هاوڵاتی واشنتۆن نیگەرانی تووندی لە بەرەوپێشچوونی توانا مووشەكییەكانی ئێران دەربڕی وبە تەحەددای بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانا بە گوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ئەمڕۆ یەکشەممە، نید پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا، لەبارەی تاقیكردنەوەی موشەكی "قائم 100" كە توانای گواستنەوەی مانگی دەستكردی بۆ بۆشایی ئاسمان هەیە ڕایگەیاند، ئەم جۆرە كردەوانە هیچ یارمەتیدەر نین و ناسەقامگیری دروست دەكەن. وتیشی: ئەمریكا هێشتا نیگەرانە لە پەرەپێدانی بەردەوامی ئێران بۆ موشەكی هەڵگری مانگی دەستكردیی  بۆ بۆشایی ئاسمان وئەمجۆرە مووشەکانە ئەو تەکنەلۆجیانە لەخۆ دەگرن کە ئەگەری گۆڕینەوەیان هەیە لەگەڵ ئەو تەکنەلۆجیانەی کە لە مووشەکە بالیستیکییەکان بەکاردەهێنرێن لەنێوانیاندا سیستەمە دوورمەوداکان. هەروەها جەختی کردەوە، تەقاندنی مووشەکە بالیستیکییەکان تەحەددای بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە داوا لە ئێران دەکات هیچ چالاکییەکی پەیوەست بە مووشەکە بالیستیکییەکانەوە ئەنجام نەدات کە دیزاینکراون بۆ هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی. باسی لەوەش كردووە كە ئەمریكا ڕێكاری پێویست دەگرێتە بەر لە نێویاندا سەپاندنی سزا بەسەر تاراندا بۆ ڕێگری لە بەرەوپێش چوونی بەردەوامی ئێران لە توانا موشەكییەكانی.

هاوڵاتی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە وڵاتی ئەوروپا ئامادەکاریی دەکەن بۆ سزادانی دەسەڵاتی ئێران لە بەرامبەر سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە. پێگەی شپیگل لە ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە، نۆ وڵاتی ئەوروپا 31 پێشنیاریان ئامادەکردوە بۆ سەپاندنی سزا دژی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسە سەربازییەکان. بەپێی زانیارییەکانی شپیگل لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەڵمانیا، بڕیارە رۆژی دوشەممە ئەو نۆ وڵاتە لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سزاکان دژی دامەزراوە و ناوەندەکانی ئێران رابگەیەنن. ئەو سزایانە بە دوەم قۆناغی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ئەژمار دەکرێت کە دژی دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی کۆماری ئێسلامی ئێران بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان سەپێنرابێت.

هاوڵاتی کۆمپانیای تویتەر لە دوێنێ شەممەوە، خزمەتگوزاری بەشداریکردنی مانگانە بە ھەشت دۆلار دەست پێ کرد کە بریتییە لە پێدانی "نیشانەی شین" بەھەژماری بەشداربووان دوای ئەوەی لێی دەکۆڵدرێتەوە. ئاژانسی ھەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس بڵاوی کردەوە لە نوێکردنەوەی ئامێرەکانی "Apple"دا کە بەسیستەمی "iSO" کار دەکەن، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، ئەو بەکارھێنەرانەی کە ئێستا بەشدارن دەتوانن نیشانە شینەکە لە تەنیشت ناوەکانیان وەربگرن، ھەروەک کەسایەتییە ناودارەکان، هەروەها کۆمپانیا و سیاسەتمەداران. ھێشتا ئەوە نەزاندراوە کە ئایە خاوەن نیشانە شینەکانی ئێستا، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە نەدەن، ئەم تایبەتمەندییە لەدەست دەدەن یان نا.

هاوڵاتی دوای ئەوەی رووسیا هەناردەی گازی لە رێگەی بۆرییەکانی نۆردستریمەوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا راگرت، ئێستا حکومەتی ئەڵمانیا دەستی بە کارپێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبای خەڵووز کردووە بۆ دابەزاندنی نرخی کارەباو ئەمەش چالاکوانانی ژینگەی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە. لە تەواوی ئەڵمانیادا 63 وێستگەی کارەبا هەیە کە بە خەڵووز کاردەکەن. دوای کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی گازی رووسیا و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا لەو وڵاتە، 21 وێستگەی خەڵووز لەو وڵاتە خراونەتەوە کار.  ئەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا شەش گێگاوات کارەبای لە ئەڵمانیا زیادکردووە و نرخی کارەبا کە بۆ هەر مێگاواتێک لە کۆتایی ئابدا 699 یۆرۆی تێپەڕاند، لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا بۆ 114 یۆرۆ دابەزیوە. ئێلیزابێز واسوتی، لەگەڵ بەشێک لە ژینگەپارێزان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی سەردانی کارگەکەیان کردووە و دەڵێن، لە داهاتووی هاووڵاتییان نیگەرانن. دەشڵێت، "پێویستە بڵێم، زۆر سەرم سوڕماوە لەوەی لە پشتمەوە روودەدات، چونکە لەلای من ئەمە کوشتنی راستەقینەی خەڵکی کیشوەرەکەیە. ئەمە ئەوەیە کە ژیانی خەڵک وێران دەکات".. هەرچەندە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەڵمانیا سیاسەتێکی ناچاری بوو، ژینگەپارێزان هیواخوازن چارەسەرێکی دیکە بۆ قەیرانی وزەی وڵاتەکە بدۆزرێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم هەنگاوە  لەگەڵ پلانی 2035ی ئەڵمانیا بۆ زیادکردنی وزەی نوێبووەوە و بنبڕکردنی دەردانی گازە زیانبەخشەکان پێچەوانەیە.

هاوڵاتی کۆمیسیاری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا نزیکەی هەزار ڕۆژنامەنوس کوژراون لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە لە ڤیێنا بەڕێوەچوو ڤۆڵگەر تورک ڕایگەیاند لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا 958 ڕۆژنامەنووس لەجیهاندا کوژراون. وهەر لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا زیاتر لە هەزار ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون، . وتیشی ئەم ژمارەیە مایەی قبووڵکردن نییە. هەروەها  ڤۆلکەر، پێی وایە، لەو سەرکەوتنانەی کە لە نزیکەی 50 وڵات کە لەچوارچێوەی پلانی کارکردن دا بەدەست هێنراوە، دروستکردن یان پتەوکردنی میکانیزمەکانە بۆ پاراستنی ئەوانەی کار دەکەن لە میدیا. ئاماژەی بەوەشدا، لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی پڕۆسەکانی کوشتن کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیی هەیە بۆ گرتنەبەری ئەرکی زیاتر بۆ ڕاگرتنیان.

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکیدا بۆ پاڵپشتیکارانی بەڵێنی دا ئێران ئازاد بکات و گوتی خۆپیشاندەران کە دژی حکومەتی ئەو وڵاتە کاردەکەن بەم زووانە لە ئازادکردنی خۆیان سەرکەوتودەبن. ڕۆژی پێنج شەممە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە میانەی کەمپینەکانی بۆ هەڵبژاردنی نیوەی وەرز کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە بچێت ڕایگەیاند "نیگەران مەبن ئێمە ئێران ئازاد دەکەین" پاشان "ئەوان خۆیان ئازاد دەکەن بەم زووانە" ی بۆ قسەکانی زیاد کرد. ئەم قسانەی بایدن لە کاتێکدا بوو ژمارەیەک لە ئامادەبوانی کەمپینەکە مۆبایلەکانیان بەرز کردبۆوە و وێنەی free iran واتە"ئێران ئازاد بکە" یان بەرز کردبۆوە. هەروەها بایدن قسەی زیاتری لەسەر ئەم بابەتە نەکرد و دیاری نەکرد چ هەڵوێستێکی نوێیان بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی لە ئێران ڕودەدەن دەبێت ،ڕاستەوخۆ چووەوە سەر ئەو بابەتەی کە پێشتر گفتوگۆی لەسەر ئەکرد کە ئەویش باشترکردنی چاودێری تەندروستی  جەنگاوەرە دێرینەکانی وڵاتەکەی بوو. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی بایدن ڕووبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆری چالاکوانانی ئەمەریکی ئێرانی بۆتەوە کە داوا لە کۆشکی سپی دەکەن هەوڵەکانی بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بوەستێنن. لە میانی نوێترین هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئێران کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە نیازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەندامێتیی ئێران لە (کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان) هەڵبوەشێنێتەوە، گوتیشی هەر وڵاتێک مافەکانی ژنان پێشێل بکات، پێویستە هەرگیز "رۆڵی لە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە پاراستنی ئەو مافانەدا نەبێت." جێگەی باسە خۆپیشاندانەکانی ئێران دوای کوشتنی مەهسا ئەمیننی تەمەن ٢٢ ساڵ دەستی پێکردو بۆ ٤٩ هەمین ڕۆژ بەردەوامە و بەپێی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ٤٨ شەو ڕۆژی ناڕەزاییەکاندا ٢٩٨ کەس کوژراون.

هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، فرۆشتنی چەک لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا لەوانەش درۆن و مووشەکی بالیستی "مایەی قبووڵکردن نییە".   یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتی: "ئێمە دەبینین کە ئێران درۆن دەداتە رووسیا و بیر لە ناردنی مووشەکی بالیستیش دەکاتەوە".  ستۆڵتنبێرگ گوتی، ئەمە "مایەی قبووڵکردن نییە. نابێت هیچ وڵاتێک هاوکاریی رووسیا بکات لەم جەنگە نایاساییەیدا".  بەگوێرەی ئۆکراینا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، 400 درۆنی دروستکراوی ئێران "لە دژی ژێرخانی سڤیل لە ئۆکراینادا بەکارهێندراون" و دەڵێت، مۆسکۆ داوای 2 هەزار مووشەکی کردووە. هەرچی رووسیا و ئێرانن، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.  ستۆڵتنبێرگ لە ئیستەنبوڵ گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "لە جەنگەکەی لە رووسیا تووشی شکست بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تووندڕۆیانەتر وەڵامدەداتەوە".  بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ: لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەیان درۆن و مووشەکیان بینیوە لە سەرتاسەری ئۆکراینا بەکارهێندراون، لەنێویدا وەکو خۆی دەڵێت، لە دژی ژێرخانی ئاو و کارەبا بەکارهێندراون.  رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2022 رووسیا بە درۆن و مووشەک کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی وڵاتەکەی کردە ئامانج. ئەوەش دوای 105 رۆژ لە وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا هات.  دوای هێرشەکە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤی پایتەختەوە رایگەیاند، رووسیا درۆنی شاهیدی بەکارهێناوە کە دروستکراوی ئێرانە.

هاوڵاتی بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. ژمارەی دانیشتوان لە تانزاینا بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ زیادی کردووە، ئەوەیش لە میانی ١٠ ساڵی رابردوودا زیادبوونێکی بەرچاوە کە لەڕووی دانیشتوانەوە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت. بەپێی داتاکانی سەرژمێری دانیشتووان کە لە تانزانیا ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتووەتە ٦١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، ٤٤ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس بوو. لە داتاکاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە رەگەزی مێ لەسەدا ٥١ی ژمارەی دانیشتوانی تانزاینا پێکدەھێنێت. لای خۆیەوە رێکخراوی ھاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) پێشبینی کردووە کە تا ساڵی ٢٠٥٠، یەک لەسەر چواری دانیشتوانی جیھان لە کیشوەری ئەفریقیابن، ئەگەر پێش نەگیرێت لە گەشەی دانیشتوانی ئێستای کیشوەرەکە.

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد بەبۆنەی پێکهێنانی حکوومەتەکەی، هاوکات جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵیدا کردەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینا رۆمانەوسکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس-ی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئانتۆنی بڵینکن پیرۆزبایی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی لە محەمەد شیاع سوودانی کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەت و گەلی عێراق لەپێناو رێزگرتنی زیاتر لە مافەکانی مرۆڤ، زیادکردنی دەرفەتی ئابووری و پێشخستنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوادا کردووەتەوە. ئەوەش هاتووە کە ئانتۆنی بڵینکن جارێکی دیکە پابەندبوونی واشنتۆنی بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە شکستپێهێنانی داعش کردووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازیی لە بانگەواز و بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئانتۆنی بڵینکن و محەمەد شیاع سوودانی پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی و سەروەرییەکەی دووپات کردووەتەوە. رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم، کاندیدی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، محەمەد شیاع سوودانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

هاوڵاتی بۆ جاری دوەم لە ماوەی حەوت رۆژدا جارێکی دیکە ئەڵمانیا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی پێنجشەمممە رایگەیاند؛ بەهۆی دۆخی ئێستای ئێران، ئەگەری هەیە هاوڵاتییانی ئەڵمانی لەو وڵاتە بڕفێنرێن یان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێن و سزای زیندانیان بەسەردا بسەپێنرێت. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئەو هاوڵاتییانەی ئەڵمانیا کە سەردانی ئێرانیان کردوە یان نیشتەجێی ئەو وڵاتەن نابێت لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و گردبونەوەکان نزیک بکەونەوە چونکە مەترسیی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە هەر هاوڵاتییەکی ئەڵمانیا ئەگەر مەبەستی گەشتکردن بێت بۆ ئێران دەبێت یەکەم شت کە بیری لێبکاتەوە ئەوە بێت کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە پێشتر راوێژکاری باڵا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایانگەیاندبو هەوڵی ئەوە دەدەن کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر تاراندا بسەپێنن و لەو چوارچێوەیەشدا سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری ئەوروپا.

هاوڵاتی سێرگی شۆیگو وه‌زیری به‌رگری رووسیا لە میانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی بێلاڕووس لەبارەی دۆخی سنوورەکانی رۆژئاوای رووسیا ڕایگه‌یاند ناتۆ هێزەکانی لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا دووهێندە و نیو زیاد کردووە و گەیاندوویەتییە سەرووی ٣٠ هەزار سەرباز. وەزیری بەرگریی رووسیا بە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی 'هەوڵە رووخێنەرەکانی بەرەی خۆرئاوا، بۆ ئەوەن رێگە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رووسیا، ئابووری رووسیا، توانای سەربازیی و سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆی رووسیا بگرن'، گوتی: "لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا لە وڵاتانی بەڵتیک لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ کە ناوچەیی نین، هێزە چەکدارەکان جێگیر دەکرێن. گرووپی تاکتیکی لیوای فرەنەتەوەی نوێ لە بولگاریا، هەنگاریا، رۆمانیا و سلۆڤاکیا پێک دەهێندرێن. لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە تاکوو ئێستا هێزەکان دووهێندە و نیو زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار سەرباز و لەوانەیە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەکە زیاتریش ببێت". سێرگی شۆیگو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە زیادبوونی سەربازانی ناتۆ لە ناوچەکە بووەتە هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانەکانی رووسیا لە سەروویانەوە بێلاڕووس، جەختی لەوە کردەوە ئەرکی لە پێشینەی رووسیا پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی یەکگرتوویە کە لەگەڵ بێلاڕووس پێکیان هێناوە. وەزیری بەرگریی رووسیا باسی لەوەیش کرد، وڵاتانی خۆرئاوا لە رێگای دابینکردنی چەک و تەقەمەنی مۆدێرن و پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە کیێڤ و رەوانەکردنی راوێژکاری سەربازیی و سەربازی بەکرێگیراو بۆ ئۆکراینا، هانی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان دەدەن لە ئۆکراینا.

هاوڵاتی بەهۆی ئەوەی چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە ئەو وڵاتە بڕیاریداوە تا ٢٠٢٥ نزیکەی نیو ملیۆن کۆچبەر وەربگرێت. شۆن فریزەر وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند  کەنەدا ئامانجەکانی خۆی پەیوەست بە کۆچبەری پتەو دەکات. وتیشی "کەنەدییەکان لەوە تێدەگەن کە پێویستە بەردەوام ژمارەی دانیشتووان زیادبکرێت، بە تایبەت ئەگەر بیانەوێت پێویستییەکانی ناوخۆ لە هێزی کار پڕبکەنەوە" هەروەها بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا هیوای خواست خەڵکێکی زۆر روو لە وڵاتەکەیان بکەن، تاوەکو کێشەی دەستی کار لە وڵاتەکە چارەسەر بکەن. ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەیان پێویستی بە خەڵکی زیاترە. هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوەیە ، چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری دانیشتووانی وڵاتەکە، لە کۆی 7 کەس یەکێکیان تەمەنی لە نێوان 55 بۆ 64 ساڵانە. بەو هۆیەوە ئێستا کۆمپانیاکانی کەنەدا دووچاری قەیرانی کەمی دەستی کار بوونەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی ئاداردا نیو ملیۆن هەلی کاری بەتاڵ تۆمارکراوە. جێگەی باسە، حکومەتی کەنەدا گۆڕانکاری لە ئامانجەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو کردووە، بە جۆرێک ژمارەی کۆچبەران لە 465 هەزارەوە بۆ 485 هەزار بۆ ساڵی 2024 بەرزکردەوە، هەروەها ئامانجیشی بۆ ساڵی 2025 بۆ 500 هەزار کۆچبەر بەرزکردەوە.

هاوڵاتی جێگری راگری فاكه‌ڵتی زانسته‌ ته‌ندروستیییه‌كانی زانكۆی هیتیت و پسپۆڕی ته‌ندروستیی گشتیی، دكتۆر گولای یڵمازه‌ر، رایگه‌یاند: "مه‌ترسیی تووشوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی له‌ هه‌ستیاریی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی كرد كه‌ قۆناغی راگوزه‌ری نێوان مناڵی و پێگه‌یشتوویی مرۆڤه‌ و ئه‌گه‌ر بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ڕێبكرێت، ئه‌وا ده‌ستپێكی پێگه‌یشتووییش ته‌ندروست ده‌بێت. یڵمازه‌ر باسی له‌وه‌كرد تاك له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا كراوه‌تره‌ به‌ڕووی ئالووده‌بوونه‌كاندا و هه‌ڵكشانی به‌كارهێنانی مۆبایلی زیره‌ك له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رزه‌كاراندا ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گرفت جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و پزیشكه‌ باسی له‌وه‌ كرد به‌كارهێنانی زۆری مۆبایلی زیره‌ك به‌ تێپه‌ڕینی كات ده‌بێته‌ هۆی ئالووده‌بوون و گوتی: "به‌هێزبوونی تۆڕی پشتیوانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك كه‌مبێته‌وه‌. ئالووده‌بوون به‌ مۆبایل له‌لای هه‌رزه‌كاران ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی دۆخی هه‌ست و سۆز، خه‌مۆكی، دڵه‌ڕاوكێ، خۆ به‌كه‌مزانین، نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی، قه‌ڵه‌ویی و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا گرفته‌كانی بیستن و بینین، واته‌ سه‌رجه‌م ئه‌م گرفته‌ جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك ده‌بێته‌ هۆكاریان". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر راشیگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌وییدا نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان زیاد ده‌كه‌ن. له‌ پشتدا، له‌ فشاری خوێندا، له‌ زیادبوونی خێرایی لێدانی دڵدا، ده‌بێته‌ هۆی هاندانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان. وا ده‌كات شه‌وان تا دره‌نگ نه‌نوویت، به‌ رۆژ به‌ خه‌واڵوویی به‌خه‌به‌ربێیت و تێكچوونی خه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت. له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئه‌گه‌ری تووشبوون خه‌مۆكی و گرفته‌ جه‌سته‌ییه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵده‌كشێت. مه‌ترسیی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر. ستایلێكی ژیان به‌ نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی رێك و پێك یان هه‌ر نه‌بوونی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، خۆراكی خراپ، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌ڵه‌ویی، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌وری خوێنمان زیادبكات، فشاری خوێنمان به‌رزبێت و ئه‌م مه‌ترسییانه‌ كه‌ جاران له‌ سه‌روو ٤٠ ساڵییه‌وه‌ هه‌بوون، چیتر له‌ ١٥ ساڵییه‌وه‌، رێگه‌یان بۆ خۆش ده‌كرێت و زه‌مینه‌ بۆ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان سازده‌كه‌ن".

هاوڵاتی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمریکا بڵاویان کردەوە، ئیلۆن ماسک کە بەرلە چەند رۆژێک گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەری تەواو کرد بڕیاری دا، ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە هەڵوەشینێتەوە. ئیلۆن ماسک کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بووە خاوەنی کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ژمارەیەک گەورە بەرپرسی جێبەجیکاری لە کار دەکرد و بە چەواشەکاری سەبارەت بە ژمارەیەک ئەکاونتی هەڕەمەکیی تۆمەتباری کردن. بەپێی سەرچاوە تایبەتەکان سەرۆکی جێبەجێکاری تویتەر، پاراگ ئاگراوال، بەڕێوەبەری دارایی، نێد سیگال و سەرۆکی کاروباری یاسایی و سیاسەتەکان، ڤیجایا جەید لەنێو گەورە بەرپرسە دوورخراوەکاندان. هەروەها بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، ماسک ٥٠ کارمەندی کۆمپانیای تێسلا کە زۆربەیان ئەندازیاری پرۆگرامسازیین گواستەوەتەوە کۆمپانیای تویتەر. رۆژی هەینیی رابردوو، ئیلۆن ماسک گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەر بە بەهای ٤٤ ملیار دۆلار تەواو کرد و دەست بەجێ بڕیاری دەرکردنی چوار گەورە بەڕێوەبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی دەرکرد. هەر هەمان رۆژ ماسک راگەیاند کە تویتەر ئەنجوومەنێکی نوێ پێکدەهینێت بۆ چاودێریکردنی ناوەڕۆکەکان، بەبێ ئەوە وەردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

کەنەدا ژمارەیک سزای دیکەی دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەکانی رادەگەیەنێت. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد؛ بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ژمارەیەک سزای بەسەر چوار بەرپرس و دوو دامەزراوەی وڵاتەکەدا سەپاندوە. لە بەیاننامەکەدا ناوی حسێن رەحیمی، ئەحمەد فازلیان، ئەسەدوڵڵا جەعفەری، مورتەزا موسەوی  لە فەرماندە سەربازییەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هێنراوە . جگە لەو چوار بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دامەزراوەی پۆلیس و ناوەندێنی پەروەردە و راهێنانی(موستەفا)ی لە لایەن کەنەداوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و خواستی بوێرانەی خەڵکی ئێران دەکات. ئەو سزایانە چوارەم قۆناغی سزاکانی کەنەدایە کە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دژی بەرپرسانی ئێران و دامەزاروەکانی سەپێنراوە.