نەتەوەیەکگرتووەکان: دوو ملیۆن خەڵک لە غەززە بێ چادر و خۆراک ماونەتەوە و ئێمەش نیمانە بیاندەینێ
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەرکرد کە خۆراک و چادریان بەشیی دوو ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە نەماوە و ناتوانن چیدیکە دەستەبەریکەن. دەشڵێت، قاتووقڕیی گەورە بەڕێوەیە.
رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، یەریۆش پێترۆپۆلۆس، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە بۆ کارووباری هاریکاریی مرۆیی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، کۆگەکانیان خاڵی بوونەتەوە لە خۆراک و چادر و هیچ ئومێدێکیشیان نییە دووبارە بتوانن کەرەستەی نوێیان بەدەست بگات؛ ئەمە لەبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و داخرانی رێگەکانی گواستنەوەی هاریکاری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدی کات نەماوە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکاری بۆ غەززە و دەبێت چی زووە بکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 54 بارهەڵگر بە دەروازەی ئەرەزدا گەیشتوونەتە غەززە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و پێداویستی بۆ تەواوی 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسەکەی غەززە دابینبکەن، پێویستیان بە 500 بارهەڵگر هەیە.
لە دوای دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، لانیکەم 600 هەزار کەس ئاوارەبوون و لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. 100 هەزار کەسی دیکەش لە باشووری غەززە بەهۆی هۆشداریی ئیسرائیلەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.