردەوامن وبەڵگەکانیش بەهێزن وبوارەکەش زۆربەخێرایی پەرەدەسەنێت.
هاوڵاتی کەشتی ئاسمانی ڕەشید کە لایەن سەنتەری بۆشایی ئاسمانی دوبەی بن موحەمەد ڕەشید " ئێم بی ئاڕ ئێس سی " درووستکراوە وکۆمپانیای نیشتنەوەی ژاپۆنی ئەندازیاری "هاکیوتۆ- ئاڕ" بۆ گەڕان بەدوای مانگ درووستکراوە دەگەینرێت، لەجۆری موشەکی سپەیس ئێکس فاڵکۆن لە ١١ی کانونی یەکەم بەرەو بۆشای ئاسمان هەڵدرا. گەشتی کەشتیە ئاسمانیە ڕەشید وزەیەکی کەمی دەوێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بگاتە سەرمانگ، کاتێک دەگاتە ئەوێ یەک ڕۆژی مانگ لەوێ بەسەردەبات واتە ( ١٤.٧٥ ڕۆژی سەر زەوی) و ئەرکە سەرەکیەکەی جی بەجێ دەکات. وابڕیارە وڵاتی کەنداو چەند دانە لە ڕۆڤەر و ئۆربیتەر ڕەوانەی سەر مانگ بکات، لەگەڵ ڕۆڤەری دووەمیش بڕیارە لە زووترین کاتدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بینیشینێتەوە.. کەشتی ئاسمانی ڕەشیدی چوار ویل کە کێشەکەی ١٠کگم لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمپنایای" ئێم بی ئاڕ ئیش سی" درووستکراوە وبەتەواوی لەلایەن تیمێکی ئیماراتیەوە دیزاین کراوە؛ حەمەد ئەلمەرزووقی بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی نوێنەرایەتی مانگی ئیمارات لە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، تیمەکە کاری زۆر باشیان کردووە لە درووستکردن ودیزاینکردنی کەشتیەکە. ئەم کەشتیە ئیماراتیە یەکەم کەشتی ئاسمانیە کە لایەن وڵاتیکی عەربیەوە دروستکرابێت، هاوکات بە ماوەیەکی کەم دێت لەدواین ئەرکی ئارتەمیسی یەکی ناسا بۆ گەڕان ولێکۆڵینەوە لە مانگ. کۆمپانیای جیبەجێکاری ئیماراتی ئاسمانی ئەم هەوڵە وەک هەنگاویک بۆ کارە گەورەکانی داهاتووی لەسەر مەریخ سەیر دەکات، حەمەد ئەلمەرزوقی بەڕێبوبەری گشتی کۆمپانیاکە هیواداریشە تا ساڵی ٢١١٧ یەکەم نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ ئەنجام بدەن.