رووسیا لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدایە و ئەمریکا دەڵێت چەکەکانمان گۆڕانکاریی راستەقینە لە جەنگەکەدا دەکەن

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی کتووپڕ خۆی گەیاندە کیێڤ و دەڵێت ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینای دەنێرن جیاوازی گەورە لە جەنگی دژ بە رووسیادا دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێکی گەورەی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە.

رۆژی سێشەممە 14-5-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێنراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چاوی بە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت. بلینکن رایگەیاند، "دەزانین ئەمە کاتێکی دژوارە، بەڵام هاریکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا جیاوازی راستەقینە لە دژی داگیرکارییەکەی رووسیا لە مەیدانی جەنگدا دەکات".

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە گوژمەیەک هێرشی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 125 کیلۆمەتر دووجا رووبەری ژێردەست هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە.

لەو رووبەرەدا لانیکەم حەوت گوندی تێدایە و بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە 7500 هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. کەمتر لە مانگێکە کۆنگرێسی ئەمریکا 60 ملیار هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد کە زۆرینەی هاریکارییەکە لە تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێکدێت.

بلینکن دەڵێت، هەندێک لەو هاریکارییانە گەیشتوون و هەندێکیان بە رێگاوەن. بەرپرسانی ئۆکراینا لە رابردوودا لۆمەی ئەمریکایان بەوەکردبوو کە لە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بۆیان دواکەوتووە و ئێستاش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا بۆ ئەم پێشڕەوییەی رووسیا لە خارکیڤ لۆمەی ئەمریکا دەکەن.

لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی سەربازی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا ناردووە. لەوکاتەوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا بە بڕی 175 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ کیێڤ دەستەبەرکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار