پوتن: ئامادەین بۆ دانوستان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ساڵانەکەی خۆی لە مۆسکۆ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

 پوتن ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دانوستانانە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بن کە لە ساڵی 2024 پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوە کرابوون.

سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە پێشڕەویدان و کۆنترۆڵی تەواوی بەرەکانی جەنگیان کردووە، بەپێی گوتەکانی پوتن، ئێستا زیاتر لە 3500 سەربازی ئۆکرانی لە نزیک ناوچەی کۆپیانسک گەمارۆ دراون، هاوکات سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، پوتن وگتیشی: هەرچەندە مۆسکۆ بۆ چارەسەر ئامادەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەییەکی هاوشێوە لە لایەنی بەرانبەرەوە نابینێت.

لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین، ئاشکرای کرد، ڕووسیا خۆی بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە دەکات تاوەکو لە وردەکارییەکانی گۆڕانکاریی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی جەنگ تێبگات، پێسکۆڤ هەڵوێستی واشنتنی لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە بڕیاردەرانە و واقیعی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ لە پرسی چارەسەری ئۆکرانیادا زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەمەریکا نەوەک وڵاتانی ئەوروپا.

بەرپرسانی ڕووسیا هۆشدارییان دا لەوەی، سەپاندنی هەر سزایەکی نوێی ئەمەریکا بەسەر مۆسکۆدا، زیان بەو هەوڵانە دەگەیەنێت کە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیان پێکردووە، ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ کردووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار