لە یونان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ لە یونان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

بەگوێرەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری ئێستا لە پێشەوەیە. ناوەندەکانی دەنگدان لە کاتژمیر ٧ی بەیانیەوە کراونەتەوە و پرۆسەی دەنگدان تاوەکو ٧ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

پارتی سایریزای چەپ کە لە ٢٠١٥ەوە تاوەکو ٢٠١٩ لەسەر دەسەڵات بوو، هەوڵ دەدات، لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت. کرییاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیری یونان لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆیدا رایگەیاندبوو کە بە مەبەستی بنیاتنانی یونانێکی نوێ، جارێکی دیکە هەوڵ دەدەن سەربکەون و بەم شێوەیە کۆتایی بە قەیرانەکان دەهێنن.

بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کرییاکۆس میچۆتاکیس لە پێشەوەیە. راپرسیەکان دەڵێن، پارتی بنئاژۆخوازان بە سەرۆکایەتی کرییاکۆس میچۆتاکیس نزیکەی ٣٣٪ی دەنگدەکان بەدەست دەهێنێت.

پارتی سایریزای چەپیش ٢٦٪ی دەنگدەکان و پارتی سۆسیالیستی پاسۆک – کینالیش ٨.٣٪ دەنگدەکان بەدەست دەهێنن. بەگوێرەی یاساکانی یونان، ئەگەر تاوەکو مانگی تەمووز حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت، هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار