وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ سزادانی ئێران و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش دەڵێت: کاتی سزادانی ئەوانە هاتوە کە خەڵک و خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن. ئاژنسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە (27) وڵاتی ئەندامی یەکێتی رێککەوتون لەسەر سزادانی ئەو بەرپرس و دامەزراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرکوت خەڵکی وڵاتەکە و نارەزاێەتییەکانیان دەکەن. ئورزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتویەتی: ئەوەی ژنانی بوێری ئێران داوای دەکەن ئازادی و یەکسانییە ئەوروپاش پابەندە بەو داوا رەوایانە. ئەو بەرپرسەی ئەوروپا توشیەتی توندوتیژیی لەڕادەبەدەری دەسەڵات وای کردوە ئێستا بڵێن کاتی ئەوە هاتوە کە ئەو دامەزراوە و بەرپرسانە سزا بدرێن کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندانەکانی ئێراندا هەیە. رۆژی 17ی مانگ وەەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەدرێت و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ناوەڕۆکی سزاکان ئاشکرا دەکات.

هاوڵاتی بە پێی یاسایەکی نوێ لە بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023 ئەو وڵاتە نابێت فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16 رادەستی ئەو وڵاتە بکرێت. پێگەی (یۆرۆ نیوز) بڵاوی کردەوە؛ لە رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023، دوو ماددە نوێ پەسند کراوە کە دژی فرۆشتنی فڕۆکەی(ئێف 16)ەیە بە تورکیا. لەو پڕۆژە یاسایەدا کە لەسەر پێشنیاری دوو سیناتۆر بوە و فرۆکەی ئێف 16 بەو دوو مەرج بە تورکیا دەفرۆشرێن، مەرجەکانیش ئەوەیە لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لە سوریا و وڵاتی یۆنان بەکار نەهێنرێت. لە دانیشتنی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو مادانەی ناو پڕۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگ لە دژی تورکیا لە یاساکەدا جێگرکرا. پێشتریش تورکیا لە دژی ئەو دوو ماددە یاساییە کاردانەوەی توندی نیشاندابوو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندبو ئەوان فرۆکەیەک ناکڕن کە نەتوانن بەکاری بهێنن.

هاوڵاتی رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و مێرمنداڵ لەو وڵاتە دەستگیر کراون و داواش دەکات منداڵان لە بەرامبەر توندوتیژییەکاندا بپارێزرێن. سندوقی نێودەوڵەتیی منداڵان (یونیسێف) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوتە دەست ئەو رێکخراوەیەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەیەکی زۆری منداڵان و مێرمنداڵ لە خۆپیشاندانەکانی 25 رۆژی رابردوی ئێران دەستگیر کراون و ژمارەیەکیشیان کوژراون. کاترین راسێڵ، بەڕێوبەتی یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەوان لێدوانی ئەنتۆنی گۆتیرێس، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوبارە دەکەنە کە خۆیان دوربگرن لە بەکارهێنان و دەستگیرکردنی منداڵان وەک کارتێکی فشار دژی خۆپیشاندانەکان. ئەو وتوشیەتی یونیسێف جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵان و نەوجوانان دەبێت دوربن لە کێشە و گرژییە سیاسییەکان و پێویستە مافەکانیان لە چوارچێوەی دۆخێکی ئاشتییانەدا پارێزراو بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زیاتر لە نۆ منداڵ و مێرمنداڵ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەست داوە کە تەمەنیان لە نێوان نۆ تا 16 ساڵ بوە و کە سێ کەسیان کچ بون.

هاوڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری پاریس لە فەڕەنسا لە کۆبونەوەی زۆژی سێشەممەی ئەنجومەکە رایگەیاند هاوڵاتیی فەخری دەبەخشرێتە ژینا ئەمینی. ئانا ئیداڵگۆ ، سەرۆکی شارەوانییەکانی پاریس رایگەیاند؛ لە لایەن هەموو هاوکارەکان و دانیشتوانی شاری پاریس ژینا ئەمینی کراوەتە هاوڵاتیی فەخریی شارەکە و لە رێگەیەشەوە پشتیوانییان بۆ هەمو ئەو ژنانەی لە ئێران بۆ مافەکانیان تێدەکەوش رادەگەیەنن. ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی پاریس خولەکێک بێدەنگیی بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا و بە چەپڵەڕێزان هاوڵاتیبونی فەخریی شارەکە بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا. پێشتر سەرۆکی شارەوانیی پاریس رایگەیاندبو یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەکرێت بە ناوی ژینا ئەمینی .

هاوڵاتى لەڕاگەیەندراوێکداوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات، بە رێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ کار بۆ دەرچوونی وڵات لە بنبەستی سیاسی بکەن و دووپاتیشی دەکاتەوە، کە توندوتیژی قبوڵکراو نییە. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ساڵێک لە دەنگدانی عێراقییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێک کە گوزارشت لە خواستی گەلی عێراقی بکات، تائێستا سەرکردە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانیوە ناکۆکییە سیاسییەکانیان چارەسەر بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت، واشنتن لەگەڵ گفتوگۆی فراوان و گشتگیری لایەنەکانی عێراقن لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ ئایندە. دووپاتیشی دەکاتەوە، توندتیژی قبوڵکراو نییە و داواش لە تەواوی لایەنەکانی عێراق دەکات، رێگەی ئاشتیانە بۆ دەرچوونی وڵات لە بنبەستی سیاسی بگرنەبەر.  

هاوڵاتی ڕووسیا و بیلاڕووس رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی یەکێتییەکی سەربازیی هەرێمیی هاوبەش و سەرۆکی بێلاڕووسیش ڕایدەگەیەنێت ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت لە مینسک پایتەختی بێلاڕووس رایگەیاند کە دۆخی دەوروبەری بێلاڕووس "گرژ"ە و ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و گوتی: "بەپێی پێویست وەڵامی ئەوە دەدەینەوە. خاوەنەکانی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئێمە رابکێشنە ناو جەنگەکە هەوڵ دەدەن جەنگ لە دژی بێلاڕووس دەست پێ بکەن. ئەمەیش (لە بەرامبەر) بێلاڕووس و رووسیا ئەنجام دەدەن". سەرکۆماری بێلاڕووس بە جەخت کردنەوە لەوەی کە پێویستە رێگە بەو کارە نەدەن، گوتی: "رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر لە باشووری سنوورەکانمان. بەرپەرچی هەر دوژمنێک دەدەینەوە، ئەوان چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە دەکەن". لوکاشینکۆ بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە، گوتی: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای دەوڵەتی یەکگرتوو، رووسیای فیدراڵ و کۆماری بێلاڕووس گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی یەکەی سەربازیی هەرێمیی. ئەمە لە بەڵگەکاندا نووسراوە". سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ ئاماژەی بەوە دا کە بنەمای ئەو گرووپە لە سوپای بێلاڕووس پێک دێت و هەزاران سەربازی رووسیایش بەشداری تیادا دەکەن، گوتی: "پێویستە لە ئامادەکاریدابین بۆ پێشوازیکردن لە سەربازانی رووسیا بەم نزیکانە".

هاوڵاتی بەریتانیا رایگەیاند؛ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران بە هۆکاری سەرکوتی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە دەزانین بۆ سزایان بەسەردا دەسەپێنین. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رۆژی دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد سەرجەم دامەزراوە و  بەرپرسانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆی سەرکوت و هەڕەشە لە خەڵکی وڵاتەکە سزا دەدات و دەست بەسەر داراییەکانی ئەو بەرپرسانەدا دەگرێت. لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتوە جگە لە پۆلیسی ئەخلاق سزاکانی لەندەن بەرپرسانی دامەزراوەی بەسیج سەر بە سوپای پاسداران و بەپرسانی یەکە تایبەتەکانی هێزە ئەمنییە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیس لە ئێران دەگرێتەوە و دەستیش دەگیرێت بەسەر هەر جۆرە دارایی و سامانێک کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە رێگەی کەسانی دیکەوە لە بەریتانیا هەیانبێت. وەزارەتەکە رونی کردوەتەوە ئەو بەرپرسانە گەشتیان لێ قەدەغە دەکرێت و رێگەیان پێنادرێت بێنە خاکی بەریتانیاوە. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)ی راگەیاندوە؛ ئەو سزایانە پەیامێکی رونە بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆیە لەندەن ئەو بەرپرسانە بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و ئەو توندوتیژیە سەرسوڕهێنەرەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت بە بەرپرسیار دەزانێت.

هاوڵاتی بەهۆی مەترسی هێرشی ئاسمانی یاری نێوان یانەی دینامۆ کیێڤ و یانەی روخ لڤیڤ لە میانی یارییەکانی خولی نایابی ئۆکراینا لە خولەکی ٨٠دا راگیرا. یانەی دینامۆ کیێڤ لە پەیامێکدا لە هەژماری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەی راگەیاند کە یاریی نێوان دینامۆ کیێڤ و روخ لڤیڤ کە لە شاری لڤیڤ بەڕێوەدەچوو لە خولەکی ٨٠دا بەهۆی ئاگادارکردنەوە لە هێرشێکی ئاسمانی لە نیوە بەجێهێلدرا. لە رووبەڕووبوونەوەکە کە یاریزانانی هەردوو یانەکە بەهۆی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانیی سوپای رووسیا روویان کردە پەناگەکان، یانەی دینامۆ کیێڤ بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پێش بوو.

هاوڵاتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کاژێر ٨  لە کێیڤ ی پایتەختی ئۆکرانیا، ڕوسیا ئەو شارەو چەند ناوچەیەکی تری بۆردومان کرد. بە پێی دوایین زانیارییەکان بەلایەنی کەمەوە ٥ کەس کوژراون و 12 کەسیش برینداربوون لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی ئۆکرانیاوە پشتڕاستکرایەوە ، بەڵام خەمڵاندنی قوربانییەکان لە شوێنەکانی تر زیاترە. ڤیتاڵی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ تەقینەوەکانی پشتڕاستکردەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کە "ژمارەیەک تەقینەوە لە ناوچەی شێڤچێنکیڤسکی نێوەڕاستی پایتەخت روویانداوە".  هەروەها ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەیانی ئەمڕۆ وەڵامی هەواڵی چەند تەقینەوەیەکی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دایەوە و گوتی ڕووسەکان "هەوڵ دەدەن ئێمە لەناو ببەن".  راشیگەیاند "لە بۆردوومانەکەی سەر کیێڤ، کوژراو و بریندار هەن". زیلینسکی داوای لە هاووڵاتییان کرد شوێنەکانیان جێنەهێڵن "  دوای ئەوەش سەرۆکایەتیی ئۆکراینا رایگەیاند کە دەنگی "بۆردوومان لە ژمارەیەکی زۆری شارەکان بیستراوە".   لە هەمان کاتدا سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا وێنەیەکی دوای هێرشەکەی بڵاو کردۆتەوەو تیایدا نوسیوێتی "ڕوسیا هەوڵدادات لە کوێ بدات زانکۆی نەتەوەی؟پارکەکە؟یانیش شوێنی یاری کردنی منداڵەکان؟" لە چەند دیمەنێکدا دەردەکەوێت کە چەند باڵەخانەیەکی شاری کیێڤ زیانیان بەرکەوتووە. ئەم "تەقینەوە و بۆردوومانانەش" رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئۆکراینای بە تەقاندنەوەی ئەو پردە تۆمەتبارکرد کە نیمچە دوورگەی کریمیا و رووسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ پردەکە رۆژی هەینی بەهۆی تەقاندنەوەی بارهەڵگرێک لەسەری تەقێندرایەوە و لایەکی پردەکە تێکشکا.  ئەمەش لە کاتێکدایە مۆسکۆ لە سەرەتای جەنگدا شکستی هێنا لە دەستبەسەرداگرتنی کیڤی پایتەخت هەر بۆیە  سەرنجی دایە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئپکرانیاو توانی چەند دەسکەوتێکی باشی هەبێت و چەندین ناوچە داگیر بکات. هەروەها دوایین هێرشی بۆ سەر کیڤ لە مانگی حوزەیراندا بوو. کە یەکێک لە مووشەکەکان لە باڵەخانەیەکیدا وهاوڵاتییەکی کوشت و شەش کەسیش بریندار بوون. بەڵام بە پێچەوانەی هێرشەکانی پێشوو کە زۆربەیان لە دەوروبەری پایتەختدا بوون ، ئەمڕۆ ڕوسیا ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر پایتەختی ئۆکرانیا وچەندین شوێنی ناوەڕاستی شارەکەی کردە ئامانج.

هاوڵاتی له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت وڵاته‌که‌ی کاردەکات بۆئەوەی یەکێتیی ئەوروپا سزا بەسەر ئەو کەسایەتییانەدا بسەپێنێت کە بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەو مامەڵە تووندەی لەگەڵ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت.    ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، هاوپەیمانە ئەوروپییەکە کاردانەوەی زیاتری بەرامبەر ئێران دەبێت، لەوانەش بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە مامەڵەکردنی تووند لەگەڵ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.     وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران گرت و وتی: "هەرکەسێک لە شەقامەکان لە ژنان و کچان بدات؛ هەروەها هەر کەسێک کە ئەو کەسانە دەڕفێنێت هیچی دیکەیان ناوێ جگە لەوەی ئازادانە بژین، ئەوە لای هەڵەی مێژوو وەستاون."  جێگای ئاماژه‌یه‌ دوای کوژرانی لە 16ی ئەیلوولی 2022 ژینا ئەمینی کە کچە کوردێکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانبوو، خۆپیشاندان له‌زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێران ده‌ستیپێکرد و تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

هاوڵاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ئه‌مه‌ریكا، گرژییه‌كانی نێوان واشنتۆن و ریاز زیاتر ده‌كات. عادل جوبه‌یر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ رایگه‌یاند: كه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌می ئۆپیك پڵه‌سه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو توانای كه‌می پاڵاوتنی ئه‌مریكا له‌ پشت به‌رزبوونه‌وه‌ی تێچوونه‌كانه‌. ئه‌لجوبه‌یر له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فۆكس نیوز رایگه‌یاند: "نه‌وت چه‌ك نییه‌، ئێمه‌ وه‌ك كاڵایه‌ك سه‌یری نه‌وت ده‌كه‌ین و سه‌یری ھه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌كه‌ین گرنگن بۆ ئابووری جیھانی كه‌ پشكێكی زۆرمان تیایدا ھه‌یه‌ وه‌ك سعودیه‌". ھه‌روه‌ھا وتیشی: بیست ساڵه‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵاوگه‌ی نوێی دروستنه‌كردووه‌ و كه‌می پاڵاوگه‌ وای كردووه‌ نرخه‌كان به‌رزبێته‌وه‌ نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌می ئۆپێك پڵه‌س. له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا نرخی به‌نزینی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌ھۆی زۆری خواست و توندی پێداویستییه‌كانی پاڵاوتنی جیهانی، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی حوزه‌یران گه‌یشته‌ لوتكه‌، ده‌ستی به‌ دابه‌زین كردووه‌.

هاوڵاتی پێگەی ئەلکترۆنی وەتس ئاپ تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئاپڵیکەیشنەکەی زیاد دەکات ئەوەی چیتر ڕێگە نادات بەکارهێنەرانی وێنەی ئەو مەسجانە بگرنەوە کە لە باشی view once  پێیان دەگات. ئەم تایبەتمەندییە نوێیەی واتسئەپ کار لەسەر بەشی view once دەکات ، لەم بارەدا، تایبەتمەندیی view once واتە تەنیا جارێک ببینە، ئەم تایبەتمەندییە بەکاردێت کاتێک دەتەوێت وێنەیەک بۆ هاوڕێیەک یان کەسێک بنێریت، بەڵام دەتەوێت کەسی بەرامبەر تەنیا یەکجار وێنەکە بکاتەوە و دواتر وێنەکە لادەچێت و دوبارە ناکرێتەوە. کاتێک دەتەوێت وێنەی ئەو وێنەیە یان ئەو ڤیدیۆیە بگریت واتە (screen shot)بکەیت ، یەکسەر شاشەکە رەش دەبێت و رێگەت پێنادرێت سکرینشۆتی ئەو وێنانە یان ئەو ڤیدیۆیانە بکەیت کە لە رێگەی تایبەتمەندیی view once بۆت دەنێردرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە هەمان تایبەتمەندی لە ئاپڵیکەیشنەکانی  ئینستاگرام و سناپچاتدا هەیە بەڵام  لەم ئاپڵیکەیشنانەدا دوای وێنەگرتنەوەی ئەو نامەو ڤیدیۆیانەی بۆت دێت کەسی بەرامبەر ئاگادار دەکرێتەوە لەوەی سکرینی وێنە ڤیدیۆکانیان کراوە.. هەربۆیە لە ئێستادا وەتسئاپ بۆ زیاتر پاراستنی تایبەتمەندی بەکارهێنەرانی لە هەوڵدایە  بەم شێوەیە ڕێگری بکات لە بردنی وێنەو ڤیدیۆی بەکارهێنەرانی  

هاوڵاتی گۆڤاری «البوابە» کە گۆڤارێکی میسریە لە وتارێکدا بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیای لێکداوەتەوەو  پێوایە بەشی هەرە گەورەی گرژییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ پرسی کورد و دەستوەردانی سەربازیی ئەنقەرە لە عێراق، دەگەڕێتەوە. لەم وتارەدا جەخت کراوەتەوە کە عێراق و تورکیا لە ئێستادا پەیوەندییەکی ئاسایی و هاوسەنگیان نییە و کە هۆکاری سەرەکیی بۆ دەستوەردانی سەربازیی ئەنقەرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەم گۆڤارە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک سەرچاوەی نافەرمی باس لە بوونی نزیکەی 100 بنکەی سەربازیی تورکیا لە عێراق دەکەن کە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزراون. ئەم گۆڤارە هەروەها باس لەوە دەکات کە ئەنقەرە چاوی تەماحی بڕیوەتەو بەشێک لە خاکی عێراقەوە کە نیشاندەری ئەوەیە کە بیرۆکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هێشتا لەنێو دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەتەوە. لەم وتارەدا ئاماژەیش دراوە بە پشتگیریی زۆرینەی ڕەوتە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان و ڕێگری کردن لە دەستوەردانی سەربازیی تورکیا. پرسێکی دیکە کە ناکۆکیی خستۆتە نێوان عێراق و تورکیا پرسی ئاوە.

هاوڵاتی به‌ریتانیا و  چه‌ند وڵاتتێكی ئه‌وروپا داوا له‌ ھاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن جگه‌ له‌ھه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاره‌كانی تری عێراق نه‌كه‌ن. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌و پێیه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ھه‌فته‌یه‌كه‌ ھێرش و بۆردومانه‌كان بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق به‌تایبه‌تیش ناوچه‌ سنورییه‌كان زۆر زیادیكردووه‌و ره‌وشی ئه‌منی سه‌قامگیر نییه‌، پێویسته‌ گه‌شتیاران و ھاوڵاتیانی به‌ریتانیا به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ردانی شاره‌كانی عێراق نه‌كه‌ن جگه‌ له‌ھه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌ویش بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت . راشیگه‌یاندوه‌، به‌ریتانیا نایه‌وێت بكه‌وێته‌ كێشه‌ و ململانێوه‌ له‌گه‌ڵ ھیچ وڵاتێكی تردا، بۆیه‌ پێویسته‌ ھاوڵاتیان و گه‌شتیارانی وڵاته‌كه‌یان سه‌ردانی ھه‌موو شوێن و وڵاتێك نه‌كه‌ن، چونكه‌ پێده‌چێت بكرێنه‌ ئامانج و به‌ھۆیه‌وه‌ كێشه‌ و ئاڵۆزی زۆر سه‌رھه‌ڵبدات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساش دوێنی هه‌ینی رایگه‌یاند: پێوسته‌ هاوڵاتیانمان سه‌ردانی عیراق نه‌كه‌ن، چونكه‌ بارودۆخی ئه‌منی عیراق له‌بارنیه‌و بۆ كاری زۆر پێویسته‌ نه‌بوو داوا له‌هاوڵاتیانی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ین سه‌ردانی عیراق نه‌كه‌ن. به‌هۆی ململانێ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌عێراق و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئێران و توركیاوه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق، بارودۆخی ئه‌منی عێراق به‌گشتی باش نیه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد، له‌هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ند جارێك گه‌شته‌ فڕۆكه‌وانییه‌كان له‌هه‌ولێر و سلێمانی راگیرێن.

هاوڵاتی کاتژمێر ٦ی ئەم بەیانییە پردی  کێرچ کە هەردوو ناوچەی ڕوسیا و کریمینیای ئۆکرانیا پێکەوە دەبەستێتەوە تەقێنرایەوە. تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی چێندراوەوە بووە و سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لە ئەستۆگرت و دەشڵێت، "هەر ئامرازێک لەلای ئۆکرانیا شەرعیەتی نەمابێت پێویستە لەناوببرێت." هەروەها بەگوێرەی قسەکانی راوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا، هەردوو هێڵی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلی پردی کێرچ لە تەقینەوەکەدا زیانیان پێگەیشتووە. کە ئەمەش ئەمە مانای ئەوەیە کە دابینکردنی کەلوپەل بۆ هێزەکانی ڕووسیا لە باشوور زۆر قورس دەبێت، ئەو کەرەستەی سەربازی، چەک و تەقەمەنی، سووتەمەنیەی لە پردی کێرچ پێیان دەگەشت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەست نابێت. هەروەها دەستەی نیشتیمانی دژەتیرۆری روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە لەرێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە بارهەڵگرێک لەسەر پردی کیرتش تەقیەوە و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند تەنکەرێکی سووتەمەنی کە بە شەمەندەفەرێکەوە جێگیرکرابوون و بەسەر پردەکەدا دەڕۆیشت. لەم بارەیە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا هێرشەکەی سەر پردەکەیان بە "کردەوەی تیرۆریستی" لەسەر دەستی ئۆکرانیا ئیدانە کرد لە بروسکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، وتی: "کاردانەوەی رژێمی کیڤ بەرامبەر بە تێکدانی کەلوپەلی مەدەنی سروشتی تیرۆریستییان دەردەخات ". لەگەڵ ئەمانەشدا ڕۆژنامەی ئۆکراینی ئۆکراینسکا پراڤدا دەڵێت یەکێک لە سەرچاوەکانیان لە ناو هێزەکانی ئۆکرانیادا وتویەتی کە خزمەتگوزاری ئاسایشی ئۆکرانیا لە پشت تەقینەوەی پردی کریمیەوە بووە. هەروەها کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئاماژە بەوە دەکەن، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پاس لە کریمیاوە بۆ وڵاتی رووسیا هەڵوەشاوەتەوە و هێڵی ئاسنی رووسیا رایگەیاند، فرۆشتنی بلیتی قیتارەکان بۆ کریمیا و گەڕانەوەیان ڕاگیراوە. ساتی تەقاندنەوەی پردی کێرچ لە کریمینیا