ئەمەریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمەریکا ئێرانی ئاگادارکردەوە ئەگەر مووشەکی بالستیک بداتە رووسیا، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە شیوەی خێرا و تووند سزا دەدرێت.

ئەم هەڕەشەی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە ناوەندی میدیایی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە کۆماری ئیسلامی ئەمجۆرە چەکانەی ناردووە بۆ رووسیا.

جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی شوبات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەمەریکا هێشتا بەڵگەی تەواوی لە بەردەستدا نییە کە ئێران ئەمجۆرە مووشەکانەی گەیاندۆتە دەست رووسیا".

رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاند "ئێران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بەهێزی بالستیکی زەوی بۆ زەوی گەیاندووەتە دەست رووسیا".

جۆن کیربی بە رۆژنامەنووسەکانی وت "لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئێرانییەکان بە روونی باسیان لەوە کردووە کە مووشەکی بالستیکی هەناردەی رووسیا دەکەن، هۆکارێک نییە وا بیر بکەینەوە ئێرانییەکان ئەمکارە ناکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەورووژێنین، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنین و بە هاوکاری هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان لە ئەوروپا و هەموو دونیا بژاردەی زیاتر هەڵدەبژێرێن بۆ وەڵامدانەوە بەم کارانەی ئێران".

رۆیتەرز لە راپۆرتەکەی خۆیدا لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە ئێرانەوە نووسیویەتی، ئێران نزیک بە ٤٠٠ مووشەکی بالستیکی هەناردەی رووسیا کردووەو ژمارەیەک زیاتر بنەماڵەی مووشەکی کورت مەودای فاتح-١١٠ی، وەک مووشەکی جۆری زولفەقار کە مەوداکەیان ٣٠٠ ب ٧٠٠ کیلۆمەتەرە هەناردەی رووسیا کردووە.

رۆیتەرز نووسیویەتی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە دەستکراوە بە رادەستکردنی ئەم کەشتیانە، واتە دوای ئەوەی رێککەوتننامەیەک لە نێوان بەرپرسانی باڵای دوو وڵات و ئەرتەش لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا واژۆ کرا.

جۆن کێربی وتیشی "ئێران ژمارەیەک بەرچاو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمب و تەقەمەنی هەناردەی رووسیا کردووە بۆ ئەوەی لە جەنگ لەگەڵ ئۆکراین بەکاری بهێنێت".

دەشڵێت "لە وەڵام بە پشتیوانییە بەردەوام و بێ بەزەییانەکانی ئێران لە رووسیا لەم جەنگدەدا، کۆمەڵێک گەمارۆی زیاتر بەسەر ئێراندا دادەسەپێنین و ئەگەر ئێران مووشەکی بالستێک بە رووسیا بفرۆشێت ئامادەین هەنگاوی زیاتر هەڵگرین".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار