خاتەمی: دەنگم نەدا و بڕیارمدا هاودەنگی جەماوەربم
9 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەربارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری وتی "بەو پەڕی وشیاری و راستگۆیانە دەنگم نەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەس درۆ نەکەم".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمجارە بڕیارمدا ئەگەر ناتوانم کارێک بۆ خەڵک بکەم هاودەنگ و هاورێی لەشکری ناڕازییەکان بم"
محەمەد خاتەمی لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارەکانی خۆی رایگەیاند "بەپێی ئامارەکان زۆرینەی خەڵک لە دۆخەکە ناڕازین و هیوایەکیان بە داهاتوو نییە".
هەروەها وتیشی "کاتێک دەڵێم خەڵک مەبەستم ئەو رێژە زۆرەی خەڵکە کە زیاتر لە ٥٠٪ حەشیمەتی ئێرانن و بەشداریان لە دوو هەڵبژاردنی پێشتردا کردووە و هەروەها چەند میلیۆن کەسێک کە بە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان و بە دەنگی سپی خۆیان ناڕەزایەتی خۆیان بە دۆخەکە دەربڕی، لەم هەڵبژاردنەشدا بینیمان ئەوانەی بەشداریان لە هەڵبژاردندا نەکردووە یان دەنگی سپیان داوە لە هەڵبژاردنی پێشتر زۆرتر بووە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە دۆخی نالەباری ئێستادا دەنگ نەدان جۆرێک دەنگدانە، لەم دۆخەشدا زۆرینەی زۆری خەڵک دەنگ نەدانیان هەڵبژارد.
بەپێی ئامارە حکومییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە رۆژی ١ی ئازار بەڕێوە چوو کەمتر لە ٤١٪ خەڵک بەشداریان کردووە لە دەنگدان، هەرچەندە بیروڕای گشتی لایان وایە رێژەی بەشداریکردن زۆر لەوە کەمتر بووە، لە پارێزگای سنە بە پێی ئامارە حکومییەکان لە ٢٥٪ خەڵک بەشداریان لە دەنگدان کردووە، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لەوەدەکەن ئەم رێژەیە کەمتر بووە لە ١٠٪.