هاوڵاتی سێرگی شۆیگو وه‌زیری به‌رگری رووسیا لە میانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی بێلاڕووس لەبارەی دۆخی سنوورەکانی رۆژئاوای رووسیا ڕایگه‌یاند ناتۆ هێزەکانی لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا دووهێندە و نیو زیاد کردووە و گەیاندوویەتییە سەرووی ٣٠ هەزار سەرباز. وەزیری بەرگریی رووسیا بە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی 'هەوڵە رووخێنەرەکانی بەرەی خۆرئاوا، بۆ ئەوەن رێگە لە ئامانجە سەرەکییەکانی رووسیا، ئابووری رووسیا، توانای سەربازیی و سیاسەتی دەرەکیی سەربەخۆی رووسیا بگرن'، گوتی: "لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا لە وڵاتانی بەڵتیک لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆ کە ناوچەیی نین، هێزە چەکدارەکان جێگیر دەکرێن. گرووپی تاکتیکی لیوای فرەنەتەوەی نوێ لە بولگاریا، هەنگاریا، رۆمانیا و سلۆڤاکیا پێک دەهێندرێن. لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە تاکوو ئێستا هێزەکان دووهێندە و نیو زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار سەرباز و لەوانەیە لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەکە زیاتریش ببێت". سێرگی شۆیگو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە زیادبوونی سەربازانی ناتۆ لە ناوچەکە بووەتە هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانەکانی رووسیا لە سەروویانەوە بێلاڕووس، جەختی لەوە کردەوە ئەرکی لە پێشینەی رووسیا پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی یەکگرتوویە کە لەگەڵ بێلاڕووس پێکیان هێناوە. وەزیری بەرگریی رووسیا باسی لەوەیش کرد، وڵاتانی خۆرئاوا لە رێگای دابینکردنی چەک و تەقەمەنی مۆدێرن و پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە کیێڤ و رەوانەکردنی راوێژکاری سەربازیی و سەربازی بەکرێگیراو بۆ ئۆکراینا، هانی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان دەدەن لە ئۆکراینا.

هاوڵاتی بەهۆی ئەوەی چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە ئەو وڵاتە بڕیاریداوە تا ٢٠٢٥ نزیکەی نیو ملیۆن کۆچبەر وەربگرێت. شۆن فریزەر وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند  کەنەدا ئامانجەکانی خۆی پەیوەست بە کۆچبەری پتەو دەکات. وتیشی "کەنەدییەکان لەوە تێدەگەن کە پێویستە بەردەوام ژمارەی دانیشتووان زیادبکرێت، بە تایبەت ئەگەر بیانەوێت پێویستییەکانی ناوخۆ لە هێزی کار پڕبکەنەوە" هەروەها بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا هیوای خواست خەڵکێکی زۆر روو لە وڵاتەکەیان بکەن، تاوەکو کێشەی دەستی کار لە وڵاتەکە چارەسەر بکەن. ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەیان پێویستی بە خەڵکی زیاترە. هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوەیە ، چینێکی گەورەی کۆمەڵگەی کەنەدا لە تەمەنی خانەنشین بووندایە، بە گوێرەی نوێترین ئاماری دانیشتووانی وڵاتەکە، لە کۆی 7 کەس یەکێکیان تەمەنی لە نێوان 55 بۆ 64 ساڵانە. بەو هۆیەوە ئێستا کۆمپانیاکانی کەنەدا دووچاری قەیرانی کەمی دەستی کار بوونەتەوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی ئاداردا نیو ملیۆن هەلی کاری بەتاڵ تۆمارکراوە. جێگەی باسە، حکومەتی کەنەدا گۆڕانکاری لە ئامانجەکانی بۆ ساڵانی داهاتوو کردووە، بە جۆرێک ژمارەی کۆچبەران لە 465 هەزارەوە بۆ 485 هەزار بۆ ساڵی 2024 بەرزکردەوە، هەروەها ئامانجیشی بۆ ساڵی 2025 بۆ 500 هەزار کۆچبەر بەرزکردەوە.

هاوڵاتی جێگری راگری فاكه‌ڵتی زانسته‌ ته‌ندروستیییه‌كانی زانكۆی هیتیت و پسپۆڕی ته‌ندروستیی گشتیی، دكتۆر گولای یڵمازه‌ر، رایگه‌یاند: "مه‌ترسیی تووشوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر له‌ لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی له‌ هه‌ستیاریی ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی كرد كه‌ قۆناغی راگوزه‌ری نێوان مناڵی و پێگه‌یشتوویی مرۆڤه‌ و ئه‌گه‌ر بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌ڕێبكرێت، ئه‌وا ده‌ستپێكی پێگه‌یشتووییش ته‌ندروست ده‌بێت. یڵمازه‌ر باسی له‌وه‌كرد تاك له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا كراوه‌تره‌ به‌ڕووی ئالووده‌بوونه‌كاندا و هه‌ڵكشانی به‌كارهێنانی مۆبایلی زیره‌ك له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌رزه‌كاراندا ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی گرفت جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و پزیشكه‌ باسی له‌وه‌ كرد به‌كارهێنانی زۆری مۆبایلی زیره‌ك به‌ تێپه‌ڕینی كات ده‌بێته‌ هۆی ئالووده‌بوون و گوتی: "به‌هێزبوونی تۆڕی پشتیوانیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ترسی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك كه‌مبێته‌وه‌. ئالووده‌بوون به‌ مۆبایل له‌لای هه‌رزه‌كاران ده‌بێته‌ هۆی تێكچوونی دۆخی هه‌ست و سۆز، خه‌مۆكی، دڵه‌ڕاوكێ، خۆ به‌كه‌مزانین، نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی، قه‌ڵه‌ویی و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا گرفته‌كانی بیستن و بینین، واته‌ سه‌رجه‌م ئه‌م گرفته‌ جه‌سته‌یی و سایكۆلۆجی-كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئالووده‌بوون به‌ مۆبایلی زیره‌ك ده‌بێته‌ هۆكاریان". دكتۆر گولای یڵمازه‌ر راشیگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌وییدا نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان زیاد ده‌كه‌ن. له‌ پشتدا، له‌ فشاری خوێندا، له‌ زیادبوونی خێرایی لێدانی دڵدا، ده‌بێته‌ هۆی هاندانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان. وا ده‌كات شه‌وان تا دره‌نگ نه‌نوویت، به‌ رۆژ به‌ خه‌واڵوویی به‌خه‌به‌ربێیت و تێكچوونی خه‌و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت. له‌پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئه‌گه‌ری تووشبوون خه‌مۆكی و گرفته‌ جه‌سته‌ییه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵده‌كشێت. مه‌ترسیی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و خوێنبه‌ره‌كان كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵیدا سه‌رهه‌ڵبده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌رێگه‌ی ئالووده‌بوون به‌ مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، پێشتر ده‌خه‌ین بۆ ته‌مه‌نی گه‌نجتر. ستایلێكی ژیان به‌ نه‌بوونی چالاكی جه‌سته‌یی رێك و پێك یان هه‌ر نه‌بوونی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، خۆراكی خراپ، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌ڵه‌ویی، ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌وری خوێنمان زیادبكات، فشاری خوێنمان به‌رزبێت و ئه‌م مه‌ترسییانه‌ كه‌ جاران له‌ سه‌روو ٤٠ ساڵییه‌وه‌ هه‌بوون، چیتر له‌ ١٥ ساڵییه‌وه‌، رێگه‌یان بۆ خۆش ده‌كرێت و زه‌مینه‌ بۆ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان سازده‌كه‌ن".

هاوڵاتی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەمریکا بڵاویان کردەوە، ئیلۆن ماسک کە بەرلە چەند رۆژێک گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەری تەواو کرد بڕیاری دا، ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیاکە هەڵوەشینێتەوە. ئیلۆن ماسک کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بووە خاوەنی کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ژمارەیەک گەورە بەرپرسی جێبەجیکاری لە کار دەکرد و بە چەواشەکاری سەبارەت بە ژمارەیەک ئەکاونتی هەڕەمەکیی تۆمەتباری کردن. بەپێی سەرچاوە تایبەتەکان سەرۆکی جێبەجێکاری تویتەر، پاراگ ئاگراوال، بەڕێوەبەری دارایی، نێد سیگال و سەرۆکی کاروباری یاسایی و سیاسەتەکان، ڤیجایا جەید لەنێو گەورە بەرپرسە دوورخراوەکاندان. هەروەها بەپێی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، ماسک ٥٠ کارمەندی کۆمپانیای تێسلا کە زۆربەیان ئەندازیاری پرۆگرامسازیین گواستەوەتەوە کۆمپانیای تویتەر. رۆژی هەینیی رابردوو، ئیلۆن ماسک گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەر بە بەهای ٤٤ ملیار دۆلار تەواو کرد و دەست بەجێ بڕیاری دەرکردنی چوار گەورە بەڕێوەبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی دەرکرد. هەر هەمان رۆژ ماسک راگەیاند کە تویتەر ئەنجوومەنێکی نوێ پێکدەهینێت بۆ چاودێریکردنی ناوەڕۆکەکان، بەبێ ئەوە وەردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

کەنەدا ژمارەیک سزای دیکەی دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەکانی رادەگەیەنێت. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد؛ بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ژمارەیەک سزای بەسەر چوار بەرپرس و دوو دامەزراوەی وڵاتەکەدا سەپاندوە. لە بەیاننامەکەدا ناوی حسێن رەحیمی، ئەحمەد فازلیان، ئەسەدوڵڵا جەعفەری، مورتەزا موسەوی  لە فەرماندە سەربازییەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هێنراوە . جگە لەو چوار بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دامەزراوەی پۆلیس و ناوەندێنی پەروەردە و راهێنانی(موستەفا)ی لە لایەن کەنەداوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و خواستی بوێرانەی خەڵکی ئێران دەکات. ئەو سزایانە چوارەم قۆناغی سزاکانی کەنەدایە کە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دژی بەرپرسانی ئێران و دامەزاروەکانی سەپێنراوە.

هاوڵاتی سەرۆکی پێشوی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. لولا دا سیلڤا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان توانیوێتی بەسەر رکابەرەکەی سەرۆکی ئێستا، جایر بۆلسۆنارۆ کە سەدا ٤٩،١٧ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە سەرکەوێت. هەروەها لولا دا سیلڤا-ی تەمەن ٧٧ ساڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٠ بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکی بەڕازیل بووە، بەهۆی ئەو دۆسیانەی گەندەڵییەوە کە لەسەری کراونەتەوە، ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کرا، دوای ئەوەی دۆسیەکانی یەکلابووەوە و داخران، سەرلەنوێ بەشداری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتییدا کردەوە.  ئەمەشلەکاتێکدایە لۆلا یەکەم سەرۆکی پارتی کرێکارانبوو کە  لە رێگەی هاوکاری کۆمەڵایەتییەوە نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەڕازیلی لە هەژاری رزگار کرد .

هاوڵاتی تورکیا لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ی کارەکانی “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا” دان بەوەدا دەنێت، کە چەکی تەرمۆباریک-یان دژی گەریلاکانی کوردستان بەکارهێناوە، کە بەپێی پەیمانی جنێڤ یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوەکان. دەوڵەتی تورک لە ڕاپۆرتی ساڵای ٢٠٢١ی “کارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”دا کە لەماوەی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە بەکارهێنانی جۆرە چەکێک کردووە بەناوی “تەرمۆباریک” کە یەکێکە لە چەکە قەدەغەکراوە جیهانییەکان. لە ڕاپۆرتەکەدا دەوڵەتی تورک دانی بەوەداناوە، کە چەکی تەرمۆباریکی بەکارهێناوە و دەڵێت: چەکی تەرمۆباریک لەسەر چەند پەناگەیەک تاقیکراوەتەوە و هێزەکان دەستیان بە بەکارهێنانی ئەو چەکە کردووە. مێژووی بەکارهێنانی تەرمۆباریک کە دەوڵەتی تورک لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢١ ئاماژەی پێکردووە، دەگەڕێتەوە بۆ حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩، کە لە ناوچەی وەلیکای باشووری مووش لە هێرشێکدا بۆ سەر پەناگەیەکی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکارهێنا و بەهۆیەوە پێنج گەریلا شەهیدبوون. لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١یشەوە کە بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستیپێکرد، سوپای تورک دەیان جار چەکی تەرمۆباریکی لە تونێلەکانی شەڕ دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکارهێنا، ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٢٢یش ئاژانسی فورات نیوز ڤیدیۆی کارتۆن و پاشماوەی ئەو چەکەی لە ناوچەکانی شەڕ بڵاوکردەوە. تەرمۆباریک کە بە زمانی یۆنانی تەرمۆ بە واتای ‘گەرمایی’ە و ڕیشەکەشی “هێزە” یەکەم جار لەلایەن زانای فیزیایی نازی ماریۆ زیپەرمایەر دروستکرا، ئەو تەقەمەنییە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆ یەکەم جار لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە بەکارهێندرا، لە ساڵانی دواتریشدا لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتەوە پەرەی پێدرا. بەگوێرەی پسپۆران، ئەو تەقەمەنیەی لە تەرمۆباریکدا هەیە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشووتر شەپۆلی زیاتری تەقینی هەیە، خاوەنی هێزێکە کە جەستەی مرۆڤ بە تەواوەتیی دەتوێنێتەوە. دەوڵەتی تورک پێشتر ئەو چەکە تەرمۆباریکانەی لە ڕووسیا و ئەمریکا دەکڕی، ڕۆکێتی جۆری تی بی گی-٧ ڤی بەرهەمی ڕووسیایە، کە کڵاوەی تەرمۆباریکی لەسەر بەکاردەهێنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠یشەوە تورکیا خۆی دەستی بە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ئەو چەکە کردووە. ماددەی تەقەمەنی تەرمۆباریک لە مۆدێلی نوێدا لەلایەن پەیمانگای بەرەوپێشبردن و توێژینەوەی پیشەسازیی بەرگریی (توبیتاگ – ساگە) بەرهەمدەهێنرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەک لەو چەکانە لەناو کەرستە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدا زۆر بەکاردەهێنرێت، توبیتاک-ساگە رایگەیاندبوو، کە ئەو چەکە بۆ تونێل و ئەشکەوتەکان زۆر کاریگەرە. ئاشکراشیکردبوو، کە تەرمۆباریک دەخەنە ناو بۆمبی فڕۆکەکان، هەروەها گولـلەی تانک و نارنجۆکی دەستیی، لە چەکەکانیشدا بەکاریان دەهێنن.

هاوڵاتی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆچی نا یاسای حکومەتی نوێی ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی” بخاتە بواری جێبەجی کردنەوە  دەزگای لوتکە بۆ كاروباری پەنابەران ڕایگەیاند یەکێک لە بڕگەکانی پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی ئیتاڵیا چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی نایاساییە بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها ڕونیشیکردەوە ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی" بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە باسی لەوەشکرد، بەنیازن ئەو پێشنیازە لەسەر ئاستی ئەوروپا بخەنەڕوو و بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا جێبەجێی بکەن، واتا ئەم گەمارۆیە تەواوی ئەو ڕێگە ئاویانە دەگرێتەوە کە بەرەو ئەوروپا دەڕوات . ئەمەشلە کاتێکدایە دەستپێشخەری بۆ ئەم هەوڵە لە ١٨ی ئایاری ٢٠١٥ دەستیپێکرد، دوای چەند هەفتەیەک لە خنکانی زیاتر لە ٨٠٠ کۆچبەر، لە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی پەیوەست بە کۆچەوە لە مێژووی ئەم دواییەدا.

