ئیسرائیل باشووری لوبنانی بوردوومان کرد

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سوپای ئیسرائیل ئەمرۆ شەممە 24/2/2024 رایگەیاند، چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری ئەو ووڵاتە بە فرۆکە  بوردوومان کردووە .

لە راگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە کە شەوی رابردوو فرۆکە جەنگییەکانی سەر بە هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل چەند سەکۆیەکی هاویشتنی مووشەک و ژێرخانی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی جەبیل و خاڵێکی چاودێری ئەو بزووتنەوەیەی کردووەتە ئامانج، هەروەها لە رێگەی تۆپی دوورهاویژیشەوە چەند بنکەیەکی دیکەی سەرسنووری بوردوومان کردووە.

هەروەها سەرلەبەیانی ئەمرۆ رادیۆی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە دوو مووشەک لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ناوچەی ئیدمیت-ی ئیسرائیلی هاوێژراوە.

لە بەرامبەردا حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، کە لە رێگەی دوو مووشەکی بورکانەوە هێرشی کردووەتە سەر گردبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلی لە گردی کۆبرا و مووشەکەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە.

جێگەی ئاماژەیە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە نیوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەزە، رۆژ بە رۆژ گرژی و ئاڵۆزییەکانی سەرسنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیلیش تا دێت زیاتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار