چاوەڕوانییەکانی ئۆکرانیا کۆتایی هات، فڕۆکەی F16ی رادەستدەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت لە شاری هیرۆشیما، ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەدات لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16ی ئەمریکی مەشق و ڕاهێنان بکەن، دوای ئەوە بڕیارێک سەبارەت بە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دەردەچێت، بەو هەنگاوەش چاوەڕوانییەکانی ئۆکرانیا کۆتایی دێت.

جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا  ڕایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی گروپی حەوتی ڕاگەیاندوە، "پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکی هاوبەش کە ئامانج لێی ڕاهێنانی فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکانە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەم، لەنێویاندا فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 رادەگەیەنێت".

سوڵیڤان ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی رووسیا فراوانتر دەکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و بەریتانییەکان هاوئاهەنگی دەکات. 

هاوکات ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمریکای بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە بڕیارەکە دەکەم. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی ئاسمانیمان بەرەوپێشەوە دەبات."

ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای گوتەکانی سوڵیڤان لە تویتێکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەم بۆ را‌هێنان بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی F-16".

دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڕاگەیاندنە ئەمریکییە، دانیمارک ڕایگەیاند، دوای ڕەزامەندی ئەمریکا ڕاهێنان بە فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان دەکات لەسەر فڕۆکەی ئێف 16.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار