حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی ئەمریکی
11 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمرۆ دووشەمە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە پەرەی فەرمی خۆی لە پێگەی ئێکس رایگەیاند ، رۆژی شەممەی رابردوو حوسییەکانی یەمەن بە موشەکێکی بالیستی دژە کەشتی، هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکی نەوت هەڵگری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن.
هەروەها لە راگەیاندنەکەدا ئەوەش هاتووە ، موشەکەکە بە بێ هیچ زەرەروزیانێک خراوەتە خوارەوە .
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەوەشی روونکردۆتەوە کە لە هەمان رۆژدا ، هێزەکانیان دوو فرۆکەی بێفرۆکەوانی دیکەیان لە باشووری دەریای سوور خستۆتە خوارەوە و فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دیکەش بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە خۆی کەوتۆتە خوارەوە.
جێی ئاماژەیە ئەم هێرشانەی چەکدارەکانی حوسی دوای ژمارەیەک هێرشی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دێت کە دوو رۆژ لەمەبەر کرایە سەر 18 بنکە و بارەگای چەکدارەکانی ئەو گروپە .
لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رابردوو حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند گەر بێتو هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەردەوام بێت ئەوا گەرووی باب ئەلمەندەب بە تەواوی دادەخەن ، کە گرنگترین رێرەوی ئاوی بازرگانی جیهانییە و زۆربەی ئاڵۆگۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێی ئەو گەرووەوە ئەنجام دەدرێت .