هاوڵاتی سەرچاوەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن ئێران موشەکی بە روسیا فرۆشتوە بڕیارە کاروانێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بۆ ئەو وڵاتە رەوانە بکات. رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) و ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە ئەمریکا بڵاویان کردوەتەوە؛ ئێران موشەکی بالیستی کورت مەودای بە روسیا فرۆشتوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بڕیارە کاروانێکی دیکەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی جۆری (شاهید 136) و (موهاجر 6) رادەستی روسیا بکات. ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردوە؛ محەمەد موخبیر، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی سەردانی بۆ مۆسکۆ گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی لەگەڵ بەرپرسانی روسیا واژۆ کردوە و روسەکان خوازیاری وەرگرتنی دەیان موشەکی جۆری (فاتیح 110) و (زولفەقار) بون. موشەکی بالیستیکی فاتیح مەودا کورتە توانای بڕینی 300 کیلۆمەتری هەیە و موشەکی زولفەقاریش توانای بڕینی 800 کیلۆمەتری هەیە. رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردوە روسیا داوای کردوە لە زوترین کاتدا ئێران ئەو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە رادەستی روسیا بکات. پێشتر ئەمریکا ئاشکرای کردبو کە ئێران زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە روسیا فرۆشتوە کە ئامانجی مۆسکۆ لە کڕینی ئەو فڕۆکانە بەکارهێنانی بوە لە دژی ئۆکرانیا.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەورووپا لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دوورخستنەوەی نایاسایی کۆچبەران لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان بۆ سنوورە دەریاییەکانی تورکیا ڕایگەیاند "حکوومەتی یۆنان یاساکان پێشێل دەکات و یەکێتیی ئەورووپایش رازی بووە بەمە". ئێندریو سترۆڵاین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند ئەو تاوانانەی لە ڕاپۆرتی  نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە باس لە دوورخستنەوەی نایاسایی کۆچبەران لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان بۆ سنوورە دەریاییەکانی تورکیا دەکات ،لەمساڵدا ئەنجام دراون و تا ئێستاش بەردەوامە. وتیشی "حکوومەتی یۆنان یاساکان پێشێل دەکات و یەکێتیی ئەورووپایش رازی بووە بەمە. لە کاتێکدا هێشتا یۆنان بەردەوامە لە دوورخستنەوەی کۆچبەران بۆ سنوورەکانی تورکیا، "Frontex" هاوشێوەی رابردوو بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە یۆنان. لە کاتێکدا کاری ئەو ئاژانسە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانە، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هیچ کارێک ناکات. کۆمیسیۆنی ئەورووپایش کە پێویستە بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا دەست بە پرۆسەی دادوەریی بکات، ئەم بابەتە نادیدە دەگرێت". هەروەها سترۆڵاین ڕاشیگەیاند پێویستە دەرفەت بۆ هەموو ئەوانە بڕەخسێندرێت کە داوای مافی پەنابەری دەکەن، "پێویستە بەبێ پشتبەستن بە یاسا کەس نەگەڕێندرێتەوە".

هاوڵاتی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا، ئیگۆر كۆناشێنكۆڤ زانیاریی له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی سوپای رووسیا له‌میانی جه‌نگی له‌گه‌ڵ ئۆكراینا، بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگەیاند له‌رێگه‌ی چه‌كی ئێجگار هه‌ستیاری دوور مه‌وداوه‌ له‌ ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سیستمه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربازیی و وزه‌ له‌ ئۆكراینا. ئیگۆر كۆناشێنكۆڤ له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی رووسیا له‌ ژماره‌یه‌ك شاری ئۆكراینا، رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا هێرشه‌كانی سوپای رووسیا له‌رێگه‌ی چه‌كی ئێجگار هه‌ستیاری دوور مه‌وداوه‌ له‌ ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ بۆ سه‌ر سیستمه‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربازیی و وزه‌ له‌ ئۆكراینا به‌رده‌وام بوو. سه‌رجه‌م پێگه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كان كرانه‌ ئامانج". كۆناشێنكۆڤ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ هێرشه‌كانی سوپای ئۆكراینا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئاڕاسته‌كانی كوپیانسك، لیسیچانكس، میكۆڵایڤ و كریڤی تێكشكێندراون و له‌و پێكدادانانه‌دا زیاتر له‌ ٣٠٠ سه‌ربازی سوپای ئۆكراینا له‌ چالاكی خراون و ژماره‌یه‌كی زۆریش پێداویستیی سه‌ربازیی له‌ناوبراون. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ له‌ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، دوو ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن، شه‌ش كۆگای سووته‌مه‌نی و ناوه‌ندێكی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پێداویستیی سه‌ربازیی له‌ میكۆڵایڤ له‌ناوبراون و نۆ فڕۆكه‌ی بێفڕكه‌وانیش خراونه‌ته‌ خواره‌وه‌. ئیگۆر كۆناشێنكۆ رایگه‌یاند: "تا ئه‌مڕۆ ٣٢٣ فڕۆكه‌، ١٦١ هێلیكۆپته‌ر، دوو هه‌زار و ٢٥٦ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، ٣٨٠ سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی، پێنج هه‌زار و ٨٥٥ تانك و زرێپۆش، ٨٧١ مووشه‌كهاوێژی فره‌لووله‌، سێ هه‌زار و ٤٨٤ تۆپ و هاوه‌ن، شه‌ش هه‌زار و ٦١٠ ئۆتۆمبیلی تایبه‌تی سه‌ربازیی سوپای ئۆكراینا له‌ناوبراون".

یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران و چوار دامەزراوەی وڵاتەکەدا دەسەپێنێت کە ژمارەیەکیان بەرپرسیاری سەرەکیی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بون. رۆژی دوشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریان دا بە سزادانی 11 بەرپرسی پۆلیس و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران و چوار دامەزراوەی دەسەڵات لە وڵاتەکە. بە پێی راگەیەنراوی یەکێتی ئەوروپا هەر یەکە لە دامەزراوەکانی پۆلیسی ئەخلاق و فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان و ناوەندی بەرگریی ئەلیکترۆنی و ناوەندێکی پشتیوانیی سەر بە سوپای پاسدارانی سزا داوە. لەو 11 بەرپرس و فەرماندەیەی ئێران کە سزا، دروان پێنج فەرماندەی پۆلیس لە شارەکانی سنە و دیواندەرە و سەقز و بۆکان بەهۆی سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزایان بەسەردا سەپێنراوە. پێشتر پەرلەمانی یەکێتی ئەو ئەوروپا رایگەیاندبو کە سەرجەم وڵاتانی ئەندام رێککەوتون لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەنها پێویستە وەزیرانی دەرەوە بڕیاری کۆتایی لەو سزایانە بدات. بە پێی ئەو سزایانە گەشتی ئەوروپا لە سەرجەم ئەو 11 بەرپرسەی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپا قەدەغە دەکرێت و دەست بەسەر سەروەت و سامانی ئەو بەرپرسانەشدا دەگیرێت.

هاوڵاتی بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، سەرۆکی نوێی حکوومەتی سوید کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبەکاربێت، خواستی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی ناڕازییەکورد کان راگەیاند، ئەوەش لە بەرامبەر ڕازی بوونی ئەنقەرە بە ئەندامێتی ستۆکهۆڵم لە ناتۆ.  ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاوی کردووەتەوە کە ئولف کریستێرسۆن کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەکوو سەرۆک وەزیرانی نوێی سوید سوێندی یاسایی بخوات، ڕایگەیاندووە کە ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوان سوید و تورکیا دەگرن سەبارەت بە ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە ناتۆ. سوید و فینلاند لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە سەرپەرشتیی ناتۆ، رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا رازی دەبێت بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ لە بەرامبەر بەڵێنی ئەم دوو وڵاتە سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا و رادەست کردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە تایبەت کوردەکان. لە کۆی 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، 28 وڵات لەسەر ئەندامێتی سوید و فینلاند رێککەوتوون، بەڵام تورکیا و هەنگاریا تا ئێستا رێککەوتنی کۆتایی خۆیان رانەگەیاندووە. کریسترسۆن ڕایگەیاندووە کە ئێمە ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکەین، کە پەیوەندییان بە سوید و فینلاندەوە هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندیی لە نێوان ئەم سێ وڵاتەدا (تورکیا،فینلاند و سوید) لە ئاستێکی بەرزدایە و پرۆسەکە بە باشی دەڕواتە پێش.

هاوڵاتی لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لە سەدا ٢٤،٨ زیادی کردووە و بەرزترین رێژەی هەناردەکردنیش بە بەهای حەوت ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق بووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا کۆی کردوونەتەوە لە کانوونی دووەم تاکوو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیا بۆ هەریەک لە بەحرێن، ئیمارات، فەڵەستین، عێراق، ئێران، ئیسرائیل، قەتەر، کوێت، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، لوبنان، سووریا، سعوودیە، عومان و یەمەن گەیشتووەتە ٢٤ ملیار و ٦٧٢ ملیۆن دۆلار. لە کاتێکدا بەهای هەناردەکردن لە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو ١٩ ملیار و ٧٦٨ ملیۆن دۆلار بووە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو، ئەمساڵ رێژەکە لە سەدا ٢٤،٨ زیادی کردووە. بەرزترین رێژەی هەناردەکردنیش لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای حەوت ملیار و ٥٠٧ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق بووە. هەروەها بە بەهای پێنج ملیار و ١١١ ملیۆن دۆلار ئیسرائیل، بە بەهای دوو ملیار و ٥٣٩ ملیۆن دۆلار ئیمارات کاڵا و شتومەکیان لە تورکیاوە هاوردە کردووە و بەم جۆرە لە ریزی دووەم و سێیەمدا دێن. لەو قۆناغەدا ئێران بە بەهای یەک ملیار و ٧٦٥ ملیۆن، لوبنان بە بەهای یەک ملیار و ٧٢٦ ملیۆن و قەتەریش بە بەهای یەک ملیار و ٨٩ ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەکیان لە تورکیاوە هاوردە کردووە. لە قۆناغی هەناردەکردن بۆ کانوونی دووەم تاکوو مانگی ئەیلوول، بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو هەناردەکردن بۆ ١٣ وڵات زیادی کردووە و لەگەڵ دوو وڵاتیشدا کە یەمەن و عومانن کەمی کردووە. بەرزترین رێژەی هەناردەکردن لەلایەن سعوودیەوە بووە کە گەیشتووەتە لە سەدا ١٨٠. زۆرترین رێژەی هەناردەکردن بە بەهای سێ ملیار و ٩٤١ ملیۆن دۆلار لە کەرتی مادە کیمیاییەکاندا بووە بۆ ئەو وڵاتانە. هەروەها بە بەهای سێ ملیار و ٢٩٥ ملیۆن دۆلاریش "پاقلەمەنی، دانەوێڵە و تۆوە چەورەکان و بەرهەمەکانیان" و بە بەهای دوو ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دۆلاریش ستیل هەناردەی وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە.

هاوڵاتی فەرماندەیەکی باڵای ئێران رایگەیاند؛ هێرشەکان بۆسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم دوبارە دەکەنەوە و وتیشی: چاودێریی بنکەکانی ئەمریکاش دەکەن. محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند؛ زیاتر لە هەزار و 200 بنکە لە هەرێمی کوردستان دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ئیسرائیل لەو رێگەیەوە دەیەوێت زیان بە وڵاتەکە بگەیەنێت. ئەو ئاماژەی بەوە کردوە کە یەکێک لەو بنکانە کە لەهەولێر بوە لە رابردودا کراوەتە ئامانج. باقری پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆمەتبار کردوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش دەکەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و وتویەتی: لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا هێرشەکان بۆ سەر ئەو پارتانە دوبارە دەکەنەوە. سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتوشیەتی: خەڵکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک دژی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بنکە و بارەگاکانیان خۆپیشاندانیان کردوە و داوایان کردوە بنکە و بارەگاکانیان چۆڵ بکەن. محەمەد باقری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا؛ جەختی لەوە کردوەتەوە کە چاودێریی هەمو بنکەکانی ئەمریکا دەکەن لە وڵاتانی دراوسێی بە تایبەت عێراق بە وتەی ئەو هۆشداریی دراوە ئەگەر لەو بنکانەوە مەترسیی بۆ ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکرێت ئێران وەڵامی دەبێت.  

هاوڵاتی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چۆن خەمڵی؟ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی ئەم دروشمە چین، ئەو ژنە کێ بوو ئەم درووشمەی لە باکوورەوە گواستەوە بۆ ناو زیندانی (ئەوین)ی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران؟. ئەم بابەتە دەقی ڕاپۆرتێکی (بی بی سی فارسیی)ـە،  بى بى سى لەم ڕاپۆرتەدا گەڕاوەتەوە بۆ چاوگە و ڕەگوڕیشە فیکریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی و سەربازییەکانی درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی) و خەمڵاندنی ئەم چەمک و بیرۆکەیە لە زەینی رابەرى زیندانیکراوى پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان، لەوێوە بۆ نێو دەستەکانی شەهید ساکینە جانسز، دواتر بۆ نێو ژنانی کۆمەڵی کوردەواریی و باڵکێشانی بۆ نێو ژنانی گەلانی تر. دەقی ڕاپۆرتەکەى بى بى سى؛ بەهار شەپۆلانی بوو، تەپۆڵکە بڵندەکانی ڕووباری فوورات سەوز دەچوونەوە، شەڕڤانانی کورد، زستانێکی تووشیان بڕی بوو، نزیکەی شەش مانگ بوو بۆ پاراستنی کۆبانێ، لە سنوورەکانی سووریا و تورکیا، ڕووبەڕووی داعش دەبوونەوە، چەند ڕۆژی پێش ئەوە توانیبوویان هێزەکانی داعش بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فووڕات پاشەکشێ پێ بکەن، لە گوندی شێخلەری کەناراوی ڕۆژئاوای فووڕات، جەژنێکی بچووکیان دەگێڕا. هاوکات ئەو ڕۆژە خۆرەتاوییە هەشتی مارسیش بوو، ڕۆژی جیهانیی  ژن، ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانەی ماندووێتیی جەنگ لە ڕووخساریان دەباری، پیرۆزبایی ڕۆژی ژنیان لێک دەکرد، شەڕڤانە ژنەکان نزیکەی سەد کەسێک دەبوون، لە کەناراوی فووڕات دەستیان لە دەستی یەکتری وەرنا بوو و هەڵدەپەڕین و درووشمی (ژن، ژیان، ئازادیی)ـیان دەوتەوە، بە چەشنێک ئەم درووشمەیان دەبێژا، تا لەودیو ڕووبارەکەوە چەکدارانی داعش زایەڵەیان بژنەفن. ئێستا پتر لە حەوت ساڵ لەو ڕۆژە تێپەڕیوە، ئەم درووشمە لە مەڕاسیمی ناشتنی (ژینا ئەمینیی) لە سەقز دەوترێتەوە، پاش چەند کاتژمێری کەم، لە شەقام و گۆڕەپانەکانی زانکۆکانی ئێران دەنگی دایەوە، درووشمێک، کە ئێستا بووە بە ناسنامەی بزووتنەوەیەکی نوێدەمی ئێران. لێ ڕیشەی ئەم درووشمە بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ عەبدووڵا ئۆجالان، ڕابەری زیندانیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پاییزی ١٩٧٨ بە یارمەتیی هەڤاڵانی ئەم حزبەى لە تورکیا دامەزراند.  لە وێنەی زۆرینەی پارتە چەپەکان، بەرخۆدان بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان، بەشێک بووە لە نەخشەڕێی سیاسیی ئەم پارتە، لە ناوەڕاستی هەشتاکان و تەڤلیبوونی ئەم پارتە بۆ گۆڕەپانی سەربازیی ژنان شانەوشانی پیاوان، چەکدار بوون، خولی سەربازیی و ئایدۆلۆژیی بۆ ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگەی چەقبەستوو و پیاوسالاریی کوردستان هەڵهاتبوون، ئەم پارتەی لای ئەوان خۆشەویست کرد. ئۆجالان پێی وابوو ژنان لە بن فەرمانڕەوایی سیستەمی باوکسالارانەی سەرمایەداریی و دەوڵەت- نەتەوەدان، ئەو ژنان بە "یەکەمین نەتەوەی کۆتکراوی دیرۆک"، دەزانێت و دەڵێت: "لە دڵی خۆمدا دەموت: ژن نیشتمانێکی داگیرکراوە و گەرەکە ئازاد بکرێت". جا تا ئەو سنوورە ڕۆشت، کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا داوای لە پیاوان کرد، ستەم دژی ژنان ببڕێننەوە و بە ماناوە گوتی: "پیاوێتیی لە خۆتاندا بکوژن.'' هاوکاتیی ئەمە ئەندامە ژنەکانی پەکەکە خەریکی تیۆریزەکردنی ڕامانە ژنتەوەرەکانی خۆیان بوون، کەسانێکی وەک  ساکینە جانسز (ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس تیرۆر کرا) باسی بزووتنەوەیەکی ژنتەوەریان دەکرد، ئەمە فیمینیزمی ڕۆژئاوایی دەلەرزاند، چونکە ئەوەیان پێ ئیمپریالیست و بۆرژوازیی و نوخبەیی بوو، جانسز لە زیندان و ئۆجالان لە دەرێ، خەریکی ڕسکاندنی نموونەیەکی ژنانە بوون، جا ئەمە سرووشی لە دڵی مێژوو و کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە وەردەگرت و لە خوار بۆ سەرێ بوو، هەروەتر ڕوانگەیەکی باننەتەوەیی و دژەئیمپریالیست بوو. ئۆجالان لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرۆکەی (ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد)ـی خستە ڕوو. ئەو ئەم ئایدۆلۆژیایە لەم ڕستەیەدا کورت دەکاتەوە: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، یان دەڵێت: "ژن، ژیان، ئازادیی، واتە ژنی ئازاد، نیشتمانی ئازاد و پیاوی ئازادیش.'' مرۆڤێکی تەنیا لە زیندانی تاکەکەسیی ساڵێک پاش بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە، لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییدا و ساڵی ١٩٩٩ ئۆجالان لە کینیا ڕفێنرا، لەو کاتەوە لە زیندانی دورگەی ئیمپڕالی زیندانییە، لێ لە ڕێی نامەکاریی و پارێزنامەکانییەوە کۆشا تا پتر ئایدۆلۆژیای ژنی ئازاد مشتوماڵ بدات. ئەنجامی ئەم هەوڵە ژنانی وەک ساکینە جانسز و مشتوماڵدانی فەلسەفەی (ژنۆلۆژیی) بوو، ئێستا زانستی ناسینی ژن لە چیاکان و زانکۆی قامیشلۆ و هەندێ ئەکادیمیای ژنانی ئەورووپا و ئەمریکای  لاتین دەخوێنرێت. ژنۆلۆژیی لە کۆبانێ یەکەم جار (ژنۆلۆژیی)ـم لە کەناراوی فووڕات گوێ لێ بوو. دەمەوخۆرئاوا بوو، ڕووباری فووڕات ئارام شەپۆلانی بوو، قیڕەی بۆق قامیشەڵانی تەنی بوو، دەستەیەکی ژنان لە ژێر فەرماندەیی ژنێک، لە تەنیشتی کوڵبەی ئەو ماسیگرانەی کەس نازانێ بەختیان گاڵ دێنێ یان پەموو، تۆمارەیان لە ئاگرێک دابوو و چاییان هەڵدەقووڕاند، جگەرەیان بە جگەرە دادەگیرساند، لەم نێوەندەدا پیاوێکی ئیسپانیی هەبوو، ناوە ڕێکخستنییەکەی، شەڕڤان بوو، بۆ جەنگی داعش هاتبوو، لەمەڕ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) پرسیاری لە دەلیلای ژنە فەرماندە دەکرد، دەیخواست بزانێت چۆن ئەم گشتە ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوا پیاوسالاردا توانیویانە بەم ڕەنگە خۆیان ڕێک بخەن و دژی داعش بجەنگێن.  دەلیلا، کە پێستی تاوەسووت و ئێسکنی لەبەر ئاگردا گرپەی دەهات، هەڵوەدا گفتوگۆکەی بۆ پێشێ دەبرد، دەیوت: لە خێزانێکی کرێکاری کوردی پەناهەندەی ئەستەنبووڵەوە هاتووە و لە لاوێتییدا ژیانی گەورەشار ئاگای هێناوەتەوە. پاش ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبیی و بڵێسەی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا، کوردانی ئەم وڵاتە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئـاوایان گرتە دەست، لە بەهاری ٢٠١٣ یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی ژنان شانەوشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) خەمڵی، جا ئەمە ژنانی وەک ئەو دەلیلایەی لە ئەستەنبووڵەوە ڕووەو ئەو بەشەی سووریا ڕاکێشا، دەلیلا یەپەژە بە سوپای ژنان ناودێر دەکات و دەیوت: ئازادیی  ڕۆژهەڵاتی ناویین گرێدراوی ئازادیی ژنە. ئەو دەیوت: ژن ژیانە و درووشمی ژن، ژیان، ئازادیی، هێژای ئەم واتایەیە، دیار نییە ئاخافتنەکانی دەلیلا تا چ سنوورێک شەڕڤانە ئیسپانییەکەی دڵکاو کردووە؟ لێ درووشمەکەی ئەوان، هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەو کوڵبە ماسیگرییەی کەناراوی ڕووباری فووڕات و لە شەقامی شارەکانی جیهان و لە ڕێپێوانی پشتیوانیی کۆبانێ، دەزرینگایەوە، ئەم درووشمە لە ڕاپۆرت و بەڵگەفیلمی زۆر ڕۆژنامەواندا ڕەنگی دایەوە، تەنانەت پەلی بۆ ئەو فیلم و زنجیرانەش کوتا وا دەربارەی پرسی جەنگی داعش بوون. لە گرتەیەکی فیلمی کچانی ڕۆژ، کە گوڵشیفتە فەڕاهانی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێ، بەهاری فەرماندەی ئێزدیی یەکینەی ژنانی (کچانی ڕۆژ)، پێش دەستپێکی هێرش بۆ سەر داعش، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هەڤاڵانی هاوار دەکات: بۆ ژن، بۆ ژین، بۆ ئازادیی. ئێستا ئەم درووشمە سنووری زۆری پێواوە و بە شەقامەکانی ئێران گەیشتووە، نازانرێت چەندێکی ئەو ژنە ناڕازییانەی ئەم درووشمە دەڵێنەوە، مێژووەکەی دەزانن، لێ بەرخۆدانی ژنان لە ئێران هێندەش بێ پێشینە نییە، تا ئەم چەمکەی لا نامۆ بێت. لەم ڕۆژانەدا عاتیفە نەبەویی زیندانیی سیاسیی، لە تویتێک نووسیبووی، بۆ یەکەم جار، درووشمی ژن، ژیان، ئازادییم، لە زیندانی ئەوین لە شیرینی عەلەمهولیی بیست، نووسیبووی و بە دیواری لاکەشی تەختەخەوەکەیدا هەڵی واسیبوو، شیرین لە مانگی ٤- ١٣٨٩ لەسێدارە درا، شیرین عەلەمهولیی لە ساڵی ١٣٨٩ بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، هاوڕێ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلیی و عەلی حەیدەرییان و مەهدیی ئیسلامییان، لە زیندانی ئەوین لەسێدارە درا، لەو سەقزەی وا ژینا ئەمینیی لێیەوە چاوی بە ژیان هەڵهانی و ئەسپەردەی خاکەکەشی  کرا، ژنان پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە چێوەی شوورای ژناندا خۆیان ڕێکخست، ئەو شوورایانەی وا بە دەستی ناوەندی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمەڵە، دامەزرا و سیستەمی تازەدامەزراوی دەلەرزاند. گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە، دڵی زۆرێکی لە ئێرانیان هێشاند، دەستەیەک لە ژنان لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، سەرپۆشەکانیان داماڵی و بە وتنەوەی درووشمی، ژن، ژیان، ئازادیی، دیسانەوە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وەلەرزە هانی. دەڵێی تووڕەیی ژنانی ئێران ئاگری ژێر پەنگرە و بە هەڵمەت سەرپاکی جوگرافیای پێواوە و لە خاڵەوخاڵی جیهان دەبیسترێ، لە کابووڵەوە تا سانتیاگۆی چیلیی، وەک بڵێن: "ئێمە ئیتر چاوەڕێی پیاوانی دەسەڵاتدار نین تا مافمان بسەننەوە"، وتنەوەی ئەم درووشمە لەپاڵ درووشمی (لە کوردستان تا تاران، خوێنینە هەموو ئێران) ڕاهێڵانی پردێک بوو بەسەر خەرەندە ئیتنیکییەکان، جا یەکەونەدوو هەمووان یەکگرتووتر لە جاران هاتنە مەیدانێ، بە شایەتیی کەسانی نێو ڕووداوەکان، لە شارەکاندا ژنان کلیلی ناڕەزاییەکانیان چەرخاندووە و پیاوان، بە تایبەت لاوان، پاڵپشتییان دەکەن. وێنەی ئەو ژنەی وا بە دەستەڕاستی سەرپۆشە گڕتێبەردراوەکەی هەڵکردووە و دوو پەنجەی دەستی چەپی بە نیشانەی سەرکەوتن هەڵبڕیوە، خۆبەخۆ دەلیلا و هەڤاڵە شەڕڤانەکانیم بیر دێنێتەوە، کە پێش حەوت ساڵ داعشیان بە چۆکدا هێنابوو و لە کەناراوی فووڕات، بێ ترس لە داعش و ئایدۆلۆژیا دژەژنەکەیان، هەڵدەپەڕین.  نوسینی: سۆران قوربانی لە بی بی سی فارسی وەرگێڕانى - سورێن ئیبراهیم

هاوڵاتی رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرای کرد؛ ئیسرائیل زانیاریی لەسەر جۆر و شێوازی کاری ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کە روسیا بەکاریان دەهێنێت، رادەستی بەرپرسانی ئۆکرانیا دەکات. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاوی کردەوە؛ ئیسرائیل جگە لە رادەستکردنی زانیاریی سەبارەت بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران و چۆنیەتیی بەکارهێنانیا لە لایەن روسیاوە ، بە مانگی دەستکرد هاوکاریی سوپای ئۆکرانیای کردوە بۆ تێکشکاندنی ئەو فڕۆکانە. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە؛ کۆمپانیایەکی ئیسرائیل بە وێنەی مانگی دەستکرد شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی ئاشکرا کردوە کە روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێران رەتیان کردوەتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بە مەبەستی جەنگ رادەستی روسیا کردبێت بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی دوشەممەی رابردو جەختی لەوە کردەوە کە سوپای روسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە جۆری (شاهید 136) هێرشی کردوەتە سەر خاکی وڵاتەکەیان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر بڵاوی کردبوەوە؛ روسیا 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە بە مەبەستی بەکارهێنانیان دژی ئۆکرانیا

وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ سزادانی ئێران و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش دەڵێت: کاتی سزادانی ئەوانە هاتوە کە خەڵک و خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن. ئاژنسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە (27) وڵاتی ئەندامی یەکێتی رێککەوتون لەسەر سزادانی ئەو بەرپرس و دامەزراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرکوت خەڵکی وڵاتەکە و نارەزاێەتییەکانیان دەکەن. ئورزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتویەتی: ئەوەی ژنانی بوێری ئێران داوای دەکەن ئازادی و یەکسانییە ئەوروپاش پابەندە بەو داوا رەوایانە. ئەو بەرپرسەی ئەوروپا توشیەتی توندوتیژیی لەڕادەبەدەری دەسەڵات وای کردوە ئێستا بڵێن کاتی ئەوە هاتوە کە ئەو دامەزراوە و بەرپرسانە سزا بدرێن کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندانەکانی ئێراندا هەیە. رۆژی 17ی مانگ وەەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا بڕیاری کۆتایی لەسەر سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دەدرێت و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ناوەڕۆکی سزاکان ئاشکرا دەکات.

هاوڵاتی بە پێی یاسایەکی نوێ لە بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023 ئەو وڵاتە نابێت فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16 رادەستی ئەو وڵاتە بکرێت. پێگەی (یۆرۆ نیوز) بڵاوی کردەوە؛ لە رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی 2023، دوو ماددە نوێ پەسند کراوە کە دژی فرۆشتنی فڕۆکەی(ئێف 16)ەیە بە تورکیا. لەو پڕۆژە یاسایەدا کە لەسەر پێشنیاری دوو سیناتۆر بوە و فرۆکەی ئێف 16 بەو دوو مەرج بە تورکیا دەفرۆشرێن، مەرجەکانیش ئەوەیە لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە لە سوریا و وڵاتی یۆنان بەکار نەهێنرێت. لە دانیشتنی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو مادانەی ناو پڕۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگ لە دژی تورکیا لە یاساکەدا جێگرکرا. پێشتریش تورکیا لە دژی ئەو دوو ماددە یاساییە کاردانەوەی توندی نیشاندابوو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندبو ئەوان فرۆکەیەک ناکڕن کە نەتوانن بەکاری بهێنن.

هاوڵاتی رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و مێرمنداڵ لەو وڵاتە دەستگیر کراون و داواش دەکات منداڵان لە بەرامبەر توندوتیژییەکاندا بپارێزرێن. سندوقی نێودەوڵەتیی منداڵان (یونیسێف) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوتە دەست ئەو رێکخراوەیەی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ژمارەیەکی زۆری منداڵان و مێرمنداڵ لە خۆپیشاندانەکانی 25 رۆژی رابردوی ئێران دەستگیر کراون و ژمارەیەکیشیان کوژراون. کاترین راسێڵ، بەڕێوبەتی یونیسێف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەوان لێدوانی ئەنتۆنی گۆتیرێس، سکرتێری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوبارە دەکەنە کە خۆیان دوربگرن لە بەکارهێنان و دەستگیرکردنی منداڵان وەک کارتێکی فشار دژی خۆپیشاندانەکان. ئەو وتوشیەتی یونیسێف جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵان و نەوجوانان دەبێت دوربن لە کێشە و گرژییە سیاسییەکان و پێویستە مافەکانیان لە چوارچێوەی دۆخێکی ئاشتییانەدا پارێزراو بێت. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زیاتر لە نۆ منداڵ و مێرمنداڵ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەست داوە کە تەمەنیان لە نێوان نۆ تا 16 ساڵ بوە و کە سێ کەسیان کچ بون.

هاوڵاتی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری پاریس لە فەڕەنسا لە کۆبونەوەی زۆژی سێشەممەی ئەنجومەکە رایگەیاند هاوڵاتیی فەخری دەبەخشرێتە ژینا ئەمینی. ئانا ئیداڵگۆ ، سەرۆکی شارەوانییەکانی پاریس رایگەیاند؛ لە لایەن هەموو هاوکارەکان و دانیشتوانی شاری پاریس ژینا ئەمینی کراوەتە هاوڵاتیی فەخریی شارەکە و لە رێگەیەشەوە پشتیوانییان بۆ هەمو ئەو ژنانەی لە ئێران بۆ مافەکانیان تێدەکەوش رادەگەیەنن. ئەمڕۆ لە ناو هۆڵی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی پاریس خولەکێک بێدەنگیی بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا و بە چەپڵەڕێزان هاوڵاتیبونی فەخریی شارەکە بۆ ژینا ئەمینی راگەیەنرا. پێشتر سەرۆکی شارەوانیی پاریس رایگەیاندبو یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەکرێت بە ناوی ژینا ئەمینی .

هاوڵاتى لەڕاگەیەندراوێکداوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە لایەنەکانی عێراق دەکات، بە رێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ کار بۆ دەرچوونی وڵات لە بنبەستی سیاسی بکەن و دووپاتیشی دەکاتەوە، کە توندوتیژی قبوڵکراو نییە. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ساڵێک لە دەنگدانی عێراقییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێک کە گوزارشت لە خواستی گەلی عێراقی بکات، تائێستا سەرکردە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانیوە ناکۆکییە سیاسییەکانیان چارەسەر بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت، واشنتن لەگەڵ گفتوگۆی فراوان و گشتگیری لایەنەکانی عێراقن لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ ئایندە. دووپاتیشی دەکاتەوە، توندتیژی قبوڵکراو نییە و داواش لە تەواوی لایەنەکانی عێراق دەکات، رێگەی ئاشتیانە بۆ دەرچوونی وڵات لە بنبەستی سیاسی بگرنەبەر.  

هاوڵاتی ڕووسیا و بیلاڕووس رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی یەکێتییەکی سەربازیی هەرێمیی هاوبەش و سەرۆکی بێلاڕووسیش ڕایدەگەیەنێت ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت لە مینسک پایتەختی بێلاڕووس رایگەیاند کە دۆخی دەوروبەری بێلاڕووس "گرژ"ە و ئۆکراینا پلان دادەنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و گوتی: "بەپێی پێویست وەڵامی ئەوە دەدەینەوە. خاوەنەکانی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئێمە رابکێشنە ناو جەنگەکە هەوڵ دەدەن جەنگ لە دژی بێلاڕووس دەست پێ بکەن. ئەمەیش (لە بەرامبەر) بێلاڕووس و رووسیا ئەنجام دەدەن". سەرکۆماری بێلاڕووس بە جەخت کردنەوە لەوەی کە پێویستە رێگە بەو کارە نەدەن، گوتی: "رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر لە باشووری سنوورەکانمان. بەرپەرچی هەر دوژمنێک دەدەینەوە، ئەوان چەندین ساڵە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە دەکەن". لوکاشینکۆ بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە، گوتی: "بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای دەوڵەتی یەکگرتوو، رووسیای فیدراڵ و کۆماری بێلاڕووس گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دروستکردنی یەکەی سەربازیی هەرێمیی. ئەمە لە بەڵگەکاندا نووسراوە". سەرکۆماری بێلاڕووس، ئەلێکساندر لوکاشینکۆ ئاماژەی بەوە دا کە بنەمای ئەو گرووپە لە سوپای بێلاڕووس پێک دێت و هەزاران سەربازی رووسیایش بەشداری تیادا دەکەن، گوتی: "پێویستە لە ئامادەکاریدابین بۆ پێشوازیکردن لە سەربازانی رووسیا بەم نزیکانە".