هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە مارێکی حەوت مەتری  ژنێکی تەمەن ٥٤ ساڵ بە ناوی جاهران لە ئیندۆنیسیا دەخوات. بەپێی هەواڵەکانی  سایتی دیتیکی ئیندۆنوسیا ، ئەو ژنە تەمەن 54 ساڵە کە ناوی جاهران بووە لە ڕێگەی چوون بۆ کارکردن دیار نەماوەو بێسەروشوێن بووە ، دوای ئەوەی مێردەکەی نەعلەکان و سەرپۆشێکی خێزانەکەی دەدۆزێتەوە پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە لە دیار نەمانی هاوسەرەکەی. پاش لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و گەران مارێکی جۆری پایسۆن کە ٧ مەتر درێژ بووە دۆزراوەتەوە،لە دوری ٥٠ مەتر لەو شوێنەی کەلوپەلەکانی تێدا دۆزراوەتەوە بە ئاوساوی دوای هەڵدڕانی ناوسکی  تەرمی ژنەکەیان لەناو سکی مارەکەدا دەرهێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم ڕوداو نییە کە تیایدا مارێک بەم شێوەیە کەسێک بخوات لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ژنێک لە کاتی کشتوکاڵ کردندا مارێکی ٧مەتری هێرشدەکاتە سەری و دەیخوات . ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆری جۆری ماری پایسۆنی گەورەی تیدا دەژی.  

هاوڵاتی حکومەتی نوێی سوێد هەوڵی نزیکبوونەوە لە تورکیا و بوون بە ئەندامی ناتۆ دەدات، پەرلەمانتارێکی پێشووی سوێدیش دەڵێت، "ئەم حکومەتە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە یاساکان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کەسانە رادەست بکەنەوە کە تورکیا داوایان دەکات." رۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە 2022، پەرلەمانی سوێد ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت کۆنسێرڤەتیڤی سوێدی وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژارد، ئەمەش بۆ یەکەمجارە پەرلەمانی سوێد سەرکردەیەکی راستڕۆ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی سوێدی راستڕۆی تووندئاژۆ پشتگیریی بکرێت و وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیاریی بکات.  گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتێکی راستڕۆوە لە سوێد، نیگەرانی لای پەنابەران و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە زیادکردووە.  ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری پێشووی سوێد بە رووداوی گوت، حکومەتی نوێی سوێد زیاتر نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنوێنێت بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ و گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکاتەوە، هەر دوێنێ وەزیری نوێی ناوخۆی سوێد گوتوویەتی، 'دەبێت پەکەکە لە سوێد نەمێنێ.'  بە گوتەی ئامینە کاکە باوە، "کێشەی سەرەکی حکومەتی نوێی سوێد لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات یاسایە، لەبەر ئەوەی راستڕۆکانی سوێد زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە ترسی ئەوە هەیە یاساکانیش لە پەرلەمان هەموار بکەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و تورکیا."  

هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگای گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە دەریای ناوەڕاست کە رێڕەوێکە زۆرترین کات لەلایەن کۆچبەرانی نائاساییەوە بەکاردەهێندرێت، بووەتە گۆڕستان و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر لەو رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بوون. لە راپۆرتەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە لە کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، دوو هەزار و ٨٣٦ کەس لەو کۆچبەرانەی بەنیازبوون لە کەناراوەکانی لیبیا و تونسەوە رووبکەنە ئیتاڵیا و ماڵتا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکانیان یان لە تینوێتیدا گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، هەزار و ٥٠٠ کەس لە رێگای ئەفریقای باکوور-دوورگەکانی کەناریی کە ئەویش یەکێکە لە رێگاکانی گەیشتن بە ئەورووپا، گیانیان لەدەستداوە. توێژەران باس لەوە دەکەن کە چارەنووسی زۆرێک لەو بەلەمانەی ژێرئاو دەکەون نادیارە و ژمارەیەک لە کۆچبەران کە لەو رووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە تۆمارنەکراون.

هاوڵاتی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ریشی سوناک وەک 57ەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ناوی ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاشكراكرد. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (25ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، لە کاتی پێدانی یەکەم گوتەی وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک گوتی "سەقامگیریی ئابووری و متمانە دەکەمە کرۆکی ئەجێندای ئەم حکومەتە، ئەمە واتا بڕیاری قورس بەڕێوەن."  لە حکومەتەکەی سوناكدا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێریمی هه‌نت بۆ پۆستی وه‌زیری داد، بێن واڵاس بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری، جه‌میس كلێڤه‌رلی بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ وسوێلا بریڤەرمەن بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، دۆمینیك راب بۆ پۆستی وه‌زیری داد ده‌ستنیشانكراون هەروەها نازم زەهاویش وەك وەزیری دەوڵەت، گیلیان کیگەن وەك وەزیری پەروەردە، گرانت شاپس وه‌ك وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، تیرەیز کۆفی وه‌ك وەزیری ژینگە و ستیڤ بارکلی وەک وەزیری تەندروستی دەستنیشانکراون.  لەلایەکی دیکەوە پێنی مۆردنت، رکابەرەکەی ریشی سوناک بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە، لە پۆستی خۆی وەك سەرۆکی پەرلەمانی به‌ریتانیا مایەوە. دوای دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، پێویستە ئەندامانی کابینەکە لە پەرلەمانی وڵاتەکە ئامادەبن و سوێندی یاسایی بخۆن بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە فەرمی دەستبەکاربێت. ریشی سوناک دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای بە رەچەڵەک هیندی. سوناک سەرمایەدارێکی بانکی و دارایی لێهاتووە و  هاوژینەکەی لەخۆی دەوڵەمەندترە.

هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا ڤیزەی بەو شاندەی رووسیا نەداوە کە دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. زاخارۆڤا، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ٢٦-٢٨ی تشرینی یەکەم لە واشنتۆن کۆنفرانسی "وزەی ئەتۆمی لە سەدەی ٢١مدا" ئەنجامدەدات. ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی رووسیا کە پێکهاتوون لە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمییی دەوڵەت (Rosatom) و دامەزراوەی تەکنەلۆژیای ژینگەیی و پشکنینی ئەتۆمیی فیدڕاڵیی رووسیا (Rostehnadzor) پلانی بەشداری کردنیان لە کۆنفرانسەکە هەبووە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی داواکارییە پێویستەکانیان بەوشێوەیەی کە پێشبینی کراوە پێشکەش کردووە، ئەمریکا ڤیزەی بە شاندەکەی رووسیا نەداوە. بەمشێوەیە، بە جۆرێک کە بەهێچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە و بەبێ نیشاندانی هیچ پاساوێک رێگری لە رووسیا کراوە بەشداری لە چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری IAEA بکات". گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەم کارەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە. ماریا زاخارۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییانەی لەسەر "ئامادەکاری ئیستفزازیی" ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر" مایەی نیگەرانییە و گوتی: "ئامانجی کارێکی ئیستفزازیی ئاوا ترسناک روونە. تاوانبارکردنی رووسیایە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی. بەرپرسە ئۆکراینییەکان و کارەکتەرە خۆرئاواییەکان هیوایان ئەوەیە کە ئەمە بە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی رووسیا بشکێتەوە، متمانەی هاوبەشەکانی بە رووسیا نەمێنێت و رێگا بۆ دابڕانی وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە". زاخارۆڤا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان کەوتووە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەستی پێکردووە و رایگەیاند کارگەیەکی چارەسەرکردنی کانزاکان لە شاری ژۆلتیە ڤۆدی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە کیێڤ ئەرکی درووستکردنی "بۆمبی تیشکدەر"یان پێسپێردراوە. گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "داوا لە کاربەدەستانی کیێڤ و سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان دەکەین واز لەو چالاکییانەیان بهێنن کە جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پەلکێش دەکات و ژیانی مەدەنییە بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارییەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە سەرکێشییە. پەرەسەندنی رووداوەکان مەترسیدارە".

سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ زانیاریی هەیە کە روسیا داوای دو هەزار دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کردوە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (هائارێتز)ی ئێسرائیلی راگەیاندوە؛ روسیا دەیەوێت بە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا چڕتر بکاتەوە. زێلێنسکی ئاشکرای کردوە؛ بە پێی ئەو زانیارییە نهێنی و هەواڵگریانەی بەدەست ئەو گەیشتوە روسیا داوای زیاتر لە دو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید)ی لە ئێران کردوە. سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە بەردەوامی لە لایەن روسیاوە بەکاردەهێنرێن و لە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەسوڕێنەوە و ژمارەیەکیش لەو فڕۆکانە خۆیان بە بنکە سەربازییەکان و ناوچە مەدەنییەکاندا دەتەقێننەوە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید کە دروستکراوی ئێرانە خۆی بە ئامانجەکانیدا دەتەقێنێتەوە و بە فڕۆکەی خۆکوژ ناودەهێنرێت.

ئەمریکا و روسیا چەکدارانی سەر بە تورکیا ناچار دەکەن لە ناوچەیەکی عەفرین بکشێنەوە گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە عەفرین 56 دیلیان بە چاودێریی تورکیا ئاڵوگۆڕ کرد و سوپای ئەو وڵاتەش کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بەدەستەوە دەگرێت. هەردو بەرەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە باکوری سوریا بە سەرپەرشتی سوپای تورکیا ئاڵوگۆڕی ژمارەیەک لە دیلەکانیان کرد  سوپای تورکیا راستەوخۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی عەفرین بەدەستەوە دەگرێت. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە  بە چاودێریی سوپای تورکیا لە شارۆچکەی بەسوتەی دەوروبەری عەفرین هەریەکە لە دەستەی تەحریری شام و فەیلەقی(3)ی  سوپای نیشتیمانی ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان کرد. میدیاکانی نزیک لەو گروپە چەکدارانە بڵاویان کردوەتەوە 29 دیلی دەستەی تەحریری شام و 27 دیلی فەیلەقی(3) کە لە پێکدادانەکانی هەفتەی رابردو دیلکرابون، ئاڵوگۆڕاین پێکراوە. دوای ناڕەزایەتی روسیا و ئەمریکا لە هێرشەکەی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر عەفرین و دەوروبەری، سوپای تورکیا دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە.  هێزە چەکدارەکانی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی تورکیا  لەو ناوچانەی عەفرین کشانەوە و تەنها هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیان تێیدا جێگیر کران و تورکیاش بڕیاری داوە راستەوخۆ دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە بەدەستەوە بگرێت.

هاوڵاتی به‌هۆی هێرشی فڕۆکه‌ بێفڕۆکه‌وانه‌کانی ئێرانه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئۆکراینا، یانەی شاختار دۆنێتسکی ئۆکراینی، داوای دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی ئێران دەکات لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن " یانەی شاختار بەفەرمی داواکارییەکی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دووربخرێتەوە، هۆکاری داواکارییەکەشی ئەوەیە کە ئەوان پێیانوایە، ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا." یانەی شاختار دەڵێت " پێویستە هەڵبژاردەی ئۆکراینا لە جێگەی ئێران بەشداری لە مۆندیالدا بکات، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئێران کاتێکی خش بەسەردەبەن و سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان دەکەن لە مۆندیالدا، ئۆکرایناش بەدەست هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەناڵێنێت، کە ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا و رۆڵی هەبووە لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان." شاختار دەڵێت " راهێنەرانی سەربازیی ئێران مەشقیان داوەتەوە بۆ فڕاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتەوە سەر ئۆکراینا و ئارامیی وڵاتەکەیان تێکداوە، بۆیە داوا لە فیفا دەکەین بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئێرانەوە، هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال دووربخرێتەوە و ئۆکراینا لە شوێنی ئەوان یاری بکات." رووسیا پێشتر لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپاوە سزادرا و رێگەی پێنەدرا بەشداری لە مۆندیال و هیچ چالاکییەکی سەر بە هەردوو فیدراسیۆنەکە بکات. چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، فیفا هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئێران لە مۆندیال دەکات، بەهۆی ئەوەی کە دەستوەردان لە وەرزشی وڵاتەکەدا هەیە و رێگە بە ئامادەبوونی خانمان نادات ئامادەی یارییەکان ببن.

هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی  لە ٢٤٢هەمین رۆژی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری خۆی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە کردو رایگەیاند رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و گوتی، "پێویستە جیهان کاردانەوەیەکی توندی لەبەرامبەر ئەمەدا هەبێت". سەرۆکی ئۆکراینا، داکۆکی لەوە کرد کە رووسیا هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەناوببات و گوتی:"ژیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەگەڕێنینەوە کە رووسیا مردن و رووخاندنی بۆ هێناوە. ئەمە بە تەواوەتی پەیوەندی بە ئۆکراینییەکانەوە هەیە. ئەو شوێنەی ئۆکراینای لێیە بە هیچ شێوەیەک ژیان ناوەستێت. بەڵام، رووسیا دەچێت بۆکوێ با بچێت، تەنها گۆڕی بەکۆمەڵ، کەمپی ئەشکەنجەدان، شار و گوندی خاپوورکراو، زەوی مینڕێژکراو، ژێرخانی رووخێنراو و کارەساتی سرووشتی لە دوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت". زێلێنسکی، باسی لەوەش کرد کە وەزیری بەرگریی رووسیا، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگریی چەند ولاتێک ئەنجامداوە و تاوتوێی بابەتی هەڕەشی چەکی ئەتۆمی کردووە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ کەس باوەڕ بە رووسیا ناکات و گوتی: "رووسیا بوو کە لە بارەی کارەساتی تیشکدانەوەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا ئیبتیزازی دەکرد. ئەمە رێڕەوی مووشەکەکانی رووسیایە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا". سەرۆکی ئۆکراینا، هێزەکانی رووسیای بە مینڕێژکردنی بەنداوی کاخۆفی ناوچەی خێرسۆن کە تازە ئازادیان کردووە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئۆکراینا تاوانبار کرد و گوتی: "لەو بڕوایەدام، ئیتر دەبێت جیهان تا دەتوانێت کاردانەوەی توند (لە دژی رووسیا) نیشان بدات".

هاوڵاتی میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکرده‌وه‌ هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە ویستوویەتی بەپێ نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و بۆ جامی جیهانیی تۆپی پێ بچێتە قەتەر، بەپێی میدیای ئیسپانیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران بێسەروشوێن بووە. بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، سانتیاگۆ سانچێز کۆگیدۆر، هەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێیە و ویستوویەتی بۆ مۆندیالی 2022 بەپێ لە ئیسپانیاوە بچێتە قەتەر، بەڵام لە دوای ئەوەی لە گوندێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران دوا پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 2ی تشرینی یەکەم بڵاوکردووەتەوە، دواتر دیارنەماوە. کۆگیدۆر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە رۆیشتن کردووە و بەو هیوایە بووە تاوەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بگاتە قەتەر. بەڵام کەسوکار و هاوڕێکانی کۆگیدۆر و بە هەزاران فۆڵۆوەرەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرایانکرد کە لە 2ی ئەم مانگەوە هیچ هەواڵێکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە نازانن، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆگیدۆر بەردەوام وێنەی گەشتەکەی بڵاودەکردەوە. لە دوا پۆستیدا لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، لە ئینستگرامەکەی، کۆگیدۆر وێنەی خۆی بڵاوکردووەتەوە لە گوندێکی هەرێمی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران بووە و لەگەڵ منداڵانی گوندەکە یاریی تۆپی پێی کردووە و نانی لەگەڵ گوندنشینان خواردووە.  هەروەها لەسەر یەکێک لە دوا وێنەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیوویەتی "لە دوا گوندی باکووری عێراق، چیایەک لەگەڵ ئێران جیامان دەکاتەوە کە دوا وڵاتە پێش ئەوەی بگەمە قەتەر". هاوڕێیەکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە بە میدیای ئیسپانی راگەیاندووە، کۆگیدۆر بەردەوام شوێنی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دوا پەیامیشی بۆ هاوڕێکانی کاژێر 12؛30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 2ی تشرینی یەکەم بووە.   لەوبارەیەوە، میگوێل بێرگادۆ، کە هاوڕێی کۆگیدۆر-ە، دەڵێت، "دواجار 1ی مانگ قسەم لەگەڵ کرد، ئەو لۆکەیشینی شوێنی مانەوەی خۆی بۆ ناردم کە هەرێمی کوردستان بوو، پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو".  هاوڕێکانی نیگەرانی بێسەروشوێنبوونی کۆگیدۆری تەمەن 40 ساڵن، کە هیچ هەواڵێکی نییە و ترسیان هەیە هاوڕێکەیان لە ئێران دەستگیر کرابێت، کە ئێستا ئەو وڵاتە رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان بووەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە مرۆییەکانیش، بە هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. بێرگادۆی هاوڕێی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە دەڵێت، "هەست دەکەم بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوە، ئەویان دەستگیر کردبێت، چونکە کەسێکی بیانییە. باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە ئێران دەڵێت هەندێک کەس بەهۆی وێنەگرتنی خۆپێشاندانەکانەوە دەستبەسەر کراون و رەنگە ئەویش بەو جۆرە بێت". هەروەها میدیای ئیسپانیا ئاشکرای کردووە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی کۆگیدۆر. ئەو شاخەوانە ئیسپانییە، لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری ئالکالا دێ هێنێرێس لە نێوەڕاستی ئیسپانیا دەستی بە گەشتەکەی کردووە. 

زیاتر لە 50 هەزار کەس لە پایتەختی ئه‌ڵمانیا دژی دەسەڵات لەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کردو سەدانی ئۆکرانیش بە ئاڵای وڵاتەکەیان پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران کرد. ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردەوە؛ رۆژی شەممە هەزاران هاوڵاتیی کورد و ئێرانی لە شارەکانی دیکەی ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکا و کەنەداش رویان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کردوە. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت هەزاران هاوڵاتیی بە ئاڵاکانی کوردستان و ئێران بەشدارییان لە رێپێوان و خۆپیشاندانەکەی بەرلین کردوە و تەنات ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی ئۆکرانیاش بە ئاڵای وڵاتەکەیان دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران وتوە. بە پێی ئەو دیمەنانەی بڵاو کراوەتەوە رێپێوان و خۆپیشاندانەکەی بەرلین بە گەورەتین ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەچوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 200 شاری گەورەی ئەمریکا و کەنەدا و ئەوروپا ژاپۆن و کۆریای باشور خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوە.

هاوڵاتی ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ ڕوسیای تۆمەتبارکرد بەپلانی تەقاندنەوەی بەنداوێکی سەرەکی لەوێستگەی کارەبایی هایدرۆئلکتریکی کاغوفکا لەناوچەی داگیرکراوی خەرسن ئۆبلاست لەباشووری ئۆکرانیا. زیلینسکی بە ئەنجومەنی ئەوروپای ڕاگەیاند: "ئەگەر ڕووسیا ئەم بەنداوە بتەقێننەوە، ئەوا لە زیاتر  80 شارۆچکە و ناوچە بە خەرسەنیشەوە لافاو ڕودەدات " گوتیشی "سەدان هەزار کەس دەبنە قوربانی " ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی هەواڵی کیڤ ئیندیپێندێنت، هێزەکانی ڕووسیا خەرسەنیان جێهێشتووە، کە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆدایە، بەرەو کەناری ڕۆژهەڵات دەڕۆن. هەروەها دوێنێ ڕوسیا ڕایگەیاند نزیکەی 15 هەزار دانیشتووی خەرسەن لەڕۆژئاواوەبۆ بانکی ڕۆژهەڵات ڕاگواستراون  

هاوڵاتی ئەڵمانیا داوا دەکات هاوڵاتییانی وڵاتەکەی سەردانی ئێران نەکەن و ئەوانەشی لەو وڵاتەن، بگەڕێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا داوای کردوە سەرجەم هاوڵاتییانی لە ئێران بەگەڕێنەوە و ئەوەش بەهۆی مەترسیی گرتن و زیندانیکردنی هاوڵاتییانی بیانی لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە. وەزارەتە ئاماژەی بەوە کردوە مەترسیی زۆر لەسەر ئەو بەڕەچەڵەک ئێرانیانە هەیە کە هاوڵاتیی ئەڵمانیا یان وڵاتانی ئەوروپان چونکە دەسەڵات وەک بارمتە بەکاریان دەهێنێت. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە، 18-10-2022، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران 14 هاووڵاتیی بیانییان بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە خۆپێشاندانەکان دەستگیرکردووە کە لە نێویاندا ئەمریکی، بەریتانی و فەرەنسی هەن .

هاوڵاتی دوای ئەوەی لیز ترەسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای ٤٥ ڕۆژ لە کارکردنی دەستی لەکار کێشایەوە لە ئێستاداهەریەک لە بۆریس جۆنس سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ریشی سه‌ناك وه‌زیری پێشوی دارایی و پێنی مۆردەنت، سەرۆکی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیای خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران تا ببنە جێگرەوەی لیز ترەس. بە پێی ڕاپۆرتێکی بی بی سی لە ئێستادا هەریەک لە بۆریس جۆنس، ، ریشی سه‌ناك، پێنی مۆردەنت،خۆیان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لە هەفتەی داهاتودا هەڵبژاردنی بۆ دەکرێت. هەر یەک لەم کاندیدانە پێویستیان بە دەنگی ١٠٠ پەرلەمانتار هەیە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە قۆناغی پێش کۆتای کە دوو کاندید دەمێننەوەو پێشبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیراندەکەن. لەکۆی ٣٥٧ پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران ، تائێستا ریشی سه‌ناك زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی مسۆگەر کردووە و ٤٣ پەرلەمانتار یەکلایی بونەتەوە کە دەنگی پێدەدەن،و بۆریس جۆنسیش پشتیوانی ١٩ پەرلەمانتار و پێنی مۆردەنتیش پشتیوانی ١٥ پەرلەمانتاری پارتەکەی مسۆگەر کردووە. هەروەها رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران بە دەنگدان لەنێوان سێ دیارترین کاندیدی سەرۆک وەزیران، دوو کەسیان هەڵدەبژێرن و کاندیدی سێیەم دوردەخرێتەوە. پاشان، رۆژی هەینی داهاتوش سەرجەم ئەندامانی پارتی پارێزگاران لەرێگەی دەنگدانی ئەلیکترۆنییەوە لەنێوان دوو کاندیدی ماوەدا، سەرۆک وەزیرانی داهاتو یەکلایی دەکەنەوە. جێگەی باسە جگە لەم سێ کاندیدە هەریەک لە لە بێن واڵس وه‌زیری به‌رگری، سوێلا براڤێرمان وەزیری ناوخۆ و کێمی بادینۆک وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بەریتانیا وەک کاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ناویان دەهێنرێت.

