هێرشکرایە سەر ١٨ بنکە و دامەزراوەی حووسییەکان

3 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند دوا بە دوای هێرشی حووسییەکان بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە بە پشتیوانی ٦ وڵاتی هاوپەیمان ١٨ خاڵیان لە یەمەن کردۆتە ئامانج کە سەر بە حووسییەکان بووە.

پێنتاگۆن لە دەربارەی ئەم چالاکییە هاوبەشە رایگەیاندووە:" هێرش کراوەتە سەر ١٨ ئامانج لە ٨ شوێنی یەمەن، لەوانە دامەزراوەو کۆگای تەقەمەنی، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و هەروەها کۆپتەرێک کراوەتە ئامانج".

ئەمە چوارەمجارە ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی بنکەو شوێنەکانی حووسیەکان ئەکەنە ئامانج دوای ئەوەی ئەم گرووپە دەستیکرد بە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانیەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

لۆیید ئاوستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند :" ئۆسترالیا، بەحرین، کەنەدا، دانیمار و هۆڵەندا و نیوزیلەند پشتیوانیان لەم هێرشە هاوبەشەی بەریتانیا و ئەمریکا کردووە.

هاوکات وڵاتە پشتیوانەکانی ئەم هێرشە لە راگەیاندنێکی هاوبەشدا رایانگەیاند:" ئامانجەکان زۆر ورد پێکراون، مەبەست لێیان لاوازکردنی تواناکانی حووسییەکانە بۆ ئەوەی نەتوانێت هێرش بکاتە سەر کەستییە بازرگانییەکان و گیانی کەشتیوانە بێ تاوانەکان نەخاتە مەترسییەوەو هەروەها کێشە بۆ بازرگانی دەریایی لەم ناوچەیە دروست نەکات.

هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا یەکەمجار رۆژی ١٢ی کانوونی دووهەم هێرشی هاوبەشیان کردە سەر ٦٠ خاڵ لە ١٦ شوێن لە یەمەن و بنکە و دامەزراوەکانی سەر بە حووسییەکانیان کردە ئامانج.

هەر لەم پەیوەندەدا کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەڕێوە ئەبرێت، بەرەبەیانی یەکشەممە ٢٥ی شوبات رایگەیاند، هێزە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان سەنعا، پێتەختی یەمەنیان کردۆتە ئامانج و هێرشیان کردۆتە سەری.

خالد ئەلشایف، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سەنعا رایگەیاند ، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێتەختی یەمەن. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سەنعا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Xنووسی:" کۆمەڵێک هێرش کراوەتە سەر سەنعای پێتەخت و فڕۆکەکان بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕینەوە".

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرە، رۆژی هەینی رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سێ هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر ناوچەی "الصیف" لە پاریزگای "حدیدە"ی یەمەن.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) رۆژی شەممە ٢٤ی شوبات رایگەیاند پاپۆڕی " یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی حووسییەکانی لە کەنداوی عەدەن خستۆتە خوارەوە.

سێنتکۆم ئەڵێت، کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ بە کاتی سەنعا، پاپۆڕی "یوو ئێس ئێس میسۆن" مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتی خستە خوارەوە کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو کەنداوی عەدەن هەڵدرابوو.

بە پێی ئەم راپۆرتە، حووسییەکان ویستویانە کەشتی "تۆرم سوور" بکەنە ئامانج کە کەشتییەکی نەوتی- کیمیایی ئەمریکیەکانە.

سێنتکۆم رایگەیاند توانراوە پێش ئەوەی مووشەکەکە ئامانجەکەی خۆی بپێکێت بخرێتە خوارەوەو زیان بە کەشتی نەوتهەڵگری تۆرم سوور نەگەیشتووە.

دوای دەستپێکی جەنگی غەزە، حووسییەکان بە پشتیوانی لە فەلەستییەکان رایانگەیاندووە تا پاشەکشە کردنی ئیسرائیل و کۆتایی جەنگ، ئیزن نادەن هیچ کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیلی لە دەریاکاندا هاتووچۆ بکات.

حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ڕۆیتەر لەبارەى داخستنى گەروى بابولمەندەب ڕایگەیاند،" ئەوەندە ھێز و توانامان ھەیە، کە بتوانین گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەین، بەڵام ئەو کارە ناکەین".

 دەشڵێت، "بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەین بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر پەیوەندییان بە ھەر لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت."

ئەوەشى خستووەتەڕوو،گەرووی بابولمەندەب  تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن.

حووسییەکان گرووپێکی میلیشای سەر بە کۆماری ئیسلامین و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی سەربازی و ئابووری ئەکرێن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار