قەتەر: گفتوگۆکانی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس لەچەند رۆژی رابردوودا هیوابەخش نییە

9 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

قەتەر کە نێوانگیری گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات دەڵێت "گفتوگۆکانی چەند رۆژی رابردوو زۆر هیوابەخش نەبووە".

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئەو هێشتا گەشتبینە بەڵام کات لە بەرژەوەندییە ئێمەدا نییە.

ئەمە دوای ئەوە دێت بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند "سەرەڕای گوشارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سوورە لە سەر ئەوەی هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح".

حەماس ئیسرائیل تاوانبار دەکات بەوەی پێشکەوتن دروست نەبووە لە گفتگوگۆکان بۆ رێککەوتنی ئاشتی.

گفتوگۆکان لە قاهیرەی پایتەختی میسر و بە بەشداری بەرپرسانی ئەمەریکا، ئیسرائیل، میسر و قەتەر بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسە راگرتنی جەنگ لە ئارادایە.

شێخ محەممەد لە کۆبوونەوەی رێبەرانی دونیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی "گفتوگۆکان لە چەند رۆژی رابردوودا هیوابەخش نەبووە، بەڵام وەک چۆن بەردەوام وتوومە، هەموومان گەشبینین و بەردەوامین لە گوشارەکانمان".

سەرۆک وەزیرانی قەتەر هەروەها وتی، ئاگربەست نابێ مەرجدار بکرێتەوە بە رێککەوتنی دوو لایەن لە سەر ئازادکردنی بارمتەکان لە لایەن حەماسەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە هەر ئەو دوو ڕییانە کە تێیدا بووین و بە داخەوە لە لایەن هەندێ لە وڵاتەکانەوە خراو بەکار هێنراوەو گەیشتن بە ئاگربەست مەرجدار ئەکرێتەوە بۆ ئازادی بارمتەکانەوە".

نتانیاهۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای داواکاری جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، وەفدێکی ناردۆتە قاهیرە بۆ گفتوگۆ، بەڵام وتی ئەوان بۆ گفتوگۆی زیاتر نەگەڕانەوە بۆ قاهیرە لەبەر ئەوەی حەماس داواکارییەکانی زۆرەو لە داواکارییەکانیدا تووشی وەهم بووە.

حەماس کۆمەڵێک داواکاری هێناوەتە بەرباس کە بریتین لە ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە گەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و کۆتایی جەنگ دوای ئاگربەستێکی ١٣٥ رۆژە لە بەرەکانی جەنگ.

رۆژی٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ حەماس بە شێوەی کوت و پڕ هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لانیکەم ١٢٠٠ کەسی کوشت و ٢٥٣ کەسی بە بارمتەگرت. ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر کەرتی غەزە و بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە کەرتی غەزە تا ئێستا زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و مناڵن بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

نتانیاهۆ رۆژی شەممە ١٧ی شوبات لە کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەڤیڤ جەختی کردەوە لەسەر ئامانجی خۆیان کە لەناوبردنی حەماسە و وتی، هێزەکانیان تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی تەواو بەدەست دەهێنن بەردەوام ئەبن لە جەنگ.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، ئەوانەی دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رەفەحەن، بە ئاشکرا داوا لە ئیسرائیل ئەکەن جەنگەکە بدۆڕێنیت. نتانیاهۆ هەروەها وتی ، تەنانەت لە ئەگەری رێککەوتن لە سەر بارمتەکان هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام ئەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر رەفەح.

ئیسرائیل لە ماوەی جەنگدا و ئەوکاتەی هێرشی ئەکردە سەر باکووری غەزە، داوای لە فەلەستینییەکان ئەکرد پەنا ببەنە رەفەح. ئێستا زیاتر لە ١ میلیۆن و نیو خەلکی فەلەستینی دانیشتووی ئەم شارەن.

بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەم هەفتەیە رایانگەیاند ئەیانهەوێت هاوڵاتیانی سڤیل بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی مرۆڤدۆستانە- ئیسرائیلییەکان ناوچەی "المواصی"یان وەک ناوچەی مرۆڤدۆستانە دیاری کردووە کە ناوچەیەکی بەرتەسکە و بەشی زۆری زەوی کشت و کاڵە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار