هاوڵاتی ئەمڕۆ مانگی دەستکردی میتیۆسات ١٢ بە موشەکی ئاریان هەڵدەدرێت بۆ پێشبینیکردنی کەشووهەوا، ئەم مانگە دەستکردە توانایەکی باشترو کوالێتیەکای بەرزتری هەیە لە پێشبینیکردنی زریان، لافاو و ڕەشەبا؛ (میتۆسات -١٢) توانای هەیە هەر ١٠ خولەک جارێک وینەیەکی تەواوی کەشووهەوا بنێرێتەوە ئەمەش بەبەراورد بە بەو موشەکەی کە ٢٠ ساڵە بەکاردێت ٥ خولەک خێراترە و چاودێری کەشوهەوای ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا دەکات. مانگی دەستکردی میتیۆسات کە لەلایەن کۆمپانیای یومێتسات درووستکراوە، دەتوانێت نیشانەی زۆر بچوکتریش لەبەرگەواهەوادا کە بەدرێژای ٥٠٠ مەتر دادەبەزێت و لە درێژە شەپۆلێکی زیاتری ڕوناکیدایە بەدی بکات، وڵاتانی ئەندامانی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا " ئیسا" بەبڕی ١.٤ ملیار یۆرۆ بودجەیان بۆ پڕۆژەکە دابینکردووە و پێدەچێت بۆ خەرجیە بەردەوامەکانی خەرجیەکەی بگاتە ٢.٩ ملیار یۆرۆ؛ ئەمەش دەبێتە یەکەم کەشتی ئاسمانی لە سیستەمێکی نوێی چاودێریکردندا کە خەرجیەکەی چەندین ملیار یۆرۆ بوبێت. فیل ئیڤانس، بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای یومێتسات کە ڕێکخراوی نێوان حوکمەتە و مانگە دەستکردەکانی ئەوروپا بەڕیوەدەبات لەبارەی گرنگی ئەم مانگە دەستکردەوە دەڵێت، گەر سەیری ڕووداوە کارەساتبارەکانی ساڵی ڕابردوو بکەین کە ڕووی لە بەلجیکا وئەڵمانیا و هۆڵەندا کرد وبەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا ئەوا دەبینین چاودێریکردنی وردتر وبەردەوامی کەشوهەوا لە بۆشایی ئاسمانەوە پێویستە بۆ پێشبینی باشتر وهۆشداری زیاتر بۆ کەمکردنەوەی زیان وقوربانیەکانی ڕووداوە سەختەکانی پەیوەست بەکەشوو هەوا. مانگی دەستکردی میتیۆسات یەکێک لە گرنگیەکانی دانانی کامێرایەکە تێدا بۆ پێشبینی کردنی ڕەشەبا، ئاژانسەکان ئەمە بە پێشکەوتنێکی ناوازە دەزانن لە پێشبینی کردی پێشوەختەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی کەشووهەوا؛ بەمەش یارمەتیەکی زیاتری خەڵک دەدات لەژیانی ڕۆژانەیان، لە بواری فڕۆکەوانی و کەشتتیوانی و کەمکردنەوەی زیانەکان. پۆل بلایس، یەکێکە لە بەڕێوبەرانی پەرەپێذەری میتیۆسات و لەبارەی مانگە دەستکردەکەوە دەڵێت، ئەمە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە وکاتێکی زۆری ویستووە، بەشێک لە پێکهاتە سەرەکیەکانی مانگە دەستکردەکە نزیکەی شەش بۆ هەشت ساڵی خایاندووە لەپەرەپێدانی وگەیاندنی بەم ئەنجامەی ئێستا. مانگی دەستکردی میتیۆسات ١٢ بڕیارە لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ خولەک بەکاتی جیهانی و ١٧:٣٠ خولەک بەکاتی ناوخۆ لە بەندەری بۆشایی ئاسمانی گیانای فەڕەنسا کە دورگەیەکی فەڕەنسایە ، بە موشەکی ئاریان هەڵبدرێت.

هاوڵاتی وڵاتانی G7 کە لە هەر یەک لە ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکهاتووە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دڵنیایییان دا لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا. لەو بەیاننامە هاوبەشەدا کە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی سەرکردەی وڵاتانی G7دا پەسەند کرا کە ئەڵمانیا سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی دەکات، هاتووە؛ ''جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لە پشتیوانی نەبڕاوەمان بۆ ئۆکراینا و هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ کیێڤ لە بەرامبەر شەڕی بەردەوامی رووسیا دەردەبڕین''. لە بەیاننامەکەدا سەرکۆنەی هێرشە 'نامرۆڤانە و بێ بەزەییەکانی' رووسیا کراوە بۆسەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکراینا و باس لەوە کراوە کە کردەی دژبە مەدەنی تاوانی جەنگە. لە بەیاننامەکەدا، هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی ئامانجیان ئەوەیە لە کۆتاییدا تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو ژێرخانە گرنگانە بدەن کە بەهۆی هێرشی بێ بەزەیی رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێرانبوون و هاتووە؛ ''نابێت تاوانەکانی جەنگ و ستەمەکانی دیکە بێ سزا بمێننەوە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان (سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر) پوتین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە بە بەرپرسیار دەزانین. لێدوانە نابەرپرسیارەکانی رووسیا لەبارەی ئەتۆم جێگەی قبوڵ نییە و جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە بەکارهێنانی هەر چەکێکی کیمیایی، بایۆلۆجی یان ئەتۆمی دەرەنجامی جیددی دەبێت''. هاوکات وڵاتانی G7 داوایان لە رووسیا کرد، دەستبەجێ جەنگی سەر ئۆکراینا رابگرێت و بەتەواوی و بەبێ مەرج لە خاکی ئەو وڵاتە بکشێتەوە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، وڵاتەکان خۆشحاڵی خۆیان نیشانداوە لەبارەی نوێکردنەوەی رێککەوتنی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێلە لە دەریای رەش. وڵاتانی G7 ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە یانەیەکی ئاووهەوایان پێکهێناوە و ئامانجی سەرەکی لەو کارەش سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتەیەکی پیشەسازییە کە دۆستی ژینگە بێت. لە بەیاننامەکەدا داوا لە رێکخراوی هاریکاری ئابووریی و گەشەپێدان (OECD) کراوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) میوانداری سکرتاریەتی کاتی یانەی ئاووهەوا بکات.

هاوڵاتی دوای دەستگیركردنی چوار کەس لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە بەتۆمەتی پارە سپیکردنەوە کە لەنێویاندا ئیڤا کایلی" جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا" هەبوو، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورپا هۆشداریدا کە دیموکراسی ئەوروپا لەژێر هەڕەشەدایە، هاوکات داوای دروستکردنی پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو سکانداڵە کرد، هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ئەندامێتی ئەو پەرلەمانتارەی هەڵوەشاندەوەو لەپەرلەمان دەریکرد. پۆلیسی بەلجیکا لە برۆکسل ڕۆژی هەینی دەستی بەسەر ٦۰۰،۰۰۰ هەزار یۆرۆی کاش گرت لەئەنجامی ١٦ بەدواداچوونی جیاوازدا، هەروەها بەوهۆیەوە چوار کەسیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی تێوەگلان کە لەنێویاندا ئیڤا کایلیش هەبوو، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارەکە لەلایەن ئیماراتەوە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگیری و کاریگەری نوێنەری ئەو وڵاتە دراوە بەئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا. ئیڤا کایلی بۆماوەی ٨ ساڵە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، بەهۆی تۆمەتی تێوەگلانی لە سکانداڵاکە لە ئەرکەکانی وەک یەکێک لە ۱٦ جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دورخرایەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە گروپی سۆسیالیست و لەپارتی پاسۆکیچەپی ناوەڕاستی یۆنان و دیموکراتەکانی پەرلەمان دورخرایەوە، هەرەها سەرجەم سەروەت و سامانەکەیان سڕکرد. بەپێی زانیاریەکانی داواکاری گشتی سەرەڕای سڕکردنی سەروەت و سامانی ئیڤا کایلی، لەڕۆژی هەینیەوە بۆ ڕێگریکردن لە ونبوونی هەر بەڵگەیەکی پەیوەست بە گەندەڵیەکە سەرجەم ئایتی و ئەکاونتەکانی ۱۰ ئەندامی فەرمانبەری ئەورپایان سڕکردووە. لە کاردانەوەی ئاشکرابوونی سکانداڵەکە، چاودێران و پەرلەمانتارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە بەرتیلدان بە پەرلەمانی ئەوروپا دەبێتە یەکێک لەگەورەترین سکانداڵەکانی مێژووی پەرلەمان؛ بەشێکیش لەپەرلەمانتارانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن کە توشی شۆک بوون لەو بەرتیل و سکانداڵە ئاشکرایە. هەر پەیوەست بە کاردانەوەکانی سکانداڵەکە، ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گاڵتەی بە یەکێتی ئەوروپا کرد هەرچەندە وڵاتی هەنگاریاش ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە؛ بەڵام چەندین جار توشی ناکۆکی بووە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا.

هاوڵاتی لەشی مرڤ تەنها لەخانەکانی پێکنەهاتووە، بەڵکوو لە مایکرۆبە سودبەخشەکانی ڕیخۆڵەشی پێکهاتووە بەجۆرێک نزیکەی ٢کگم کێشی لەش پێکدەهێنن لەشی مرڤ لە بلیۆنان خانە پێکهاتووە، لەگەل ئەوەشدا تاکە پێکهێنەری لەشی مرۆڤ نین بەڵکوو چەندان وردە زیندەوەری جیاواز کە لەناو و لەسەر ڕووی لەش دەژین کە بەشێکی زۆریان لەڕیخۆڵەکاندا دەژین نزیکەی ٢کگم لە کێشی لەش پێک دەهێنن وبەشدارن لە تەندرووستی مرۆڤدا. بەپێی توێژینەوەکان وبەڵگە زانستیەکان لەسەر کاریگەری ئەو وردە زیندەوارانە دەرکەوتووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بە هەوکردنەکانی پەیوەست بە ڕیخۆڵە، سیستەمی بەرگری، توانای هەرسکردن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە نوێترین تویژینەوەکاندا باس لە کاریگەری ئەو وردە زیندەوەرانەی ناو ڕیخۆڵەکان دەکرێت لەسەر توانای مەعریفی و مێشک، زانین و توانای مێشک بۆ مامەمەڵەکردن لەگەڵ سترێس و خەمۆکی. جۆن کرایان پڕۆفیسۆر لە زانستی ئەناتۆمی ودەمار لە زانکۆی کۆلێژی کۆرک کە پسپۆڕە لە پەیوەندی نێوان مێشک و ڕیخۆڵە، لەیەکێک لە تاقیکردنەوەکانیدا دەریخست کە لەسەر مشک ئەنجامی دابوو ئەو مشکانەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خەمۆکی و سترێسدان ڕێژەی وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لەمەشەوە هانی دا کەبەدواداچوونی زیاتر بۆ پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە ومێشک بکات. کرایان لەبارەی گرنگی وردەزیندەوەرەکانی ڕیخۆڵەوە باس لەوە دەکات کە ئەگەر خۆراکێکی تەندرووست بخۆیت ئەوا ڕێژەیەکی تەواو وتەندرووست لە وردەزیندەوەرەکانی ناو ڕیخۆڵەت دەبێت وبەتەندرووستی دەمێننەوە، هەربەوهۆیەوەش کە وردە زیندەوەرە سودبەخشەکان کاریگەریان لەسەر تەندرووستی مێشک هەیە ئەوا یارمەتی گەشەی ئاسایی مێشک دەدات وبەپێچەوانەوە کێشە لە وردە زیندەوەرەکانتدا دەبێتە هۆی کێشە لە ڕەفتار و زانین وسیستەمی بەرگریشدا. هەر لەمبارەیەوە لە توێژینەوەیەکی ژاپۆنیدا کە لەسەر کاریگەری وردە زیندەوەرەکانی ڕیخۆڵە لەسەر توانای زیرەکی مرۆڤ و مێشک ئەنجام درا، ئەوەی پشت ڕاست دەکردەوە کە ئەو مشکانەی بەبێ بوونی وردە زیندەوەرەکان گەورەدەبن وەڵامدانەوەیان زیدەڕەوی تێدابووە بۆ فشار و سترێس بەبەراورد بەومشکانەی کە ڕێژەی تەواو لە وردە زیندەوەرەکانیان هەبووە. توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکە تەندرووستەکانیش ئەنجام دا وبەکتریای ناسراو بە " لاکتۆبەسیڵەس" بۆ ڕیخۆڵەی مشکە تەندرووستەکان دانا، بەمەش دەرکەوت کە ڕادەی سترێس و دڵيراوکێ تێیاندا کەمتر بووەتەوە. توێژەر وپسپۆڕانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن ڕەنگە بکرێت لەڕێگەی باشترکردنی خۆراکەکانمەوە وردەزیندەوەرەکان تەندرووست بهێڵینەوە وایان لێبکەین تواناکانی مێشکمان باشتر بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کەهیشتا زووە بۆباسکردن لەوەی کە هەوڵ بدرێت لەڕێگەی گۆڕانکاریکردن وزیادکردنی وردەزنیدەوەرەکانی ڕێخۆڵە توانای زیرەکی مرۆڤ بەرزبکرێتەوە، بەڵام تاقیکردنەکان بەردەوامن وبەڵگەکانیش بەهێزن وبوارەکەش زۆربەخێرایی پەرەدەسەنێت.

هاوڵاتی کەشتی ئاسمانی ڕەشید کە لایەن سەنتەری بۆشایی ئاسمانی دوبەی بن موحەمەد ڕەشید " ئێم بی ئاڕ ئێس سی " درووستکراوە وکۆمپانیای نیشتنەوەی ژاپۆنی ئەندازیاری "هاکیوتۆ- ئاڕ" بۆ گەڕان بەدوای مانگ درووستکراوە دەگەینرێت، لەجۆری موشەکی سپەیس ئێکس فاڵکۆن لە ١١ی کانونی یەکەم بەرەو بۆشای ئاسمان هەڵدرا. گەشتی کەشتیە ئاسمانیە ڕەشید وزەیەکی کەمی دەوێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بگاتە سەرمانگ، کاتێک دەگاتە ئەوێ یەک ڕۆژی مانگ لەوێ بەسەردەبات واتە ( ١٤.٧٥ ڕۆژی سەر زەوی) و ئەرکە سەرەکیەکەی جی بەجێ دەکات. وابڕیارە وڵاتی کەنداو چەند دانە لە ڕۆڤەر و ئۆربیتەر ڕەوانەی سەر مانگ بکات، لەگەڵ ڕۆڤەری دووەمیش بڕیارە لە زووترین کاتدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بینیشینێتەوە.. کەشتی ئاسمانی ڕەشیدی چوار ویل کە کێشەکەی ١٠کگم لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمپنایای" ئێم بی ئاڕ ئیش سی" درووستکراوە وبەتەواوی لەلایەن تیمێکی ئیماراتیەوە دیزاین کراوە؛ حەمەد ئەلمەرزووقی بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی نوێنەرایەتی مانگی ئیمارات لە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، تیمەکە کاری زۆر باشیان کردووە لە درووستکردن ودیزاینکردنی کەشتیەکە. ئەم کەشتیە ئیماراتیە یەکەم کەشتی ئاسمانیە کە لایەن وڵاتیکی عەربیەوە دروستکرابێت، هاوکات بە ماوەیەکی کەم دێت لەدواین ئەرکی ئارتەمیسی یەکی ناسا بۆ گەڕان ولێکۆڵینەوە لە مانگ. کۆمپانیای جیبەجێکاری ئیماراتی ئاسمانی ئەم هەوڵە وەک هەنگاویک بۆ کارە گەورەکانی داهاتووی لەسەر مەریخ سەیر دەکات، حەمەد ئەلمەرزوقی بەڕێبوبەری گشتی کۆمپانیاکە هیواداریشە تا ساڵی ٢١١٧ یەکەم نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ ئەنجام بدەن. 

لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە وتبووی،  یۆنان "بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بە مووشەکی تایفون لێی دەدەین." نیگەرانی یونانی لێکەوتەوە و رۆژنامەی کاتیمێری یونانی لە هەواڵێدا رایگەیاند، بەر لە هەڵبژاردنەکان پێدەچێت ئەردۆغان روداوێک بخوڵقێنێت. رۆژنامەی کاتیمێری باسی ئەوە دەکات کە هەڕەشەکانی تورکیا نوێ نین، بەڵام هەڕەشە نوێکەی ئەردۆغان کە باسی هێرشی موشەکی دەکات، مەترسیدارترە. رۆژنامەکە ئاماژەی بە هەڕەشەکانی پێشووتری مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاشی کردووە کە وتبووی، ' ئەگەری پرچەککردنی دورگەکانی ئیجە بەردەوام بێت، شەوێک لە ناکاودا هەڵدەکوتینە سەریان' و دەڵێت، ناکۆکیەکانی هەردوو وڵات، هەرچەندە لە مێژەیە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە، مەترسیەکانیش لە زیادبووندان. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، ئەگەر یۆنان بەردەوام بێت لە هەڵوێستەکانی کە ئەنقەرەی بێزار کردوە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیا و موشەکی تایفون "هێرش دەکەنە سەر ئەسینا". باسی لەوەشکرد، "یۆنان لە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی ئێمە دەترسێت، ئەگەر هێمن نەبنەوە بێگومان لێیان دەدەین".

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێکی گاردیان داواکاری گشتی بەلجیکی لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکات کە گوایە قەتەر هەوڵی داوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بکات بە بەرتیلدان بە بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوروپا، چوار کەسی تۆمەتبار کردووە بە پارە شوشتن و گەندەڵی . ٩/١٢/٢٠٢٢ ئەم مانگە، پۆلیسی برۆکسل دەستی بە لێکۆڵینەوەی دۆسیەیەکی گوماناوی گەندەڵی لەنێو پەرلەمانی ئەوروپا کرد. پۆلیس 16 جێگەی جیاوازی لەو شارە پشکنی و 600 هەزار یۆرۆ دۆزرایەوە، گوایە قەتەر پێشکێشی ٤ بەرپرس و ئەندامی پەرلەمانی کردووە کە یەکێکیان ئێڤا کایڵییە. هەرچەندە نوسینگەی داواکاری گشتی ناوی ئەو چوار کەسەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام سەرچاوەیەکی دادوەری بە ئاگینس فرانس پرێسی ڕاگەیاند ئیڤا کایلی کە وەک یەکێک لە 14 جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاردەکات یەکێکە لەو کەسانەی لیکۆڵینەوەی لەگەڵدەکرێت. بە گوتەی پۆلیس، قەتەر ویستوویەتی لەو رێگەیەوە دەست بخاتە نێو کاروبار و بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بن؛ هەروەها هەوڵیداوە ئەو رەخنانە دابپۆشێت کە باس لە پێشێلکاریی قەتەر بەرامبەر مافی کرێکارە بیانییەکان دەکات. ئەمەشدوای ئەوەدێت، ژمارەیەک سەرچاوە بڵاویانکردۆتەوە کە ئەو کرێکارانەی لە ئامادەکارییەکانی جامی جیهانیی قەتەردا مردوون شەش هەزار و 500 کرێکارن، بەڵام قەتەر دەڵێت، ژمارەکە زۆرە و ئەو کەسانەی مردوون لەنێوان 400 بۆ 500 کرێکاردا بوون. هاوکات کاترین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "دادگە کاری خۆی دەکات. لێکۆڵینەوە کردن هەمیشە کارێکی باشە بۆئەوەی شتەکان روون بکرێنەوە."  

فەڕەنسا رایگەیاند لەگەڵ ئەڵمانیا خەڵاتی ئەمساڵی مافەکانی مرۆڤیان بەخشیوەتە ژینا ئەمینی و ژنان لە ئێران. باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک رایگەیاند؛ ئەمساڵ خەڵاتی هاوبەشی وڵاتەکەی و ئەڵمانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بەخشراوەتە ژنانی ئێران و ژینا ئەمینی. پەیامەکەی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران بە فەرمی لە ئەژماری تویتەری ئەو باڵیۆزخانەیە بڵاو کراوەتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوە. ئەڵمانیا و فەڕەنسا دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دەیان سزایان بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا سەپاندوە بە هۆی ئەو توندویژی  وسزا توندانەی بەرامبەر خەڵک و خۆپیشاندەرانی ناڕازیی وڵاتەکە کراوە، هاوکات ئەنجومەنی شارەوانییەکانی پاریس بە کۆی دەنگ ژینا ئەمینیی کرد بە هاوڵاتیی فەخریی پایتەختی فەڕەنسا. ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە (16/9/2022) دوای سێ رۆژ بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران گیانی لەدەستدا و بە پێی بەڵگەکانیش دەرکەوتوە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی شاری تاران توندوتیژیی بەرامبەر کراوە و بەهۆی لێدانەوە توشی جەڵتەی دڵ و خوێنبەربونی مێشک بوە.

هاوڵاتی دەستنوسێکی واژووکراوی چارلس داروین کە جەخت لەسەر پەرەسەندن دەکاتەوە نرخی پێوانەیی تۆمارکرد و بەبڕی ٧٧٩ هەزار پاوەند لە سۆزێبی فرۆشرا. پارچە کاغەزیکی بەڵگەنامەیی دەستنوسی چارلس داروین کە واژۆی ئەو زانایەی لەسەرە لەکۆتاین داواکاری لە سۆزیبی فرۆشرا بە بڕی٧١٩ هەزار پاوەند کە دەکاتە ٨٨٢ هەزار دۆلار، ئەمەش زۆرترین نرخ بووە کە هەتاوەکوو ئێستا بۆ بەرهەمێکی چارلس داروین درابێت؛ کۆتایین بەڵگەنامەی چارلس داروین کە پێشتر فرۆشرابێت نزیکەی ٤٠٠ هەزار پاوەند بووە. دەستنوسەکە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی چارلس داروینە سەبارەت بە بنەڕەتی جۆرەکان وتیۆری پەرەسەندن ،چارلس داروین ئەم دەستنوسەی دوای ٦ ساڵ لە بڵاوبونەوەی کتیبی بنەچەی جۆرەکان بۆ گۆڤاری ناوداران لە ساڵی ١٨٦٥ نوسیبوو، لەکاتەدا باوترین ڕەخنە کە رووبەڕووی دەبۆوە ئەوە بوو کە چارلس داروین تیۆریەکەی نەیتوانیوە بنەچەی جۆری خۆی بدۆزێتەوە. چارلس داروین ئەم داواکاریەی گۆڤارەکەی وەک دەرفەتێک بۆ وەڵامدانەوەی گومانەکانی سەری بەکارهێنا، لەوبارەیەوەش دانی بەوەدا نا کە راستە بەڵام ئەمە پەیوەندی بە بۆچونەکانیەوە نیە لەسەر تیۆری پەرەسەندن وچۆنیەتی فرەیی بوونی جۆرەکان لەسەر زەوی، هەروەک چۆن ئەگەر لە جەوهەری هێزی کێشکردنی نیوتن تێنەگەین، بەڵام بەدڵناییەوە هێزی کێشکردن کاری کردووە وسەلمێنراوە. دەقی دەستنوسەکە:- ئێستا هەموو ڕاستیە گرنگەکان وگریمانەکانم لایە، کە بەتەواوی بڕوایان پێهێناوم کە جۆرەکان لەماوەیەکی دوودریژی ڕەچەڵەکدا بەهۆی پاراستنیان یان هەڵبژاردنی سروشتیەوە گۆڕانێکی زۆر کەم وگونجاوی دوا بەدوای یەکەوە گۆڕانیان بەسەرداهاتووە. پێم وانیە تیۆریەکی هەڵە بەڕاستی ئەوە ڕوون بکاتەوە، وەک ئەوەی کەپێموایە تیۆری هەڵبژاردنی سروشتی ڕوونی دەکاتەوە، وەک چەند بابەتە ڕاستیە گرنگەکان لەسەرەوە دیاری کراون. ئەوە ناڕەزایەتیەکی هەڵەیە کە تاوەکوو ئێستا زانست هیچ تیشکێک نەخاتە سەر کیشەی زۆر باڵای جەوهەر وبنەچەی ژیان. کێ دەتوانێت لە کڕۆکی ڕاکێشانی هێزی کێشکردن بکۆڵێتەوە؟ ئێستا کەس ڕەخنە ناگرێت لە بەدواداچوونەکان بۆ ئەنجامی دەرئەنجامەکانی ئەم پێکهێنەرە نادیارانەی هێزی ڕاکێشان، هەروەک چۆن پێشتر لیبنیتز نیوتنی بە هێنانی تایبەتمەندی جادوویی وموعجیزە بۆناو فەلسەفە تۆمەتبارکرد.

هاوڵاتی بەپێی نوێترین داهێنانی پزیشکی چارەسەرێکی نوێی شێرپەنجە لەیەکەم تاقیکردنەوەیدا توانی توشبویەکی شێرپەنجەی خوێن بەتەواوی لە خانە شێرپەنجەییەکان پاک بکاتەوە. لە هەوڵێکی نوێدا پزیشکانی نەخۆشانەی" ئۆرمۆند ستریت" لە بەریتانیا توانیان لە ڕێگەی دەستکاریکردنی خانە بنەڕەتیەکانی بۆماوەیی "دی ئێن ئەی" نەخۆشێکی توشبووی شیرپەنجەی خوێن چارەسەر بکەن، ئەمەش لەڕێگەی گۆڕینی ڕیزبەندی ماددەی بۆماوەیی " دی ئێن ئەی" خانە تەندرووستەکان بەجۆرێک کە بتوانێت خانە شێرپەنجەییەکان لەناو ببەن. ئەلیسا ئەو منداڵە تەمەن ١٣ ساڵەیە  کە لە شاری لیستەر چارەسەرەکەی بۆ کرا دوای ئەوەی مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو توشی شێرپەنجەی توندی خوێن بوو کە پەیوەست بوو بەخانەکانی بەرگری، ئەم تەکنیکە ٦ ساڵ لەمەوبەر داهێنرا،  وئەمە یەکەم جارە بەوجۆرە بەکاردێت لەچارەسەری شێرپەنجەی خوێندا. پزیشکانی ئەلیسا باس لەوە دەکەن کە دەرمانەکە دوای ٦ مانگ کاریگەری هەبووە لەسەر نەخۆشیەکەی و بەڵام هێشتا پێویستی بە چاودێریە. ئەم ڕێگا چارەسەریە دوای ئەوە دێت کە ئەلیسا لەهیچ کام لە چاندنی مۆخی ئێسک، چارەسەری کیمیای سودمەند نەبووە و وەڵامی نەبووە بۆ هیچ کام لەم چارەسەرانە،هەربۆیە لەو ماوەیەی بۆی دانرابوو تاکە چارەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکان وئازارەکانی بوو. تیمی پزیشکانی نەخۆشخانەی" ئۆرمۆند ستریت" ئەم ڕێگا چارەسەریە وکاریگەریەکەی بەشۆڕشێک لە چارەسەری شێرپەنجە ناودەبەن. ئەندازەکردنی جینەکان یەکێکە لەڕێگاکانی چارەسەر کە چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بەکاردێت، بۆ یەکەم جار ئەم تەکنیکە لەساڵانی شەستەکانەوە پەرەی پێدرا، کە تێیدا دەستکاری ڕیزبەندی خانە بنەڕەتیەکانی ماددەی بۆماوەی " دی ئێن ئەی " دەکرێت ودووبارە ئەندازەدەکرێتەوە.

سان سەرڤان لەڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لەدەرئەنجامەکانی دوودڵی و رارایی ڤاکسین کە پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆر جاریش لەدەرەوەی هێڵەکانی پەیوەندی لەناو کۆمەڵگادا، پرسی پێکووتەکردنی منداڵانە بەڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩. لەئێستادا ئەم پرسە گومانێکی گەورەی لای دایک و باوکان و بەخێوکەران جێهێشتووە، سەرباری بوونی ئەو گومانانەی کە گەورەکان رووبەڕووی خۆیان دەبێتەوە. هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ کە لەمانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا، گەورەترین بارگرانی دەرئەنجامە تووندەکانی پەتاکە کاریگەریی گەورەی کردۆتەسەر کەسانی بەساڵاچوو هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی تریان هەیە. بۆیە بەئێستاشەوە ئەم تۆێژە لەکۆمەڵگا بوونەتە دەستەیەکی لاواز لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانییەی کە بەرۆکی تێکڕای مرۆڤایەتی گرتووە. لەسەرەتادا پەتای کۆڤید-١٩ کەمترو ئاسانتر بوو لەناو منداڵ و هەرزەکاراندا بەبەراورد بەگەورەکان. بۆیە لەسەرەتای داهێنانی ڤاکسینەکانی کۆڤید-١٩ لەمانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، سەرنج خرابووە سەر پێکووتەکردنی بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە نەخۆشن لەگەڵ گەورەساڵاندا.  لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پەتای کۆڤید-١٩، منداڵان بەڕێژەیەکی کەمتر لەگەورەساڵان و سووکتر پەتاکەیان دەگرت یان دەبوون بەهەڵگری ڤایرۆسەکە کە ئەمەش مایەی مەترسی بوو بۆ گواستنەوە و تووشکردنی گەورەکان بەڤایرۆسەکە، هەروەها ئەگەری کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاد دەکات.  بەتێکڕا، ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاسەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢  وا نیشانی دەدەن کە ٦٢٧،٥٧٣،٥٩٧ کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشبوون و ژمارەی پێوانەیی مردووان گەیشتووەتە ٦،٥٧٠،٣٦٣ کەس. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی -عێراق، ژمارەی تووشبووان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بریتی بوو لە ٢،٤٦١،٢٤٧ کەس و لەگەڵ ژمارەی ٢٥،٣٥٨ کەس کە گیانیان لەدەستەداوە، شایانی باسە ئەم ژمارانە تەنیا ئەو کەیسانە دەگرێتەوە کە بەفەرمی تۆمارکراون. ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا سەیری ئەم داتایانەی خوارەوە بکەین  کەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تۆماری کردووە لەسەر منداڵان و هەرزەکاران ئەوا هەست بە گۆڕانکارییەکان و دەرئەنجامەکانی پەتای کۆڤید-١٩ دەکەین و هەروەک چۆن بەر کاریگەرییەکانیشی دەکەوین لەم هەرێمەی ئێمەو لەسەرانسەری جیهاندا. لەقۆناغی سەرەتایی پەتاکەدا لە ٣٠ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٩ تا ٢٥ی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ داتاکان ئەوە دەردەخەن کەمنداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ٢٪ی پێکهاتەی تووشبوون لەسەر ئاستی جیهان نیشانداوە (١،٨٩٠،٧٥٦منداڵ) هەروەها بەڕێژەی ٠.١٪ لەمنداڵی تووشبوو بەکۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان مردوون (١،٧٩٧ منداڵ). لەهەمان کاتدا، منداڵانی تازەپێگەیشتوو و هەرزەکاران (٥-١٤ ساڵ) لە ٧٪ (٧،٠٥٨،٧٤٨ منداڵ) لەسەر ئاستی جیهاندا تووشبوون کە ٠.١٪ (١،٣٢٨ منداڵ) تۆماری مردنیان بۆ کراوە. بەجیاوازیی لەو هەرزەکارانەی ١٥-٢٤ ساڵن لە ١٥٪ یان (١٤،٨١٩،٣٢٠ هەرزەکار) تووشی کۆرۆنا بوون کە ٠.٤٪ (٧،٠٢٣ هەرزەکار) تۆماری مردنیان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان. مردنی گەنجانی خوار تەمەنی ٢٥ ساڵ بەپەتای کۆڤید-١٩، کەمتر لە ٠.٥٪ ی ئاستی مردنی جیهانیی پێکهێناوە.  رەنگە تائێستا بەهۆی هەبوونی نیشانەی سووك یان دەرنەکەوتنی نیشانەکانی کۆڤید-١٩ وای لەئێمە کردبێت کەمتر سەرنج بخەینە سەر کەیسی منداڵان و هەرزەکاران هەروەها کەمتر چاودێریمان کردبێتن و لەمیدیادا گرینگییەکی ئەوتۆمان پێنەدابێت. رەنگە لەبنەڕەتدا کەیسی منداڵان و هەرزەکاران کەمتر راپۆرت کرابن و برابێتنە نەخۆشخانەو سەنتەرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لەلایەن دایك و باوکانەوە، بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی وەك نیشانەکانی ئەنفلووەنزا دەرکەوتبێتن. بەڵام راستییەکی سەلمێندراو هەیە کەکەیسەکانی کۆڤید-١٩ لەمنداڵاندا لەکاتی جۆری ئۆمیکرۆندا بەشێوەیەکی زۆر زەق و دراماتیکی بەرزبووەتەوە. ئەمەش لەو کاتەدا بوو کەوڵاتان رێکارەکانی خۆپاراستنیان بەجۆرێک شل کردەوە وەک ئەوەی کاریگەریی و مەترسیی کۆڤید-١٩ کەمیکردبێت. بۆ نموونە لەولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تامانگی تەممووز ٢٠٢٢ (١٤،٠٠٣،٤٩٧) کەیسی منداڵ تۆمارکرا کەئەمەش رێژەی ١٨.٦٪ی تێکڕای کەیسە تۆمارکراوەکانی کۆڤید-١٩ پێکدەهێنێت. لەسەر ئاستی جیهانیشدا تا ٢٤ی مانگی تەممووزی ٢٠٢٢ منداڵانی خوار پێنج ساڵان لە ٢.٤٧٪و ئەو منداڵانەی کە ٥-١٤ ساڵن لە ١٠.٤٤٪ ی کەیسی تووشبووانی کۆرۆنا پێکدەهێنن. کەیسی هەرزەکاران و گەنجان لە ١٥-٢٥ ساڵان لە ١٣.٩١٪ی تێکڕای کەیسی تووشبووانیان تۆمارکردبوو. منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە ٠.١١٪ی ئەژماری تێکڕای مردووەکانی جیهان پێکدەهێنن لەکاتێکدا منداڵانی ٥-١٤ ساڵ لە ٠.٩٨٪ی تێکڕای مردووانی کەیسی کۆرۆنا پێکدەهێنن هەروەک چۆن ئەم رێژەیە لەناو هەرزەکاران و گەنجاندا ٠.٣٧٪ پێکدێنێت.  لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە کەئایا گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی  ناو ئەم داتایانەی سەرەوە ئاماژە بەهیچ مەترسییەك و دڵەڕاوکێیەك دەکەن؟ ئایا تاچەند میدیای کوردی و ناوچەیی و عێراقی ئەم کێشەیەیان بەرجەستە کردووەو پرسی تەوەری  منداڵ و کۆڤید -١٩و ڤاکسینەکانیان وروژاندووە؟ لەڕاستیدا سەرجەم میدیا کوردی و عێراقییەکان زۆر بەدەگمەن یان هەر رووماڵی ئەو بابەتەیان نەکردووەو هیچ شیکارێك و بەرچاوڕوونیان نەخستۆتە بەردەم خوێنەران، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەوەرە پرسیارگەلێکی زۆری دایکان و باوکان و بەخێوکەرانە لەپلاتفۆرماکانی سۆشیال میدیادا. لەسەر میدیا پێویستە هەموو بەڵگە زانستی و پشتڕاستکراوەکان بخاتە بەردەم بەخێوکەران تاخۆیان بڕیاری چارەنووسازانە بدەن لەسەر تەندروستیی منداڵەکانیان. لەدوای هاتنی ئۆمیکرۆنەوە وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، کە نیشانەکانی کەمتر تووندە بەگشتی جۆرێك خاوبوونەوە بەدیدەکرێت لەوەرگرتنی پێکووتەدا لەسەرتاسەری عێراق بەڵام ئەم نیشانە هێواشانەی ئۆمیکرۆن کاریگەرییە ترسناکەکانی کۆڤید کەمناکەنەوەو مانای ئەوە نییە کە کۆڤید-١٩ بنبڕ بووە. ئامارەکانی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا وا ئاماژە دەکەن کە  ١١،٢٣٤،٣٤٧هاوڵاتی ژەمە ڤاکسینی یەکەمی وەرگرتووەو  ٧،٨٩٩،٣١٥ هاووڵاتیش دووەم پێکووتەیان وەرگرتووەو ٢٦٠،٣٨٨ هاووڵاتیش بووستەریان وەرگرتووە. بەڵام ئایا چەند منداڵ و هەرزەکار پێکووتەیان وەرگرتووە؟    نزیکەی ١٧٠ هەزار منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵ لەسێ پارێزگاکەی KRI کوتانی دژی کۆڤید١٩ کران.  پشتبەستن بەزانیارییەکی خەمڵێنراوی رێکخراوی یونیسێف  UNICEF، لەهەرێمی کوردستان  و لەسێ پارێزگاکەی هەرێمەکەدا، بۆ گرووپی منداڵی تەمەن ١٢-١٧ ساڵان نزیکەی ١٧٠،٠٠٠ منداڵ ڤاکسینی دژە کۆڤید-١٩یان وەرگرتووە. زۆر سەخت بوو ژمارەی منداڵان و هەرزەکارانی عێراق بەتێکڕا وەربگرین بەڵام بە نموونە شارێکی وەک سلێمانی وەربگرین کەژمارەی دانیشتوانەکەی خۆی لە  ١،٨٧٨،٨٠٠ کەس دەدات. لەکۆی گشتی تەنها  ٨٣٨،٣١٥ هاووڵاتی ڤاکسینی وەرگرتووە (کەزۆرینەی ژەمە ڤاکسینی یەکەم و دووەمە)،  لەو ژمارەیەدا گرووپی مناڵان و هەرزەکاران  (١٢-١٧ ساڵان) تەنها  ١٥،٠٤٨ کەس ڤاکسینی وەرگرتووە ئەویش سێ ئەسترازینیکا و ١٤،٩٧٨ فایزەرو سینوفارم ٢٦١ منداڵ بووە. ئەم داتا فەرمییەی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستیی سلێمانی پێماندەڵێت کەهێشتا ژمارەی وەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵان و هەرزەکاران رێژەیەکی بەرچاو نییەو  کەلێنێکی گەورە هەیە لەوەرگرتنی پێکووتەی کۆڤید-١٩. هیچ داتایەکی تری فەرمی ئاماژە بەتۆماری تەمەنەکانی تری منداڵان نادات.         لە چ تەمەنێکەوە منداڵان دەتوانن پێکووتەی کۆڤید-١٩ وەربگرن؟ بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) پێویستە هەموو منداڵانی تەمەن شەش مانگ و بەرەو ژوور ڤاکسینی کۆڤید-١٩ وەربگرن ئەمە دوابەدوای ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیانە بوو کەزاناکان ئەنجامیانداو بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) دیاریکرد کە ڤاکسینی کۆڤید-19 سەلامەتەو کاریگەرە بۆ هەموو کەسێک کە تەمەنی شەش مانگ و سەرووترە. رێنمایی بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە پێش کوتان هەرچی زانیاری تەواو هەیە دەربارەی منداڵەکەت و لەئەگەری بوونی هەر هەستیارییەکی منداڵەکەت دەبێتە بخرێتەڕوو - هەروەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەڕۆیت کاتێك کە ڤاکسینە رۆتینییەکانی تر وەردەگرێت. هەروەها بەپێی رێنماییەکانی سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان (CDC) واباشترە خۆپارێزی و رێگری (ڤاکسینی کۆڤید-١٩) بۆ منداڵەکەت ئەنجام بدەیت پێش ئەوەی تووشی دەرئەنجامە سەختەکانی پەتاکە ببن. هەموو کەسێک لەتەمەنی پێنج ساڵ بۆ سەرەوە دەتوانن  بووستەر وەربگرن. هەندێك منداڵ کەتەمەنیان ١٢ ساڵ بەرە ژوورە  پێویستە دوو پێکووتەی بووستەر وەربگرن.   ئەوەی پێویستە بزانیت لەسەر کاریگەریە لاوەکیەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ هەمیشە نیشانەکان لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. هەندێک کەس هەست بەکەمێک ناڕەحەتی دەکەن و دەتوانن بەردەوام بن لەکاری رۆژانەیان. بەپێچەوانەوە رەنگە هەندێکی تریان کاریگەری لاوەکییان تێدا دروست ببێت و کاربکاتە سەر  ئەنجامدانی چالاکییەکانی رۆژانەیان. بەڵام بەگشتی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەچەندڕۆژێکدا نامێنن. تەنانەت ئەگەر تووشی هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبیت، بەڵام جەستەت لەناوەوە خەریکی دروستکردنی پارێزبەندییە لەڤایرۆسی کۆڤید-١٩ . دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ڤاکسینەکە دەگمەنن بەڵام دەبنەهۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن، بەزۆری لەماوەی شەش هەفتەدا دوای وەرگرتنی ڤاکسین روودەدەن.    کاریگەرییە لاوەکییە باوەکان  بۆ تەمەنی ٦ مانگ تا ٣ ساڵ: رەنگە  بریتی بن لە : ئازار لەقاچ یان قۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، توڕەبوون یان گریان خەواڵوویی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.   کاریگەرییە لاوەکییەکانی بۆ منداڵانی  ٤-١٧ ساڵ: دوای ژەمی دووەم زیاتر روودەدەن و دەشێت بریتیبن لە:ئازار و ئاوسان و سووربوونەوە لەقۆڵی ئەو شوێنەی کەدەرزی لێدراوە، ماندووبوون، ژانەسەر، ئازاری ماسولکە یان جومگەکان، لەرزین، ئاوسانی لیمفە گرێکان.   ئایا هەمان ڤاکسینی کۆڤید-١٩ کە بۆ گەورە فەراهەم کراوە هەمان ئەو ڤاکسینەیە کە بۆ منداڵان و هەرزەکارانیش بەکار دەهێنرێت، یان جیاوازە؟  ئەو پێکووتەیەی  کەگەورەکان وەریدەگرن ٣٠ مایکرۆگرام RNA یە، لەکاتێکدا ئەو پێکووتەیەی کە بۆ منداڵان دەستنیشانکراوە تەنها ١٠ مایکرۆگرامە. لەوانەیە تەنانەت منداڵانی بچووکتریش هەمان ڤاکسین وەربگرن بە بڕێکی کەمتر بەپێی زانیارییەکانی فایزەر، ژەمی کەمتر هەڵبژێردراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی کە دەرکەوتووە لەلایەن پێکووتەکەوە بەڵام هێشتا بەرگرییەکی بەهێز دابین دەکات. سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان CDC  ڤاکسینی کۆڤید-١٩ی کۆمپانیای فایزەر بۆ منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵ پەسەند دەکات و بەپێی شارازایانی نەخۆشییەکانی بواری منداڵان، رەنگە بڕەکەی وابەستە بێت بەئەگەری بەکارهێنانی  ئەنتیبایۆتیك یان هەر چارەسەرێکی کیمیایی دیکەو کێشی منداڵەکەوە .   ئایا ئەو منداڵانەی کەتووشی کۆڤید-١٩ بوون، پێویست دەکات پێکووتە وەربگرن؟ وەرگرتنی ڤاکسین یان پێکووتەی کۆڤید ١٩ خۆی لەخۆیدا بەدەستهینانی پاریزگاریی زیاترە بەرامبەر بەڤایرۆسەکە ئەمەش لەسەر بنەمای هەموو ئەو بەڵگە زانستییانەی کە تائێستا خراونەتەڕوو. ئەم پرۆسەیە بۆ منداڵانیش وەک گەورە وایە،  کەواتە، تەنانەت ئەگەر منداڵێک تووشی کۆڤید-١٩ بووبێت، هەر پێویستە کوتانی بۆ بکرێت. بۆ ئەو منداڵانەی کەتووشی ڤایرۆسی  کۆڤید-١٩ بوون، دەتوانرێت ژەمی داهاتوویان دوابخرێت بۆ دوای سێ مانگ لەکاتی دەستپێکردنی نیشانەکانی یان ئەگەر نیشانەکانیان نەبووە، کاتێک پشکنینی پۆزەتیڤیان بۆ کراوە. (٤) هەمیشە دوودڵی ڤاکسین پرسیارێك ئاڕاستە دەکات ئەویش ئەوەیە کە هەست ناکەیت بەکارهێنانی ڤاکسین رێگەچارەیەکی گونجاوبێت بۆ بەرگرتن لەم گۆڕانکارییە بەلێشاوانەدا؟  پێویستە میدیای چیی رێنماییەك بدات بەدایك و باوکان لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینی کۆڤید-١٩ بۆ منداڵەکانیان؟  بەگشتی پرنسیپ و ئەرك و کاری میدیایی بریتییە لەئامادەگییەکی تەواو لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو قەیرانە تەندروستییەکان، ئەویش ئەوەیە کەدەرئەنجامە زانستییە سەلمێنراوەکان و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەشێوەیەك بخاتە بەر دەمی بینەورو خوێنەر، بەگشت ڕەهەندەکانییەوە (گومان و گۆشە و دیدی جیاواز) و بیروبۆچوونەکان تا خەڵك بەرچاوڕوونییەکی تەواویان هەبێت، خۆیان ببنە خاوەن بڕیار لە پارێزگاری و چارەسەری فەرهەمکراو. هەرەها ڕێزگرتن لە بڕیارەکانیان مافی سەرەتایی خۆیانە و شیکردنەوەی دوودڵی و راڕایی ڤاکسین پرۆسەیەکی زۆر ئاساییە کەپێویستە خەڵك خۆی تیادا بدۆزێتەوە و وابەستەی دەرئەنجامەکەشی ببێت.   سەرچاوەکان: 1.WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard | WHO Coronavirus (COVID-19) Dashboard With Vaccination Data 2.WHO Dashboard COVID-19 cases and deaths: https://app.powerbi.com/view?r=eyJrIjoiYWRiZWVkNWUtNmM0Ni00MDAwLTljYWMtN2EwNTM3YjQzYmRmIiwidCI6ImY2MTBjMGI3LWJkMjQtNGIzOS04MTBiLTNkYzI4MGFmYjU5MCIsImMiOjh9. 3.Possible Side Effects After Getting a COVID-19 Vaccine | CDC 4.Covid-19 Vaccines for Children and Teens-July 20, 2022 (cdc.gov)  

خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ٢٠٢٢ی فیزیا، پزیشکی، کیمیا، وێژە و ئابوری لە مەراسیمێکدا کە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو، بەخشرایە خاوەنەکانیان. خەڵاتی نۆبڵ کە لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ بەهۆی پەتای کۆڤید١٩ نەتوانرا بەڕێوە بچێت، ئەمساڵ پێشکەشی خاوەنەکانیانکرا. لە رێورەسمەکەدا کە لە ماڵی کۆنسێرتەکانی ستۆکهۆڵم (کۆنسێرت هاوس) بەڕێوەچوو، بنەماڵەی شاهانەی سوید، ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید، وەزیرەکان، نوێنەرانی پارتەکان، نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و براوەی خەڵاتەکان و هەروەها چەندین میوان بەشداربوو. خەڵاتی فیزیا بەخشرایە ئالان ئەسپێکت، جۆن ئێف کلۆزەر، ئەنتۆن زایلینگەر، خەڵاتی کیمیاش بەخشرایە کارۆلین بێرتۆزی، مۆرتن مێلدال و باری شارپلیس. هەروەها سڤانتێ پابۆ خەڵاتی فیزیۆلۆژی/پزیشکی وەرگرت، و بێن ئێس بێرنانکە، دۆگلاس دبلیو دایمۆند و فیلیپ ئێچ دیبڤیگ خەڵاتی ئابووریان وەرگرت. خەڵاتی وێژەییش بەخشرایە ئەنیێ ئێرنۆکس. براوەی خەڵاتی نۆبڵ بڕوانامە، مەدالیای نۆبڵ و خەڵاتێکی پارەی ٩٠٠ هەزار یۆرۆییان پێبەخشرا. ئەمساڵ بەرپرسانی روسیا و بیلاڕوس بانگهێشتی رێورەسمەکە نەکرابوون. لە لایەکی دیکەوە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢، ئەلیس بیالیاتسکی، بەرگریکاری مافی مرۆڤ لە بیلاروس و ڕێکخراوەکانی میمۆریال و سەنتەری ئازادییە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ لە روسیا و ئۆکرانیا، لە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکانیان وەرگرت .

هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند ، وەرگرتنی پەنابەری زیاتر و کارئاسانی لە سیستمی وەرگرتنی پەناخوازان،دەتوانێت  وڵاتەکەی لە قەیرانی کەمیی دەستی کار دەرباز بکات. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە کۆڕبەندیی سیتیزن لە شاری پۆستدام رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا لە هەوڵدایە کرێکار و دەستی کاری بیانیی زیاتر بباتە وڵاتەکە "تاوەکو بتوانن ئابووریی وڵاتەکە بە سەقامگیری بهێڵنەوە." حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ وەرگرتنی زیاتری کۆچبەران، ئەوەش بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئابووریی وڵاتەکە و راکێشانی زیاتری کرێکاری بیانی بەتواناتر؛ هەروەها لابردنی هەندێک لەو گوشارانەی کە لەسەر سیستمی خانەنشینانی ئەڵمانیا هەیە کە ئەو وڵاتە بە کۆمەڵگەیەکی بەتەمەن ناسراوە. هاوکات مانگی رابردوو حکومەتی ئەڵمانیا هەمواری لە یاسای وەرگرتنی پەناخوازان کرد، ئەوەش وەکو هەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی ئەڵمانیا و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ نێو ئەو وڵاتە.

  هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی رایگەیاند کە سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکراینا ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکراینا درێژەی هەیە وسوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە. کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، هەمو ژێرخانی کارەبا لە شاری ئۆدێسا لە باشوری ئۆکرانیا كراوه‌ته‌ ئامانج، دوای ئەوەی روسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ بۆردومانکردنی دو وێستگەی کارەبای ئۆکرانیا هەڵدا و بەوهۆیەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بێکارەبا بون. ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی رایگه‌یاند، "دۆخی ناوچەی ئۆدێسا زۆر سەختە، بەداخەوە هێرشه‌كان بەهێز بون، بۆیە چاكردنه‌وه‌ی زیانه‌كان كاتی زۆر ده‌خایه‌نێت". وتیشی لە  کۆی ١٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، ١٠یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتەخوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی حكومه‌تی کیێڤ، ڕوسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئۆکرانیا کردوە و هێرشەکانی بە تاوانی جەنگ وەسف کردوە، بەهۆی کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی، مۆسکۆش دەڵێت هێرشەکان لە ڕوی سەربازییەوە "رێگه‌پێدراون". هاوکات تاران ڕەتیدەکاتەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی بۆ مۆسکۆ دابین کردبێت، کیێڤ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی دەڵێن ئێران "درۆ" دەکات

هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری درێسدن لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لانی کەم کەسێک کوژرا و هێشتا تەقەکەرەکە دەستگیرنەکراوە. پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، كه‌سێك به‌چه‌كه‌وه‌ هێرشی كردوه‌ته‌ سه‌ر مۆڵێكی گه‌وره‌ی شاری درێزدن و چه‌ندین هاوڵاتی ئه‌و شاره‌ی به‌دیلگرتوه‌، تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر ره‌وانه‌ی مۆڵه‌كه‌ كراون و توانیویانه‌ 20 هاوڵاتی رزگاربكه‌ن و هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون به‌رده‌وامییان هه‌یه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و پۆلیسی وڵاته‌كه‌ ره‌وانه‌ی مۆڵه‌كه‌ كراون و له‌ ئێستاشدا داوایان له‌ هاوڵاتیان كردوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نزیكی ئه‌و مۆڵه‌ نه‌كه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ بارودۆخه‌كه‌ رون نییه‌ و تیمه‌كانیان سه‌رقاڵی رزگاركردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ن كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌دیل ده‌ستبه‌سه‌ریكردون. هەروەها لەگەڵئەوەی رۆژنامه‌ی بێڵدی وڵاته‌كه‌ باس له‌ كوژرانی كه‌سێك ده‌كات، به‌ڵام پۆلیس ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان پشتڕاستبکاتەوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرووپێکی 25 کەسی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە ئەڵمانیا دەستگیرکران.