لاپەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لە فەیسبووک: دۆخی تەندروستیی سەرۆکوەزیران ناجێگیرە

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

لە پەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بڵاوکراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئەو سەرکردەیە ناجێگیرە. ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی درا.

رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دوای ئەوەی بۆ مەراسیمێک لەگەڵ پاڵپشتیکارانیدا سەردانی شارۆچکەی هاندلۆڤای کرد، لەلایەن هاووڵاتییەکی رەگەزی نێرەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە مان و نەماندایە.

هەر دوای تەقەکردنەکە تۆمتبارەکە لەلایەن پاسەوانانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نێو فەیسبووکەکەی، فیکۆ چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە.

ئەو شارۆچکەیەی فیکۆ تێیدا بریندارکرا دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەختی ئەو وڵاتە. هەربۆیە دوای رووداوەکە بە هەلیکۆپتەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری بانسکا بیستریکا کە 29 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە.

لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستیی فیکۆ یەکلایی دەبێتەوە.

فیکۆ بەوە دەناسرێت کە سیاسییەکی دژە ئەمریکایە و لە رووسیاوە نزیکە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار