نزیکەی دوو هەزار منداڵی ئۆکرانیا بوونەتە قوربانی جەنگ
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایدەگەیەنێت لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا نزیکەی دوو هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایاری 2024، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایگەیاند، "لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لانیکەم هەزار و 993 منداڵ لە ئۆکرانیا کوژراون و برینداربوون".
لە رۆژی 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە جەگی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا - ئۆکرانیا، هەموو رۆژێک دوو منداڵ لە ئۆکرانیا دەکوژرێن یان برینداردەبن.
رێجینا دی دۆمینیسێس، بەرپرسی یونیسێف بۆ کاروباری ئەوروپا و ئاسیای ناوەند و رێکەخەری تایبەت بۆ وەڵامدانەوە بە پەنابەر و کۆچبەرەکان، لە راگەیاندنێکدا وتی "ئەم ئامارە لەو زانیاریانەوە وەرگیراوە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ژمارەی مناڵانی قوربانی لە جەنگی ئۆکرانیادا رەنگە زۆر زیاتر لەمە بێت کە بڵاودەکرێتەوە".
بە وتەی دۆمینیسێس، جگە لەوەی منداڵان کوژراون و برینداربوون، بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئۆکرانیا کەسە نزیکەکانی خۆیان لە دەستداوە و بە شێوەی جیاواز رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە و ئەمە کاریگەری خراپی دەروونی هەیە لە سەریان.