ئێران دیوارێک بە درێژایی 74 کیلۆمەتر لەسەر سنووری ئەفغانستان دروستدەکات

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری ئەفغانی بۆ ناو ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڕیاریداوە دیوارێکی کۆنکرێت بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستان دروستبکات.

رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پاسەوانیی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان خەرجکردووە، بەشێک لەو پارەیەش بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێت کە بەرزییەکەی 4 مەترە و درێژییەکی 74 کیلۆمەترە تەرخاندەکرێت.

بڕیارە دیوارەکە سنووری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسانی ناوەڕاست و باکووری خۆراسانی باشوور بگرێتەوە. ئێران نزیکەی 920 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەر کە لە دەست باری ناجۆری ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان هەڵاتوون، روویان لە ئێران کردووە.

بە گوێرەی ئاژانسی کۆچبەریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە نزیکەی 1 ملیۆنیان دوای هاتنە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتوون؛ لەو ژمارەیەش تەنیا 500 هەزاریان وەک پەناخواز تۆمارکراون.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەستێکی دیکەی دروستکردنی دیوارەکە کەمکردنەوە چوونی تیرۆرستە بۆ ئەو وڵاتە، کە گوایە دوای هاتنەدەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەترسییە تیرۆرستییەکان زیاتربووە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری کرمان 80 هاووڵاتی سڤیلی کوشت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار