هاوڵاتی لە کۆتای ھەفتەی پێشووەوە بە ھەزاران خۆپیشاندەر لە چین ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد کۆتای بھێنرێت بە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە و تەنانەت ھەندێکیان داوایان کرد سەرۆکی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی بێتە خوارەوە . خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە لە ڕۆژی پێنجشەممەداو تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن. لە پەکین خۆپیشاندەران بۆ قوربانییەکان ئێشکگرییان ئەنجامدا و لە دژی سنوردارکردنی کۆڤید خۆپیشاندانیان کرد و خەڵکێکی زۆر کاغەزی سپییان وەک سیمبۆلی سانسۆڕ کردن و چاودێریکردنی خەڵکی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتە بەرز کردەوە . ژمارەیەکی زۆریش بەربەست لەو شوێنانەی شەنگەھای دانراوە کە چەند شەوێک خۆپیشندەران تیایدا کۆبونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزای. ھەروەھا لە خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممەدا بە ڕونی دەبیسترا کە خۆپیشاندەران ھاواریان دەکرد کە سەرۆکی چین و حیزبی شیوعی لە دەسەڵات بێنە خوارەوە و بڕیاربوو ڕۆژی دوو شەمە لە پەکین خۆپیشاندان دەستپێبکاتەوە بەڵام نەکرا بەھۆی ئەوەی ھێزێکی زۆر لەو شوێنەی بڕیاربوو خۆپیشاندانەکان ئەنجام بدرێت بڵاوکرابۆوە .ھاوکات بەیانی سێشەممەش لە ھەردوو شاری بێیژین و شانگھای پۆلیس بە شەقامەکاندا بڵاوکرابونەوە بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندان . ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە پۆلیس خەڵکی ڕاگرتووە و بە دوای تەلەفۆنەکانیاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی پشکنین بکەن کە ئایا (VPNs) یان هەیە یان نا، هەروەها ئەو کاربەرنامانەی وەک تێلێگرام و تویتەر کە لە چین بلۆک کراون لە مۆبایلەکانیاندا ئیش دەکات ، هاوکات ئەو کەسانەی لە چین ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتە دژی ڕێوشوێنەکانی سنووردارکردنی کۆڤید دەڵێن لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندیان پێوەکراوە. چەند کەسێک لە پەکین "وتیان کە پۆلیس داوای زانیاری کردووە دەربارەی شوێنی ژیانیان وتیشیان ڕون نییە پۆلیس چۆن زانیوێتی کێن" ئافرەتێک بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی ڕاگەیاند "پێنج هاوڕێی کە بەشدارییان لەخۆپیشاندانێکدا کردووە لە پەکین پەیوەندی تەلەفۆنیان لەپۆلیسەوە پێگەیشتووە ھەروەھا لەحاڵەتێکدا ئەفسەرێکی پۆلیس سەردانی ماڵی یەکیک لە هاوڕێکانی کردووە دوای ئەوەی وەڵامی مۆبایلەکەی نەداوەتەوەو پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ئایا سەردانی شوێنی خۆپیشاندانیان کردووە یان نا، پۆلیسەکە جەختیشی لەوە کردەوە کە خۆپیشاندانەکان "کۆبوونەوەی نایاساییە". وەک ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس کە بۆ ڕوماڵی ڕوداوەکان لەو وڵاتەن دەستگیر کراون و پاشان بەردراون لە ئێستادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ژمارەیەک بەرنامەیان لەو وڵاتە بلۆک کردووەو بەردەوام تۆڕەکانی ئینتەرنێت پاک دەکەنەوە لە ھەر پۆستێک کە باس لە خۆپیشاندان بکات . ھەروەھا ڕۆژی سێشەممە بەڵێنیان نوێ کردەوە بۆ خێراکردنی هەوڵەکان بۆ کوتانی کەسانی بەتەمەن. بەھۆی ئەوەی ڕێژەی کوتان لە نێوان بەساڵاچواندا تا ڕادەیەک نزمە بۆ زوتر کۆتایھێنان بە ڕێوشوێنەکان ھەروەھا دوور لە پەکین و شەنگهای، دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ناڕەزایی تووڕەیی بوونەوە کە پەیوەستن بە سنووردارکردنی کۆڤیدەوە هەفتەی ڕابردوو لە گەورەترین کارگەی ئایفۆنی جیهان لە شاری ژێنژو لە پارێزگای هانان کە زیاتر لە 200,000 کرێکار لە مانگی ھەشتەوە کەرەنتینە کراون لەو کارگەیەدا ، پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا. بەڵام خودی شاری ژێنژوو، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملیۆن کەسە ، سەرجەمی شارەکە کەرەنتینە کراون و ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبھێڵن ، خەڵک ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن مەگەر تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی کۆڤیدیان هەبێت. هەروەها لە ووهان خۆپیشاندان ئەنجام درا- ئەو ناوچەیەیە کە کۆڤید-19 یەکەم جار دەرکەوت. بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نیشانی دەدات کە خۆپیشاندەران ھەوڵدەدەن ئەو پەرژینانە بشکێنن کە وەک بەشێک لە ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆڤید دروست کراوە.
هاوڵاتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان، رامیز ئالاکبارۆڤ رایگەیاند پلەکانی گەرما لە ژمارەیەک ناوچەی ئەفغانستان تاکو خوار ٢٥ پلە دابەزیووە. ئالاکبارۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئامادەکارییەکان بۆ زستان پێویستییان بە ٧٦٨ ملیۆن دۆلارە، گوتی: "بەر لە کۆتایی ساڵیش پێویستیمان بە ٦١٤ ملیۆن دۆلارە". رامیز ئالاکبارۆڤ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە شەش ملیۆن کەس لە ئەفغانستان دووچاری قەیرانی خۆراک بوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە نیشانی دەدا قەیرانی دابینکردنی خۆراک گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەفغانستان (زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس) لە ٢٠٢٣ پێویستی بە هاوکاری مرۆیی دەبێت.
هاوڵاتی پڕۆژە یاسای ڕێکخستنی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان، بۆ ئەڵمانیا لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا. لە دوای ئەو قەیرانەی کە لە هاوینی ڕابردوو، لە فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا بەهۆی کەمی کارمەندەوە دروست بوو، حکومەت بە چڕی کار لەسەر یاسایەکی نوێی کۆچی کرێکارە لێهاتووەکان دەکات. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژە یاسای نوێی کۆچبەری پەسەند کرد و بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوودا پڕۆژە یاساکە ببێتە یاسا. ئەو وەزیرانەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای کۆچی کرێکارانیان پێشکەش کرد، رایانگەیاند کە ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا بەرەو پیربوون دەچێت و ٧ ملیۆن کرێکاری لێهاتوو تا ساڵی ٢٠٣٥ لەدەست دەچن و بەشێکیش خانەنشین دەبن. ڕۆبێرت هابێک وەزیری ئابوری و پاراستنی کەشوهەوا وتی، "کەمیی ١٠٠ هەزار کارمەند تەنها لە بواری زانیاریدا هەیە و کەمی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەند لە بواری وزەی خۆر و بادا هەیە". بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئابووری ئەڵمانی، ژمارەی کارمەندانی پیشەگەری لێهاتوو کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٤٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە، لە ساڵی ٢٠٤٠دا بۆ ٣٨ ملیۆن کەس کەم دەبێتەوە. ژورەکانی پیشەسازی ئەڵمانیا بە جەختکردنەوە لەسەر کەمیی ٢٥٠ هەزار کارمەند تەنها لە لقەکانی ئەواندا، داوای هەنگاوی بەپەلە دەکەن. ئەندریا ناهلێس، سەرۆکی دەزگای فیدراڵی دامەزراندن کە بەرپرسیارە لە دامەزراندن لە ئەڵمانیا بۆ داوچە وێلا، باسی لەوە کردووە کە ئەو ستانداردانەی، ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەیەتی، ناتوانرێت بپارێزرێن تاوەکو ساڵانە ٤٠٠ هەزار کارمەندی شارەزا پێنەگەن و پێویستە پێشکەوتنەکان بە خێرایی ئەنجام بدرێت. یەکەم کاری راوێژکاری و چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی کریکارانی پیشەگەری لێهاتوو کە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا لە وڵاتی خۆیاندا ئەنجام دەدرێت. حکومەتی ئەڵمانیا پلانی ئەوەی داناوە، کاتەکانی پرۆسێسکردنی ڤیزە بۆ کارمەندانی شارەزا، خێراتر بکرێت. یاسایەکی دیکە ئەوەیە کە ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە و دەتوانن کاری گەورە بکەن، دەتوانن بۆ ماوەی ٦ مانگ ڤیزە وەربگرن، بۆ ئەوەی سەردانی ئەڵمانیا بکەن و بەدوای کاردا بگەڕێن. گرنگترین مەرج لێرەدا ئەوەیە کە کەسەکە بتوانێت بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بکات. سیستەمێک جێبەجێ دەکرێت کە تیایدا بەپێی پێوەرەکانی وەک ئەزمونی کار، زانینی زمان، تەمەن پەیڕەو دەکرێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی ڕەشنووسەکە ببێتە یاسا وردەکارییەکانی چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە بە وردی وون بکرێتەوە.
كاوە ڕەش ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاند: ڕۆژی سێ شەممەی كاتژمێر 6:45 خولەكی بەرەبەیان لێكۆڵەرەوەكانیان شانبەشانی ئەفسەرانی یەكەی نیشتیمانی لە شاری گلۆستێرشایر، كوردێكی قاچاغچیان دەستگیركردوە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگیانلەدەستدانی لانیكەم 27 كۆچبەرەوە هەیە، كەلەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی پەڕینەوە بەدەربەندی ئینگلیزیدا خنكاون. بەپێی ئاماژەی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، بەناسنامەی قاچاغچیەكە، ناوی تەواوی (ه، ئ، ئ)ە، و تەمەنی ٣٢ ساڵە، لەناونیشانێك لەناوچەی چێڵتنهام دەستگیركراوە. شوێنپێ هەڵگرتن و دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییە بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەنجامدراوە كەكاریانكردوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارەساتەی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو كەبووەتە هۆی خنكانی دەیان كۆچبەر. ناوبراو یەكێكە لەئەندامی گروپی تاوانە ڕێكخراوەكان، كەدەستی هەبووە لەگواستنەوەو پەڕاندنەوەی چەندین كۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بەبەلەمێكی بچووك. لەنێویاندا یەكێك لەو بەلەمانەی هەوڵی پەڕاندنەوەی داوە بۆ بەریتانیا دوای جێهێشتنی كەناراوەكانی فەرەنسا، ژێر ئاو كەوتووە، بەهۆیەوە جگە لەدوو كەسی ناو بەلەمەكە، هەموویان گیانیانلەدەستداو تائێستاش چوار كۆچبەر بێسەروشوێنن. دوای دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، بڕیارە ناوبراو سبەی لەبەردەم دادگای وێستمینستەردا ئامادەبێت، تا ڕێكارو ڕێوشوێنی ڕادەستكردنەوە دەستپێبكات لەگەڵ دەسەڵتدارانی فەرەنسا، چونكە تاوانەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئاوی فەرەنسادا ڕوویداوە. كرایك تۆرنەر، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ; ئەم ئۆپراسیۆنە ، لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراواندا بووە، سەبارەت بەو ڕووداوانەی كەبوونەتە هۆی خنكانی ئەو كۆچبەرانەی لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا بوون لەبەندەرەكەدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو قاچاغچییەی ئەمڕۆ دەستگیركراوە گومان دەكرێت ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووبێت، لەگیانلەدەستدانی بەئەنقەستی ناو بەلەمەكە. ئەو بەرپرسەی ئاژانسەكە دەڵێ، ئەوان لەنزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسییەكانیان بڕیاریانداوە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی دادپەروەری بۆ كەسوكاری ئەو كەسانەی كە ژیانیان لەدەستداوە لەو كارەساتەدا، و هەوڵی بێ ماندوبونیش دەدەن بۆ پەكخستن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی چەپەڵی تاوانكاریی و ڕێكخراوەیی قاچاغچییەكان، ئەوانەی تێوەگلاون لەبازرگانیكردنن بەمرۆڤەوە. وەزیری ناوخۆی بریتانیا، سوێلا براڤەرمان، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییەوە دەڵێت: سەرباری هاوخەمیی و هاوسۆزی بەردەوامی من، لەگەڵ خێزانی هەموو ئەو كەسانەی كە بەو شێوەیە كارەساتبارو خەمبارە گیانیانلەدەستدا لەم ڕووداوەدا، سوپاسی هەموو دەزگاكانی دیكە لەسەرانسەری بریتانیاو فەرەنسا دەكەم، بۆ كارە گرینگ و ماندونەناسانەیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ قوربانییەكان و خێزانەكانیان لەڕێگەی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی كەپێمان وایە، بەرپرسیارن لە ڕووداوانە وە دەبێ ئێمە دڵنیابین لەوەی، هێزی یاسا بەتەواوی بەسەر تۆمەتباراندا جێ بەجێ دەكرێت. جێی وەبیر هێنانەوەیە، لە٢٤نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەلەمێكی پەناخوازان كەهەوڵی پەڕینەوەی دەدا لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بەنایاسایی، لەكەناڵەكەدا تێكشكاو ژێر ئاو كەوت. لەو ژمارەیە لانی كەم ٢٧پەناخواز خنكان و چوار كەسی دیكەش تائێستاش بێ سەروشێنن و تەنها دووكەس بەزیندووی ڕزگاریان بوو. پەناخوازەكان زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق بوون و لەنێویاندا ٢٠ لەوان خەڵكی شارۆچكەی ڕانیەیی سەر بەپارێزگای سلێمانی بوون. لەساڵیادی ئەو كارەساتە تراجیدییەدا، كەناڵی (ئای تیڤی) بەریتانی،دۆكۆمێنتەریەكی ٦٠ خولەكی دەربارەی ئەو ڕووداوە بڵاوكردوە، كەنزیكەی یەك ساڵی خایاندوە لەبەرهەمهێنانی و تێدا بەشێك لەخێزانی قوربانییەكان و یەكێك لەڕزگاربوەكان، چیرۆكی كارەساتەكە دەگێڕنەوە. هەروەها كەناڵی ئای تیڤی لەڕێگای ڕۆژنامەوانێكی كوردەوە بەنهێنی شوێن پێی قاچاغچییەكانی، دەنكیغ و كاڵاسی سەرسنوری فەڕەنسا هەڵدەگرێی و، لەوێ ڕەوشی بازرگانیكردن و پەڕاندنەوەی كۆچبەران تۆمار دەكات.
هاوڵاتی وڵاتی قەتەر لەنێوان 20ی تشرینی دووەم تاوەكو 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، میوانداری لەجامی جیهانی دەكات و ٣٢ هەڵبژاردەی وڵاتان پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو جامە دەكەن كە هەر چوار ساڵ جارێك پاڵەوانێتییەكی جیهانی بۆ سازدەدرێت و تیپە گەورەكانی دنیا لەتۆپی پێدا ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەكەن. ئەوەی وادەكات جامی جیهانی ئەمجارە جیاوازبێت ئەوەیە یەكەم مۆندیالە لەوڵاتێكی عەرەبی و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدەدرێت، هەروەها بەهۆی بەرزی پلەی گەرماشەوە پێچەوانەی خولەكانی پێشووتر كە لەهاویندا دەكرا، لەئێستادا لەوەرزی پایزدا ئەنجامدەدرێت، هاوكات دوایین خولیشە كە بەبەشداری ٣٢ تیپ ئەنجامدەدرێت، چونكە لەخولی ٢٠٢٦ ژمارەی تیپەكان دەبن بە ٤٨ تیپ، هەروەها بانكی ناوەندیی قەتەر بۆ یەكەمجار دراوی یادگاری بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر دروستكرد كە بەوتەی بەرپرسان بۆ سەدان ساڵ دەمێنێـتەوە. وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تێچووی میواندارییكردنەكە لەلایەن قەتەرەوە نزیكەی ٢٢٠ ملیار دۆلاری تێچووە كەئەمەش ٦٠ هێندەی تێچووی ئەو پارەیە كە باشووری ئەفریقا لەجامی جیهانی ٢٠١٠ خەرجی كردووە. كۆی پارەی خەڵاتی تیپە بەشداربووەكانیش دەگاتە ٤٤٠ ملیۆن دۆلار كە تیپی یەكەم ٤٢ ملیۆن و تیپی دووەم ٣٠ ملیۆن و تیپی سێیەم ٢٧ ملیۆن دۆلار وەردەگرن، تیپە بەشداربووەكانی تریش هەریەكەو بڕە پارەیەك وەردەگرێت. وەنەبێت ئەم مۆندیالە بەبێ رەخنەش تێپەڕبووبێت، بەڵكو وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەیان لەشێوازی مامەڵەی قەتەر لەگەڵ كرێكارانی كۆچبەر، هاوڕەگەزخوازان و ژنان و ئازادی خواردنەوەو پێشێلكردنی مافەكانی مرۆف لەلایەن ئەو وڵاتەوە گرت، بەرپرسانی قەتەریش لەوەڵامدا دەڵێن، وڵاتەكەیان لەلایەن ژمارەیەك وڵاتی رۆژئاواوە كراوەتە ئامانجی نەژادپەرستی و دووڕوویی. بەڵام ئەوەی گرنگە تاكە رووداوێك تەواوی میللەتانی دنیا پێكەوە كۆبكاتەوەو چێژی لێ ببینن مۆندیالە.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی لەبارەی یارییەکەی نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران کە ئەمشەو لە دوایین گەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا لە چوارچێوەی جامی جیهانیی "FIFA" قەتەر ٢٠٢٢دا بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند " ئەمشەو وەرزش، سیاسەت تێدەپەڕێنێت و خەڵکی لە دەوری یەک شتی ئەرینێیدا یەک دەخات". ئالینا رۆمانۆسکی لەبارەی یارییەکەی ئەمشەوی نێوان هەڵبژاردەی ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی: "ئەمشەو لە چوارچێوەی جامی جیهانییدا، هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئێران دەبێتەوە لە کاتێکدا هاندەری هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تۆپی پێ 'USMNT' دەبم". ئاماژەی بەوەشداوە کە هەموو هەڵبژاردەیەک لە پێناو ئاواتی گەلەکەی یاری دەکات و رایگەیاندووە " ئەمشەو وەرزش، سیاسەت تێدەپەڕێنێت و خەڵکی لە دەوری یەک شتی ئەرینێیدا یەک دەخات کە ئەوەیش خۆشەویستییە بۆ یارییە جوانەکە". کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو سێشەممە لە دوایین گەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا لە چوارچێوەی جامی جیهانیی "FIFA" قەتەر ٢٠٢٢دا، هەڵبژاردەی ئەمریکا و هەڵبژاردەی ئێران لە یاریگای "سومامە" رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و هەوڵی گەیشتن بە قۆناغی ١٦ی مۆندیال دەدەن. هەڵبژاردەی ئەمریکا لە دوو یاریی پێشوودا بەرامبەر بە هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا و وێڵز یەکسان بوو و دوو خاڵی بەدستهێناوە. هەڵبژاردەی ئێران-یش لە دوو یاریی پێشوودا، بە ئەنجامی ٢-٦ بە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دۆڕا و بە ئەنجامی ٢-٠ لە هەڵبژاردەی وێڵزی بردەوە، سێ خاڵی بەدەست هێناوە.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ بە ئاماژەدان بەوەی کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە، رایگەیاند: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت". یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی کۆڕبەندی "Aspen-German Marshall Fund" لە بوخارێست رایگەیاند کە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی رووسیا ئامادەکارییەکانی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ زیادیان کردووە و ژمارەی گرووپە جەنگییەکان لە چوارەوە کراون بە هەشت. سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ناتۆ و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لایەن نین لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵام ناتۆ بە جۆرێک پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکات کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە و گوتی: "سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەزانێت لە جەنگەکەدا لە دۆڕاندان، بۆیە ستەمکارییەکانیان زیاتر کردوون و هێرش دەکەنە سەر شارەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکراینا". ناوبراو پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و ئۆکراینای بۆ پێشتر لە جەنگ گێڕاندەوە و گوتی: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت. ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە و لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا پاشەکشە ناکات".
هاوڵاتی خاوەنی نویێ تویتەرلە تویتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ئەپڵ زۆرینەی کارە بازرگانی و ڕیکلامەکانی لە تویتەر راگرتووە و ئەو کۆمپانیایەی بەوەستان دژی ئازادی ڕادەربڕین تۆمەتبارکرد. ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس و خاوەنی نوێی کۆمپانیای تویتەر باسی لەوەکرد، کۆمپانیای ئەپڵ هەڕەشەیان لێدەکات بەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەناو مۆبایلەکانی دەسڕێتەوە. گوتیشی "رەنگە ئەوان دژی ئازادی رادەربڕین بن، ئێستاش ئەپڵ دەیەوێت بە یەکجاری تویتەر لەناو ئەپ ستۆرەکەی بسڕێتەوە" ئەوەشیخستەڕوو، تاوەکو ئێستاش نازانن هۆکار چییە کۆمپانیای ئەپڵ ئەو هەڵەمەتەی لە دژیان دەستپێکردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە رۆژی 27ی مانگی ڕابردوو، ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی، لەو کاتەشەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی مەسکەوە لە تۆڕەکەدا، تویتەر بەدۆخێکی ناجێگریدا تێدەپەڕێت.
هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی لە بواری بازرگانیدا رووی لە بازاڕی نوێ کردووە، گوتی: "بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان، رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایەڤ بەیەکەوە لە کۆشکی کرملین بەشێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لە کۆڕبەندی ناوچەیی رووسیا و کازاخستاندا کرد کە لە شاری ئۆرنبۆرگ-ی رووسیا بەڕێوەچوو. ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەبەرهێنان لە ئابووریی کازاخستاندا دەکات، گوتی: "قەبارەی وەبەرهێنانەکانمان لە کازاخستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار. زیاتر لە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بوارە سەرەکییەکانی ئابووریدا ئەنجام دەدرێت". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ کازاخستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کردووە کە بە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و لۆجستی هاوبەش گرتوویانەتە بەر و گوتی: "هەروەها هەوڵی هەڵگرتنی ئەو سنووردارکردنانە دەدەین کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە. ئەمە بە تایبەتی لەئێستادا گرنگە. بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". دوای گوتارەکانیان لە کۆڕبەندەکەدا، پوتین و تۆکایەڤ لە کۆشکی کرملین دەستیان بە کوبوونەوەی دووقۆڵی کرد.
هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكا ئەو نامەیەیان بڵاوكردەوە كە ئەنجامدەری هێرشەكەی ئەو شارە لەدوای خۆی بەجێهێشتووە دوای ئەوەی بەهۆی تەقەكردن لەبەردەم سۆپەرماركێتێكدا 6 كەسی كوشت و دواتر خۆشی كوشت. ئەنجامدەری ئەو هێرشە ناوی ئەندری بینگ و تەمەنی 31 ساڵ بوو و لەمۆبایلەكەیدا نامەیەكی بەجێهێشتووە كە هۆكاری هێرشەكەی ئاشكرادەكات. لەو نامەیەدا ئەو هێرشبەرە ڕایگەیاندووە ڕووبەڕووی گێچەڵ پێكردن بۆتەوە لەشوێنی كاركردنی لەلایەن چەند كەسانێكەوە كەئاستی زیرەكیان لاوازبووە و ژیرنەبوون و داوای لێخۆشبوونی لەخودا كردووە. ئەنجامدەری هێرشەكەی ڤێرجینیا داوای لێبوردنی كردووە لەهەمووان بەرامبەر ڕەفتارەكانی و ئاماژەی بەوەكردووەی پلانی دانەناوە بۆ ئەو هێرشە بەڵام كاروبارەكان ڕوویانداوە وەك ئەوەی شەیتان كۆنترۆڵی كردبێت.
هاوڵاتی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا لە کوێت تۆمارکرا و توشبووەکە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەوە. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی قبس، وەزارەتی تەندروستیی کوێت لە راگەندراوێکدا تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرای راگەیاندووە. لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە هاووڵاتییەکی کوێتی کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ گەڕاوەتەوە، دوای پشکنین دەرکەوت هەڵگری پەتای کۆلێرایە. ناوی ئەو وڵاتەی هاووڵاتيیەکە لێیگەڕاوەتەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام باس لەوە کراوە کە توشبووەکە لە نەخۆشخانە کەرەنتینە کراوە و دەست بە چارەسەرکردنی کراوە. هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداریی دراوە لە سەردانکردنی ئەو وڵاتانەی کۆلێرایان تێدا بڵاوبووەتەوە و، داواش لەو کەسانە کراوە کە سەردانی ئەو وڵاتانەیان کردووە ئەگەر لە ماوەی حەوت رۆژدا نیشانەکانی وەک تای بەرز و سکچوون تێیاندا دەرکەوت، سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستیی بکەن.
هاوڵاتی ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی پێدانی رەگەزنامەدا دەکات و کۆچبەران بە سێ ساڵ دەتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی. رۆژنامەی بیڵد لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کار لەسەر رەشنووسە یاسایەک دەکات، کە رێگە بەو بیانییانە دەدات کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە جیاتی هەشت ساڵ، دوای پێنج ساڵ داوای رەگەزنامە بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەیان هەیە بە هەمانشێوە دەتوانن داوا بکەن. بەپێی راپۆرتەکە، ئەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا لە دایک و باوکێکی بیانی لە دایکبوون، ئەگەر دایکەکە یان باوکەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دانیشتووی ئەڵمانیا بووبێت ئەوا راستەوخۆ رەگەزنامەیان پێدەدرێت. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کۆچبەران و کەسانی بیانی داواکاری رێوشوێنەکانی تایبەت بە پەنابەرانیان تەواوکردبێت، تەنیا دوای سێ ساڵ دەتوانن داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن. هەر بەپێی چاکسازییەکان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 67 ساڵەوەیە، چیتر پێویست ناکات تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانی بە نووسراو بکەن، تەنیا هەڵسەنگاندنی زارەکی بەس دەبێت بۆ بە دەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوون. جێگەیباسە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە دەکەن، "تا ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە."
هاوڵاتی میدیایەکی فەڕەنسی ئاشکرای دەکات ئەو چەکە ساچمەییانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران بەکاری دەهێنن، لە وڵاتانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت. تەلەفیزیۆنی فڕانس 24 لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە ئەو چەکە ساچمەییانە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێنرێن دروستکراوی فەڕەنسا و ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2011 گەیشتوەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران. لە راپۆرتی ئەو تەلەفیزۆنەدا هاتوە؛ لە نۆ شاری ئێرانەوە وێنەی ئەو گوللـە ساچمەییانەیان بۆ ئەوروپا ناردەوە کە دەیسەلمێنێت ئەو گوللـە بەکارهێنراوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دروستکراوی وڵاتانی ئەوروپایە. بە پێی راپۆرتەکە زۆربەی ئەو گوللـە ساچمەییانە ناوی (چدیت) لەسەریان تۆمار کراوە کە لە دو کارگەی ئیتاڵیا و فەڕەنسا دروست دەکرێن. پێشتر 270 پزیشیک و پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکارهێنانی چەکی ساچمەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپیشاندەران چونکە ئەو چەکە زیانی زۆری بە چاوی خۆپیشاندەران گەیاندوە. ئەو پزیشکانە ئاشکرایان کردوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا 580 کەس رویان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چاو کردوە و لەو ژمارەیەش هەندێکیان چاوێک یان هەر دو چاویان لەدەستداوە و تەنانەت پزیشکان ناچاربون بە تەواوەتی چاوی ژمارەیەک کەس دەربکەن بۆ ئەوەی روبەڕوی هەوکردن نەبنەوە.
هاوڵاتی پرۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی بەناوی (ژینابەندان؛ ژن ژیان ئازادی) بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست دەكرێت. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەكە بخوێنەرەوە؛ ژینابەندان ژن ژیان ئازادی #Jinamahsaamini پرۆژەیەکی شیعریی فرەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران بە دەستپێشخەریی نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر "ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی" پرۆژەیەکی شیعریی فڕەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست کراوە. پرۆژەکە بە دەستپێشخەریی شاعیری کورد لە فڕەنسا نەزەند بەگیخانی و هاوکاریی شاعیری فڕەنسی نیکۆل باریێر دەستی پێکردووە. لە سەرەتادا هەردوو شاعیر باگەوازێکییان لە فرەنسا ئاراستە شاعیرانی فرەنسی و فرانکۆفۆن کرد، داوایان کرد هەر شاعیرێک شیعرێ بنووسێ و پێشکەشی ئەم پڕۆژەیەی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کوردستان و ئێران دژی چەوسانەوە و بۆ ئازادی و رزگاری. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. پرۆژەکە بە دوو شێوە بڵاودەکرێنەوە: یەکەمیان لە ڤیدیۆیەک کە ١٠ شیعری لەخۆی گرتووە و بە ژێرنووسی کوردی لە ماوەی ١٠ دەقیقە پەخش دەکرێت. ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە ٢٥ ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت، بڵاودەکرێتەوە. بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە کتێبێکی شیعری بە زمانی فرەنسی، لە دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات، کە شاعیر نەزەند بەگیخانی سەرپەرشتی دەکات، چاپ دەکرێت. لەو کتێبەدا نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکییەک دەنووسن کە باس لە رەگ و دەستەواژەی "ژینابەندان " و دروشمی "ژن ژیان ئازادی " کە لە بزووتنەوەی سیاسی کوردییەوە سەریهەڵداوە، دەکات. لەم پێشەکییەدا باس لە بارودۆخی کورد و ژنان لە کوردستان و ئێران دەکەن. باس لەو چەوساندنەوە هەمەجۆرانە دەکەن کە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و جێندەرییەوە لە وڵاتی ئێران لەسەر دەستی سیاسەتمەدارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبنەوە. ژنان بە گشتی لە ئێران بەرەوڕووی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و توندڕەویی ئیسلامی سیاسی دەبنەوە، بەڵام ژنانی کوردستان زۆر زیاتر لە ژنانی فارس دەچەوسێنرێنەوە و چەوساندنەوەکان تێکهەڵکێشن و دۆخی نەتەوەیی و بێ دەوڵەتی و پەراوێزخراوی و دابڕان لەخۆدەگرن. ژینابەندان کە سەرناوی پرۆژەکەیە، وشەیەکی لێکدراوە لە ناوی ژینا (مەهسا ئەمینی) و بەندان پێكهاتووە. بەندان لە وشەی خەنەبەندان-ەوە وەرگیراوە کە ئاهەنگی کۆتایی ژیانی کچانە و چوونە ناو قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی ژنان. لە دوای مەرگی ژینا، مێژووی ژنان لە کوردستان و ئێران ئێستا دوو قۆناغ لەخۆی دەگرێت: قۆناغی پێش ژینا و دوای مەرگی ژینا. بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی " پڕۆژەکە ستایش لە ئاهەنگی شۆڕشێک دەنێ کە بە خوێن رەنگکراوە، وەک خەنەبەندان و کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای ئازادییە.
هاوڵاتی رێکخراوی یونیسێف سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، منداڵان لەسەدا ٤٠ی تووشبووانی کۆلێرا لە هایتی پێکدەهێنن. بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی رێکخراوی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ هایتی کە چوار رۆژی خایاند، رایگەیاند: "کۆلێرا و بەدخۆراکی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانن لە هایتی". گوتیشی: "لە هەر پێنج تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، دوو تووشبوو کە دەکاتە لەسەدا ٤٠ منداڵن". بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ١٠ تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، نۆ حاڵەت لەو ناوچانە تۆماردەکرێن کە منداڵان تیایدا بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن. ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی: "لە هایتی لەئێستادا، سێ مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە کە بریتین لە بەدخۆراکی، کۆلێرا و توندوتیژی چەکداریی". بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سکچوونی توند و رشانەوە منداڵ وشک و لاواز دەکات تا ئەو رادەیەی کە رەنگە پێش پێدانی چارەسەری پزیشکی پێویست گیان لەدەست بدەن". فۆنتەین گوتیشی: "کۆلێرا و بەدخۆراکی تێکەڵەیەکی کوشندەن، یەکێکیان دەبێتە هۆکاری تووشبوون بەوەی دیکە". لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هایتی لە دووی تشرینی یەکەمەوە، وەزارەتی تەندروستیی هاتیی کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە، ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە ١٠ هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکردووە. قەیران و ئاژاوە لە هایتی لە چەند هەفتەی رابردوودا توندتر بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەمارۆی باندە تاوانکارەکان بووە هۆی کەمیی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی لە کاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە (کۆلێرا ) بووەتەوە.