هاوڵاتی بەهۆی دوو تەقینەوەی دوا بەدوای یەک لە لە مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستداو ٣٠٠ دیکەش بریندار بوون. لە پایتەختی سۆماڵ توقینەوەیەک لە بەردەم وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا ڕوی دا ،دوای ئەوەی خەڵکی لە ڕوداوەکە کۆبونەوەو ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن گەشتنە شوێنی ڕوداوەکە تەقینەوەی دووەم ڕوی داو بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداو ٣٠٠ دیکەس بریندار بوون. هەروەها سەرۆکی ئەو وڵاتە حەسەن شێخ محەممەد ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ژمارەی کوژراوەکانی پشتڕاست کردەوە کاتێک سەردانی شوێنی تەقینەوەکانی دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە لە مۆگادیشو کردو. هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ رێکخراوی توندڕەوەی شەباب درێژدەکرێت کە سەر بە ئەلقائیدەن. ئەمەشلە کاتێکدایە گروپەکە لە ساڵی 2015دا هەڵیانکوتایە سەر وەزارەتی پەروەردە . لە ساڵی ٢٠١٧ دا دووبارە هێرشیان کردەوەو سەر هەمان شوێن لە ئەنجامی تەقینەوەیەک نزیکەی 500 کەس گیانیانلەدەستدا. جێگەی باسە هێرشەکە لە ڕۆژێکدا ڕوویدا کە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی توندڕەویی گروپە توندرەوەکان، بەتایبەتی  گرووپێکی سەر بە ئەلقاعیدە.  

هاوڵاتی هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن. بەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت" بۆ مانگی ئاب کە لەلایەن دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاو کە گرنگترین بەشی بەرهەمە نەوتییەکانە، بە رێژەی لە سەدا ٣،٠٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٤٩٥ تۆن. لەم قۆناغەشدا هاوردەکردنی جۆرەکانی گازوایل بە رێژەی لە سەدا ٣،٥٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٨ هەزار و ٨٦٦ تۆن. بەشەکانی دیکەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش تایبەتن بە سووتەمەنی جۆرەکانی فڕۆکە و کەشتی، بەنزین و جۆرەکانی رۆنی ئۆتۆمبێل. بەم شێوەیەش هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن. زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانیش کە یەک ملیۆن و ٨٠٢ هەزار تۆنە لە رووسیاوە هاوردە کراوە، دوای ئەویش عێراق بە یەک ملیۆن و ٩٩ هەزار تۆن لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بە کازاخستان بە ٤٧٦ هەزار و ١٦١ تۆن لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە تورکیا زۆرترین بەرهەمی نەوتی لێوە هاوردە کردوون. لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە تورکیاوە بە رێژەی سەدا ٥٧،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٢٩ هەزار و ٥٨٥ تۆن. زۆرترین بەشی ئەو زیادبوونەش تایبەتە بە هەناردە کرندی سوتەمەنییەکانی فڕۆکە کە لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا ٦٠،٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٦٤ هەزار و ٨١٥ تۆن. هەر لەو قۆناغەشدا هەناردە کردنی سوتەمنییەکانی کەشتی بە رێژەی سەدا ٢٨،٠٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠٦ هەزار و ٦٢٨ تۆن. بەهەمان شێوەش هەناردە کردنی جۆرەکانی بەنزین بە رێژەی سەدا ٤٠٢،٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٤٥ هەزار و ٢٠٥ تۆن. لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی جۆرەکانی ماتۆڕ بە رێژەی سەدا ٤١،٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٨٢ هەزار و ٦٩٦ تۆن.

هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە مارێکی حەوت مەتری  ژنێکی تەمەن ٥٤ ساڵ بە ناوی جاهران لە ئیندۆنیسیا دەخوات. بەپێی هەواڵەکانی  سایتی دیتیکی ئیندۆنوسیا ، ئەو ژنە تەمەن 54 ساڵە کە ناوی جاهران بووە لە ڕێگەی چوون بۆ کارکردن دیار نەماوەو بێسەروشوێن بووە ، دوای ئەوەی مێردەکەی نەعلەکان و سەرپۆشێکی خێزانەکەی دەدۆزێتەوە پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە لە دیار نەمانی هاوسەرەکەی. پاش لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و گەران مارێکی جۆری پایسۆن کە ٧ مەتر درێژ بووە دۆزراوەتەوە،لە دوری ٥٠ مەتر لەو شوێنەی کەلوپەلەکانی تێدا دۆزراوەتەوە بە ئاوساوی دوای هەڵدڕانی ناوسکی  تەرمی ژنەکەیان لەناو سکی مارەکەدا دەرهێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم ڕوداو نییە کە تیایدا مارێک بەم شێوەیە کەسێک بخوات لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ژنێک لە کاتی کشتوکاڵ کردندا مارێکی ٧مەتری هێرشدەکاتە سەری و دەیخوات . ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆری جۆری ماری پایسۆنی گەورەی تیدا دەژی.  

هاوڵاتی حکومەتی نوێی سوێد هەوڵی نزیکبوونەوە لە تورکیا و بوون بە ئەندامی ناتۆ دەدات، پەرلەمانتارێکی پێشووی سوێدیش دەڵێت، "ئەم حکومەتە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە یاساکان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کەسانە رادەست بکەنەوە کە تورکیا داوایان دەکات." رۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە 2022، پەرلەمانی سوێد ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت کۆنسێرڤەتیڤی سوێدی وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژارد، ئەمەش بۆ یەکەمجارە پەرلەمانی سوێد سەرکردەیەکی راستڕۆ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی سوێدی راستڕۆی تووندئاژۆ پشتگیریی بکرێت و وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیاریی بکات.  گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتێکی راستڕۆوە لە سوێد، نیگەرانی لای پەنابەران و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە زیادکردووە.  ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری پێشووی سوێد بە رووداوی گوت، حکومەتی نوێی سوێد زیاتر نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنوێنێت بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ و گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکاتەوە، هەر دوێنێ وەزیری نوێی ناوخۆی سوێد گوتوویەتی، 'دەبێت پەکەکە لە سوێد نەمێنێ.'  بە گوتەی ئامینە کاکە باوە، "کێشەی سەرەکی حکومەتی نوێی سوێد لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات یاسایە، لەبەر ئەوەی راستڕۆکانی سوێد زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە ترسی ئەوە هەیە یاساکانیش لە پەرلەمان هەموار بکەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و تورکیا."  

هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگای گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە دەریای ناوەڕاست کە رێڕەوێکە زۆرترین کات لەلایەن کۆچبەرانی نائاساییەوە بەکاردەهێندرێت، بووەتە گۆڕستان و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر لەو رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بوون. لە راپۆرتەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە لە کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، دوو هەزار و ٨٣٦ کەس لەو کۆچبەرانەی بەنیازبوون لە کەناراوەکانی لیبیا و تونسەوە رووبکەنە ئیتاڵیا و ماڵتا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکانیان یان لە تینوێتیدا گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، هەزار و ٥٠٠ کەس لە رێگای ئەفریقای باکوور-دوورگەکانی کەناریی کە ئەویش یەکێکە لە رێگاکانی گەیشتن بە ئەورووپا، گیانیان لەدەستداوە. توێژەران باس لەوە دەکەن کە چارەنووسی زۆرێک لەو بەلەمانەی ژێرئاو دەکەون نادیارە و ژمارەیەک لە کۆچبەران کە لەو رووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە تۆمارنەکراون.

هاوڵاتی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ریشی سوناک وەک 57ەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ناوی ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ئاشكراكرد. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (25ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، لە کاتی پێدانی یەکەم گوتەی وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک گوتی "سەقامگیریی ئابووری و متمانە دەکەمە کرۆکی ئەجێندای ئەم حکومەتە، ئەمە واتا بڕیاری قورس بەڕێوەن."  لە حکومەتەکەی سوناكدا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێریمی هه‌نت بۆ پۆستی وه‌زیری داد، بێن واڵاس بۆ پۆستی وه‌زیری به‌رگری، جه‌میس كلێڤه‌رلی بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه‌ وسوێلا بریڤەرمەن بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، دۆمینیك راب بۆ پۆستی وه‌زیری داد ده‌ستنیشانكراون هەروەها نازم زەهاویش وەك وەزیری دەوڵەت، گیلیان کیگەن وەك وەزیری پەروەردە، گرانت شاپس وه‌ك وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، تیرەیز کۆفی وه‌ك وەزیری ژینگە و ستیڤ بارکلی وەک وەزیری تەندروستی دەستنیشانکراون.  لەلایەکی دیکەوە پێنی مۆردنت، رکابەرەکەی ریشی سوناک بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە، لە پۆستی خۆی وەك سەرۆکی پەرلەمانی به‌ریتانیا مایەوە. دوای دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، پێویستە ئەندامانی کابینەکە لە پەرلەمانی وڵاتەکە ئامادەبن و سوێندی یاسایی بخۆن بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە فەرمی دەستبەکاربێت. ریشی سوناک دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای بە رەچەڵەک هیندی. سوناک سەرمایەدارێکی بانکی و دارایی لێهاتووە و  هاوژینەکەی لەخۆی دەوڵەمەندترە.

هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا ڤیزەی بەو شاندەی رووسیا نەداوە کە دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. زاخارۆڤا، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ٢٦-٢٨ی تشرینی یەکەم لە واشنتۆن کۆنفرانسی "وزەی ئەتۆمی لە سەدەی ٢١مدا" ئەنجامدەدات. ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی رووسیا کە پێکهاتوون لە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمییی دەوڵەت (Rosatom) و دامەزراوەی تەکنەلۆژیای ژینگەیی و پشکنینی ئەتۆمیی فیدڕاڵیی رووسیا (Rostehnadzor) پلانی بەشداری کردنیان لە کۆنفرانسەکە هەبووە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی داواکارییە پێویستەکانیان بەوشێوەیەی کە پێشبینی کراوە پێشکەش کردووە، ئەمریکا ڤیزەی بە شاندەکەی رووسیا نەداوە. بەمشێوەیە، بە جۆرێک کە بەهێچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە و بەبێ نیشاندانی هیچ پاساوێک رێگری لە رووسیا کراوە بەشداری لە چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری IAEA بکات". گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەم کارەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە. ماریا زاخارۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییانەی لەسەر "ئامادەکاری ئیستفزازیی" ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر" مایەی نیگەرانییە و گوتی: "ئامانجی کارێکی ئیستفزازیی ئاوا ترسناک روونە. تاوانبارکردنی رووسیایە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی. بەرپرسە ئۆکراینییەکان و کارەکتەرە خۆرئاواییەکان هیوایان ئەوەیە کە ئەمە بە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی رووسیا بشکێتەوە، متمانەی هاوبەشەکانی بە رووسیا نەمێنێت و رێگا بۆ دابڕانی وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە". زاخارۆڤا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان کەوتووە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەستی پێکردووە و رایگەیاند کارگەیەکی چارەسەرکردنی کانزاکان لە شاری ژۆلتیە ڤۆدی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە کیێڤ ئەرکی درووستکردنی "بۆمبی تیشکدەر"یان پێسپێردراوە. گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "داوا لە کاربەدەستانی کیێڤ و سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان دەکەین واز لەو چالاکییانەیان بهێنن کە جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پەلکێش دەکات و ژیانی مەدەنییە بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارییەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە سەرکێشییە. پەرەسەندنی رووداوەکان مەترسیدارە".