هاوڵاتی     ناڕەزایەتییەكانی ئێران نەوەیەكی نوێی هێناوەتە ناو گۆڕەپان و چەقی خۆپیشاندانەكانەوە كە بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایل ناودەهێنرێت،  ئەو نەوەیە لەئێستادا جگە لەئێران پرسی سەرەكیی جیهانە، چونكە بەبڕوای شارەزایانی كۆمەڵایەتیی ئەو نەوەیە پاڵەوانی ناوێت و خۆیان پاڵەوانی خۆیانن. ئەوەی بوونی لەشەقام و گۆڕەپانەكان بەرچاوەو پاڵەوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانن تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵە، ئەوان پایەكانی دەسەڵاتیان هێناوەتە لەرزەو پێشەنگایەتیی ناڕەزایەتییەكانیش دەكەن و مێژوویەكیان لەشكۆ تۆمار كردووە كە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەش ناتوانن حاشای لێبكەن. لەبنەڕەتدا سیستمی دەسەڵات لەئێران جۆرێك لەپاڵەوانی سەپێنراوی دروستكردووە كەئەویش لوتكەی ئەو دەسەڵاتەیە كە بەهەموو شێوەیەك داواكارییەكانی فەرامۆش كردووە، سەرەڕای ئەو كەموكوڕی و قەیرانە ئابورییانەی هەر بەهۆی ئەو دەسەڵاتەوە یەخەی كۆمەڵگەی ئەو جۆگرافیایەی گرتووەتەوەو زۆربەی دانیشتوان لەژێر فشاری ئابوریی و كۆمەڵایەتیدان لەكاتێكدا وڵاتەكە لەڕووی سامان و سەرچاوەكانی داهاتەوە بەیەكێك لەدەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت. ئەوەی بەدیدەكرێت لەماوەی زیاتر لەمانگێك خۆپیشاندان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆرترین گەنج و ئەو نەوەیە كوژراون كەپێیان دەوترێت نەوەی (Z) چونكە زۆربەی كوژراوان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵە كەئەوانیش دەچنە خانەی ئەو نەوەیە كە لەستانداردە جیهانییەكانی كۆمەڵناسیدا پۆلێن كراون. نەوەی دیجیتال یان مۆبایل ئەگەرچی توانای دەربڕینی لەقسەكردندا باش نییە، بەڵام بە نەوەی راستیخوازو دادپەروەر لەقەڵەم دەدرێن و لەهەمان كاتیشدا زۆر بۆیان گرنگە دەسەڵاتیان بەزۆر بەسەردا نەسەپێنرێت، بەپێناسەیەكی دیكە كۆمەڵایەتی دەیانەوێت خۆیان پاڵەوانی خۆیان بن و ئازاد بژین. ئەوەی لەئێران و تەنانەت رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەدیدەكرێت هاتنەپێشەوەی ئەو نەوەیە كەپێشەنگە بۆ نەوەی پێش خۆیشی كە بەنەوەی (Y) ناودەهێنرێت. ئەگەرچی هۆكاری سەرەكیی ناڕەزایەتییەكان لەئێران وەك ستەمێكی دوورودرێژو نادادپەروەرییەكی مێژوویی لەقەڵەمدەدرێت كەتەمەنی دەگاتە زیاتر لە 40 ساڵ بەڵام دەركەوتنی نەوەیەكی نوێ ئاماژەی دیكەشی لەگەڵ خۆی هێناوە كەمایەی سەرنجە، بەتایبەت كەپێشەنگایەتی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكان دەكەن،  بەكوڕو كچەوە قۆڵیان بۆ گۆڕانكاریی هەڵكردووەو لەزۆر حاڵەتیشدا سنگیان كردووەتە قەڵغان لەپێناو داهاتوویەك كەدواجار ئەو نەوەیە دەبێت بەخاوەنی.   نەوەی دیجیتاڵ دژی ستەم لەستانداردی جیهانیدا   كۆمەڵگا بەسەر چەند ئاستێكدا دابەش دەبێت، بەپێی ئەو ستانداردە (Generation X) ئەوانەن لەساڵانی 1965 تا 1980 لەدایكبوون، نەوەی دواتر  (Generation Y)  كە لەساڵانی 1980 تاساڵانی كۆتاییەكانی 1990 بۆ 1995 لەدایكبوون كە بەنەوەی (Millennials) ناودەهێنرێن لەدوای ئەم دوو نەوەیە هەر نەوەیەكی دیكە لەدایكبووبێت واتە لەكۆتایی ساڵانی 1995 و 2000 تا 2010 لەدایكبووبێت بەنەوەی (Generation Z) یان نەوەی زێد ناودەهێنرێت. مێژووی لەدایكبوونی ئەو نەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی دیجیتاڵ لەجیهانو بۆیە زۆرجار نەوەی زێد بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایلی زیرەك و هەندێكجاریش نەوەی ئایپادا ناودەهێنرێت. هەر نەوەیەك لە رووی كۆمەڵناسییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو ئەوەی مایەی سەرنجە، نەوەی زێدە بەخاوەنی داهاتوزوی نزیكی جیهان ئەژماردەكرێن. لە ژینا ئەمینی كەخۆی لەدایكبووی نەوەی زێدە تازۆربەی ئەو كەسانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەو نەوەیەن كە لەكۆی 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە نزیكەی 20% بۆ 25%ی ئەو كۆمەڵگەیە پێكدەهێنن. بەگشتی لەهەموو كۆمەڵگەكانی جیهاندا 76%ی هەموو گەنجان لەنەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەقەڵەمدەدرێن. ئەو نەوەیە پێش ئەوەی بەدوای گۆڕانكاریی سیاسییەوە بێت بەدوای ئازادییەوەیە بەتایبەت لەبواری ژیانی تایبەتیدا لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران رێگە بەئازادیی خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و تایبەتمەندییە كەسییەكان زۆرینەی دانیشتوانی كۆمەڵگەكەی نادا. شارەزایانی كۆمەڵناسی ئێران بڕوایان وایە ئەو نەوەیە بەرهەمی ئەو دایك و باوكانەن كە بەنەوەی وای (Y) ناودەهێنرێن و شێوازی پەروردەیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان جیاوازەو لەڕووی كۆمەڵایەتی و خێزانییەوە ئازادانەتر پەروەردە كراون بەتایبەت كەدایك و باوكی نەوەی زێد بەنەوەی ریفۆرم و گۆڕانكاریی لەوڵاتەكە لەقەڵەمدەدرێن. نەوەی زێد لە رووی پەروەردەو خوێندنەوە پێچەوانەی نەوەكانی رابردوو رووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی لەخوێندگەكان نەبوونەتەوەو ئەگەریش توندوتیژییان بەرامبەر كرابێت ئەوا لەلایەن دایك و باوكیانەوە بەرگرییان لێكراوە بەپێچەوانەی دایك و باوكانی نەوەی (X) كە رەنگە زۆربەیان مامۆستاكانیان هاندەدا بۆ ئەوەی لەمنداڵەكەیان بدات، بۆیە ئەزموونی پەروەردەی جیهان سەلماندویەتی ئەو منداڵانەی لەخوێندنگەكان رووبەڕووی توندوتیژیی نەبوونەوەتە ئازادانەتر بیردەكەنەوە و ئازادانەتریش هەڵسوكەوت دەكەن. ئەوەی لەسەر نەوەی زێد لەئێران بەدیدەكرێت ئەوەیە كەئەوان جگە لەو ئازادییەی لەناو خێزان هەیانە دەیانەوێت لەكۆمەڵگەشدا خاوەنی ئازادی بن و بڕیاریان بەسەردا نەسەپێت كە چی دەپۆشن و چۆن دەردەكەون. ئەوان خوازیارن شانبەشانی گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان هەنگاو بنێن لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران بەبەردەوامیی دژی ئەو هەنگاوە خێرایانە وەستاوەتەوەو زۆرجار پێشكەوتنی خێرای جیهان بەپیلانی دوژمنانی خۆی وەسف دەكات، كەوایە ئەو دەسەڵاتە ناتوانێت ئەو نەوەیە رازیی بكات.   نەوەیەكی بێكار لەئێران لەئامارە فەرمییەكانی ئێراندا دەركەوتووە رێژەی بێكاریی لەتەمەنی نێوان 18 بۆ 24 ساڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 23% ئەوەش لەكاتێكدایە بەگشتی رێژەی بێكاریی لەوڵاتەكەدا 8.9% بووە، بەڵام رێژەی بێكاریی لەنەوەی زێد زۆر زیاترە لەچینەكانی دیكە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لەپێنج ملیۆن بێكار لەناو دەستی كارو گەنجانی ئێراندا هەیە كە زیاتر لەدوو ملیۆنیان سەر بەنەوەی زێدن، ئەو نەوەیەی كە لەهەموو چینێك زیاتر لەناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندانەكاندا دەبینرێن.   خوێنی نەوەیەك لەپێناو داهاتوویان بەپێی دوایین ئامار لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی ئەیلول تا 16ی تشرینی یەكەم، لانیكەم ناوی 240 كەس تۆمار كراوە كە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژران. لەكۆی ئەو ژمارەیە 24 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووەو دوو كوژراویان تەمەنیان 12 ساڵ و 13 ساڵ بووە. 19 كوژراو تەمەنیان 18 ساڵ بووە و 28 كوژراو تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 19 ساڵ و 51 كوژراویش تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ بووەو ژمارەیەكی بەرچاویش لەكوژراوان تەمەنیان لە 30 ساڵ تێنەپەڕیوەو چوار كوژراو تەمەنیان لە 50 بۆ 62 ساڵ بووە. بەگشتی زۆرینەی ئەو كوڕو كچانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون و وێنەو ناسنامەیان بڵاوكراوەتەوە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 24 ساڵ بووە، كە ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەو نەوەیە پێشەنگایەتیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەكەن و رەنگە لەهەموو نەوەكانی دیكە زیاتر تینوی ئازادی و داهاتوویەكی گەشتر بن. ناوەندێكی مافی مرۆڤ ئاشكرایدەكات لەمانگێكدا زیاتر لەهەشت هەزار كەس لەخۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون، كە نزیكەی هەزار كەسیان خوێندكارن. ناوەندی هەرانا بۆ مافەكانی مرۆڤی ئێران بڵاویكردووەتەوە لەماوەی 30 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، سەرەڕای كوژرانی 240 كەس، لانیكەم حەوت هەزار و 800 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون. بەپێی ئەو ئامارەی هەرانا بڵاویكردووەتەوە تەنها ناسنامەی 738 كەس لەدەستگیركراوان ئاشكرا بووە  كە 175 كەسیان خوێندكاری زانكۆن. لە 16ی مانگی رابردووەوە خۆپیشاندان لە 453 شوێنی 28 پارێزگا لە 117 شارو شارۆچكەو 73 زانكۆو دەیان خوێندنگە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوەچووە و شەقامەكان و گۆڕەپانەكان بوونەتە شوێنی دەنگهەڵبرین، زۆربەی چین و تووێژەكانی ئەو كۆمەڵگەیە، بەڵام دیمەنەكان و وێنەكانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئاماژەیەكی روونن كە كام نەوە لەهەموو كەس ناڕازیترە و لەڕیزی پێشەوە جێدەگرێت. رەنگە ئەو وێنایەی بەگەڕانێكی ئاسایی بەوێنەو دیمەنەكانی خۆپیشاندانەكاندا زیاتر خۆی دەرخات كەنەوەی دیجیتاڵ سوورترە لەسەر گۆڕانكاریی لەكۆمەڵگەی ئێران و رەنگە جیهانیش. نەوەیەكی فەرامۆشكراو لای دەسەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران كە خۆی بەدەسەڵات و حوكمڕانییەكی ئیسلامی لەسەر بنەمای شیعەگەریی دەزانێت، نەیتوانیوە ئەو نەوەیەی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتیش رازیی بكات، چونكە هەر لەگەڵ دەركەوتنی ناڕەزایەتییەكان زۆربەی رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندو ئەدیبان هاتنە دەنگ و رایانگەیاند زیاتر لە 40 ساڵە هەوڵی دەربڕینی ناڕەزایەتیی دەدەن بەڵام نەیانتوانیوە. بەدەركەوتنی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەچەقی خۆپیشاندانەكان ئەو هونەرمەندو رۆشنبیرانە هەریەكەو بەشێوازێك رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی دەسەڵات كردو سوپاسی ئەو نەوە راپەڕیوەشیان كردووە كە سەرەڕای تەمەنی كەم، بەڵام بوێرییان مایەی دڵخۆشی بووە كە نەوەی رابردووشیان هانداوە بۆ دەربڕینی ئازادی. كۆمەڵناسانی ئێران نەوەی زێد بەنەوەی فەراموشكراو لەلایەن دەسەڵاتەوە پێناسە دەكەن، چونكە سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوەیە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی وڵاتەكەی لەپەیوەندیدایە، بەڵام ناتوانێت لەسەرەتاییترین ئازادیی خۆی سودمەند بێت، چونكە دەسەڵاتی وڵاتەكەی توندترین رێوشوێنی بۆ ژیانی دیاری كردووە و بەبەردەوامی یاساو رێساكان ئەو نەوەیە بێبەش دەكات لەمافەكانی.   جیهان بۆ نەوەی دیجیتاڵە لەدوایین تووێژینەوە كە زانكۆی ئۆكسفۆرد سەبارەت بەتایبەتمەندییەكانی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ كردوویەتی، ئەو نەوەیە تاساڵی 2030 دەبنە خاوەنی یەك لەسەر سێی هەموو پیشەكانی جیهان. هەر بەپێی ئەو تووێژینەوەیە نەوەی زێد ساڵی 2019 لەجیهان خاوەنی (460) ملیار دۆلار بووە، بەڵام سامانی ئەو نەوەیە لەساڵی (2030) دەگاتە سێ ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار  لەساڵێكدا، واتە لەماوەی 10 ساڵدا سەروەت و داراییەكانی ساڵانەی ئەو نەوەیە حەوت هێندە زیاد دەكات، كە بەبەرزترین ئاستی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان ئەژمار دەكرێت. هەر بەپێی تووێژینەوەكە ئەو چین و تووێژە تەنها ئەهلی سەروەت و سامان كۆكردنەوە نین، بەڵكو لەبەكارهێنانیشدا پێشەنگن چونكە بەپێی بەراوردەكان لەساڵی 2019 ئەو نەوەیە 467 ملیاردیان خەرج كردووەو پێدەچێت ئەو خەرجیانەیان لەساڵی 2030 بگاتە سێ ترلیۆن كەهاوشانە لەگەڵ خەرجییەكانی (11%)ی هەموو جیهان.