د. بەرهەم ساڵح بەشێوەیەکی جیاواز بۆ پۆستەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان دیاریکرا

5 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەرکەکانی چی دەبێت و کەی دەستبەکاردەبێت؟

ئامادەکردنی، هاوڵاتی.

رۆژی 12ـی ئەم مانگە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێریی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە.

پۆستەکە ماوەی 10 ساڵە لەلایەن فلیپۆ گراندی ئیتاڵییەوە بەڕێوەدەبرێت. نەتەوەیەگرتووەکان لە هەوڵی هێنانە پێشەوەی کەسێکی نوێ بوو، بۆیە دوای بەدواداچوونی ورد سکرتێری گشتیی بریاری لەسەر دکتۆر بەرهەم ساڵح داوە، بەڵام شێوازی دەستنیشانکردنی جیاواز بووە لە کاندیدەکانی پێشوو.

پرۆسەی هەڵبژاردنەکە چۆن بوو؟
بەشێوەیەکی ئاسایی سەرەتا سکرتێری گشتیی نەتەوەیەگرتووەکان ناوێک پێشنیاز دەکات، دواتر ناوەکە لە لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی رێکخراوەکە  گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

بەگوێرەی بەدواچوونەکانی هاوڵاتی و لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە د.بەرهەم، ئەو کۆبوونەوەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەنجامدراوە و بڕیار لەوە دراوە پۆستەکە بدرێتە د. بەرهەم ساڵح. بڕیارە  لە رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو پۆستەکە وەربگرێت و دەستبەکاربێت، بەڵام بۆ ئەوەی پۆستەکەی بەفەرمی بکرێت مانگی سێی ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەکی دیکە دەکرێت بەمەبەستی دەنگدان لەسەر بەربژێرکردنی.

بۆچی بەرهەم ساڵح دەستیشانکرا؟

نەتەوەیەکگرتووەکان چەند مەرجێکی هەیە بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران، ئەوانیش دەبێت کاندیدەکە ئەزموونی لە بواری پەنابەریدا هەبێت. د.بەرهەم ئەزموونێکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی ئاوارەکان هەیە، بە تایبەتی ئاوارەکانی ئێزدی و موسڵ لەو کاتەی سەرۆککۆماری عێراق بوو.

بەشێکی دیکەی هۆکاری دەستنیشانکردنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە ماوەیەی لە دەرەوەی وڵات بووە و ئەزموونی پەنابەری وەک خوێندکارێک لە دەرەوەی وڵات کردووە.

پۆستی سەرۆکی کۆمسیارانی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و کۆچبەرانە لە هەموو جیهاندا و ئەم ئەرکە سەرەکییانەی هەیە: پاراستنی مافی پەنابەران لەو وڵاتانەی تێیدا کۆچبەرن یان ئاوارەبوون، چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانیان، دابەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بەسەریاندا، یارمەتییدانی مادی و جێگیرکردنی باری داراییان، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و رێکخراوە جیهانییەکان، بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زەبەلاح بۆ کاری مرۆڤدۆستی و هاوکاریکردنی کەسانی پەنابەر، لەگەڵ چەندین ئەرکی دیکەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار