حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بەریتانی
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بنکەکانی حوسییەکانی یەمەن، ناوەندی بازرگانی دەریایی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ رایگەیاند، کەشتییەکی تری بەریتانی لە کەنداوی عەدەن لە لایەن حوسییەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر.
بەپێی ئەم راپۆرتەی ناوەندی بازرگانی دەریایی بەریتانیا، لە حاڵێکدا ئەم کەشتییە لە پەڕینەوەدا بووە لەکەنداوی عەدەن لە لایەن حوسییەکانەوە بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر و ئاگری گرتووە.
کۆمپانیای پاراستنی ئێمپری لە بەریتانیا دەڵێت "ئەم کەشتییە، کەشتییەکی بازرگانی بەریتانیایی بووە و بە ئاڵای پالائۆوە لە کەنداوی عەدەن هێرش کراوەتە سەری"، بەڵام BBC دەڵێت "گومان هەیە ئەو کەشتییە بەریتانی بێت".
بەریتانیا رایگەیاندووە، بە هاوکاری وڵاتانی هاوپەیمان ، وەڵامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئەم کەشتییە بازرگانییە ئەداتەوە.
چەند کاتژمێر پێش ئەم هێرشەی حوسییەکان، ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "کە دوێنێ هێزەکانیان حەوت مووشەکی کرۆز و سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەکی بالیستی دژە کەشتییان لە ژێر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە ئامانج گرتووە کە ئامادەی هاویشتن کرابوون بەرەو دەریای سوور".
هەروەها ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەر ئێوارەی دوێنێ هێزەکانیان فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی حوسییەکانیان خستۆتە خوارەوە.
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە رۆژی چوارشەممە لە نێوان کاتژمێر 12 تاکو 6:45 خولەکی ئێوارە بە کاتی سەنعای پایتەختی یەمەن ئەمجامدراون.
هەروەک چۆن رایگەیاند "لە رۆژەکانی رابردوودا هێزەکانیان 10 فرۆکەی بێفرۆکەوانی حەسییەکانیان لەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستووەتە خوارەوە".
لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێشەمەی رابردوو "یەحیا سەریع" وتەبێژی سەربازی حوسییەکان رایگەیاند ، کە هێزەکانیان لە رێی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند کەشتییەکی ئەمریکییان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب بە ئامانج گرتووە و جگە لە هێرشانەش توانیویانە لە رێگەی فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە چەند پێگەیەکی هەستیاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل بە ئامانج بگرن.
جێگەی ئاماژەیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە ، هێرشی حوسییەکانی یەمەن و باڵەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و یەمەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییەکانی دەریای سوور زیادی کردووە.