بلینکن: ئیسڕائیل پلانێکی دیاری نییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ڕەفەح
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە داکۆکی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد کەتیایدا ناردنی 3,500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووەو وتی ئیسڕائیل " پلانێکی بەجێی " نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە.
بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا ڕایگەیاند، "ئەو پلانەی ئیسرائیل لە رەفەح بیری لێدەکاتەوە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات."
گوتیشى، "هێرشی ئیسرائیل لە رەفەح دەتوانێت پشێویی بەدوای خۆیدا بهێنێت."
بلینکن باسی لەوەشکرد کە بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر " ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین."
ئاماژەی بەوەشدا کە " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشى روونکردەوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەی حەماس
لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.